Skip to Content

سەبارەت بە پرسی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانی کورد.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەبارەت بە پرسی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیرانی کورد.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by حوزه‌یران 19, 2024 General, Opinion

پرسی ڕۆشنبیر بە تێگەیشتنە چینایەتییە ڕادیکاڵەکەی مارکسیزم و لەڕوانگەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی ستەملێکراوانی ململانێی نێوان کار و سەرمایە، پرسێکی کلتووری و کۆمەڵایەتییە فرە ڕەهەند و ئاراستەیە. هیچ کەسێکی ڕۆشنبیر نییە لەدەرەوەی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراوەوە بتوانێت ڕاڤەی ژیان و کۆمەڵگە بکات. ڕۆشنبیر ناتوانێت لەسەرووی کێشمەکێشە چینایەتییەکانەوە هیچ هەڵوێست و تێڕوانینێکی هەبێت. لەڕوانگەی مارکسیزمەوە ڕۆشنبیر واتا کەسێکە توانای بینینی دیوە هەڵگێڕدراوەکەی ژیانی هەیە، مرۆڤێکە دەتوانێت پنتکە تاریک و تەریکەکانی ژیان ببینێت و لەوێشەوە بەو سەرمایە مەعریفییەی کە هەیەتی، هەوڵی ڕۆشنکردەوەیان بدات. ڕۆشنبیر ئەرکییەتی نهێنییەکانی پشت سەری بڕیارەکانی چینی دەسەڵاتدار بخوێنێتەوە و ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی ستەمدیدە نییە، بیداتە بەر ڕەخنە. ڕۆشنبیر واتا ڕەخنەگری جیددی لە ناشرینییەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کلتوور و نەریتە بێبەهاکانی ژیان. ڕۆشنبیر پەیامبەرێک نییە لەسەرووی چینەکان و خەڵک و کۆمەڵگە و لەدەرەوەی ململانێێ چینایەتی – کۆەمڵایەتییەوە لەسەر کورسی مەعریفە دانیشتبێت و فەرمایشت بدات، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤیکی تر. ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر لە کەسێکی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگە لەئاستێکدایە کە دەتوانێت بەرژەوندییە چینایەتییەکان ببینێت و بپارێزێت و شوناسی مەعریفی خۆی هەر لەو بەرژەوەندییانەوە دیاری بکات. وابەستەبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دیاریکەری هەڵوێستی شۆڕشگێڕبوون و نا شۆڕشگێڕبوونە. ڕۆشنبیر ئەگەر ئەم هەڵوێستەی لێدەربکێشرێت، ئەوا کارەکتەرێکی بەتاڵ لەشۆڕشگێڕییەتی و پڕاوپڕ لە دیماگۆجییەتی لێ دەمێنێتەوە. ئەوەی کە ڕۆشنبیر سڵی لێناکاتەوە، سیاسەتە، سیاسەتی رادیکاڵ و کۆمۆنیستی، سیاسەتی سۆشیالیستانەی پرۆلیتاریا لەخەبات بۆ سۆشیالیزم. بەواتایەکی تر ڕۆشنبیری مارکسیستی واتە قسەکردن لەسەر سیاسەت، بەرژەوەندی چینایەتی، دەسەڵاتی سیاسی، شۆڕش، ئازادی و یەکسانی و ڕزگاری یەکجارەکی. خۆلادان لەم ڕاستییە، لادانە لە حەقیقەتێکی سۆسیۆ – مێژوویی گرنگ کە دەیەها ساڵە بۆرژوازی دەهۆڵی بۆ دەکووتێت و دەزگا زەبەلاحەکانی میدیایی بۆ خستووەتە گەڕ. سیاسەت بۆ کەسی ڕۆشنبیر وەک ئۆکسجین وایە لەپرۆسەی هەناسەدان. ئەمڕۆ لەسایەی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە ئەو غەدرە گەورەیەی لە مرۆڤ و سیاسەت دەکرێت لەم سیستە چەوسێنەرەی سەرمایەداری، لەڕاستیدا غەدرە لە ئازادی و بەها ئینسانییەکانی ژیان و بوون. ڕۆشنبیر دەبێت بە هۆشیارییەکی ڕەخنەییەوە بڕوانێتە دیاردەکان و کۆمەڵگەی ئینسانیی. مەعریفەی ڕەخنەیی ئەو توانایە بە ڕۆشنبیر دەدات کە هەمیشە ڕەخنەگرانە بیر بکاتەوە و ئامادەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێتە هۆی سازکردنی زەمینەی دژەباو و ڕەتکردنەوەی کۆن و ناسینی نوێ. کایەی چالاکی ڕۆشنبیر تەنها مەیدانیکی تایبەت نییە، بەڵکوو سەرجەم کایەکانی ژیان شوێنی چالاکی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرانەی ئەون.
شوناسی نەتەوەیی و ئیشکردن لەسەر بەها کلتووری و فەرهەنگییەکان لەسەر بنەمای نەتەوە، ناتوانێت ڕۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕێت لە نزیکردنەوەی ڕۆشنبیر لە ئەرکە ئینسانییەکەی. چونکە ناسیونالیزم هەمیشە شۆڤینیزمێک لەناخیدا نووستووە و ئەم شۆڤینیزمە ڕێگرە لە بەردەم ئەرکە مرۆییەکان. بۆ ڕۆشنبیرێکی کوردزمانی تەقلیدیش کە ژینگە سیاسی و کلتوورییەکەی هەمان ژینگەی سیاسی سەرمایەدارییە، تا ئەو جێگەیە تەکان دەدات و قسە دەکات کە دڵی بۆرژوازی نەێشێت و بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداری نەکەوێتە مەترسییەوە . کایەی ڕۆشنبیری کوردی، گەرچی کەم تا زۆر بارگاوییە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وەلێ نەیتوانیوە خۆی لە پرسە گرنگەکانی ژیان بدات و قسەی مێژوویی خۆی بکات. کۆمەڵگەی کوردیش بۆیە ناتوانێت بچێتە پێش، چونکە ڕۆشنبیرەکانی لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ڕۆشنبیر لایان داوە و سەرقاڵی هەندێ کارن کە ڕۆشنبیربوونەکەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیرانی کورد مووچەخۆری دەسەڵاتن و بە دەیان ڕێکەوتنی ژێربەژێرییان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی واژوو کردووە و ئیمتیازات و دەستکەوتە شەخسییەکانیان بەرچاویانیان تاریک کردووە. یان باشتر بڵێم ڕۆشنبیرانی کورد(کە من بە لاستیکترین دەستەواژەی دەزانم) خۆیان لە ئەرکە گرنگەکانیان دەدزنەوە. لە سی ساڵی ڕابردوودا تەنها و تەنها خەریکی مکیاجکردنی ڕووی دزێوی دەسەڵاتی کوردی بوونە و بۆیە دەبینین لەبری ڕەخنەگری بوێر و ڕاستگۆ، سوپایەک لە ڕۆشنبیری حیزبیی و چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و نووسەری بەمانای وشە بەکرێگیراو و دواکەوتوو دەبینین کە مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ خەرج دەکرێ و تەنانەت زۆربەیان دەبڵ مووچە و خانەنشینن بە پلەی سەربازی جیاجیا. ئەم نەریتی کڕین و سەودایەی کایەی رۆشنبیری لە کوردستان، پەروەردە و فێرکردنیشی گرتۆتەوە. سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری داهێنەری ئەم مۆدێلە لە ڕۆشنبیرانی ئەنتی هەژاران و ئەنتی شۆڕش و ئەنتی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگەن. بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەم مۆدیلە لەڕۆشنبیری کۆنەپەرستی لیبڕاڵ لە کوردستان، دەبێت خەباتی چیانایەتیمان دژ بە سیستەمی سەرمایەداری و بۆرژوازی کوردستان تووندتر و چڕتر بکەینەوە. بۆیە بەبۆچوونی من :
یەک : ڕۆشنبیر فیرعەونی دانایی نییە و فەرمایشت بدات و لەسەرووی خەڵک و لەسەر کورسی مەعریفە دابنیشێت، بەڵکوو ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر. ئەوەی ڕۆشنبیر لە کەسێکی خاکی جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئاستی رۆشنبیریی و ئاگایی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگەیە بەبەراورد بە کەسێکی خوێندەواری ئاسایی بەرزترە.
دوو : ڕۆشنبیر هەڵوێستی چینایەتی لێ دەربکێشێت بەتاڵ دەمێنیتەوە. من سەیرم بەم ڕۆشنبیرانەی کورد دێت تەنها ئەو کاتە هەڵویست وەردەگرن کە مەترسی جیدیی هەبێت لەسەر دەستکەوتە شەخسییەکانیان، وەکوتر گەرخەڵکی هەژار و ستەمدیدەی کورد بەقوڕی ڕەشدا بچنە خوارێ، ئەم ڕۆشنبیرانە هەر خەریکی سەفسەتەبازی و گەمەکردن لەگەڵ خوێنەر و خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەن و کێشە و گرفتی خەڵکی هەژار بە گرفت و کێشەی خۆیان نازانن.
سێ : زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد،ڕۆشنبیرانی مۆدێلکن لە فریودان و دیماگۆجییەت و خەریکی شاردنەوەی راستییەکانن لەژێر ناوی فکر. ئەم تەیفە لە ڕۆشنبیران ئەمڕۆ کەسیان ئەو جورئەتەیان نییە لەدەرەوەی لێکدانەوەی ڕەهەندییەکان پێناسەی خۆیان بکەن. هیچ ڕۆشنبیرێک ئامادە نییە لە وتارێکدا بۆچوونی خۆی بنووسێت بێ گەڕانەوە بۆ فۆکۆ یان نیتشە یان هایدگەر..تاد. وەک ئەوەی بڵێی ئەم ناوانە بنەمای ڕۆشنبیرییان دانابێ. ڕەهەندییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە گەورەکردنەوەی قەڵشتی نێوان خەڵک و ڕۆشنبیر. ڕۆشنبیری کورد خۆی لە جێگەیەکی بڵندتر لە خەڵک دەبینێ و لەوێوە خەریکە ناشرینترین ڕۆڵ دەگێڕێت لەمێژووی هاوچەرخدا. نەک هەر ڕۆشنبیر، بەڵکە هەر تاکێکی کۆمەڵ پێویستە لەسەری بخوێنیتەوە و ئاگاداری بیر و بۆچوونی فەیلەسوفان و سیاسەتمەداران و بیرمەندانی جیهان بیت.، بەڵام نەک ‌هێنانی تێروانینی هەرچی بیرمەندی کۆنەپەرستە بۆ نێو کایەی ڕۆشنبیری کوردیی.
چوار : ڕۆشنبیریی کورد باسی دەردە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگە ناکەن، خۆیان لە گەلێ دیاردە دەبوێرن. بۆ ئەوان کۆمەڵگەی چینایەتی وەک ئەوەیە بوونی نەبێت، باسی مارکسیزم تووشی هیستریا و سەرئێشەیان دەکات. مەسەلەی ژن و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و بێکاری و..تاد بەکاری خۆیان نازانن. شۆڕش و ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی بە ئاسنی سارد کوتین دەبینن. وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرانە لە کۆمەڵگە نەژین. من وای دەبینم قسەکردن هەر لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەسەڵاتەوە تا دەگاتە چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک ئەرکی ڕۆشنبیرانە.
پێنج : پێویستە ڕۆشنبیر پردی نێوان کۆمەڵگە و کلتورە جیاوازەکان بێت. بەواتایەکی تر، ڕۆشنبیر دەبێت پرد بێت لەنێوان خوێنەرانی کورد زمان و بزووتنەوە فیکری و ئەدەبیی و هونەرییە پێشکەوتووخوازەکانی جیهان. ڕۆشنبیر دەبێت ئەڵقەی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان بێت. ڕۆشنبیر دەبێت دەستکەوتە فیکریی و زانستی و هونەرییە پێشکەوتووەکانی مرۆڤایەتی لەڕێگە جیاوازەکانی بەریەککەوتنی لەگەڵ کۆمەڵکەدا بگوازێتەوە و بتوانێت وەک گەیەنەرێکی بێخەوش ئەو ئەرکە ئەنجام بدات، نەک بە ویستی خۆی و بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەستکاری ئەو دەستکەوتانە بکات و بۆ ئافەرین و دەست لەپشتدان و خەڵاتێک ناپاکی لە کۆمەڵگە بکات.
شەش : ڕۆشنبیری کوردی تا ئێستاش هەر ڕۆڵی وەرگر دەبینێت و زۆر کەم دەبەخشێت. ئەمەش جگە لە هۆکارە سیاسییەکەی، ئاماژەی نائامادەیی داهێنانە لەو کایە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەدا. کۆمەڵگەی کوردی نەک بیرمەند ناهێنێتە دەرەوە، بەڵکوو بەهۆی ناکارابوونی پەروەردە و فێربوونەوە، تواناکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی لەکار خستووە و لەبری ئەوە دووبارەبوونەوەیەکی بێمانا بەرهەم دێنێتەوە کە زیان بە داهێنان دەگەێنێت. لێرەوە فیکر لە چالاکی دەکەوێت و ناتوانێت بەهاکان وەکوو خۆی ببینیت و بخوێنیتەوە.
حەوت : ئێستا زۆربەی ڕۆشنبیران و ئەڵقەی یەکەمی ڕەهەندییەکان خەریکی سیاسەتمەدارانی کوردن و هەریەکەیان خۆیان خزاندووەتە حیزبێکی بۆرژوازی نەتەوەیی یان ئاینیی و بوونەتە مفتەوێژی ئەو سیاسییە نەخوێندەوارانەی کە ڕۆژانێک لاپەڕەیەکی کتێبێکی ئەم ڕۆشنبیرانەیان نەخوێندۆتەوە. ئەویش تەنها و تەنها لەپێناو ئەو پارە و دەستکەوتە مادییانەی کە وای لێکردوون وەکو لێبوک بکەونە شوێن ئەو سیاسەتمەدارانە. ئەمەش سەلمێنەرێکی واقیعی جوانی هەر ئەو ڕەخنە چینایەتییە جیددییەی ئێمە بوو کە ساڵەهایە لە رەهەندییەکانمان گرتووە و ناوەڕۆکە چینایەتییەکەیمان بەپێی توانا دەرخستووە.
بەم پێیە و لەژێر سێبەری ئەم واقیعیەتەی کۆمەڵگەی کوردی، دەسەڵاتی کوردی لە سێ دەیەی ڕابردوودا، پرسی ڕۆشنبیری وەکو پرسێکی جیددی تەماشا کردووە و بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان کردووە تا ڕۆشنبیرانی کورد لەڕێگەی میدیای نووسراو و بیستراو و بینراوەوە بتوانن بەئەرکی خۆیان هەڵبسن. بتوانن ئیرادەی شۆڕشگێرانە لە خەڵکی کوردستان داماڵن و دووریان بخەنەوە لە ڕێبازی شۆڕش و خەبات. نەک هەر ئەوەش تەنانەت شۆڕش و خەباتیان لەلا بێبەها بکەن و باوەڕی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕ پیدانی ژیان بگۆڕن بە باوەڕی تاکگەرایی و وەستانەوە دژ بە کاری دەستەجەمعی و لەهەمووشیان گرنگتر دژایەتیکردنی مارکسیزم و سۆشیالیزم و خەباتی کرێکارانە. لەمەشدا ڕۆشنبیران بەگشتی و ڕەهەندییەکان بەپلە یەک لەئەنجامی غیابی هێزی شۆڕشگێڕ و پاشەکشەی مارکسیزم و چینی کرێکار لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، توانیان سەرکەوتنی مێژوویی بۆ چینی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانی کوردستان و ناوچەکە تۆمار بکەن.
خوێنەران و ڕۆشنبیرانی کورد دەبێت جارێکی تر لەڕوانگەی شۆڕشگێرانەی مارکسەوە پرسە هەرە گرنگەکانی ژیان و کۆمەڵگە لێکدەنەوە و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری چینایەتی وەگەڕ بخەن و ستۆپێکی گەورە بە کۆنەپەرستی بکەن و ڕەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی کوردستان ڕووەو داهاتوویەکی ڕووناک و گەش بجووڵێنن. ئەمە ئەو ئەرکەیە کە ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ و مارکسیستی کورد نابێت بۆ ساتێک چییە فەرامۆشی بکەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی شوبات و سەرەتای ئازاری ٢٠٢٤

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish