Skip to Content

بۆیەکەمجار کچە کوردێک لەئەڵمانیا لەپرۆگرامێکی ئۆپێراهاوسدا هەڵدەبژێرێت.. ئا- کامەران حاجی ئەلیاس

بۆیەکەمجار کچە کوردێک لەئەڵمانیا لەپرۆگرامێکی ئۆپێراهاوسدا هەڵدەبژێرێت.. ئا- کامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by تشرینی دووه‌م 20, 2022 General


تاڤێ بورھان کچە کوردێکی باشورەو لەشاری سلێمانی لەدایک بووەو ئێستا لەشاری ھانۆڤەری وڵاتی ئەڵمانیا دەژی ، ئەم ساڵ قۆناغی ( 12 )تەواو دەکات لە قوتابخانەی
international school Hannover Region SHR
تاڤێ بەھۆی بەھرەو تواناکەیەوە ھەر زوو جێگەی خۆی لەنێو خوێندنگەکەدا کردەوەو بووە خۆشەویستی مامۆستاو فێرخوازانی قوتابخانەکە. تاڤێ جگە لەچالاکیە ھونەریەکانی وەک گۆرانی و میوزیک و ناساندن و پیشاندانی کلتوری کوردی ، توانی لەسەر ئەرکی خۆی لەکتێبخانەی قوتابخانەکەیان بەشێک بکاتەوە بۆ کتێبی کوردی کە تایبەت بوون بە کوردو کوردستان و ھونەرو ئەدەبەکەی ( کتێبەکان بەزمانی ئینگلیزین) . بەم کارەشی ھێندەی تر لەلایەن ئیدارەی قوتابخانەکەیەوە خۆشەویست بوو، ھەر بۆیە وەک ڕێزێک لەتاڤێ لەسەرەتای خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠ وە ئاڵای کوردستانیان لەپەنای ھەموو ئاڵای ئەو وڵاتانەدا بۆ ھەڵواسی کە قوتابیان لەو قوتابخانە نێونەتەوەیەدا ھەیە. ئەگەرچی کوردستان دەوڵەتیش نەبوو ، بەڵام دڵی تاڤێیان نەشکاندو وەک نوێنەری کوردستان بەفەرمی ئاڵای کوردستانیان لەقوتابخانەکەدا بۆ ھەڵکرد .
تاڤی لەتەمەنی پێنج ساڵیەوە گۆرانی دەڵێت و یەکەم گۆرانیشی سرودی نەورۆز بووە ، کە لەبەرنامەیەکی منداڵانی کەناڵی کوردسات دا بڵاوبووە . دوای ئەوەش چەندین گۆرانی بۆ شانۆگەری منداڵان تۆمارکردوە وەک شانۆگەری ( چی بچێنی ئەوە دەدوریتەوە) ، ھەروەھا یەکەم گۆرانیشی بەزمانی فەڕەنسی وەک ڕیکلامێک بۆ قوتابخانەی فەڕەنسی دانیال مێتران لەسلێمانی تۆمارکرد. بەڵام تاڤێ لەپاڵ خوێندنەکەیدا ڕۆژانی ھەینی لە فێرگەی میوزیک لەسەر دەستی مامۆستا ڕاستی کوردی ئامێری سازی دەخوێند. پاشان لەپرۆگرامی ( kurdistan kids voice) ی تەلەفزیۆنی پێلیستانگ لەشاری ھەولێر بەشداری کردو توانیی پلەی دووەمی سلێمانی بەدەستبھێنێت .
تاڤێ بەھۆی ئەوەی کەقۆناغی خوێندنی بنەڕەتی بە بەزمانی فەڕەنسی خوێندوەو لەچالاکییە ھونەریەکانی قوتابخانەکەشیدا بەفەڕانسی بەشداری کردوە . تائێستاش زمان و گۆرانی فەڕەنسی ئەوە کاریگەری ھەیە لەسەری ، ھەر وەک خۆی دەڵێت : ( زمانی فەڕەنسی باش دەزانم و ئاگاداری ئەدەب و کلتوری گۆرانی فڕەنسیشم ، ئەوان خاوەن کلتورێکی زۆر ڕەنگاو ڕەنگ و دڵگیرو جوانن.
بۆیە من ناتوانم ئەو کلتورە گەورەیە فەرامۆش بکەم ).
تاڤێ لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوو دەکەنە وڵاتی ئەڵمانیاو لەشاری ھانۆڤەر نیشتەجێ دەبن. ئیتر لەوێ لەپاڵ خوێندنەکەیدا دەست دەکات بە خوێندنی ئامێری پیانۆو ئۆپێراو لەسەر دەستی مامۆستایەکی پسپۆڕ لەو بوارەدا گەشە بەخۆی دەدات . بەردەوامیش گرنگی بە گۆرانی کوردیش دەدات و بەرھەمەکانیشی لەکەناڵی یوتوب و تویتەرو ئەنستگرامی خۆی ( Tave_official)
بڵاودەکاتەوە
ئیتر ناو بەناو گۆرانی و کارە ھونەریەکانی بەزمانی کوردی و ئینگلیزو فەڕەنسی و ئەڵمانی بڵاو دەکاتەوە. تاڤێ لەو بارەیەوە دەڵێت : ( لەدوای بەرنامەی کوردستان کیتس زە ڤۆیس زیاتر لە 10 بەرھەمم بڵاوکردۆتەوە ، ھەرچەندە من تائێستا لەخۆ پێگەیاندندام لەبوارەکانی ئۆپێراو میوزیک و دەنگدا. بۆیە چەند بەرھەمێکی ترم ئامادەکردوە ، بەڵام تائێستا بڵاوم نەکردۆتەوە ، ئەو بەرھەمانەی کەمن دەیڵێمەوە بەشێوازی خۆم دەیڵێم و گۆڕانکاری تێدا دەکەم ، بەرھەمەکەش خۆم لەماڵەوە کاری تێدا دەکەم و تۆماری دەکەم).
لێرەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستە تاڤێ کرد ،لەو پرسیارانەش :

*بەشێوەیەکی گشتی کێ کۆمەک و هاوکاریت دەکات لەبەرهەمەکانتدا؟

  • تاڕادەیەک باوکم و مامۆستاکانم کۆمەکم دەکەن، بەڵام بەڕاستی زیاتر پشت بەخۆم ئەباستم و دەمەوێ خۆم ئەزمون بکەم ، گەرچی کارەکانم تائێستا بە ئەزمونێکی سەرەتایی خۆم دەزانم . بۆیە خۆم دەمەویت لەبواری ڕیکۆردو دەنگدا ئەزموونێکی باش کەڵەکە بکەم و شارەزایی باشیش لەو بوارەدا بەدەست بێنم ، تا لەبەرھەمەکانی ئایندەمدا سودی تەواوی لێ وەربگرم و ڕەنگبداتەوە.
  • تۆ بەچ شێوازێک گۆرانی دەچڕیت ؟
  • لەڕاستیدا من ئامانجم ئەوەیە بتوانم لەڕەنگە جیاوازەکانی گۆرانیدا خۆم پەروەردە بکەم ، لەشێوازە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتەوە تا فۆرم و ڕەنگە جیاجیاکانی ڕۆژئاوایی ، لەکلاسیکەوە بۆ مۆدێرن ، لەلاوک و حەیران و سیاچەمانەوە بۆ ئۆپێرا ، دەمەوێت میکسێک بکەم لەنێوان پۆپ و ئوپێراو لاوک و ھۆرەو حەیراندا. پاشان ڕەنگێکی تایبەت بەخۆم دروست بکەم. دەشبێت ئەوە بڵێم ئەو بەرھەمانەی من بڵاومکردونەتەوە ھێشتا وەک پرۆڤەو ئەزموونی سەرەتایی خۆم تەماشای دەکەم ، نەک وەک پرۆژەیەکی ھونەری پوخت و باڵا کە تەواو کامڵ بووبێت.
  • – بابێینە سەر دوا کاری ھونەریت ، چۆن بوو لە پرۆژەو بەرنامەی OPEN STAGE ئۆپیرا ھاوسی ھانۆڤەر باشداریت کرد ؟!
  • لە ڕاستیدا لەڕێی ڕیکلامێکەو بینیم ، پاشان چوومە سەر پەیجەکەیان و زانیاری تەواوم وەرگرت و فۆرمێکی دورودرێژم پڕکردەوەو گۆرانیەکانم لەڕێگەی ئەنستگرام و تیکتۆک و یوتوب و فەیسبوک و تیوتەر وەک پاشکۆیەک پێوە گرێداو ناردم . پاش چەند ھەفتەیەک لە ئۆپێرا ھاوسەوە بەتەلەفۆن پەیوەندیان پێوەکردم و داوای دیدارێکی ڕووبەڕوویان کردو منیش لەکات و ڕۆژی دیاریکراودا چووم و گفتوگۆی تێرو تەسەلمانکردو تێستیان کردم . ئیتر لەوێ بوومە جێگەی سەرنجی لیژنەکە. ئەوە بوو زیاتر لە 1500 ھەزارو پێنسەد کەس کەفۆرمیان پڕکردبۆوە ٤٠ کەس ھەڵبژێردراین . ئەم چل کەسە پێک ھاتبوون لە گروپی جیاجیای وەک گروپی ( سەماکارو میوزیک و گۆرانی )، بەتەنھا من و کەسێکی تر گروپمان نەبووین و تاک بووین. ئیتر لەوێ بەرانامەی ڕاھێنان و پرۆگرامەکەیان بەسەر پێنچ ستەیجدا دابەشکرد. ھەر کەسەو گروپە 30 خولەکی بۆ تەرخان کرا ،ڕۆژی 25-6-2022 لە کاتژمێر 6:30 خولەکی ئێوارە بەرنامەکە دەستی پێکرد ، ھەر گروپە 30 خولەکی ھەبوو بۆ خۆناساندن و پێشکەشکردنی کارو بەرھەمی خۆی. بینەران و جەماوەرێکی زۆر ھاتبوون ، لەدوای چالاکی ھەر گروپەو پشویەکی چەند خولەکی ؛ پاشان ڕێنمایی دەکران بچنە تەماشای گروپی تر. جێگەی باسە تیپی ئۆرکسترای ھەرێمی نێدەرزاکسن کەزیاتر لە 50 ژەنیار دەبوون ئەوان دەستپێک
    ی پرۆگرامەکەیان کردەوە ، پاشان گروپی باڵێ و سەمای فۆلکلۆری ڕۆژھەڵاتی دوورو سەمای مۆدێرن و گروپی پۆپ و ڕۆک و ئۆپێراو ھەموو کاری خۆیان پێشکەشکرد منیش لە کاتژمێر 30: 8 خولەکی ئێوارە پرۆگرامی خۆمم پێشکەشکردو لەنێو چەپڵەڕێزان و گوڵباراندا خەوەکەم ھاتەدی. من وەک یەکەم کچە کورد توانیم کلتوری گۆرانی کوردی بە ئامادەبوان بناسێنم و بچمە ناو ئۆپێرا ھاوسەوە ،کە ئەمە خەونی ھەموو گۆرانیبێژو میوزیکسێن و سەماکارێکە خۆی لەسەر ستەیجی ئۆپێرا ھاوس ببینێت . جێگەی خۆیەتی کەلێرەدا بڵێم من بەتەنھا گۆرانی کوردیم نەچڕی بەڵکو ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردیم چڕی و پارچەیەک ئۆپێراشم پێشکەشکرد. ئەمە سەرەتایەکی گرنگە بۆ من و نەتەوەکەم. ئەمە پردێکە بۆ کاری. ئایندە . ئیتر ئەوشەوە کارو چالاکی گروپەکان تا کاتژمێر 12 ی شەوی خایاندو پاشان لەگەڵ ھەموو گروپ و ھونەرمەندانی باشداربوو پەیوەندیمان دروستکردو ئیمێل و ژمارەی تێلمان گۆڕیەوە.
  • ئێمە وێڕای دەستخۆشی و ھێوای سەرکەوتن بۆت ، دەتوانین بزانین بەرنامەی ئایندەت چییە؟
  • لەڕاستیدا دەمەوێ لەبواری دەنگ و فۆرمە جیاوازەکانی گۆرانیدا لەزانکۆ بخوێنم ، ئەمەش دەرگا گەورەو گرانەکەیە کەدەبێ بیکەمەوەو خۆمی بۆ ئامادەبکەم.
    *لەکۆتایدا سوپاست دەکەین
  • منیش سوپاسی ئێوە دەکەم ، ھیوادارم ئازارو نەھامەتیەکانی گەلی کورد لەڕێی ھونەرەوە بگەیەنمە ئەوروپا.
Previous
Next
Kurdish