Skip to Content

هێرشی ئیسرائیل و بێئەنجامی لوتکەی دۆحە!.. نوری بەشیر

هێرشی ئیسرائیل و بێئەنجامی لوتکەی دۆحە!.. نوری بەشیر

Be First!
by ئه‌یلول 26, 2025 General, Opinion


ئێوارەی ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥ نزیکەی ١٥ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر باڵەخانەکەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، کە بڕیاربوو ژمارەیەك سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس لەوێ کۆببونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس. بەڵام وەک دواتر ڕاگەیەنرا، سەرکردەکانی حەماس بەرێکەوت لەو هێرشە رزگاریان بوە، بەڵام چەند ئەندامێکی حەماس و چەند پاسەوانێکی ئەمنی قەتەری کوژراون. بێگومان سەرەڕای جۆرێك لە ڕاگەیاندنی نیگەرانی ترامپ بەرامبەر بەو هێرشە، بەڵام گومان لەوەدا نیە کە بەبێ ئاگاداری ئەمریکا ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە، چونکە ئاسمانی قەتەر لەژێر پاراستنی ئەمریکادایە.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ لەژێرناوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا جێبەجێی بکەن. نەخشەیەكە کە لەناوچەکەدا هەر هێزو دەوڵەتێك لەبازنەی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمریکادا دەرچێت، ئەوا ئیسرئیل وەکو نوێنەرو داردەستی ئەمریکا، ئەو دەورە دەگێڕێ کە ئەمریکا پێویستیەتی ئەویش هێرشی سەربازیە بۆسەر ئەو لایەن و دەوڵەتانە بەئامانجی ملکەچکردنیان. هەڵبەتە ئەم هێرشەی ئیسرائیل تەنیا هێرشێک نەبوو بۆسەر حەماس، تەنانەت تەنیا بەزاندنی سەروەری دەوڵەتێکیش نیە بەناوی قەتەر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان وەکو خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن، بەڵکو پەیامێکە لەرێگای هێرش بۆسەر وڵاتی قەتەرو لێدان لە حەماس، هەم بۆ خودی قەتەرو هەم بۆ سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، کە ئەگەر دژی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل یان سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بوەستنەوەو ملکەچ نەبن، ئەوا رووبەڕووی ملهوڕی و هەوسارپچڕانی ئیسرائیل دەبنەوە و هیچ رێگریەک لەبەردەم خۆیدا نابێنی بۆ هێرشکردنەسەریان. بوونی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر تەنها پاساوو بیانوە بۆ شەرعیەتدان بە هیرش و ملهوڕیەکانی ئیسرائیل، دەنا ئەمریکا دەیانجار لە قەتەر لەرێگای ناوەنجگیری قەتەرەوە لەگەڵ حەماسدا گفتوگۆی کردوە و بڕیاریش بووە ئەو سەرکردانەی حەماس لەوکاتەدا تاووتوێی پێشنیاریكی ئەمریکا بکەن!
ئەگەرچی ئیسرائیل نەیتوانی ئەو سەرکردانەی حەماس کە جێگای مەبەستی بوو بکوژێت، بەڵام توانی پەیامەکەی کە مەبەستی بوو بگەیەنێتە قەتەر و ئەو وڵاتانەی کە مەبەستی بوو پەیامەکەی بگات پێیان. ئیسرائیل بەبیانووی لەنێوبردنی حەماس و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سەرەتا غەززەی کاولکردن و دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کردە ژێر خانوە روخاوەکانەوە، دواتریش هەر بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و پوچەڵکردنەوەی مەترسی لەناوچوون لەسەر ئیسرائیل هێرشی کردەسەر لوبنان و سوریا و ئێران و … ئێستاش هەڕەشەی لە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە دەکات. وەکو یەکێک لەسەرانی حکومەتی ئیسرائیل وتویەتی؛ هیچ شوێنێک بۆ هێرشی ئێمە هێڵی سور نیە کەبزانین ترسی هەیە بۆسەرمان، ئەمریکاش لەونێوەدا نەک کەمکاری کردووە بۆ رێگرتن لەو کارانەی ئێسرائیل، بەڵکو یارمەتیشی داوە لەڕووی چەك و لۆجیستی و دانی زانیاری و بگرە بەشداری عەمەلی لەشەڕەکانیدا بەتایبەتی لەگەڵ ئێراندا! هەر لەم کاتەدا گرێبەستێکی بازرگانی ٦ ملیار دۆلاری چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە. زۆرجار پاساوی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل هێناوەتەوە وەک ئینکارکردنی کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززە بەبیانوی ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل دژی حەماس شەڕ دەکات و بەرگری لەخۆی دەکات.
ئەم هێرشەی سەر دۆحە، هاتوهاوارو نیگەرانیەکی زۆری لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیشدا دروستکرد. حکومەتە بۆرژوازیە بەرژەوەندخوازەکان، کە نان بە نرخی رۆژ دەخۆن، باسیان لەوە کرد کە ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندوەو یاسای نێودەوڵەتی شکاندووە بەوەی هێرشی کردۆتە سەر وڵاتی قەتەر. با لەوەگەڕێین کە ئەم یاسا نێودەوڵەتیانەی وڵاتانی سەرمایەداری خۆیان دایانڕشتووە ریسوا بووەو بازڕێکی نەماوە، بەڵام هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت قەتەر داوای بەستنی لوتکەی دەمودەستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بکات دژی ئەم دەستدرێژیەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر.
لوتکەی دۆحە پێش ئەوەی ببەسترێت دەزانرا هیچی پێناکرێت:
رۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەسترا. سەرانی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە ٥٧ وڵاتن و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کەبەشێكن لە وڵاتانی ناو رێکخراوەکەو ژمارەیان زیاتر لە٢٠ وڵاتە، کۆبوونەوە. هاوکاتی ئەم لوتکەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ روبیۆ گەیشتە ئیسرئیل و لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆبووەوە و کۆنگرەی رۆژنامەوانیان سازدا.
قسەکانی هەریەکە لە ئەمیری قەتەر، تەمیم بن حەمەد و مەسعود پزیکشیان، سەرۆکی ئێران، ئۆردوگانی سەرۆک کۆماری تورکیاو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتانی تر لەوانە محەمەد جولانی سەرۆکی سوریا، شتێکی وای تێدانەبوو تەنها ئەوەنەبێ کە هەموو ترسیان لەخۆیان و هێرش بۆسەر وڵاتەکانیان هەیەو ئەم هەنگاوەیان بۆیە ناوە تا ترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەریان دوربخەنەوە، لەکاتێکدا خۆیان ئەگەر پەیوەندی ناڕاستەوخۆو ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبێ ئەوا بێگومان لەگەڵ ئەمریکادا خەریکی ساتوسەدان.
لەلایەکی دیکەوە قسەوباسەکان و بڕیارەکانی لوتکەی دۆحەو ئەو هەونگاوانەی بەدوایاندا هاتن، زیاتر وێستگەیەك بوو بۆ نزیک کەوتنەوەی ئەو وڵاتانەو وەلاخستنی هەندێ لە کێشەکانی رابردووی نێوانیان و دەستبردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری نوێ، بەتایبەت پەیوەندیە بازرگانیەکان. لەئاکامی ئەو نزیکبونەوە سیاسیەوە پەیوەندی بازرگانی و سەربازی نێوان سعودیەو پاکستان و مانۆڕی سەربازی میسر و تورکیای لێکەوتەوە، لەگەڵ بوژاندنەوەی ویستنی زیندوکردنەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کەنداوە پێکهێنراوە. لەوە زیاتر ئەم لوتکەیە شتێکی نەکرد بەرامبەر بە ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی بۆسەر قەتەر.
ئەوەی رۆشنە زۆربەی ئەم وڵاتانەی بەشداری لوتکەی دۆحەیان کرد، لەناو چوارچێوەی نفوزو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادان و لەئێستادا هیچ بەرژەوەندیەکیان نیە بەتەواوی ئەو چوارچێوەیە جێبهێڵن و بکەونە ناو یاری جەمسەر جیهانیەکانی تری وەک روسیاو چین بەتایبەتی لەبواری سیاسی و سەربازیەوە، ئەوەی کە زیاتر بایەخی هەیە بۆیان لەئێستادا توندکردنەوەی پەیوەندیەکی بازرگانی نێوانیانە لەگەڵ چیندا بەپلەی سەرەکی و جۆرە مانۆرێكی شەرمنۆکانە بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا تا حسابێکیان بۆ بکات بەرامبەر بە ئیسرائیل! زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی لوتکەی دۆحە جێگاوڕێگایەکی لاوازو قەیرانگرتوویان هەیە، چ لەئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیان و لەئاستی ناوچەو جیهانیشدا، لەناو دۆخی ناجێگیرو قەیرانگرتووی جیهانی و ناوچەیی و کێشمەکێشی نێوان جەمسەرە جیهانیەکاندا. ئاسۆیان روون نیەو ترسی ئایندەیان هەیە. ترسی سەرەکیان ئەوەیە کە لەنەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمریکا دەیەوێ لەڕێگای ئیسرائیلەوە ئارایشی بداتەوە، هاوشانی ئیسرائیل جێگایەکیان پێببڕێت!
راگەیاندنی کۆتایی لوتکە، کە هیچ پەیامێکی کردەیی دژی ئیسرائیل تێدانەبوو، تەنها ئەوەنەبێ کە ئاماژەی بەوەدا دەستدرێژییەکە بەتەنها پێشێلکردنی سەروەری قەتەر نییە، بەڵکو دژی نێوەندگیریە بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی و داواکرا لە وڵاتان، ناردنی چەک و پێداویستی و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل هەڵپەسێرن” تا قسەکانی جاسم محەمەد بەدیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، کە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین هاوبەشەکانمان وەک ئەمریکا کاریگەرییەکانی لەسەر ئیسرائیل هەبێت و دەست لەمکارانە هەڵبگرێت” ئاستی نزم و زەلیلی ئەم لوتکەیەو هەڵوێستەکانی دەوڵەتانی بەشداری نمایش کرد. وەکو یەکەم کاردانەوەی ئەمریکاش بەرامبەر بە لوتکەی دۆحە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دووبارەی کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر هیچ کاریگەریەك ناکاتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا!

نوری بەشیر

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress