
کۆگنەتیڤ، یان درکپێکردن.. پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز
لە زمانی کوردیدا چەند زاراوەیەک هەیە، کە تا ئێستا بەرانبەر بە کۆگنەتیڤ دانراون، هەموویان هەوڵی باشن، بگرە، ڕێککەوتن لەسەر یەکێکیان زۆر باشترە لە فرەزاراوەیی، لەوانە( درکپێکردن، زانین، مەعریفیی) لە ئێستا هەوڵ هەیە کە زاراوەی ( ناسین) بەکاربهێنرێت، مەرج نییە زاراوەی بواری زانستەکان لۆجیکیی بن، واتە لەڕووی لۆجیکەوە ناوەڕۆکی زانستەکە بگەیەنن، گرنگ ئەوەیە ئێمەی توێژەر ئەو زاراوەیە، بەرانبەر بە زانستەکە بەکاربهێنین و هەمووشمان تێ ئەگەین، کە مەبەستمان چییە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زاراوە ئینگلیزییەکە، ئەوا لە لاتینیدا/cognitus بەواتای گەشتن بەزانین هاتووە، ئەمانیش لە یۆنانەوە وەریانگرتووە، کە gignōskein بەواتای( بۆئەوەی بزانیت)دەگەیەنێت، لە سەدەی( ١٤)ی زاینییەوە لە زمانی ئینگلیزیدا هەر بەهەمان واتا بەکارهاتووەتەوە، کە زاتای ( هێزی زانیین) گەیاندووە، لە سەدەی (٢٠) دا لە دەرووناسیدا هەموو پرۆسەکانی وەکو:( یادگە، بیرکردنەوە، فێربوون و پەیبردن/درککردن) ی گرتووەتەوە، واتە کۆگنەتیڤ وەکو ئاوەڵناوێک هەموو ئەو پرۆسانە دەگرێتەوە، کە وەکو توانایەکی ئاوەزیی، مرۆڤ بۆ تێگەشتن لە جیهان هەیەتی، لەوانە:
درککردن( پەیبردن)/perception
بەچەمککردن/conceptualisation
یادگە/memory
بەڵگاندن، پاساوهێنانەوە /Reasoning
کۆگنەتیڤی کلتوریی و کۆمەڵایەتیی/Cultural cognative
هۆشیاریی و سەرنجدان /Attention
زانیین و ناسین/knowing
مەعریفە/knowledge
ئەوەمان هەمووی بۆئەوە خستەڕوو، کە بڵێین، هیچ یەکێک لەو زاراوانە بە تەواویی کۆگنەتیڤ ناگەیەنن، چونکە ئەگەر بڵێین، درکپێکردن، ئەوا تەنها یەکێک لە پرۆسە ئاوەزییەکانی نێو کۆگنەتیڤمان بەرانبەر بە زاراوەکە بەکارهێناوە، ئەمە بۆ( زانین و ناسین)یش ڕاستە، هەرچەندە دانانی زاراوە ئەرکی لیژنەی زانستییە، کە پسپۆڕی زمانی کوردیی و زمانەکانی تری تێدا بێت ، بۆ ئەوەی ڕێکبکەون بۆ دانانی زاراوەیەک بەرانبەر بە زاراوە جیهانییەکان و بەتایبەت ئینگلیزییەکان، چونکە لە ئێستادا بووە بە زمانی زانست، بەڵام وادەردەکەوێت لە ئێستای زمانی کوردیدا، هەر زاراوەی کۆگنەتیڤ بەکاربهێنرێت، پەسەندتر بێت، چونکە هەر خودی زاراوەکەش زۆر وشەی تری لێ هەڵنەگوێزراوە(دانەڕێژراوە) ئەو وشانەی هەڵگوێزراون لەم زاراوەیە، واتایان جیاوازە و وشەی تر هەن بەرانبەریان بەپێی دەوروبەری زمانیی واتاکە دەپێکن بۆ نمونە وشەی Recognize
واتای ناسینەوە دەگەیەنێت، بۆ نمونە Recognition ناساندن، بۆ نمونە دەوترێت، زانکۆی گەرمیان بە فەرمیی فڵان کەسی وەکو ڕەمزی هونەر ناساند، کەواتە، بۆ زانستەکە وشەی کۆگنەتیڤ بەکاربهێنرێت، پەسەندترە، ئەگەرچی زاراوەی مەعریفەی عەرەبیی و شناختی فارسیش هەر بەهەمان شێوەی درکپێکردنەکەی زمانی کوردیی، کۆگنەتیڤ ناگەیەنن، بەڵکو المعريفة/Knowledge و شناختیش هەر /knowingدەگەیەنێت، کە یەکێکن لە پرۆسەکانی نێو سیستەمی کۆگنەتیڤی مرۆڤ.
پ.ی.د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان، بەشی کوردیی