Skip to Content

پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا یان چل چیرۆک لەبارەی پیرەمێردەوە.. دڵشاد کاوانی. نووسەر و ڕەخنەگر

پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا یان چل چیرۆک لەبارەی پیرەمێردەوە.. دڵشاد کاوانی. نووسەر و ڕەخنەگر

Closed
by تشرینی دووه‌م 20, 2022 General, Literature


پێشەکی:.
پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، ناونیشانی کتێبێکی ٢٢١ لاپەڕەی قەبارە مام ناوەندییە، لە بارەی پیرەمێردی شاعیرەوە، لە دوتووێی بەرگێکی ڕەقی جوان، بە پێنووسی کامەران سوبحان نووسراوەتەوە. ئەوەی جێگەی بایەخە لەم سەردەمەی سۆشیال میدیا دا و کاڵبوونەوەی بابەتە جددییەکان، پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا یەکێکە لە کتێبە نایاب دانسقەکان کە ناوەڕۆکێکی لایەق و کەسێتییەکی گرنگی مێژووی ئەدەبیاتی بە ئامانج گرتووە. نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبە دەمانگێڕێنێتەوە سەردەمانێک، کە پیرەمێرد ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئەدەبیاتی کوردی بووە، زۆر بە جوانی داخ و کەسەری پیرەمێرد و هیوابڕاوی لەهەمبەر کۆمەڵگەیەکی نەخوێندەواری ئەوسا دەگێڕێتەوە.
سەرەتا:.
هەرچەندە مشتوماڵکردنی ئەم جۆرە کتێبانە ئاسان نییە، چون پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، ناچێتە چوارچێوەی ژانرێکی دیاریکراو و هەروەک نووسەری کتێبەکە خۆشی درک بەمە دەکات و لە لاپەڕە (٢٩-٣٠) دەنووسێت: ئەمە ستایل و فۆرمێکە لە گێڕانەوە لە نێوان چیرۆک و ڕۆمان و ڕووداوی درامیی…تاد. ئاستەنگی ئەم شێوازە نووسینە ئەوەیە لە سەرجەم بنەماکانی ژانرەکان دەردەچن و ڕەگیشی لە هەمووان دایە. بۆیەشە ناکرێت بە پێی ڕێبازە ئەدەبییەکان لێکدانەوەی بۆ بکەیت. وەلێ تەکنیک و گێڕانەوە و گەمەکردن بە زمان، لە پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، زۆر سەرنج راکێشە کە خوێنەر ملی لە خوێندنەوەی نا تەقەبڕی نەکات وازی لێناهێنێت. سەرباری چێژبەخشین و جوان نووسی کتێبەکە، چەندین سەرنج و تێبینیم لە بارەی کتێبەکەوە هەیە کە بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی دەڕوانم.

هەڵبژاردنی ناونیشانەکان
لایەنێکی دیکەی کتێبەکە، گەرەکمە قسەی لەسەر بکەین هەڵبژاردنی ناونیشانی کتێبەکەیە، کە بە بۆچوونی من نووسەر لە هەڵبژاردنی دا، زۆرتر وەک ڕۆژنامەنووسێک لە دەستنیشانکردنی ناونیشانی هەواڵ دا دەردەکەوێت، نەوەک وەکوو نووسەرێکی ئەدەبی، ئەمەشی بۆ سەرنج راکێشانی خوێنەران کردووە، کە من بەکارێکی باشی نابینم.
ناونیشانەکان دەبێتە بە دوو بەش سەرەکی و لاوەکی.
یەکەم: ناونیشانی کتێب:.
سەرەتا ناونیشانی کتێبەکە کاتێک خوێنەر دەست بە خوێندەوەی کتێبەکە دەکات، هەڵپەی ئەوەیەتی کە لە نێو ئەم کتێبە دا چل دەستنووسی بڵاونەکراوەی پیرەمێردی شاعیری بکەوێتە بەر دید، یاخوود گەنجینەی چل دەستنووسی بڵاونەکراوەی کۆن لەبارەی پیرەمێردەوە دەخرێتە بەر دەست. کەچی ناوەڕۆکی کتێبەکە زۆرترین خەیاڵ و ئەندێشەی سوبحان و کەمترین زانیاریی لەسەر ژیانی پیرەمێردە، بەڵکوو باشتر دەبوو، کتێبەکە ناونیشانێکی دیکەی هەبووایە، لە کاتێکدا زۆرتر باس لە کۆچی دوو شاعیر دەکات، ئەویش مەلا خدری نالی و کاریگەری لەسەر کۆچەکەی پیرەمێردە.

دووەم: ناونیشانی بەشەکان:.
کتێبەکە هەر وەک لە ناونیشانەکەی ئاماژەی پێکراوە چل دەستنووس و یاخود چل چیرۆکە، بەم جۆرەش دابەشکاری تەکنیکی بەشەکانی بۆ کراوە، ناونیشانی بەشەکانی بۆ هەڵبژێردراوە، ئەوەی جێگەی هەڵویستە لەسەر کردنە بۆ هەر بەشێکیان سێ ناونیشانی بۆ دیاریکراوە، بە بۆچوونی من قەرەباڵغیێکی زۆری خستۆتە سەر ناونیشانەکان، هەر بۆ نموونە بۆ هەر بەشێک نووسراوە دەستنووسی یەکەم: چیرۆکی یەکەم لە پاڵیشیدا ناونیشانی بابەتەکە، دەکرا تەنیا یەکێك لەم سێ ناونیشانانە بۆ هەر بەشێک دیاری بکات.

تەکنیک لە کتێبی پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا:.
پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، دەتوانین بڵێین لە ڕووی تەکنیک و شێوە و بونیادی نووسین، بە جۆرێک نووسراوە، کە بە تەواوی تەکنیکی نووسینی ڕۆمانە هاوچەرخەکانە، تەکنیک بە وردی کاری لەسەر کراوە و وا لە خوێنەر دەکات لە سات و وەختی خوێندندنەوەی دا، بە هۆی شاردنەوە و تقەتکردنی ڕاز لای نووسەر و بەکارهێنانی فلاشباگ و گەمەکردن بە کات و شوێن. لە هەندێ شوێن مەنەلۆگ، خاڵی ئەرێنی کتێبەکەن و و خوێنەر دەخەنە مەزاقەوە. بە تایبەتی لە هەندێک بەش سەرەداوی زانیاری دەربارەی ڕووداوێکی بەشێکی دیکە دەدات. بۆ نموونە لە دەستنووسی یەکەم، چیرۆکی یەکەم چیرۆکێک دەگێڕمەوە، لە لاپەڕە (١٥) هاتووە جیاواز لە ٣٩ چیرۆکەکانی تر: زانیاری باس لە دۆزینەوەی گەنجینەیەکی گەورەی دەستنووسی شاعیرێکی مەزنی کورد دەکات، کە مەبەست لێی مەلا خدری نالییە. دەنووسێت: خوێنەر دەتوانێت لە چیرۆکی (٣٥) بە فراوانی ئەم بەسەرهاتە بخوێنێتەوە. وەلێ کە دەچیتە بەشی چیرۆکی (٣٥) زانیارییەکی ئەوتۆت لە بارەی گەنجینەی دەستنووسەکانی نالی دەست ناکەوێت نووسەر لەوێشەوە پاڵێک بە خوێنەرەوە دەنێت و بۆ بەشی (٣٦) بە ناوی (بینینی کۆمەڵێک دەستنووسی مەلا خدری نالیی) ئەم تەکنیکە هەم جوان و هەمیش سەرنج راکێشە. هەروەک لە لا (٥١) ی کۆتایی بەشی حەوتەم باسی ئامەژەی بە نامەگۆڕینەوەی نێوان سائیب و پیرەمێرد دەکات، کە پیرەمێرد بە شیعرێک وەڵامی سائیب دەداتەوە، کەچی خوێنەر وادەزانێت شیعرەکەی لەبیرچووە دایبنێت، کەچی زۆر بە جوانی دەقی شیعریەکە دەخاتە بەشی دواتر و لاپەڕە (٥٣).

ناوەڕۆک لە پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا:.
ناوەرۆکی کتێبی پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا، لەسەر ژیان و کۆچکردنی پیرەمێردە، وەلێ لە پاڵ پیرەمیردیش دەچێتە سەر کۆچ و جێهێشتنی شاری سلێمانی لای نالییەوە، هەمان چارەنووسیش ڕوو لە تۆفیق بەگی پیرەپێرد دەکات. دوای گەڕانەوەی پیرەمێرد، بۆ باوشی نیشتمان بە هۆی خراپی خەڵکی شاری سلێمانی و تاوانبارکردنی پیرەمێرد بە پیاو و سیخووری ئینگلیز و خراپ مامەلەکردنیان، جارێکی دیکە پیرەمێرد دەیەوێت لە ڕێگەی بەغداوە بچێتە شام و بگەڕێتەوە ئەستەمبۆڵ. بە ڕوانینی من ئەم کتێبە، باسی دوو شاعیر و دوو کۆچی هەردوو مەلا خدر و حاجی تۆفیقە، نەوەک تەنیا پیرەمێرد. ناوەرۆکی کتێبەکە تا ئەندازەیەکی زۆر لەگەڵ ناونیشانی کتێبەکە ناگونجێت. ناوەرۆکی ئەم کتێبە لە لاپەڕە (١٦) بە باسی چیرۆکی دەستنووسەکانی کتێبەکە دەکات کە باسی هاوڕێیەکی دەگێڕێتەوە، چیرۆکی ئەم هاوڕێیەی تا کۆتایی لەگەڵ ڕوودوەکان دەڕوات. زۆر ڕوون نییە ئەم باسە ڕووداوێکی واقیعییە یاخود خەیاڵییە بە تایبەتی لە لاپەڕە (٢٨) بە تەواوی دەبێتە چیڕۆکێکی خەیاڵی و فانتازیی، ئەویش بە تێکەڵ کردن و هێنانەوەی پیرەمێردی شاعێر بۆ ناو باسەکەی. هەر ئەمەش وادەکات نووسەر لە لاپەڕی (٣٠) هەست بە سەرلیشێوانی خوێنەر دەکات و سەرپشکی دەکات کە خۆی چۆنی پێخۆشە ئاوا وێنای دەق و بکات و لە ژنرەکە بڕوانێت. هە ربۆیەشە لە لاپەڕە (٣٢) بەتەوای کەساییەتییەکانی ناو کتێبەکە لەیەک هەڵاوێرد دەکات. لە لاپەڕەی (٧٠) دێتە سەر میژووی دەستنووسەکان کەچی هیچ بەراور و رێکەوتی دەستنووسەکان و کەی و چۆن نووسراوەتەوە، ناخاتەڕوو. هەروەها لاپەڕە (٧٦) بۆ (٧٩) چەند دێریکی دەستنووسە کۆنەکان دەخاتە ڕوو، بێئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ئەو دێڕانەی نێو دەستنووسەکە لە چ سەرچاوەیەک وەریگرتوون و یاخود ئاخیزگەیکەی لە چییەوە هاتووە. دواتر لە لاپەڕە (٨٢) و نووسەر باسی نوووسینی دە دەفتەری قەبارە گەورەی دەستنووسی خۆی دەکات، کا باس لە مێژووی سەت ساڵەی شاری سلێمانی دەکات. خوێنەر چاوەڕێی ئەمە دەکات لەم دە دەفتەرە، یەک دوانێکیان تایبەت کرابێت بە پیرەمێرد، کەچی نووسەر هیچ ناچێتەوە سەر دەفتەرەکان کە چیان بەسەر دێت. لە لاپەڕەی (٨٥-٨٦) لە رێگەی پەڕەگرافێکی ڕۆژنامەی ژیان لە ژمارە (٢٩٣)ی ساڵی (١٩٣١) باسێکی پیرەمێرد لەبارەی کۆچەکەی نالی شاعیر دەگێڕێتەوە، کامەران سوبحان گومان دەخاتە سەر ئەم نووسینەی پیرەمێرد کە گەشتەکە هی خۆی بیت و بەناوی ناڵی نووسیبیێتەوە، ئەمەش بە هۆی تێکەڵکردنی خەیاڵی نووسەرە بە حەقەیقەت، کە گورزیکی لەڕاستی ڕوووداوەکانی پیرەمیرد و هەم نالی وەشاندووە. لە لاپەڕە (٩٤) دا باسی دەستنووسەکانی پیرەمێرد و ئەو دەستنووسانەی لەباری ڕۆژگاری فەرمانڕەواییەتی عوسمانی بەسەر کوردا، لە قاسەیەکی ئەرشیفاخانەی ئەستەمبوڵ داندراوە و قوفڵ داروە، کەس دەستی پێناگات. لە کاتێک دا لە ڕاستی دا هەموو ئەرشیفخانەی عوسمانی خراوەتە بەرد دەست ئەو کەسانەی کە داوای وێنەی دووەمی دەستنووسەکان دەکەن، مەگەر تەنیا بابتێکی زۆر نهێنی بێت و پەیوەست بێت بە ئاسایشی نیشتمانی ئەم وڵاتە. لەگەڵ ئەوەش لە لاپەڕە (٩٦ بۆ ١٠٦) ژمارەیەک دەستنووس باس دەکات کە وەک دەستنووس نەماونەتەوە، بەڵکوو لە ڕۆژنامەکانی ژین و ژیان بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیان کات و ڕێکەوتی داناوەن هەندێکیشیان تەنیا ئاماژەن بۆ ئەو نووسیانەی کە ئەو کات نووسراون. هەروەها لە لاپەڕەی (٩٨) کتێبەکە بەتەواوی دەبێتە ژیانی نالی شاعیر و هیچ پەیەوەندییەکی بە پیرەمێردەوە نامینێت.

زمانی پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا:.
لایەنی زیندووی ئەم کتێبە زمانەکەیەتی، نووسەر چۆن گەڕاوە بە دوای ناوەرۆک و بابەتێکی جوانی بۆ خوێنەرانی هەڵبژاردووە و ئەوەندەش زمانی گێڕانەوە و سەربردانی جوانە، کە شایانی باسی نالیی و پیرەمێردە، کامەران خۆشی شارەزایەکی باشی زمان و رێنوووسی کوردییە. بە سەلیقەوە دەنووسێت. هەر بۆیە زمان لای سوبحان زاڵە بەسەر دەق دا. ئەمە واتای ئەوە نییە کە هیچ کارێک بێ کەموکەسری بێت، بۆیە لە بەشی چیرۆکی هەشتەم شیعرێکی توڕە و یاخی! لاپەڕە ٥٣ پیرەمێر لە وەڵامی نامەیەکی مستەفا سائیبی خوارزای کە بە تورکی بۆی نووسیوە، وەک نارەزبوون لە تورکی نووسی سائیب میرەمیرد شیعرێکی هەجووی بۆ دەنووسێت لە دوو دێڕی یەکەم دا دەڵێت: مستۆ، وادیارە تۆش جل خوار ئەکەی. ئەستۆت ئەخوری و مەیلی بار ئەکەی. کامەران سوبحان بۆ شیکردنەوەی وشەی جل خوار لەم دێرەی پیرەمێرد، نووسیویەتی: جلخوار بەو کەسانە دەوترا کە تورک خوازبوون و حەزیان بەلایەنگری و مانەوە لەژێر سایەی تورکیا دەکرد. لێرە کامەران سوبحان کارێکی باشی کردووە، مەبەستە سیاسییەکەی ڕوونکردۆتەوە، وەلێ پیرەمێرد ڕێک مەبەستی کەرییەتی مستەفا سائیبە، چونکە جل بۆ کورتان، یان ئەو پارچەی سەر پشتی کەرە کە خوار دەبێت بار هەڵناگرێت، واتە کەرێکی دێزە و لامل و لە عەمەل کەتووە.
هەروەها لە بەشی چیرۆکی(١٠) لاپەڕە (٦٠) دەنووسێت: ڕاکشا و جاجمێکی ڕەنگ هەناریی ڕەشی گوڵگوڵی بە جەستەی خۆی دا و ونەوز بردییەوە. لێرە کامەران دەکەوێتە هەڵەوە جاجم بە جەستە نادرێت، بەڵکوو بە جەستە دادەدرێت، یان بەسەر جەستە دا هەڵدەکشێت. لە بەشی چیرۆکی (١١) و لاپەڕە (٧٤) نووسەر ولۆ دەپەیڤێت: نە بۆم دەخوێندرایەوە، نە دەمزانی باسی چیدەکات!. ڕاستییەکەی ئەم ڕستەیە بەم شێوەیەیە: بۆم نەخوێندرایەوە و نەمندەزانی باسی چی دەکات.
هەروەها لە بەشی چیرۆکی (١٨) و لاپەڕە (١٢٢) دەنووسێت: ڕۆژێک بە ڕێکەوت لە کتێبخانەکەم کەوتم بەسەر دەفتەرێکی ڕەشکراوەی پڕ لە نووسین. نووسەر لێرە بۆ دۆزینەوەی دەفتەرێکی پڕ لە نووسین دا، کەوتن بەکار دەهێنێت، کە لە زمانی کوردی دا، هەڵەیە چونکە کەوتن واتە بەربوونەوە، ئێستا ئێمە نازانین ئایە کامەران سوبحان بەسەر دەفتەرەکە دا بەربۆتەوە، یان بینیویەتەوە. هەمان هەڵەی لە لاپەڕەی (١٤٢) دا دووبارە کردۆتەوە ئێژێ: دەکەوم بەسەر نووسینێکی پیرە مێرد دا.
پاشان لە بەشی (٢٨) و لاپەڕە (١٦٩) نووسەر ڕەستەیەکی بە ناوی ئەفسانەی کۆنی وردی وەرگرتووە کە نووسینی رستەکە چەوتە (هەر چیرۆک و بەسەرهاتێک لەو شەوەی مانگدا (٢٨) ڕووبدات، ڕاز و نیازەکەی دەگاتە مەنزڵ!) لەم ڕسەتەیە لەشەوی مانگ دا (٢٨) ڕووبدات، نازانم مەبەستی ڕوودانی (٢٨) چییە؟ دەبوویە بنووسێت (لە شەوی بسیت و هەشتی مانگ دا هەر جیرۆک و بەسەرهاتێک ڕووبدات، راز و نیازەکەی دەگاتە مەنزڵ).
لە بەشی چیرۆکی یانزەهەم دا لاپەڕە (٧٤) ش دا دبێژێت: دێڕەکانیشی ئاسۆیی و ستوونی کەتبوون بەسەر یەکدا و نە بۆم دەخوێندرایەوە، نە دەمزانی باسی چیدەکات!. لێرەش نیوەی کۆتایی ئەم ڕستەیە هەڵەیە و نە بۆم دەخوێندرایەوە، نە دەمزانی باسی چیدەکات!. ڕاستەکەی ئەویە کە پێم نەدەخوێندرایەوە و نەمدەزانی باسی چی دەکات. ئەوەی کە زمانی کتێبەکەی زۆر جوانکردووە نووسەر لە هەندێک شوێن دەقاودەق زامنی پیرەمێردی داناوەتەوە وەک لاپەڕەکانی (١٨٠) تا (١٩٣)لە چەندین شوێن ئەم زمانە کۆنە بەرچاو دەکەوێت.

ئەنجام:.
لە کۆتایی دا سەرئەنجام بەوە گەیشتین کە کتێبی پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا لە ڕووی شکڵییەوە، تایبەت کراوە بە حاجی تۆفیقی هەمزاغەی مەسرەف، بەڵام لە ناوەڕۆک و فۆرم دا، بۆ کۆچی دوو شاعیر لە دوو کات و زەمەنی جودا دەگەڕێتەوە و کەمترین زانیاری و سەرەداوی دەق و دەستنووس و مەبەست و ئاکامەکانی لە بارەی شاعیرەوە دەپێکێت. زۆرتر لە چوارچێوەی سۆز و هەست و خۆشەوستی نووسەر بۆ ئەم شاعیرە، رووداوەکان لە جوخزی خەیاڵ و وێناکردنێکی ئەدەبی وەسفی و خۆی بینیوەتەوە، نەوەک لیکۆڵینەوە و بە دواداچوون و شیکاری ئەدەبی.

Previous
Next