Skip to Content

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان (3)… رەسوڵ بەختیار

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان (3)… رەسوڵ بەختیار

Closed
by نیسان 28, 2022 General, Literature

لەوانەیە بپرسن، بۆچی تا ئێستا هیچ کام لەپاڵەوانێک دیار نییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەشەقامە بازنەییەکان دەژین، هەموویان پاڵەوانی سەرەکین، یاخود هەموو ئەوانەی رۆژێک لەرۆژان ئەگەر بەرێکەوتیش بێ، لەسەر شەقامە بازنەییەکان تێپەڕیوون، یان ئەوەتا بەهۆی کارێک روویان لەو شەقامانە کردووە، پاڵەوانەکان جۆراجۆرن، وەک رەنگەکان هەر یەکەو مانایەک دەبەخشێ، زۆرجاران ئەو رەنگانە داهێنانیان هێناوەتەکایەوە، کەچی نکۆڵی دەکا و دەڵێ:
-من خەڵکی ناو شەقامە بازنەییەکان نیم.
-تۆ پرسیارت کردووە، لەکوێ لەدایکبوومە؟
خەڵکی شەقامە بازنەییەکان گوێ بەم قسانە نادەن، بەڵکو پێیانوایە تۆ بەشێکی دانەبڕاوی ئەو نێوەندەیی، بۆیە دەبینی هەموو ئەوانەی بەئەسڵ خەڵکی ئەوێ نین، هەندێکیان دوای بیست ساڵیش دەبێ، شێوە زاریان وەک خەڵکی شەقامە بارنەییەکان نەکردووە، بۆیە ئاساییە چۆن قسە دەکات ئەوان بەشێوەزاری شەقامە بازنەییەکان وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام دڵتەنگ دەبن کاتێک یەکێک لەدانیشتۆانی نێو ئەو شەقامە بازنەییانە دەوڵەمەند دەبێ، کەچی بەشێوازێکی ناشیرین، باس لەشەقامە بازنەییەکان دەکەن.
جەژن و بۆنە و یاد، حزبی نەتەوەی و ئاینی، چالاکی مەدەنی و خێرخوازی، جوانی و ناشیرین، رۆژانە لەسەر ئەو شەقامە بازنەییانە دەبیندرێ، هەوادار و دژەکان هەردەم لەگەڵ یەکدا هاوڕێن، زۆر بەکەمی رق و قینەیان بەرامبەر یەکتر هەیە، سەردەمانێک ڕاپورت نووسین دژ بەیەک باو بوو، کەچی لەکۆتایدا گەیشتنە ئەو بۆچوونەی هەموومان خەڵکی شەقامە بازنەییەکانین، بۆیە ئەمجارەیان بەدڵێکی فراوانەوە گوێیان بۆ بۆچوونی یەکتر دەگرت.
ئیبراهیم ئەندامی یەکێک لەحزبە ئاینییەکان بوو، سەرەتای جۆش و خرۆشی باوەڕداری وایلێکردبوو سڵاوی لەزۆرێک لەهاوڕێییەکانی نەدەکرد، چونکە پێیوابوو سڵاوکردن لەوانە جایز نییە، رۆژ لەدوای رۆژ بۆ سڕینەوەی ئەو بۆچوونە، هاتەوە وەک پێشتر سەردانی هاوڕێیەکانی دەکرد، بگرە وایلێهاتبوو گەشتی دەرەوەی وڵاتیش لەگەڵ ئەوانە دەکرد، کە سەردەمانێک پێوابوو جایز نییە سڵاویان لێ بکات، بەو پێیەی ئەوانە لەنێو حزبی نەتەوەیی و چەپدان.
شاکر: بۆ سەردەمانێک سڵاوت لەئێمە نەدەکرد و خۆت لالووت نیشان دەدا؟

  • (بەپێکەنینەوە) ئێ مەبەستت ئەوەیە، ئەو رۆژگارە گەمژە و گێل بووم، بەڵام ئەوەی راستی بێ، سەیرم کرد، ئەوانەی بەو شێوەیە فێریان دەکردین، لەگەڵ کەسانی گومڕاش دادەنیشن و بەشداری خواردن و خواردنەوەشیان دەکەن، دەزانی رۆژگارێکی سەیر بوو کاتێک بیری لێدەکەیتەوە یان ئەوەتا دەبێ پێبکەنی یان بگرێی بۆ ئەو عەقڵە پووچەی هەمانبوو، واز لەمە بێنە سەرداانی برای خۆمم نەدەکرد، کەچی ئەو هەردەم بەپێکەنینەوە لەرێگەکان بەرەو رووم دەهات.
    -تۆ ئێستا باوەڕداریت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟
    -نەخێر، ماوەیەک بۆ ئەوەم بوو، تۆ بهێنمە سەر بیروباوەڕی خۆم، کاتێک نەمتوانی، پێمباش نەبوو، هاوڕێیەتیشتان لەدەست بدەم.
    زۆرێک لەوانەی لەحزبە نەتەوییەکان بوون، بەرق و قینەوە دەیانڕوانییە هەوادارانی حزبەکانی دیکە، هەیانبوو ملی نزیکترین هاوڕێی خۆی دەشکاند، ئەمەش تەنیا بۆ دەستخۆشییەک بوو، سەردەم تێپەڕی زۆرێک لەو بابەتانە بوو بەبەرژەوەندی و کار و هۆیەک بۆ دەوڵەمەندی، تا وایلێهات لەگەڵ هەوادارانی حزبەکانی دیکە کۆمپانیا دابنێن و بۆ هەڕ پرۆژەیەک پشکی هاوبەشیان هەبێ و سوێند بەسەری یەکتر بخۆن، سەرەڕایی گەشتکردن بەیەکەوە، خەڵکە نزیکەکانی خۆیان لەهەموو کۆمپانیا و شوێنێکدا دادەمەزراند.
    خەڵکی ئەم دەڤەرە، بەقسەی خەڵکی دەڤەرەکانی دیکە بێ، نازانن ئۆتۆمبێل باژۆن، راستە ئۆتۆمبلی بەهاداری دوا مۆدیلێان هەیە، بەڵام شتێکی وای لێ نازانن، تەنیا بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی دوا مۆدیلیان هەبێ، هەندێکجاڕ وەک ئەوەی بەیەکتر نیشانی بدەن، خۆیان بە دەوڵەمەند دەزانن، ئەوە بەشێکیان، بەشەکەی دیکە هێمن هێمن بۆ کارەکانیان ئۆۆمبێل لێدەخۆڕن، رۆژ نییە لەسەر شکانەوە کێشەی گەورە روو نەدا، بەڵام لەکۆتایدا یەکتر ماچ دەکەن وەک ئەوەی هیچ نەبوو بێ، هەندێکجار لەشەڤامە بازنەییەکان لەیەکتر دێنە خوارەوە، هەزار جوێن بەیەکتر دەدەن، کەچی کاتێک یەکێکی کەمێک ماقووڵ دێتە بەینیان داوای لێبوردن لەیەکتر دەکەن، سەیرەکە لەوەدایە، دەبن بە برادەر، بۆ هەندێک بابەت راوێژ بەیەکتر دەکەن لەپرسە و تازیە و خۆشییەکاندا بەشداری دەکەن، هەموو کات سوپاسی ئەو رێککەوتە نالەبارە دەکەن.
    کێشمە کێشمی ئەو شەقامە بازنەییانە کۆتایی نایەت، زۆرێک لەماستەرپلان دانرا، زۆرێک لەرێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی و ژیار و رۆشنبیری دانرا، تا هیچ نەبێ کێشەکی بچووکی ئەو شەقامە بازنەییانە چارە بکەن، بەڵام هەموو ئەوانەی بەو کارانە هەڵدەستان هیچیان یەکێک لەو ژاڵەوانانە نەبوون، کە لەشەقامە بازنەییە لاوەکی و سەرەکییەکاندا سەری هەڵدابێ، هەموو ئەوانەی باس و خواستەکان دەخەنە روو، یان ئەوەتا بەدوای کارێک دەگەڕا، کەچی لەشەقامەکانی خۆیدا نابووت دەبیندرا، بەڵام لەو لاترەوە پێیانگوتبوو:بڕۆ لەشەقامە بازنەییەکان لەدووتۆیی مەدەنی و رۆشنبیری و ژیاریدا خۆت بنوێنە، ئەوان زۆر حەز بەقسەی بریسکەدار دەکەن.
    ئەو نازانی بەدرێژایی مێژوو، زۆر هاتوون خۆیان بەپاڵەوان زانیووە، کەچی شەقامە بازنەییەکان کردووینەتە پەندی زەمانە.
Previous
Next
Kurdish