لەبارەی وەرگێڕانی شیعرەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی
زۆر له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه نووسراوه، كه له‌نێو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كاندا، گرانترین جۆری وه‌رگێڕانه. ئه‌مه دووباره بنیادنانه‌وه‌ی ده‌قه له ڕووی هونه‌ری و ڕیتمی ناوه‌وه و مۆسیقا و ده‌نگ و وشه‌كان به زمانێكی دیكه، كه پێویسته خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه بكات ده‌قێكی شیعری ده‌خوێنێته‌وه. به ڕای من زیاتر ئه‌و شیعرانه له‌كاتی وه‌رگێڕاندا به‌ها جۆراوجۆره‌كانی شیعریان تێدا ده‌مێنێته‌وه و به جوانی له زمانێكی تره‌وه ده‌گوازرێنه‌وه كه تا ڕاده‌یه‌ك له ده‌قه‌كه‌دا درامایه‌ك یان چیڕۆكه شیعرێكی كورت هه‌بێت.
له وه‌رگێڕانی شیعردا ده‌ق به ته‌واوی ناگوێزرێته‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ده‌قێكی شیعری بدرێته چه‌ند زمانزانێك و داوای وه‌رگێڕانیان لێ بكرێت بۆ زمانێكی دیاریكراو، ئه‌وا بێگومان هه‌ریه‌ك له كاره‌كان له‌وه‌ی دیكه‌یان جیاواز ده‌بێت و لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ته‌نیا زمانزانین بۆ وه‌رگێڕانی شیعر به‌س نییه، به‌ڵكوو كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی تا چه‌ند تێگه‌یشتن و دید و ئاستی ڕۆشنبیریی له بواری هونەرەکانی شیعردا فراوانه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سی وه‌رگێڕ خۆی شاعیر بێت، ئه‌وا جوانتر و كارامه‌تر ده‌توانێ یاری به وشه‌كان بكات و هاوواتاكانی وشه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرێت، چونكه هه‌ر زمانێك سیستمی تایبه‌ت به ده‌نگ و ڕیتم و پێكهاته‌ی وشه و ڕسته‌كانی هه‌یه و پێویسته كه‌سی وه‌رگێڕ، ئاگاداری هه‌ردوو زمان بێت و به هۆشیارییه‌وه وشه و مانا و وێنه‌كان ئالوگۆڕ بكات.
زۆرجار له شیعردا گواستنه‌وه‌ی ته‌واوی وشه به وشه هێز و جوانیی ده‌قه‌كه له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته ده‌قێكی میكانیكانه وه‌رگێڕراو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ر و ئەپەكان application ده‌یكه‌ن، هه‌روه‌ها زۆرجاران به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی جوانی و هێزی وشه و وێنه‌ی شیعری بۆ زمانی دووه‌م، واده‌كات وه‌رگێڕانه‌كه ناته‌واو و پڕ له ده‌ستكاری بێت، نموونه‌ی ئه‌مانه له ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆره.
له وه‌رگێڕانی چوارینه‌كانی خه‌ییامدا كه چه‌ند شاعیرێكی به‌توانا كردوویانه به كوردی، له‌وانه: گۆران، شێخ سه‌لام، هه‌ژار، دڵزار، عوسمان عه‌ونی و هیی تر، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه بخوێنینه‌وه، ئه‌وا جیاوازییه زۆره‌كانی نێوان كاره‌كان تێبینینمان ڕاده‌كێشێت.
هه‌ژار چوارینه‌كانی وا تێك هه‌ڵشێلاوه كه داری به‌سه‌ر به‌رده‌وه نه‌هێشتووه، به‌ڵام هه‌ست به خوێندنه‌وه‌ی شیعر و زمانێكی جوان و واتاش ده‌كه‌ین، وای بۆ ده‌چم هه‌ژار له وه‌رگێڕانه‌كانیدا، ته‌واوی ئازادیی به‌خۆی داوه، پێموایه ئه‌مه بۆته هۆی ده‌ستكاریی ته‌واوی ده‌قه‌كان، بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی شەرەفنامە سەرنج و ڕەخنەی زۆری لەسەرە، هەروەها له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی عوسمان عه‌ونی كه له‌م ساڵانه جه‌لال زه‌نگابادی له دووتوێی كتێبێكدا به ڕاڤه‌كراوی له‌چاپیدا، تیایدا ده‌قه فارسییه‌كان به‌رانبه‌ر هه‌ر چوارینه‌یه‌ك دانراون، عه‌ونی ده‌ستكاریی هیچێك له چوارینه‌كانی نه‌كردوون، به‌ڵام خوێنه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات، ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌خوێنێته‌وه، له ڕێدا تووشی چاڵ و چۆلی و گرد و نشێو و ته‌نانه‌ت له‌نگیی دێڕه‌كانیش ده‌بێت. زۆرجار له وه‌رگێڕانی شیعردا، شیعرییه‌ت له‌بار ده‌چێت و ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌بێته ڕستەی بێ هەستوخوست و په‌خشانێكی ڕووت! بۆیێ زۆر بیروڕا له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی شیعره‌وه هه‌ن.
جارێكیان (وا بزانم!) شێركۆ بێكه‌س له دیدارێكدا گوتی: شیعری وه‌رگێڕراو وه‌ك ماچی پشت شووشه وایه. هه‌روه‌ها شاعیری ئەمەریکایی ڕۆبه‌رت فرۆست كه چه‌ندین ده‌قی شیعریی وه‌رگێڕاوه، ده‌ڵێ: شیعر له‌كاتی وه‌رگێڕاندا ون ده‌بێ. شیلیی شاعیری ئینگلیز، كه ئه‌ویش له چه‌ندین زمانه‌وه شیعری كردووه به ئینگلیزی، ده‌بێژێ: وه‌رگێڕانی شیعر هه‌وڵێكی ته‌واو نه‌زۆك و بێهوده‌یه، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی گوڵێكی وه‌نه‌وشه‌یییه له خاكێكی به‌پیته‌وه بۆ زڕە خاكێكی نه‌شیاو بۆ نه‌شونما. هەروەها زمان‌ناس و ڕەخنەگری ڕووس ڕۆمان یاكۆبسن گوتوویه‌تی: تاكه وه‌رگێڕانی شیاو بۆ گواستنه‌وه‌ی داهێنان و جوانی و سه‌رله‌به‌ری واتا و وێنه له شیعردا، دووباره نووسینه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی تر دێته به‌رهه‌م. هه‌قه ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا كار ده‌كات و جێ په‌نجه‌ی دیاره، هه‌وڵ بدات به‌دوای ده‌قێكدا بگه‌ڕێت كه له‌كاتی وه‌رگێڕاندا واتا و ڕه‌گه‌زه‌كانی تری كه پێشتر هه‌یانبووه به هه‌مان نرخ بمانداته‌وه. من خۆم له‌م بواره‌دا تا ئێستا ده‌یان شیعرم له زمانی عاره‌بییه‌وه كردووه به كوردی، به‌ڵام كه ئه‌مه‌م كردووه، پێشتر تا ڕاده‌یه‌ك دڵنیا بووم له‌وه‌ی ده‌قه‌كه به هه‌مان به‌ها دێنمه‌وه سه‌ر لاپه‌ڕه، بەنیازم سەرلەبەریان لەم ماوەیەدا بە کتێبێک بڵاوبکەمەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە هەندێ نووسەری دەستەپاچە و کەمدەرامەت و زماننەزانمان هەن، بەهۆی گووگل و ئامێر و هۆکاری نەشیاو، دێن بە زڕە وەرگێڕانەکانیان، دەست دەدەنە شیعری بێگانە و ئەم دنیا پاک و جوانە بە زبڵ و هەڵەوپەڵە دەشێوێنن، چما وەرگێڕانی شیعر و دەقی بەرزی ئەدەبی، هەر ئەوەندەی بەسە بتوانیت ئەو زمانەی لێی وەردەگێڕیت لە بازاڕ قسەی پێ بکەیت؟ بێگومان نەخێر! ئەم دیاردە نەشیاوە مایەی نیگەرانییە و هەقە ئەو کەسانە دەسبەرداری ئەم زبڵوەشێنییە بن.
عەبدولڕەحمان فەرهادی