Skip to Content

لە دژی لەسێدارەدان بڕژێنە سەر شەقامەکان!.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

لە دژی لەسێدارەدان بڕژێنە سەر شەقامەکان!.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

Closed
by ئایار 14, 2023 General, Opinion

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە


حەسەن ساڵحی: لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیلەسێدارەدانەکان لە ئێران زیادی کردووە و ئەم زیادبوونەی لەسێدارەدانەکان لە ڕادەبەدەر جێگەی نیگەرانییە. لە لایەک زیاتر لە ٢٠ کەسیان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ماوەی ٥ ڕۆژدا لە سێدارە داوە و لە لایەکی دیکەشەوە لەم دواییانەدا دوو گەنجیان هەڵواسیوە لەسەر ئەوەی پێی دەڵێن “سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلامی”. ئێستاش لە کاتێکدا کە من قسەتان لەگەڵ دەکەم (سێشەممە ١٩ی ئوردی بوهێشت)، دادگای باڵا بڕیاری لەسێدارەدانی ٣ خۆپیشاندەری ئەسفەهانی پەسەند کردووە. لە زیندانەکانی ئەهواز ٦ کەسی دیکە کە دژایەتی حکومەت دەکەن چاوەڕێی لەسێدارەدانن. جگە لەوەش لەم دواییانەدا لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی ئاسایی سزا دراون زیادی کردووە. پێت وایە کۆماری ئیسلامی بۆچی لەم بارودۆخەی ئێستادا ڕووی لەو شەپۆلە نوێیەی لەسێدارەدان کردووە؟
حەمید تەقوایی: وەک ئاماژەت پێکرد ئەم شەپۆلە نوێیە و زۆر جێگای نیگەرانییە. ئەو لەسێدارەدانانەی کە لە یەک دوو هەفتەی ڕابردوودا بینیومانە، کوشتنی ئاشکرایە بەو مانایەی کە ئەو سزادراوانەی کە تەنیا لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دژی ئیسلام بوون یان ئاتەئیست بوون، لە سێدارە دراون. ئەمەش بەو مانایەیە کە لەسێدارەدانەکان هەم لە ڕووی ژمارەوە زیادیان کردووە و هەم فراوانتر بووە بۆ “تاوان”ی ئایدیۆلۆژی.
بەم شێوەیە لە سێدارەدانەکان بوونەتە ئامرازێک کە پێیان وایە دەتوانن پشتی پێ ببەستن بۆ پاشەکشە پێکردنی شۆڕش. دەیانەوێت کۆمەڵگە بترسێنن. دەیانەوێت خەڵک بترسێنن. بەڵام ئەوەی زیاتر لەهەموان ترساوە حکومەت خۆیەتی.
دەبینیت ئەم حکومەتە لە هەموو بوارەکاندا شکستی هێناوە. دوا نموونە بێدەسەڵاتی تەواوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بێ حیجابی.شورای شۆڕشی ڕۆشنبیریەکەیان لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە ئێمە شکستمان هێناوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بێ حیجابیدا. هیچ شتێک نییە کە ئەوان بتوانن بیکەن. بەردەوام دوکان و چێشتخانە و پارک و سەیرانگاکان مۆر دەکەن و ڕۆژانە ژمارەی بێ حیجابەکان زیاد دەبن!
لە لایەکی دیکەوە، لە بەرامبەر کرێکارانی مانگرتوودا، لە بەرامبەر تسونامی هەڵاوسان و گرانی و ئەم هەژاری و نەهامەتییەی کە بەڕاستی خەڵکی زەلیل کردووە و گیانی گەیاندونەتە سەر لێویان، ڕێژیم هیچ وەڵامێکی نییە. وە لە دڵی ئەم دۆخەدا ڕۆژانە نموونەیەکی تری گەندەڵی و دزینی بەرپرسان دەردەکەوێت. هەموو ڕۆژێک فەزیحەیەکی نوێ ڕوودەدات.
حکومەتێکی لەم جۆرە، لە ناو بێدەسەڵاتی و نائومێدیدا، پەنا بۆ لەسێدارەدان دەبات تا خۆی ڕزگار بکات. بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بترسێنن. ئەمە تاکە “چارەسەر”ی دەسەڵاتدارانە بەرامبەر بە قەیران و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. مەبەستیان ترساندنی کۆمەڵگەیە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی پێچەوانەیان بەدەستهێناوە.
کۆی ئەم هەلومەرجانە، بەتایبەتی ئەو مانگرتنە کرێکارییانەی کە خەریکە بڵاودەبێتەوە، بانگەواز و گردبوونەوەی جەماوەری لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، بزووتنەوەی بێ حیجابی کە لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە، ناڕەزایەتی مامۆستایان کە ئەمڕۆ (سێشەممە ١٩ی ئوردی بەهێشت) ڕوویدا لە زیاتر لە 25 شار سەرەڕای قەدەغەکردن و کۆکردنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان هاتنە سەر شەقامەکان، ئەوە نیشان دەدات کە لەسێدارەدان تاکتیکێکی سیاسی حکومەتە لە پێویستی و بێدەسەڵاتی. ئەمە تاکتیکێکە بۆ ترساندن و پاڵنانی کۆمەڵگەیەکی ناڕازی بۆ دواوە، کە بەڕای من بە تەواوی کاردانەوەی پێجەوانەی دەبێت.
حەسەن ساڵحی: بەڵێ، دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی کە دەرئەنجامی ئەم کارە سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی چی دەبێت. بەڵام باسی لەسێدارەدانی دوو گەنجت کرد کە دژی دین بوون. لەسێدارەدانی یوسف مێهرداد و سەدروڵڵا فازلی زارێ لە زیندانی ئاراک. دەمەوێت لەسەر ئەم بابەتە وەستانێک بوەستم. بێگومان پێشتریش لەژێر ناونیشانی سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام خەڵکی تریان لەسێدارە دابوو. لە هەندێک حاڵەتدا توانیمان بە کەمپەین هەندێک لەو سزادراوانە لە لەسێدارەدان ڕزگار بکەین. بۆچی کۆماری ئیسلامی وا هەستیارە بەرامبەر بەو کەیسانە؟
حەمید تەقوایی: چونکە کۆماری ئیسلامی لە نێو کۆمەڵگەدا لەبەردەم شەپۆلێکی گەورەی دژە ئایینیدایە. شۆڕشی ئێستا بە ئایکۆن و گوتار و سیمبولی تایبەت دەناسێنرێت و نوێنەرایەتی دەکرێت و یەکێک لەو تایبەتمەندیانە دژایەتی گشتیی خەڵکە بەرامبەر بە شتە پیرۆزە ئایینییەکان، بە تابۆی ئایینی، بە یاسا ئایینییەکان، بەرامبەر بە تۆڵەسەندنەوە، بەرامبەر بە حیجاب کە خۆی ئاڵای ئیسلام و و پایەی حکومەتەلە ئێران. لە مانگی ڕەمەزاندا شاهیدی ئەوە بووین کە خەڵک چۆن بە ڕۆژوو نەگرتن دژایەتی خۆیان بۆ ئیسلام ڕاگەیاند. لە سۆشیال میدیادا دەبینیت هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەک و هەموو جۆرە گاڵتە و نوکتەکردنێک بەرامبەر بە پیرۆزیە ئایینیەکان بەربڵاوە.
ئەمە شووشەی ژیانی کۆماری ئیسلامییە. پشت بەستن بە ئیسلام و شتە پیرۆزەکان و ڕێساکانی ئیسلام ناسنامەی حکومەتە و خەڵک بە وردی ئەمە دەزانێت.
لە ڕووی فیکرییەوەئاتەئیزم و بێ خودایی لە کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە. خەڵک نەک هەر لە کۆماری ئیسلامی و ئایینی کۆماری ئیسلامی ماڵئاوایی دەکەن، بەڵکو لە خودا و ئیسلام و هەموو جۆرە خورافاتێکی ئایینیش ماڵئاوایی دەکەن، دەستبەرداری ئایین دەبن و وازی لێدەهێنن. لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە، کۆماری ئیسلامی هیچ دەرچەی دەربازبوونێکی نییە. وتار و ئامۆژگاری و

بانگەشەکردن و بزواندنیان بە تەواوی داوێتی لە بنی مەنجەڵەکە. خەڵک چەندین جار وەڵامیان داوەتەوە. ئەوان نەیانتوانیوە تەنانەت یەک خوێندکاری قۆناغی سەرەتاییش بە سەفسەتە فیقهی خۆیان قەناعەت پێبکەن. هەرچەند قوتابخانەکان زیاترئیسلامی کردن و کتێبەکانی خوێندن بە ئیسلامیتر کردبوو، ڕق وتوڕەیی و دورکەوتنەوەی قوتابیان لە ئیسلام و تەواوی خودا و دین زیاتر و زیاتر بووە.
ئەم ڕێگایانە گەیشتوونەتە بنبەست و لەم ڕووەوە حکومەت هیچی لەدەست نایەت، لە ئەنجامدا لێرەدا جارێکی تر وەڵامەکەیان لە کوشتن و سەرکوت و توندوتیژیدا دۆزیوەتەوە. لێیان دەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن و دەیانبەستنەوە، تا بتوانن پارێزگاری لە تابۆ و پیرۆزییەکانیان و حکومەتە ئیسلامیەکەیان بکەن.
پێم وایە یاساکانی وەک ئیهانە بە پەیامبەر و سوکایەتی کردن بە شتە پیرۆزەکان و هاوشێوەکانیان بە وردی بڵاودەبێتەوە چونکە ئەم جۆرە “سوکایەتیانە” لە کۆمەڵگەادا بڵاوبوونەتەوە. ڕێک لەبەرئەوەی مرۆڤەکان پشتیان لەم هەموو پیرۆزە کردووە و ئەم شۆڕشە یەکێکە لە پایەکانی ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لەم تابو و تاعونە ئایینییە.
کۆماری ئیسلامی وردە وردە لەبەر ئەم هۆکارە زۆر هەستیارە بەرانبەر ئەم پرسە.
حەسەن ساڵحی: یەکێک لە لایەنەکانی کوشتنەکانی ئەم دواییە ئەو لەسێدارەدانانەیەیە کە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕوویاندا. لەسێدارەدان لەم پارێزگایە ڕەهەندی زۆر فراوانی هەیە، بۆیە هاشتاگی ڕاگرتنی جینۆسایدی بەلووچەکان لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا گەیشتووەتە لوتکە. لە ماوەی ٥ ڕۆژدا لانیکەم ٢٢ کەسیان لە سێدارە داوە و لە ١٢٣ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەموو ڕۆژێک لەم پارێزگایە یەک کەسیان لە سێدارە داوە. جگە لە ئێعدامەکان، کوشتنی کرێکارانی کۆڵبەر، ئەو کرێکارانەی کە لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لە کارنامەی حکومەتدایە، کە ئاماری تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی سیستان و پارێزگای بەلووچستان زیاد دەکات. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەم هەموو تاوان و کوشتن و لەسێدارەدانانە بەرامبەر بە خەڵکی سیستان و بەلوچستان چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەم لەسێدارەدانانەی ئەم دواییە درێژەپێدەری هەینی خوێناوی زاهیدانە. لە ڕۆژی هەینی خوێناویدا، کە هەر لە سەرەتای شۆڕشدا ڕوویدا، حکومەت لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ کەسی کوشت بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک! و لەو کاتەوە خەڵکی زاهیدان و هەندێک شاری دیکەی بەلوچستان هەموو هەینییەک هاتوونەتە سەر شەقامەکان؛ هەموو هەینییەک بە ڕادیکاڵترین دروشم دژی هەموو حکومەت دەوەستنەوە. بەهۆی ئەمەوە زاهیدان چقڵێکە لە چاوی حکومەتدا. حکومەت ئەم بیرۆکەیەی هەیە، بە بۆچوونی من ئەم خەیاڵە خاوەی کە لەبەر ئەوەی سیستان و بەلوچستان هەرێمێکی دوورە دەستە و جگە لەوەش دەکرێت زۆر حوکمی لەسێدارەدان بە بیانووی مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی و مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە چەکدارەکان و شتی لەو بابەتە لەم پارێزگایەدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر نابێتەوە و لانیکەم دەتوانێت ناڕەزایەتی هەینیەکانی زاهیدانپاشکشە پێ بکات و بوەستێنێت بە پەنابردن بۆ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ. بێگومان ئەم هەوڵانە بە ئەنجام نەگەیشتن. بە هیچ شێوەیەک هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەم لەسێدارەدانانە وایکردووە خەڵک لە ڕۆژانی هەینیدا هاتنە سەر شەقامەکان بوەستێنن یان کەمتر ناڕەزایەتی دەرببڕن. بەپێچەوانەوە ئێستا دروشمی مەرگ بۆ کۆماری لەسێدارەدان بۆ دروشمەکانی تری خەڵکی زاهیدان و شارەکانی تری پارێزگای سیستان بەلوچستان زیاد کراوە.
هەروەک وتت بەڕاستی ئەمە جینۆسایدە و پێویستە بەرەنگاربوونەوەی ئەم تاوانە بکرێتە پرسێکی سەراتاسەری. لە سێدارەدان لە سیستان و بەلوچستان تەنیا بابەتی ئەو پارێزگایە نییە، بەڵکو بابەتی هەموومانە. “سنە زاهیدان چاو و ڕووناکی ئێران” هەمیشە دروشمی شۆڕش بووە. هەروەها دەبێ نیشان بدەین کە ئەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی لەم پارێزگایانە و بە تایبەتی ئەمڕۆ لە سیستان و بەلوچستان ئەنجامی داوە، بەڕاستی بۆ ئێمە گرنگن.
کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان، خەڵکی تاران، خەڵکی ئەسفەهان و شیراز و هەموو پارێزگاکانی ئێران لە دژی ئەم جینۆسایدە بوەستنەوە، بێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕن. نابێ خەڵکی بەلوچستان بەتەنها بمێننەوە و وەک چۆن ئەم شۆڕشە بە یەکڕیزی وهاوپشتی هەموو خەڵک بەروپێش چووە، لەم حاڵەتەدا دەتوانین و دەبێ بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری پێکبهێنین.
حەسەن ساڵحی: لایەنێکی دیکە لەسێدارەدانی تاوانباران ئاسییە، ئەوانەی کە زیاتر پەیوەندییان بە دۆسیەی مادەی هۆشبەرەوە هەیە. لەم دواییانەدا ئەم سزادراوانە لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا بە کۆمەڵ لە سێدارە دراون. شاهیدی ئەوە بووین کە بنەماڵەی ئەم سزادراوەکان بە لەسێدارەدان لەبەردەم زیندانەکان کۆدەبنەوە.دەپاڕێنەوە و دەگرین. لەم دواییانەدا لە سێلماس دوو کەس لە سێدارە دران. کچێکی بچووک، کە بەداخەوە باوکی لە سێدارە دراوە، لە بەرپرسی زیندانەکە دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆ دواجار باوکی ببینێت وە ئەو بێ شەرەفە ڕێگەی پێنادات. دەمەوێت بزانم ڕای ئێوە چییە لەسەر ئەم کۆمەڵە کەسەی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و بردرانە بەردەم پەتی سێدارە.
حەمید تەقوایی: سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانیانی ئاسایی پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکرێت. یەکەم: سزای لەسێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەستە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێ سزا دەدرێت و دۆسیەکە چییە. ئەو کوشتنەی کە حکومەت دەیکات پێویستە قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەسێدارەدان قەدەغەیە و هیچ تاوانێک سزای لەسێدارەدانی نییە. ژیانی مرۆڤ لە هەموو شتێک پیرۆزتر و باڵاترە و کاتێک بە یاسایی و ڕێگەپێدراو دادەنرێت مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکدا بکوژرێت، لە ڕاستیدا بێ بەهاکردنی ژیانی مرۆڤ بووەتە یاسایی و فەرمی. نابێت هیچ کەسێک و هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک مافی ئەوەی هەبێت سزای لەسێدارەدانی کەسێک بدات. تەنانەت ئەگەر تاوانی کەسێکیش کوشتن بێت، نابێت کوشتن بە کوشتن وەڵام بدرێتەوە. فەلسەفەی سیاسەتی دادوەریی مرۆڤدۆستانە تۆڵەکردنەوە نییە، بەڵکو پەروەردەکردنی تاوانبار و پاراستنی کۆمەڵگەیە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە سزای لەسێدارەدان ناتوانێت ڕێگری لە تاوانەکانی وەک کوشتن بکات و تەنانەت ژمارەیان کەم بکاتەوە. هۆکاری زۆرێک لە تاوانەکان، بە تایبەت لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا، هەژاری، بێکاری، ئالوودەبوون و بێبەشبوونە. بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کوشتن و دزی و ئەم جۆرە تاوانانەدا بکرێت، پێویستە زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەناوببرێت. لە سێدارەدانزەمینەی ئەو تاوانانە لەناو نابات، بە پێچەوانەوە کوشتن و ئینسانکوژی بە ئەنقەست ئاسایی و ڕێگەپێدراو دەکات. لەسێدارەدان سزایەکی گونجاو نییە بۆ هیچ تاوانێک.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا دادگای کارامە و دادپەروەر نییە. نە یاسا ئیسلامییەکان و نە تاوانناسی و یاساکانی تاوانکاری ئیسلامی پەیوەندییان بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤەوە نییە، نە پرۆسەی گرتن و دادگاییکردن و دادگا و شێوازی دادوەری. بۆ نمونە بەپێی یاساکانی تۆڵەسەندنەوە، هاوڕەگەزبازی، لادان، زینا (پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری) و سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر سزای لەسێدارەدانن، لەکاتێکدا لە هەر سیستەمێکی دادوەریدا کە بۆنی شارستانیەتی هەبێت، ئەمانە بە هیچ شێوەیەک بە تاوان نازانرێن. لە ڕاستیدا سزادانی سزادراوان لە سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامیدا، جا لە سێدارەدان بێت یان هەر سزایەکی دیکە، بە تەواوی نادادپەروەرانەیە و دەبێ بگوترێت تاوانکارانەیە. تەنانەت بە پشتبەستن بە یاساکانی ئەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانیان ڕێگەپێدراوە، لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا تاوانێکی ڕوون و ئاشکرایە. هەموو ئەوانەی لەم سیستەمەدا سزا دراون یان هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، یان تاوانەکەیان لە ڕووی یاسایی و دادوەرییەوە نەسەلمێنراوە و لە هەر حاڵەتێکدا پێویستە دۆسیەکەیان لە دادگای لێهاتوودا بپشکنرێتەوە. ئێعدام له هه ڕ وڵاتێکدا کوشتنی ده وڵه تییه ، به ڵام له کۆماری ئیسلامیدا له سێداره دانی تاوانێک دوو به ڕده وامه چونکه خه ڵکی بێتاوان له سێداره ده درێن.
ئه مه ش به ڵگه یه کی دیکه له سه ڕ گرنگی و جیددییه تی به ڕه نگاربوونه وه ی سزای ئێعدام له ئێراندا. هیوادارم بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، دۆسیەی هەموو ئەوانەی لە سیستەمی قەزای سەدەی ناوەڕاستی ئەم حکومەتەدا سزا دراون، لە دادگای دادپەروەر و جەماوەریدا دووبارە بخرێنەوە بەر لێکۆڵینەوە. بەداخەوە ناتوانرێت پێداچوونەوە بە حوکمی ئەو کەسانەدا بکرێت کە لە سێدارە دراون، بەڵام دەکرێت قەرەبووی خانەوادەکانیان بدرێتەوە و بەشێکی زۆریان دەتوانرێت کەرامەتیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
خاڵی سێهەم ئەوەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت لەسێدارەدانی زیندانیانی غەیرە سیاسیش بابەتێکی سیاسییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەت دەیەوێت کۆمەڵگە بە لەسێدارەدان بترسێنێت و دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی جێگیر بکات.
کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە لەسێدارەدان دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات. فەرمانەکانی تۆڵەسەندنەوە، لەسێدارەدانی زیناکار یان کەسێک کە لە ئیسلام گەڕاوەتەوە، لە ڕاستیدا چەسپاندنی دەسەڵاتی حکومەت و یاسا و پیرۆزییە ئیسلامییەکانە.
بەگشتی لەسێدارەدان لە هەر کۆمەڵگایەکدا جۆرێک لە دەسەڵات ڕەهای سەروو ئینسانی بە حکومەتەکان دەبەخشێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە بابەتی یاسای دادوەری تێدەپەڕێت و دەبێتە بابەتێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی. ئەمە بە تایبەتی لە کۆماری ئیسلامیدا ڕاستە. کۆماری ئیسلامی هەرکاتێک دەرەتانی لێ بڕبڕدرێت، هەرکاتێک لە سێ گۆشە دابنرێت و وەک ئەمڕۆ لە هەموو لایەکەوە گوشاری لەسەر بێت، تیغی ئێعدامەکە دەکێشێتە دەرەوە. خۆ لەسێدارەدان بابەتێکی سیاسییە، بە تایبەت لە ئێراندا.
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە، ئێمە لە بنەڕەتدا، لە ڕووی سیاسی، ئینسانی و کۆمەڵایەتییەوە دژی سزای لەسێدارەدانین. ئەبێت سزای لەسێدارەدان لە کۆمەڵگادا هەڵبوەشێنرێتەوە و قەدەغە بکرێت.
حەسەن ساڵحی: ئەگەر ڕێگەمان پێبدەیت بچینە ناو ئەم بابەتەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شەپۆلە دڕندانەیە، ئەم شەپۆلە کوشتنەدا بکەین، کە پێشتریش هەبووە بەڵام ئەمڕۆ لە دۆخێکی نوێدا سەری هەڵداوە. دەتوانین ڕوبەڕوو ببینەوە، چۆن دەکرێت لەبەردەم ئەم لەسێدارەدانانەدا بوەستیتەوە؟
حەمید تەقوایی: لە کۆمەڵگای ئێراندا شۆڕشێکی خەباتکارانە و بەربڵاو بەڕێوەدەچێت و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ خواستە ئینسانیەکانی خۆیاندا لە کاتی خەباتدان. وەک ئەو خەشەفراوانەکانی کرێکاران کە ئێستا مانیان گرتووە، یان وەک ئەو مامۆستا و خانەنشینانەی کە گردبوونەوەی سەر شەقامەکان ئەنجام دەدەن، یان ئەو خوێندکارانەی کە بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە هەموو جۆرە جیاکاری و چەوساندنەوەیەک لەلایەن حکومەتەوە، و ئەو ژنانەی کە لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا، بەبێ حیجابی ڕوبەڕویی حکومەت بوونەتەوە و هتد و هتد.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە دژایەتی بۆ سزای لەسێدارەدان و داواکاری قەدەغەکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ دروشم و داواکارییەکانی ئەو ناڕەزایەتیانە زیاد بکەین. ئەو خانەنشین و مامۆستایانەی کە تەنها ئەمڕۆ لەسەر شەقامەکان بوون، ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا لە ١ی ئایاردا ڕوویدا، یان ئەو خوێندکارانەی کە لە بۆنە جیاوازەکاندا بانگەواز دەکەن، پێویستە سەرنجیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بێت.
لێرەدا دوو خاڵ هەیە. یەکێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەگشتی کە لەسەرەوە ڕوونم کردەوە، ئەوی تریان ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانەیە کە لەژێر سزای لەسێدارەداندان و مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە. دۆسیەی ئەم ئازیزانە بە ناو و ناونیشان و وێنەکانیانەوە لە میدیاکانەوە بڵاوبکرێتەوە و ئەمەش پێش هەموو کەسێک دەستی خێزانەکان ماچ دەکات. ئەم قوربانیانەی سیستەمی دادوەریی تاوانکاریی کۆماری ئیسلامی دەبێ بە کۆمەڵگە لە ئێران و لە ئاستی جیهانیدا ئاشنا بکرێن. پێویستە جیهان تێبگات کە حکومەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان چ جۆرە تاوانێک ئەنجام دەدات. بەم شێوەیە دەتوانین فشار بخەینە سەر و ڕێگری لە لەسێدارەدانی ئەو کەسانە بکەین کە لە ئێستادا لەلایەن حکومەتەوە بە دیل گیراون.
لە ئاستێکی تردا ئەبێت بزووتنەوەی دادگاییکردن لە بەرامبەر شەپۆلی لەسێدارەداندا چالاکانە بێت. بزووتنەوەی دادگاییکردن بزووتنەوەیەکی بەرفراوانە لە ئێراندا کە هاوبەشییەکی زۆری لەگەڵ بزووتنەوەی دژ بە لەسێدارەدان هەیە. زۆرێک لە داواکارانی ئازیزانیان لە سێدارە دراون و بەو پێیەش دژی حکومەت شەڕ دەکەن و بۆ دادگاییکردنی ئەو بەرپرسانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی ئازیزانیان. ئەم بزووتنەوەیە بە هۆی مێژووی خۆیەوە دەتوانێ لە بەرامبەر شەپۆلی ئەم دواییەی ئێعدامەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت، بە هۆی ئەو چالاکییە سەرکەوتووانەی کە تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش بەرامبەر بە حکومەتی ئێعدامەکان، دژی تۆڵەسەندنەوە و لە دژی سیستەمی دادوەریی تەواو نامرۆڤانەی ئیسلامیی ودژی ئینسانی ئیسلامی کردوویەتی. وە بە بانگەوازەکانی، بە لێدوانەکانی لە میدیا و فەزای کۆمەڵایەتی و لە هەڵمەتە مەیدانییەکاندا، لەوانەش بە کۆبوونەوە لەگەڵ کەسوکاری ئەو کەسانەی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لەبەردەم زیندانەکاندا، بۆ هەڵکردنی ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان.
بەم شێوەیە پێم وایە لە دڵی ناڕەزایەتییەکانی ئێستادا، بزووتنەوەی داوای یاسایی، بزووتنەوەی دژ بە سزای لە سێدارەدان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی توانای ئەوەیان هەیە کە چالاکتر بێنە دەرەوە دژی سزای لەسێدارەدان و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بکەن، ئەو ئازیزانە کە ئێستا لە چنگی حکومەتدا دیلن بە ناو و وێنەی خۆیانەوە بخەنە کارنامەی خۆیانەوە. هیوادارم بەم شێوەیە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە دژی ئەم لەسێدارەدانانە ڕێکبخەین.
حەسەن ساڵحی: لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەمانەوێت چاوێک بخشێنین و بزانین چی دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتر و زۆرترین فشار بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی. بە تایبەتی هەندێک لەو جەلادانە وەک کاک حەبیب ئەسیوەند دوو ڕەگەزنامەیان هەبووە. ئەو کە ڕەگەزنامەی سویدیشی هەبووە، لە ساڵی ١٣٩٩ لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ تورکیا ڕفێندرا و حکومەتی سوید هیچ هەنگاوێکی نەگرتەبەر. دوای لەسێدارەدانی، یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بە ناڕەزایەتییەکی دیپلۆماسی ڕازیبوون. لە ڕاستیدا دوای باران فەرەنجیم بۆ چیە. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چی بکرێت؟
حەمید تەقوایی: لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دواجار فاکتەری دیاریکەری ناڕەزایەتییەکانە. خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان. تەنانەت ئەگەر بمانەوێت چالاکییەکانی لۆبیکردن، کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ حکومەتەکان و هتد بێتە ئاراوە، دەبێت پشت بە ناڕەزایەتی شەقامەکان ببەستین. ئەو فاکتەرەی کە وامان لێدەکات بتوانین حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ناچار بکەین لە کارنامەی خۆیاندا هەنگاوی یەکلاکەرەوە و بەردەوامتر بگرنەبەر، ناڕەزایەتی و فشاری ڕای گشتی و کۆمەڵگای وڵاتەکانی خۆیانە.
فاکتەری دیاریکەر لێرەدا، هەروەک خودی ئێران، خەباتی شەقام و مەیدانییە. ئێستا لە دەرەوەی وڵات بانگەوازی زۆر لە دژی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییە کراوە. ئەم کۆتایی هەفتەیە، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی شەممەدا، لە زۆرێک لە شارەکاندا ناڕەزایەتی دژی لەسێدارەدانەکان ڕێکخرا. ئەو خاڵەی کە لەسەر پێویستی بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانەکان لە میدیاکانەوە جەختم لەسەر کردەوە، لە بنەڕەتدا دەتوانرێت بەرەو دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە. دەرەوەی وڵات بوارێکی فراوانە بۆ ئەم کارە. ناو و وێنەی ئەو ئازیزانە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانەش هاووڵاتیانی ئەو دوو ڕەگەزنامەیەی کە باست کرد، پێویستە لە تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و میدیای جیهانی و ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و دەنگی ناڕەزایی خەڵکی سەربەرز بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵ بکرێت ، لە ئێران و لە هەموو وڵاتان، تا دەتوانرێت لە میدیاکاندا ڕەنگ بدەداتەوە. نەک هەر ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، بەڵکو هەر کەسێکی ڕاستگۆ کە دژایەتی لەسێدارەدان بکات، دەتوانێت پەیوەندی بەم بزووتنەوەیە بکات.
بە بڕوای من ئەمە فاکتەرێکە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ چاوپۆشی لێ بکات. لە ماوەی ڕابردوودا توانیومانە لە سەردەمی جیاجیادا بەم شێوەیە بەشێک لە زیندانیانی سزادراو بە لە سێدارەدان ڕزگار بکەین و ئەمجارەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی زیاتر لە پێشوو سەرنجی بۆ ئێران و بارودۆخی خەڵکی ئێران ڕاکێشاوە، تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە بە چالاکییەکانی شەقام و مەیدان، بە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە شار و وڵاتە جیاوازەکاندا، هەروەها بە چالاکییەکانی لۆبیکردن و فشارخستنە سەر دامەزراوە و حکومەتە نێودەوڵەتییەکان، تا دەتوانرێت زۆرترین لەو لەسێدارەدانانە لە ئاستی جیهانیدا ئیدانە بکرێن وە پێویستە وێنەی ئەوانەی مەحکوم بە لەسێدارەدانن لە ئاستی جیهاندا بناسرێن و بەم شێوەیە دەتوانین شەپۆلی ئێعدامەکان بوەستێنین و کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی دیکە پاشەکشە پێبکەین.
٩ی ئایاری ٢٠٢١، ١٩ی ئوردی بەهیشتی ١٤٠٢

Previous
Next
Kurdish