
فۆڕم و هێما و سێکتاریسمی حزبی کوردی!؟.. برایم فەڕشی
ئەگەر بتەوێ خەڵکێک لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن، لە قووڵایی مەسەلەکان دوور خەیەوە و بۆ ئامانجی سیاسی، ئایینی، ئیدئۆلۆژیک بەکاریان بهێنی، باشترین ڕێگا بەکارهێنانی هەست و بزواندنی هەستیانە.
یەک لە شێوەکانی هەستبزواندن، پڕۆپاگەندەیە، کە مرۆڤ لە تەسکبینی و تێگەیشتنی ڕووکەشدا دەهێڵێتەوە. بەکارهێنانی فۆڕم و هێما، (سەمبول)ی هەمەجۆر ئەم مەبەستە دەپێکێ کە لە سیاسەت و بازاڕ و ڕێکڵامی تیجاری بە خڕی بەکاردەهێندرێ.
ئایین بەر لە سیاسەت و حکومەت و بازاڕ خەڵکیان لە گەڵ فۆڕم و سەمبول گرێدا، وەک ئەستێرەی داود، خاچی عیسا و هێماکانی تری ئایینی. سەرەڕای سەردەمەکانی ئەنتیک، ڕۆم و دواتر لە دووسەدوپەنجا ساڵی ڕابوردوو، هەم بۆ سیاسەت و هەم ئیدئۆلۆژی لە هێما بۆ بەستنەوەی خەڵک بە سیاسەت و ئیدئۆلۆژی کەڵک وەرگیراوە.
سەدەی بیست زۆرتر و زۆرتر مرۆڤ لە لایەنی سیاسی و بازاڕەوە بەردەوام لە تەک هێما و سەمبول گرێدرا و لایەنی شوناس و ناسنامەی پێبەخشرا. لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبر و سەردەمی فاشیسمی ئیتالیا و ئاڵمان هێماکان باری سیاسی ئیدئۆلۆژیکی پێبەخشرا. خاچی شکاوی نازیسم و فۆڕمی بەکارهێنی باسک وقۆڵ وەک سڵاوی فاشیستی هیتلێری، کرا بە ناسنامە و هێمای ناسینەوەی نازیسم. ئەم تێگەیشتنە هاوردەی تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی کرا.
مستەفا کەماڵ کە وەک باوکی تورکان بە هێما و جلوبەرگی تایبەت دەناسرێتەوە، بوو بە هێمای فاشیستەکانی تورک و دواتر گورگەبۆرەکان. ڕەزاشا تێگەیشتنی یەک فۆڕم و یەک جلوبەرگی هێنایە گۆڕێ و خۆی گوتنی ،،متحد الشکل کردن،، بووە هۆی لەناوبردنی سیمای هەمەجۆری نەتەوەکانی نە فارس. دواتر هەمان تێگەیشتن پانئیرانستەکانی هێنایە سەر ئەو خەتەی فۆڕم و جولەی هاوشێوەی فاشیستەکانی ئاڵمان بەکار بێنن.
ئەم شێوە لە بیرکردنەوە لە چین لە سەردەمی مائۆ سەرجەم خەڵکی هەمەجۆری ئەم وڵاتەی لە یەک چەشن و ڕەنگی جلوبەرگدا قەتیس کرد و هەمە ڕەنگی تێدا کوشترا. ئەم چەشنە لە یەک ڕەنگ و یەک دەست کردنە لە کۆمەڵێک وڵاتی کۆمۆنیستی لە ئاسیا و ئورووپا و ئامریکا و ئامریکای لاتین بڕوی پێدرا وەک سەردەمی ستالین، سەردەمی فیدل کاسترۆ.
ئەوەی ئێستا ئەم تێگەیشتنە کە پێشتر لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات تاقیکراوەتەوە، سەر لەنوێ لە ڕۆژهەڵات بێتە ئاراوە کە لە ڕاپەڕینی ژیناشدا لێرەو ولەوێ بیندرا، نە تەنیا تێگەیشتنێکی سیاسی ساخڵەم نییە، بەڵکە تێگەیشتن و سیاسەتێکی ترسناکە و کۆمەڵگای کوردستان لەوەی کە هەیە بەرەو لەبەریەک ترازانی کۆمەڵایەتی و دڕدۆنگی زۆرتر لە یەکتر دەکێشێ.
تێگەیشتنی،،خاک پۆشان،، یەک شکڵ و یەک فۆڕم و یەک ڕەنگکردنی خەڵک ،،سووریی و ڕووکەشیانە،،یە. تاک حزبی کردنی خەڵکی شار و گوند و گەڕەک، سوودی سیاسی و تەبلیغاتی و پرۆپاگەندە بەو حزبە و بەو کەسانەش ناگەێنێ و یارمەتی ئەو ،،ئاکسیۆنێرانەش،، نادات کە دەبنە ئاکتۆری ئەم سیاسەت و تێگەیشتنە چەوتە.
داهێنەرانی ئەم تێگەیشتنە دەبوو ئانالیزی ئاکسیۆن و جەولە بێ ئاکام و زیانبەخشەکانی پێشووی خۆیان کردبایە و بە دەرس وەرگرتن لە ئازموونی پێشتر کە لە ڕاپەڕینی ژیناش خۆی نوواند، بەرەو هەڵهێنانەوەی ئەم هەنگاوە نەچووبایەن.
کۆمەڵگای ئێستای کوردستان لە هەر چوارپارچە، دەیان جار کۆلکەزێڕینەترە لە دەیان ساڵی ڕابوردوو. ئەوەی حزبی کوردی دەبێ بیکات، هەنگاو هەڵهێنانەوە بەرەو هەمەڕەنگ کردنی خۆیان و حزبەکانیانە، نە پێچەوانەکەی. ئەم سەردەمە سەردەمی هەمەڕەنگییە.
حزبەکانی سەدەی بیستی ئورووپا و کۆمەڵگاکەیان ئێستا ئیتر تەنیا ڕەنگی سوور و ڕەش لە خۆ ناگرێ و حکومەتەکانیشیان لە دوو ڕەنگ و یەک ڕەنگ تێپەڕیوە. ئەوە کۆمەڵگای کوردستانیش دەگرێتەوە، کە لە بواری حزب و حزبایەتیش یەک ڕەنگ نەماوەتەوە.
ئەوەی کوردستان پێویستی پێی هەیە ڕەنگی پارچە و فۆڕمی جلوبەرگ و تێگەیشتنی ،،سەرسەری،، و تەبلیغاتی هەرزانخڕ نییە. ستراتێژی هاوبەش، یەک دەنگی و هاوپشتی و یەکگرتووییە، ئەوەش بەرهەمی بیرکردنەوە و قووڵ بیرکردنەوە و داڕشتنی بەرنامە و ڕێکخستن و ئۆرگانیزەکردنە.
کوردستان لە سەرەتای مێژووی خۆییەوە وڵاتی ڕەنگەکان بووە و مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس و میللەتانی نیشتەجێ لەو دەوەرە بە هۆی بەڵگە و لێکۆڵێنەوە، شوێنی سەرەتای چەشنێک لە دێموکراسی و هەمە ڕەنگی سروشتی و ژیانی سروشتی بووە. گۆڕینەوەی هەمەڕەنگی بە تاک ڕەنگی، ناتوانێ سیاسەتی حزبێکی کورد بێ، کە ئیدعای پێشڕەوی و دێمۆکراسی هەیە، بەڵکە ئەوە کەوتنە داوی تێگەیشتنی سێکتاریستی حزبییە.
هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و فۆڕمی جلوبەرگ لە ناو نەتەوەی کورد ئەمڕۆ سیمای جیهانی و ناسنامەیی پەیداکردووە و سڕینەوەی ڕەنگەکان و فۆڕم و ستیلی هەزاران ساڵەی یەک نەتەوە بۆ مەبەستی حزبی و پڕۆپاگەندە، خەتایەکی گەورەی سیاسی – کۆمەڵایەتی ترسناکە و بەزاندنی سنووری بایخەکان بۆ بەرژەوندی تەسکی حزبییە، کە بەرژەوەندیی حزبیشی لێناکەوێتەوە، وەک پڕۆژە بەتاڵەکانی پێشوو کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە لایەن حزبەکانەوە فەشەلی هێنا.
ئیسلام هەزاروچوار سەد ساڵە تاک ڕەنگی و تاک فۆڕمی بە سەر موسڵماناندا داسەپاندووە و ڕژیمی ئیسلامی ئێران چل وپێنج ساڵە ڕەنگێکی ڕەش و فۆڕمی کفنی مردووانی بەناوی جلوبەرگ بەسەر نیوەی کۆمەڵگادا داسەپاندووە، ئێمە نابێ ئیزنی ئەوە بە خۆمان بدین بە ناوی کورد و حزب و شۆڕشگێڕیی، کاری هاوچەشن لە ژێر هەر ناو و ئامانجێک دووبارە بێتەوە.
بە حزبی و ئیدئۆلۆژیکردنی فەرهەنگ ، هونەر، ئەدەبیات، دامودەزگای مەدەنی و هەر لایەنێکی ژیانی خەڵک کە لە مێژوودا کارەساتی لێکەوتۆتەوە، نابێ بەرۆکی خەڵک و کۆمەڵگا بگرێتەوە!
برایم فەڕشی
٢٢/٢/٢٠٢٥
** ئەم باسە لە کورتی بڕاوەتەوە و لە داهاتوو، هەراوتر و قووڵتر دەکرێتەوە.