Skip to Content

(نالی)*.. شیعری سارا فەقێ خدر

(نالی)*.. شیعری سارا فەقێ خدر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 21, 2023 General, Poems


ئەوا ئەمشەو شەوی یەڵدایە نالی
شەوی شادی و سەدا و سەمایە* نالی
دەبا ماڵ ھەر خامۆش و چۆڵ و ھۆل بێ
دڵم پڕە ئیشقی تێدایە نالی
**
لەکۆماری شەرمدا خۆشەویستی
ھەمیشە دیلە, دەنگی نایە نالی
ئەوی دێت و دەڵێ ئەز ئاشقی تۆم
تەنێ شێتی بەژن و باڵایە نالی
**
ھەموو گوتیان مەولانا* (ڕەمز) ی ئیشقە
کەسێک نەیگوت ,کە(ڕابی)*یش وایە نالی
باببارێ ، پەڵەی پاییزی چاوان
گوڵی شیعری پێ دێتەکایە نالی
**
شۆخ وشەنگیی، ناز و بازی بۆچییە
ئەوەی نامرێ، ئیشقی باڵایە* نالی
لەدرێژی شەوی ساڵی (فیراق)دا
بەبێ شیعرت ، دڵم سارایە* نالی
**

  • ئەم شیعرە ئیلھامی لە شیعرێکی مامۆستا غەریب پشدەری،بەناوی(خاتوون) ەوە ،وەرگرتووە.
    *سەدا: دەنگ ، دەنگدانەوە.
    *مەولانا: مەولانا جەلالەدینی رۆمیی .
    *ڕابی : رابیعەی عەدەوی
    *باڵا: بڵند ، بەرز
    *سارا : بیابان ، سەحرا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish