ره‌هه‌ندى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزى سرووشت له شیعرى ( شار)ى سواره‌ى ئێلخانیزاده‌دا… نووسینی/ عەتا قەرەداخی
( شار ) كه زیاتر به ( ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت ) ناسراوه، شیعرێكی دیارى سواره‌ى ئێلخانیزادهیه. سواره ته‌مه‌نێكی كورت ژیاوه( 1937- 1975 )و به‌هۆى نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایی كردووه. ئه‌م ده‌قه شیعریه‌ى له ساڵی 1970 دا نووسیووه. سواره‌ى ئێلخانیزاده یه‌كێكه له شاعیره دیاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هاوسه‌رده‌می شاعیران جه‌مال شارباژێڕى و جه‌لالی میرزاكه‌ریم و شێركۆ بێكه‌سه. هه‌روه‌ك راسته‌خۆ نه‌وه‌ى دواى هه‌ژارو هێمن و هاوچهرخهكانیانه له رۆژهه‌ڵات. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى كاریگه‌رى شێوازى شیعرى گۆران-ی پێوه دیاره ره‌نگه ئه‌وه‌نده نه‌كه‌وتبێته ژێركاریگه‌رى شیعرى موكریانه‌وه. سواره هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه به كێشی عه‌ره‌بی و مه‌سنه‌وى فارسی شیعرى نووسیووه، به‌ڵام له كۆتایی شه‌سته‌كانه‌وه كه ته‌مه‌نی نزیكی سی ساڵ بووه‌ته‌وه به شێوازى شیعرى سه‌ربه‌ست یان په‌خشانه شیعر نووسیوێتی و ده‌قه‌كانی ( خه‌وه به‌ردینه و ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت و من ئه‌ڵێم و كوا شه‌نگه‌سوار و تاپۆو بوومه‌لێڵ…تاد) نموونه‌ى به‌رزو دیارى پێگه‌یشتنی ئه‌زموونی شیعرى ئه‌م شاعیره كورت ته‌مه‌نه‌ن.
ئاشكرایه شیعر وه‌كو به‌رزترین و یه‌كێك له ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بیه دیاره‌كان مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و له قۆناغی ژیانی ناو سرووشته‌وه ئه‌م چه‌شنه ئه‌ده‌بیه به ئاستی جۆراو جۆر به‌رهه‌مهاتووه. له پێش قۆناغی نووسیندا شیعر له‌به‌ركراوه‌و وه‌كو ره‌گه‌زێكی زاره‌كی ده‌ماوده‌می كردووه‌و به گۆرانی گوتراوه‌ته‌وه. كۆنترین شێوه‌ى شیعر كه به زمانی شیعریى هۆنراوه‌ته‌وه ( ڤێنداس )ه له نێوان سه‌ده‌ى هه‌ژده‌و سیانزه‌ى پێش زانین و دواى ئه‌ویش ئۆدێسه دێت له سه‌ده‌ى هه‌شت و حه‌وتدا هۆنراوه‌ته‌وه. ئه‌مه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه دیارده‌یه‌كی ئاشكرا هه‌یه و وه‌كو رێسای لێهاتووه، كه شیعر له كۆى كه‌لتووره‌كاندا له پێش ره‌گه‌زه ئه‌ده‌بیه‌كانی تردا ده‌ركه‌وتووه. ئاشكرایه شیعر به‌رهه‌می خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و نه‌سته. كه ئه‌مانه‌ش له هه‌موو مرۆڤێكی ئاسایدا بوونیان هه‌یه‌و له كاتی وروژان یان سهركوتكردندا به هه‌ردوو باره‌كه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ن گوزارشت له خۆیان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شیعر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تاوه‌كو ئێستا. دیاره ئاشكرایه كه په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیووه‌و هه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ره‌تاییه‌وه یان كۆمه‌ڵگه‌ى پێش نووسینه‌وه كه به كۆمه‌ڵگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى مێژوو ناوده‌برێت په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تی و مرۆڤ خۆى به‌رده‌وامبووه تا گه‌یشتووه‌ته قۆناغی ئێستا. قۆناغی سه‌ره‌تایی ژیان، قۆناغی ژیانی نێو سرووشته، واته ئه‌و رووبه‌ره خاوێنهى كه هاوتایه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ست و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه خاوێن و ناسك و بێگه‌رده‌دا كه سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعره.
لێره‌وه ده‌شێ بگوترێت شیعر ده‌ربڕین بووه له‌و خاوێنی و ناسكی و بێگهردیهو وێناكردنی ئه‌و سرووشته جوانه بووه كه هێشتا ده‌ستی مرۆڤ و شوێنپێی مرۆڤ ته‌ڵخی نه‌كردووه‌و په‌ڵه‌ى له‌سه‌ر دانه‌ناوه. ئه‌م جوانیه جوانیه‌كی نموونه‌ییه‌و هاوكات فه‌زایه‌كی هێمن و خامۆشهو جێگاى ئارامگرتن و حه‌وانه‌وه‌ى رۆحه. واته سه‌رئه‌نجام زه‌مینه‌ى به‌رده‌وامی پاكژبوونهوهى رۆحه‌و ده‌شێ مرۆڤ له‌هه‌ر ساتێك‌دا بۆى بگه‌ڕێته‌وه به مه‌به‌ستی حه‌وانه‌وه‌و ئارامگرتن و پاكژبوونهوهى رۆح په‌ناى بۆ ببات.
هه‌ر لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات: ئایا ئه‌م ده‌قه شیعریه‌ى سواره گه‌ڕانه‌وه‌یه له زه‌مینه‌ى ئاڵۆز‌و پڕ له هه‌راو زه‌ناى شاره‌وه بۆ زه‌مینه‌ى ئارامی نێو سرووشت، كه یه‌كه‌میان واته زه‌مینه‌ى ئالۆزو بكوژى هه‌ست و رۆح كه شاره، وا له شاعیر یان قسه‌كه‌رى شیعره‌كه ده‌كات پشت له‌و زه‌مینه‌یه بكات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ گوند یان بۆ لادێ كه زه‌مینه‌ى ئارامی و هێمنیه‌و رووبه‌رى ره‌هابوونی رۆح و هه‌سته‌كان و خه‌یاڵه و هاوتاى سرووشته؟ واته ئایا ئه‌م ده‌قه گه‌ڕانه‌وه‌یه له زه‌مینه‌ى ئالۆزى شاره‌وه بۆ نێو سرووشتی هێورو ئارام؟ یان جێهێشتنی شاره له لایه‌ن كوڕێكی په‌ره‌وه‌رده‌ى زه‌مینه‌ى لادێوهو دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یه‌كه‌مین زێد كه چاوى تێدا هه‌ڵهێناوه؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه به‌جێده‌هێڵین بۆ ئه‌وه‌ى له رێگاى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌وه ئه‌و وه‌ڵامانه ئاشكرا ببن. هەروەک لێرەدا ئەم پرسیارەش دەکەین: ئایا ئه‌م ده‌قه شیعریه‌ى سواره راكردنه له واقیعی شار‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نێو سرووشت؟
هه‌روه‌ك ئاشكرایه چه‌مكی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت ده‌رئه‌نجام و به‌رهه‌می ژیانی ئاڵۆزى شار‌و فشارى ژیانی سه‌ختی نێو زه‌مینه‌ى شاره. گومانی تێدا نیه مرۆڤ به ئازادى له دایكبووه‌و له ناو سرووشتیشدا به ئازادى ژیاوه‌و یه‌كه‌م كۆت و پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی خاسێتی ژیانی نیشته‌جێبووندا ده‌ركه‌وتووه، كه ئه‌وه‌ش واته نیشته‌جێبوون سه‌ره‌تای ژیانی جێگیربوون و سه‌ره‌تای ژیانی شارستانێتیه. له نێو زه‌مینه‌ى شاره‌وه، له ژینگه‌یه‌كدا كه هه‌سته‌كانی مرۆڤ ده‌كوژرێن، خه‌یاڵه‌كانی مرۆڤ دهشێویندرێن و خه‌ونه‌كانی له‌بار ده‌برێن، رۆسۆ دروشمی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو سرووشت به‌رزكرده‌وه، واته گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی ئازاد‌و بۆ ده‌ره‌وه‌ى كۆت و پێوه‌ند، بۆ زه‌مینه‌ى ره‌هابوونی هه‌سته‌كان و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و نه‌ست، بۆ زه‌مینه‌ى پڕ له ئارامی و هێمنی. له راستیدا درووشمهكهى رۆسۆ واته گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت، دروشمێكه ده‌لاله‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌و ئامانجی زیندووكردنه‌وه‌ى چه‌مكی كێویبوونی نه‌رموونیان و شكۆداركردنی سهرهتاییبوونه له ژیان و رهفتاركردندا. واته لێره‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت ده‌لاله‌تی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئازادى سرووشتی هه‌ڵده‌گرێت.
پێش ئه‌وه‌ى بێینه سه‌رباسی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت له ده‌قه‌كه‌ى سواره‌ى ئێلخانیزاده‌دا، ئاماژه بۆ چه‌مكی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت لاى هه‌ندێ له شاعیرانی رۆمانسی ده‌كه‌ین، چونكه ئاشكرایه گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت بنه‌مایه‌كی قۆناغی ئه‌ده‌بی رۆمانسیه. ۆردزۆرس كه زۆر بڕواى به دروشمه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسا هه‌بوو، به‌و شۆڕشه‌یدا ههڵدهداو وه‌كو هه‌نگاوێك به ئاراسته‌ى گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌سه‌نایه‌تی باسی ده‌كرد و ئه‌و رهسهنایهتیهشی له سروشتدا ده‌بینی. به‌ڵام دواتر زانی كه ئه‌و شۆڕشه ده‌ستكردى مرۆڤه، نه‌ك ده‌ستكردی سرووشت، له‌به‌رئه‌وه دژى وه‌ستاو به‌دواى حه‌وانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕا له ئامێزى سرووشتی راسته‌قینه‌دا. له ئه‌نجامی بێ ئومێدبوون له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، ۆردزۆرس به دواى وزه‌ى چارهسهكهرى سرووشتدا گه‌ڕا. بایه‌خی زیاترى ئه‌م شاعیره به سرووشت تا ئه‌ندازه‌یه‌كی دیار به‌هۆى بێ‌ئومێدى سیاسیه‌وه بوو. به‌لاى شیللیهوه سرووشت وه‌كو رۆح ئاوسه به بنه‌ماكانی خۆشه‌ویستی، هه‌روه‌ك جۆن كیتس پێیوایه سرووشت چێژى حیسی پێشكه‌ش ده‌كات. له‌سه‌رووى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه شیعرى رۆمانسی به چه‌ند خاسێتێك ده‌ناسرێته‌وه وه‌كو یاخیبوون له عه‌قڵ و كۆت و به‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه به ئاراسته‌ى دڵ. هه‌روه‌ك به ته‌وه‌ربوونی تاكه‌كه‌س له ئه‌ده‌بی رۆمانسیدا و یاخیبوون له هه‌موو یاسا‌و رێسا‌و رێكخستن و داب و نه‌ریت و عورفێك و پشتبه‌ستن به سرووشت و جوانیه‌كانی و وێناكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی پاڵه‌وانی رۆمانسی له خاسێته سه‌ره‌كیه‌كانی شیعرى رۆمانسین. كه‌واته ئه‌وه‌ى ئاشكرایه له شیعرى رۆمانسیدا تاكه‌كه‌س و سرووشت ته‌وه‌رو پنتی سه‌ره‌كین و هه‌موو شتێك به ده‌ورى زاتی شاعیردا ده‌سوڕێته‌وه. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه زاتی شاعیر یان پاڵه‌وانی رۆمانسی یان قاره‌مانی ده‌قی رۆمانسی به‌رده‌وام به دواى هێمنی و هێورى و حه‌وانه‌وه‌و چێژدا بگه‌ڕێت و ئه‌وه‌ش له ئامێزى هێمن و خاوێن و جوانی سرووشتدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. لێره‌وه ئێستا ده‌رگایه‌ك هه‌یه تا بێینه سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ى ئه‌م ده‌قه شیعریه‌ى سوارەی ئێلخانیزاده به ناونیشانی ” شار”.
ئه‌م ده‌قه شیعریه‌ى سواره به ناونیشانی ( شار ) یان وه‌كو ئه‌وه‌ى كه له‌لاى خوێنه‌ر ناسراوه ( ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت )، بریتیه له گفتوگۆى نێوان دووكه‌س، كه كه‌سی یه‌كه‌م واته قسه‌كه‌ر كه ده‌شێ شاعیر بێت و كه‌سی دووه‌م گوێگر كه ته‌نیا وه‌كو گوێگرێكی مه‌عنه‌وى له پێكهاته‌ى زمانی ده‌قه‌كه‌دا ئاماده‌بوونی هه‌یه. هه‌ر زوویش شووناسی گوێگر تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌ویش له میانه‌ى ده‌ربڕینه‌كانی قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌وه، كه وه‌كو ره‌گه‌زى دووه‌م و ته‌نانه‌ت وه‌كو خۆشه‌ویستیش ده‌یدوێنێت. به‌ڵام ئه‌وى كه‌سی دووه‌م له رووى ده‌ربڕین و وه‌ڵامدانه‌وه‌وه هیچ ئاماده‌بوونێكی نییه. ئه‌مه‌ش واده‌كات كه ده‌قه‌كه بریتی بێت له قسه‌كردنی قسه‌كه‌ر یان شاعیر بۆ ده‌ره‌وه‌ى خۆى، یان بۆ هه‌مووان، به‌ڵام به مه‌به‌ستی به‌رجه‌سته‌كردنی زه‌مینه‌یه‌ك تا لێیه‌وه ئامانجی ده‌قه‌كه بە شێوەیەکی ئاشكرا ئاراسته بكرێت. ئه‌و كه‌سی دووه‌م واته ئه‌وى ره‌گه‌زى دووه‌م ده‌دوێنێت و راسته‌خۆش له نێوان خۆى و ئه‌ودا جیاكارییه‌ك ده‌كات، كه ده‌بێته جیاكاریی له نێوان خۆیی لادێی و ئه‌وى شارییدا، كه له پشتی ئه‌مه‌شه‌وه دووانه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر ئاماده‌یه، ئه‌ویش دووانه‌ى ( لادێ \ شاره ).
ئاشكرایه له زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی درووست و له په‌ره‌سه‌ندنی ئاسایی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئاراسته‌ى كۆچ له لادێوه به‌ره‌و شاره، له كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌ره‌تاییه‌وه به‌ره‌و شارستانێتیه، له سرووشته‌وه به‌ره‌و ته‌كنۆلۆجیایه، له رۆمانسیهتهوه به‌ره‌و ریالیزم و مۆدێرنیزمه. به‌ڵام لێره‌دا جوڵه‌یه‌كی پێچه‌وانه هه‌یه كه گه‌ڕانه‌وه‌یه له شاره‌وه بۆ لادێ، له شارستانێت و ته‌كنۆلۆجیاوه بۆ سرووست و بۆ ژیانی ساده. كه ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌تێكی فه‌له‌سه‌فی له پشتیه‌وه‌یه ئه‌ویش خه‌ونبینینی به‌ره‌ده‌وامی مرۆڤه به ساده‌یی و هێمنی و بێگه‌ردى و حه‌وانه‌وه‌ى نێو ئامێزى سرووشتی جوان و هێوره‌وه، كه هاوشێوه‌ى هێمنی نێو هه‌ناو یان منداڵدانی دایكه. واته گه‌ڕانه‌وه له شاره‌وه بۆ لادێ، بۆ نێو سرووشت هاوشێوه‌ى خه‌ونبینینه به گه‌ڕانه‌وه‌وه له هه‌ر قۆناغێكی ژیاندا بۆ ئامێزى دایك و ئه‌وه‌ش وه‌كو جۆرێك له خۆشاردنه‌وه، یان خۆحه‌شاردانه له ئاڵۆزى و كێشه‌كانی ژیان به مه‌به‌ستی خۆپاراستن و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى حه‌وانه‌وه‌و ئاسووده‌یی.
ناونیشانی ئه‌م ده‌قه كه ( شار ) ه، ئه‌گه‌ر هه‌ر خۆى وه‌كو وشه‌یه‌ك یان دالێك لێی بڕوانرێت، ئه‌وا پێویسته وه‌كو ده‌روازه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ چوونه ناو جیهانی قوڵ و تاریك و نائاشكراى ده‌قه‌كه سه‌یر بكرێت و پێویستی به‌وه‌یه كه هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت و بدوێنرێت هه‌تا له‌وێوه رێگاى چوونه ناو ده‌قه‌كه ئاسانتر بێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه كه ناونیشان یه‌كه‌مین شوێنی به‌یه‌كتر گه‌یشتنی خوێنه‌رو ده‌قه و پێگه‌ى هه‌ڵهێنانی یه‌كه‌م هه‌نگاوه به‌ره‌و داڵانه تاریكه‌كانی ده‌ق كه ده‌شێت ناونیشان تروسكایی و ته‌نانه‌ت رووناكیه‌كى زۆر پێشكه‌ش بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگاى چوونه ناوه‌وه‌ى جیهانی نائاشكراى ده‌قه‌كه. ته‌نانه‌ت ناونیشان ده‌بێ بگونجێت له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆكی ده‌ق و پێكهاته‌ى ده‌ق و ئاستی جوانناسی ده‌ق و پرسیارى ده‌قدا. كه‌واته با بزانین لێره‌وه ناونیشانی ئه‌م ده‌قه “شار” یان ” ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت ” چی ده‌گه‌یه‌نێت و چیمان پێشكه‌ش ده‌كات بۆ چوونه ناو جیهانی قوڵی ده‌قه‌كه.
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، شار وه‌كو شوێن زه‌مینه‌ى قۆناغێكی دیاریكراوه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه له دواى قۆناغی ژیانی فیودیالی دێت. ژیانی شار قۆناغی ده‌ركه‌وتنی پیشه‌سازى و پێكهاتنی چینی بۆرژواى فه‌رمانڕه‌وایه‌و له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌ركه‌وتنی چینی كرێكاره. له‌م رووه‌وه شار زه‌مینه‌ى ململانێ و پێكدادانی ئه‌م دوو چینه‌یه، كه چینی بۆرژوا هه‌وڵده‌دات زیاتر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی خۆى بسه‌پێنێت و له به‌رامبه‌ریشدا چینی كرێكار هه‌وڵده‌دات و كۆشش ده‌كات ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا تێكبشكێنێت و خۆى ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بگرێت و سیستێمێكی سیاسی ئیدارى باشتر كه له خزمه‌تی زۆرینه‌و چینی خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌دا بێت پێكبهێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاشكرایه له شۆڕشی بۆرژوازیه‌وه كه له ئه‌وروپاى رۆژئاوا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌ستی پێكردووه‌و، له به‌ریتانیاش ئه‌م شۆڕشه له پێش وڵاتانی تر‌ى ئه‌وروپاوه روویداوه كه له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌هه‌مدا بوو، دواتریش له چاره‌كی دواینی سه‌ده‌ى هه‌ژده‌دا شۆڕشی فه‌ره‌نسی روویداو درووشمه‌كانی شۆڕشى بۆرژوازى به گشتی و شۆڕشی بۆرژوازى فه‌ره‌نسی به تایبه‌تی جێگاى ئومێدى جه‌ماوه‌ر بوون، به‌ڵام دواتر و له‌ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی درووشمه‌كانی شۆڕشدا بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره كه‌وته‌وه. له‌و كاتانه‌وه تاكو ئێستا چینی بۆرژواى سه‌رمایه‌دار له‌سه‌ر كورسی فه‌رمانه و سیستێمی ئابوورى سهرمایهداى كه سیستێمی ئابوورى شاره دنیا به‌ڕێوه‌ده‌بات و چینی كرێكاریش بۆ خۆى وه‌كو هێزى كار به‌كارده‌هێنرێت و له ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته و یاساكانی كار و فشارى كار و به زه‌حمه‌ت به‌ده‌ستهێنانی پێداویستیه‌كانی ژیان ئەو دیاردانەن کە رۆژانە چینی کرێکار رووبەڕوویان دەبێتەوە. سیستیمی کۆمەڵگای شار ئه‌و كه‌ش و بارودۆخه‌یه كه كۆمه‌ڵگه یان رووبه‌رێكی فراوانی كۆمه‌ڵگه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت و ئێستا له شاردا مرۆڤی كاركه‌ر هاوشێوه‌ى ئامێره‌و ته‌نانه‌ت ئامێر خه‌ریكه جێگا به مرۆڤه‌كان له‌ق ده‌كات و له ئێستادا رۆبۆته‌كان به باشی زۆرێك له كاره‌كانی مرۆڤ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌بێته فشارێكی زیاتر بۆ سه‌ر ژیانی هێزى كار له شاردا و سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و بێكاركردن و برسیكردنیان ده‌بات. ئه‌مه قۆناغی ژیانی شاره تاكو ئێستا‌و سه‌ربارى رووكه‌شی جوانكراوى ژیانی شار به به‌رهه‌مه‌كانی ته‌كنۆلۆجیاى نوێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به روانینی رۆمانسیانه سه‌یرى ژیانی شار بكه‌ین، ئه‌وا بریتیه له دۆزه‌خ. بێگومان له روانگه‌ى ریالیزمیشهوه شار شوێنی راسته‌قینه‌ى ململانێی چین و تۆێژه كۆمه‌ڵایه‌تیه ناكۆكه‌كانه له پێناوى باشتر كردنی ژیان و گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌هاو شكۆ بۆ مرۆڤ وه‌كو باڵاترین ئەفرێندراو و باڵاترین بوونی نێو ئه‌م گه‌ردوونه.
كاتێ ( شار ) ناونیشانی ئه‌م ده‌قه شیعریه‌یه و شاریش وه‌كو باسمان كرد زه‌مینه‌ى ئه‌و ململانێ و فشاره جۆراوجۆرانه‌یه بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ به گشتی و بۆ سه‌ر ژیانی به‌شی خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه، له به‌رامبه‌ریدا لادێ یان سرووشت هه‌یه كه ئه‌ویش قۆناغی ژیانی پێش شاره و به قۆناغی ژیانی ساده و سه‌ره‌تایی نێو سرووشتیش ناوده‌برێت. كه‌واته ناونیشانی ئه‌م ده‌قه شیعریه راسته‌وخۆ سه‌رنجمان بۆ به‌راوردكردن له نێوان ئه‌و دوو زه‌مینه‌و ئه‌و دوو قۆناغه‌ى ژیان و ئه‌و دوو كه‌لتووره‌دا راده‌كێشێت كه ئه‌وه‌ى پێشتریان واته لادێ – سرووشت به قۆناغی ئازادى و بێ كۆتوبه‌ندى ژیان داده‌نرێت و ئه‌وه‌ى دووه‌میشیان واته شار به دۆزه‌خی سایه‌ى قۆناغی ته‌كنۆلۆجیا و ژیانی ئالۆز و سه‌ختی زه‌مینه‌ى شار ده‌زانرێت. ئه‌م ناونیشانه‌ش په‌یوه‌ست به كه‌سێتی قسه‌كه‌رى شیعره‌كه به‌راوردكردنی ژیانی ئه‌وه له نێوان ئه‌و دوو زه‌مینه‌یه‌دا. كه ئه‌می قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه له ئاڵۆزهكهیاندا ده‌ژى به‌ڵام بێزار ده‌بێت و وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكی رۆمانسی یان وه‌كو شاعیرێكی رۆمانسی ده‌یه‌وێت پشت له‌م زه‌مینه‌ى شار بكات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ زه‌مینه‌ى یه‌كه‌م كه لادێ یان سرووشت یان ژیانی ساده‌و ساكارى ئامێزى سرووشتی هێمن و هێوره. ئاشكرایه لێره‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ سرووشت ده‌لاله‌تی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئازادى سرووشتی هه‌ڵده‌گرێت. شار ماناى رێكخستن و یاسا و رێسا‌و سنوورداركردنی جوڵه‌و ئازادییه‌كانی تاكه‌كه‌س و مل كهچبوون و وابه‌سته‌بوون به رێسا‌و نه‌ریت و ئهتهكێتهوه، له كاتێكدا لادێ یان سرووشت ماناى ئازادى و ره‌هایی له جوڵه‌و له هه‌ڵس و كه‌وتدا. ناونیشانی ئه‌م ده‌قه شیعریه له ئاستی ده‌لالیدا بریته له به‌راوردكردن له نێوان ئه‌م دوو زه‌مینه‌دا.
ئێستا له رێگاى ناونیشانه‌وه كه رۆڵی كلیلی كردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كه ده‌بینێت به‌ره‌و چوونه ناو ده‌قه‌كه‌و شیكردنه‌وه‌ى بنیادى پێكهێنه‌رانه‌ى و له‌وێشه‌وه بەرەو ئاشكراكردنی ده‌لالات و مانا‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش دۆزینه‌وه‌ى پرسیاره‌كانی ده‌قه‌كه‌و شێوه‌ى ئاراسته‌كردنیان و دیاریكردنی جیهانبینی ده‌قه‌كه ده‌چین. سه‌ره‌تا ئه‌و پرسیاره‌ش به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه ئایا ئه‌م ده‌قه له چ قۆناغێكی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كه‌لتووریدا نووسراوه؟ ئایا ئه‌و زه‌مینه‌ى ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م هاتوو چ جۆره زه‌مینه‌یه‌كه له رووى كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورى و كه‌لتوورى و عه‌قڵیه‌وه؟ ئایا ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی چۆنه‌و به‌و پێیه‌ش له رووى مێژووى ئه‌ده‌بیه‌وه ئه‌م شیعره له چ قۆناغێكی مێژوویی شیعرى كوردیدا نووسراوه؟ ئایا شیعرى قۆناغی كلاسیكه یان رۆمانسی یان ریالیزم؟ ئەگەرچی سنووری جیاکردنەوەی ئەم پۆلێنکردنانەش هەندێجار ئاڵۆزەو لەژێر تەمومژدایە.
سواره‌ى ئێلخانیزاده سه‌ره‌تاى شیعرنووسینی به شێوه‌ى كلاسیك بووه‌و له‌سه‌ر كێشی عه‌روز شیعرى نووسیووه‌و دواتر ده‌ستی داوه‌ته شیعر نووسین به شێوازى نوێ. به‌ڵام له راستیدا ناوبه‌ناو تا كۆتایی ژیانیشی هه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ نووسین به كێشی عه‌روز. مێژووى ژیانی شیعرى سواره ده‌كه‌وێته دواى ئه‌زموونی شیعرى شاعیرانی موكریان و ئه‌زموونی شیعرى گۆرانه‌وه. بێگومان به پێی ئه‌وه‌ى كه سواره له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایكبووه‌و ژیاوه‌و خوێندوویه‌تی، ئاساییه كه كاریگه‌رى كه‌لتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى فارسی و به تایبه‌تی كاریگه‌رى شیعرى نوێی فارسیشی له‌سه‌ر بووبێت به تایبه‌تی ئه‌زموونی نوێی شیعرى فارسی له‌سه‌ر ده‌ستی نیما یوشیج و ئەوانی تریش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشكرایه كه كاریگه‌رى شیعرى گۆران یان شیعرى نوێی كوردى له‌سه‌ر ده‌ستی گۆران و هاوه‌ڵه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعرى كوردى له رۆژهه‌ڵات هه‌بووه، به تایبه‌تی له‌سه‌ر سواره. له رووى كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیشه‌وه سواره كوڕى قۆناغێكی ژیانه كه سیستێمێكی نادادپه‌روه‌ر فه‌رمانڕه‌واى وڵاته‌كه‌یه‌تی و سه‌ربارى ئه‌وه‌ش میلله‌ته‌كه‌ى ئه‌م داگیركراو و دابه‌شكراوه، كه ئه‌مانه‌ش هه‌ریه‌كه به ئاستێك كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆى ئه‌زموونی رۆشنبیرى و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی كوردى هه‌بووه. سواره بارى ته‌ندرووستی خۆیشی زۆر باش نه‌بووه كه ئه‌وه‌ش دیسان رۆڵ و كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌زموونی ژیانی ئه‌ده‌بی و هونه‌رى.
سوارەی ئێلخانیزادە دەڵێت:
گوڵم! \ دڵم پڕه له ده‌ردو كوڵ \ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت. \ ئه‌ڵێم به جامی ئاوى كانیاوى دێیه‌كه‌م، \ عیلاجی كه‌م كوڵی دڵی پڕم، له ده‌ردى ئینتیزارهكهت.\ وه‌ڕه‌ز بوو گیانی من، له شار‌و هاڕههاڕى ئه‌و، \ له رۆژى چڵكنی نه‌خۆش و تاو و یاوى شه‌و،\ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت، \ له شارى چاو له‌به‌ر چراى نێئۆن شه‌واره‌كه‌ت،\ بڕۆمه دێ، كه مانگه‌شه‌و بزێته ناو بزه‌م،\ چلۆن بژیم له شاره‌كه‌ت، \ كه پڕ به دڵ دژى گزه‌م؟ \ له شاره‌كه‌ت، كه ره‌مزى ئاسن و مناره‌یه \ مه‌لی ئه‌وین غه‌واره‌یه.\ ئه‌ڵێی له ده‌ورى ده‌ست و پێم، \ ئه‌وه‌ى كه تێل و تان و رایه‌ڵه، \ كهلهپچهیه، \ له شاره‌كه‌ت كه مه‌ندى دووكه‌ڵه \ كه دێته ده‌ر له ماڵی ده‌وڵه‌مه‌ند، \ وه تیشكی بێ گوناهی خۆره‌تاو ئه‌خاته به‌ند. \ له هه‌ر شه‌قام و كووچه‌یه‌ك شهپۆڕى شینه دێ به‌ره‌و دڵم، \ ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نیه كه ئه‌یگوشم، \ ده‌ستی چێوه‌ى یه. / له شاره‌كه‌ت زه‌لیله شێر، گوڵم \ باوى رێوىیه،\ به هه‌ر نیگایه‌ك و پهتایهكا \ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت، گوڵم \ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت، \ گوڵم، هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ڵ \ چلۆن ئه‌بێته جاڕه گوڵ \ له شارى تۆ، له بانی عه‌رشه قۆندهرى دڕا‌و \ شاره‌كه‌ت- \ ئاسكه جوانه‌كه‌م! \ ته‌سكه بۆ ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو. \ كێ له شارى قاتڵی هه‌ژار، گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوى دڵ؟ \ منێ كه گۆشی تاوى گه‌رمی به‌ر دهوارهكهى عه‌شیره‌تم،\ به داره ته‌رمی كووچه ته‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ت، \ رانه‌هاتووه له‌شم. \ بنارى پڕ به‌هارى دێ \ ره‌نگی سوور‌و شین ئه‌دا \ له شیعر‌و عاتیفه‌ى گه‌شم \ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت گوڵم، \ ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت \.
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا سه‌یرى ئاستی ئاشكرا‌و بینراوى ده‌قه‌كه بكه‌ین وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی زمانی له ناونیشانه‌وه بۆ جه‌سته‌ى ده‌قه‌كه، ئه‌وا ده‌قێك له‌به‌رده‌مماندا ئاماده‌یه. ئێستا نازانین ئایا ئه‌و ده‌قه ده‌قێكی زیندووه یان نا؟ هه‌ڵگرى ده‌لالات و مانا‌و پرسیار‌و جیهانبینیه یان نا؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاشكرایه پێكهاته‌یه‌كی زمانیه. ئایا ئه‌م پێكهاته زمانیه له رووى ره‌گه‌زه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شیعره‌وه ده‌قێكی شیعریه؟ ئایا شێوازى ده‌قه‌كه چ شێوازێكه؟ ئایا ئه‌م ده‌قه لیریكه؟ په‌خشانه شیعره یان شیعرى نوێیه؟ ئایا وێنه‌و لێكچوون و خوازه‌و بنه‌ماكانی تر‌ى به‌رهه‌مهێانی شیعریه‌ت تیایدا چۆنه؟ ئایا شێوه‌ى ده‌ربڕینی زمانی ده‌قه‌كه چۆنه؟ گێڕانه‌وه‌یه، گفتوگۆیه، مۆنۆلۆگه، داخوازیه، فه‌رمانه، یان داواكارى و پاڕانه‌وه‌یه؟
ئه‌وه‌ى به ئاشكرا ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه ده‌قه‌كه شێوه‌ى گفتوگۆى هه‌یه له نێوان قسه‌كه‌رێكی ئاماده كه ده‌شێ شاعیر خۆى بێت له‌گه‌ڵ گوێگرێكی نائاماده كه ره‌گه‌زى دووه‌مه‌و ئه‌وى قسه‌كه‌ر له چركه‌ساتێكی پڕ له بێزارییه‌وه له‌گه‌ڵی ده‌دوێت، كه بێزاریهكهى له‌وى كه‌سی به‌رامبه‌ر نییە، به‌ڵكو له‌و زه‌مینه‌یه كه واپێده‌چێت زه‌مینه‌ى راسته‌قینه‌ى ئه‌وى گوێگر بێت و ئه‌می قسه‌كه‌ریش له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ربه‌و زه‌مینه نییە، به‌ڵام له‌ژێر كاریگه‌رى هه‌ر هۆكارێكدا بێت گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌و زه‌مینه كه زه‌مینه‌ى شاره. لێره‌وه ده‌شێ ئه‌وى قسه‌كه‌ر له ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێویستبوونی شار‌و ته‌كنۆلۆجیا و پیشه‌سازی به هێزى كار، ئەم لادێ و ژیانی قۆناغی فیزدیالی و كشتوكاڵی به‌جێهێشتبێت و گواسترابێته‌وه بۆ زه‌مینه‌ى شار و بۆ نێو په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مهێنانی شار، كه په‌یوه‌ندى به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارى و كه‌لتوور و عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاتی چینی بۆرژواى خاوه‌ن ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و رێكخه‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه.
یان ئه‌وه‌یه كه ئه‌وى قسه‌كه‌ر وه‌كو ده‌سته‌بژێرى لادێ به‌هۆى خوێندنه‌وه له زه‌مینه‌ى لادێوه گواستراوه‌ته‌وه بۆ زه‌مینه‌ى شار. له هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئه‌می قسه‌كه‌ر دووچارى نامۆیی ده‌بێت له زه‌مینه‌ى شاردا و ئه‌م ده‌قه‌ش ده‌بێته ده‌ربڕى هه‌ست و هه‌ڵوێستی ئه‌م كه‌سێتیه‌ى كه هه‌ست به نامۆیی ده‌كات و رابردووى خۆى ده‌لاوێنێته‌وه و ده‌یه‌وێت بۆى بگه‌ڕێته‌وه كه رابردووى ئه‌و له زه‌مینه‌ى لادێدایه، واته ژیانی ناو سرووشت. له‌م رووه‌وه ئه‌م ده‌قه ده‌بێته گێڕانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاتی گه‌ڕانه‌وه‌ى لاوێكی لادێی له زه‌مینه‌ى شاره‌وه بۆ زه‌مینه‌ى لادێ، كه ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه له ژیانی شارستانێتی و تهكنۆلجیاوه بۆ ژیانی ساده‌ى لادێ و بۆ ئامێزى سرووشت. لێره‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كی ئه‌م ده‌قه بێزاربوونه له ژیانی پڕ له فشار و سه‌ختی شار و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ژیانی سه‌ره‌تایی لادێ و بۆ نێو ئامێزى خاوێن و هێور و دوور له فشارى نێو سرووشت. واته گه‌ڕانه‌وه له په‌یوه‌ندى ئامێر ئاسایی ژیانی شاره‌وه كه هیچ هه‌ست و سۆزێكی مرۆیی تێدا نییه بۆ په‌یوه‌ندى پته‌و و به‌هێزى لادێ و خێڵ و عه‌شیره‌ت كه به تێرى بارگاویكراوه به هه‌ست و سۆز و رایه‌ڵه‌كانی په‌یوه‌ندى خوێن و ده‌مار.
له ده‌ستپێكدا قسه‌كه‌ر یان شاعیر كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌دوێنێت كه دیاره دڵدارهكهیهتی. ئه‌و باسی بارى بێزارى و ئازار‌و نێگهرانیهكانی ناخی خۆى بۆ ئه‌وى دڵدار ده‌كات. ده‌شێ له‌سه‌ره‌تادا ئاشكرا نه‌بێت كه هۆى بیزارییهكهى ئه‌می قسه‌كه‌ر چیه. كاتێ باسی ئه‌وه ده‌كات كه بڕوات و شاره‌كه‌ى ئه‌و به‌جێبهێڵێت. له رووكه‌ش و ئاستی بینراوى زمانی یه‌كه‌می ده‌قه‌كه‌دا واده‌رده‌كه‌وێت كه له ئه‌وى دڵدار بێزار بێت و به‌جۆرێك ده‌شێ بگوترێت ئه‌وى دڵدار وه‌ڵامدانه‌وه‌ى بۆ ئه‌می قسه‌كه‌ر له ئاستی پێویستدا نه‌بێت و ئه‌و رۆیشتنهى كه باسی ده‌كات وه‌كو جۆرێك له جیابوونه‌وه و به‌جێهێشتنی ئه‌م و كۆتاییهێنان بێت به‌و په‌یوه‌ندیه‌ى پێكیانه‌وه ده‌به‌ستێت. به‌ڵام هه‌ر زوو ئاشكرا ده‌بێت كه ئه‌می قسه‌كه‌ر كێشه‌ى له‌گه‌ڵ زه‌مینه‌ى شاردا هه‌یه و ئه‌م له شار بێزاره و ده‌یه‌وێت شار به‌جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ گوند، واته بۆ ئامێزى سرووشت. كه‌واته لێره‌دا دووانه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م دێت كه ئه‌ویش دووانه‌ى ( شار\ لادێ )یه. ئه‌می قسه‌كه‌ر له سه‌ر بنه‌ماى دواندنهكانی خۆى، پاشخانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئه‌سڵدا لادێ نشینه و ئێستا گه‌یشتووه‌ته شار. ئه‌وى دڵداریش شارنشینه. واته هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگرى كه‌لتوور و عه‌قڵێكه كه بێگومان جیازاى هه‌یه له نێوانیاندا. یه‌كه‌م واته قسه‌كه‌ر له دایكبوو و په‌روه‌رده‌ى زه‌مینه و عه‌قل و كه‌لتوورى لادێیه، ئه‌وى دڵداریش كچێكی له دایكبوو و په‌روه‌رده و گه‌وره‌بووى ناو زه‌مینه‌ى شار و عه‌قڵ و كه‌لتوورى شاره. له پاڵ ئه‌م دووانه‌یه‌دا دووانه‌ى ( شارى \ لادێی )، ( شارستانێتی \ سه‌ره‌تاییبوون )، ( ته‌كنۆلۆجیا \ سرووشت ) پێكدێت.
هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد په‌یوه‌ندییه‌كانی قۆناغی ژیانی شار فشارێكی زۆر ده‌خه‌نه سه‌ر مرۆڤ و سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه شار یان كۆمه‌ڵگه‌ى شار زه‌مینه‌ى پێگه‌یشتنی تاكی خاوه‌ن شووناس و زه‌مینه‌ى له دایكبوونی بیر و بۆچوون و دیدى جۆراوجۆر و جیاوازیه، به‌ڵام دۆزهخێكیشه بۆ تاكه‌كه‌سی هه‌ستیار و خاوه‌ن دید و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى رۆمانسیانه، چونكه ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئاڵۆز و ئامێرئاسایهى په‌یوه‌ندى شار رووبه‌رێك بۆ مانه‌وه‌ى هه‌ست و سۆز و خه‌یاڵه رۆمانسیهكان ناهێڵیته‌وه. به‌ڵكو به زوویى تێكیان ده‌شكێنێت و له ناویان ده‌بات و له بارێكی وه‌هاشدا تاكه‌كه‌سی رۆمانسی ده‌كه‌وێته بارى ونبوون و هه‌ست به نامۆییكردنهوه. یان ئه‌وه‌تا ده‌بێ خۆى بداته ده‌ستی ئه‌و واقیعه ناجۆره‌وه یان پشت له په‌یوه‌ندى و یاسا‌و رێسا توونده‌كانی زه‌مینه‌ى شار و ته‌كنۆلۆجیا و عه‌قڵ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لادێ و ساده‌یی و ئامێزى سرووشت و بۆ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى مه‌ودا فراوانی رۆمانسیه‌ت. واته له قۆناغی عه‌قڵ و فیكره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی خه‌یاڵی رۆمانسی و ده‌ره‌وه‌ى عه‌قڵ، له قۆناغی فشار‌و ململانێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی ئازادى ئامێزى سرووشت و بۆ حه‌وانه‌وه‌ى دوور له ناكۆكی و ململانێ.
ئه‌می قسه‌كه‌ر كه له ئامێزى شاردا وه‌كو نه‌خۆش و ده‌رده‌دار و نێگه‌ران وه‌سفی خۆى ده‌كات، چاره‌سه‌رى ئه‌م باره‌ى خۆیشی ئاشكرا ده‌كات، كه ئه‌ویش جامی ئاوى كانیاوى گوندهكهیهتی. كه‌واته ناڕاسته‌وخۆ هۆكارى ئه‌و نه‌خۆشی و ده‌رده‌دارى و نێگهرانیهشی نیشان ده‌دات كه ژیانی شاره. به‌ڵام له‌پاڵ دیاریكردنی هۆكارى نه‌خۆشی و بێزارى و دهردهداریهكهیدا، دیسان به‌جۆرێك ئه‌وى دڵداریش تاوانبار ده‌كات و وه‌كو هۆكارێكی تر‌ى بێزارییهكهى نیشانی ده‌دات، كاتێ ده‌ڵێت ( عیلاجی كه‌م كوڵی دڵی پڕم، له ده‌ردى ئینتیزارهكهت ). كه‌واته دیاره كه ئه‌می قسه‌كه‌ر به‌شێكی بێزارییهكهى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاوه‌ڕوانیكردنی ئه‌وى دڵدار. به‌ڵام دیسان ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌می قسه‌كه‌ر له ئه‌نجامی بێزارى له ژیانی شار، لێكچوون له نێوان شار و دڵدارهكهیدا درووست بكات و ده‌ربڕینی بێزاربوون له دڵداره‌كه‌ى له راستیدا هه‌ر بێزاربوون بێت له ژیانی شار. به تایبه‌تیش كه دواى ئه‌م ده‌ربڕینه ده‌كه‌وێته ده‌ربڕین و ئاشكراكردنی هۆكاره‌كانی بێزاربوونی خۆى له شار و ئه‌و خاسێتانه‌ى شاریش ئاشكرا ده‌كات كه مایه‌ى بێزاربوون و هه‌راسانكردنی ئه‌من.
ئه‌می قسه‌كه‌ر له هه‌موو شتێكی شار بێزاره، چونكه بۆ ئه‌م شار زه‌مینه‌یه‌كی ئاڵۆز و پڕ له ژاوه‌ژاو و جه‌نجاڵه. گیانی ئه‌م كه په‌روه‌رده‌ى لادێ و ئامێزى سرووشتی هێور و خاوێنه، ئێستا بێزار و هه‌راسانه له هاڕه و گرمه و هه‌را و زه‌ناى شار. رۆژى شار بۆ ئه‌م پیس و ناته‌ندرووسته و، شه‌ویشی پڕ له ناڵه و نركه و نائارامیه. رۆحی ئه‌م كه تینووى حه‌وانه‌وه و هێمنیه، ناشێت له‌م زه‌مینه ناجۆره‌دا ئارام بگرێت. ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویستی ئه‌وى دڵداریش ناتوانێت بیگه‌یه‌نێته ئاستێك كه ئه‌و ناكێشهیه بكاته هاوكێشه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و به‌هۆى هێزى خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌وه دانبه‌خۆیدا بگرێت یان به ده‌ربڕینێكی تر خۆشه‌ویستی ئه‌و هێزى خۆڕاگرتنی له‌به‌رامبه‌ر ناجۆرى په‌یوه‌ندی و فشاره‌كانی شاردا پێببه‌خشێت. هه‌ر بۆیه سه‌ربارى خۆشه‌ویستی ئه‌و، ئه‌می قسه‌كه‌ر سووربوونی خۆى له‌سه‌ر به‌جێهێشتنی زه‌مینه‌ى شار راده‌گه‌یه‌نێت. راكردنی شاعیر یان قسه‌كه‌ر له شار ته‌نیا قسه و رووكه‌شێكی بێ ناوه‌رۆك نییه، به‌ڵكو چه‌مكی گه‌ڕانه‌وه له شاره‌وه بۆ نێو سرووشت ماناى گه‌ڕانه‌وه‌یه له نێو درووستكراوه‌كانی ده‌ستی مرۆڤه‌وه كه به روانینی ئه‌فلاتون لاساییكردنه‌وه‌ى سێیه‌من و فریوده‌رو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن، بۆ سرووشتی خاوێن و جوان، بۆ پانتییهكانی وێنه‌ى یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ى كه ئه‌نجلس ده‌ڵێت هه‌موو جوانیه‌كانی ئه‌و هونه‌ره‌ى مرۆڤ به‌رهه‌میهێناوه له بهرشۆراوهى جوانی و هارمۆنیاى سرووشتن. كه‌واته له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر باسكردنی فشارى ژیانی شار و ته‌كنۆلۆجیا و ده‌سه‌ڵاتی سیستێماتیكیش پشت گوێ بخه‌ین، ئه‌وا شاعیر ئه‌و دوڕناسهیه كه به دواى گه‌وهه‌رى جوانی و به دواى هارمۆنیاى ره‌سه‌ن و هێمنی و ئارامی نێو سروشتدا ده‌گه‌ڕێت و ئه‌وه‌ش به‌شێكه له هۆكارى گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت كه ئه‌و به گه‌ڕانه‌وه بۆ لادێ ناوى ده‌بات.
ئه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت،
له شارى چاو له‌به‌ر چراى نیئۆن شه‌واره‌كه‌ت،
بڕۆمه دێ، كه مانگه‌شه‌و بزێته ناو بزه‌م،
چلۆن بژیم له شاره‌كه‌ت،
كه پڕ به دڵ دژى كزهم ؟.
شاعیر تاكو ئێستا بڕیارى ته‌واوه‌تی نه‌داوه كه شار به‌جێبهێڵێت، به‌ڵكو ئه‌وه وه‌كو پرۆژه‌یه‌ك ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ك پێده‌چێت به‌جۆرێك چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی دڵدارهكهشی بكات. ئه‌مه ساربارى ئه‌وه‌ى كه شار وه‌كو شارى دڵداره‌كه‌ى ده‌ناسێنێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئه‌می لادێیی له‌گه‌ڵ كیژێكی شارنشین كه‌وتوونه‌ته داوى خۆشه‌ویستیه‌وه. هه‌رچه‌نده ده‌شێ له بنه‌ڕه‌تدا بوونی دڵدارێكی له‌م جۆره به گوێره‌ى قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه ته‌نیا درووستكراوى خه‌یاڵ بێت و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع بوونی نه‌بێت. ئه‌و درووستكردنهش له سنوورى خه‌یاڵدا ئاماده‌كردنی زه‌مینه بێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێوه به‌راوردى دوو شوێن یان دوو جوگرافیا بكات و خاسێته‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ربخات و لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنیان وه‌كو دوو بنه‌ما یان دووانه‌ى دژ نیشان بدات و سه‌رئه‌نجامیش لایه‌نگیرى خۆى بۆ یه‌كێكیان نیشان بدات. هه‌روه‌ك پاساو و به‌ڵگه‌ى درووست و بڕواپێكراویش بۆ په‌سه‌ندكردنی یه‌كێكیان و بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌ویتریان بخاته ڕوو، كه كۆى پاساو و به‌ڵگه‌كانیش له‌وه‌دا كۆده‌بنه‌وه كه كامیان زه‌مینه‌ى كوشتنی رۆحی مرۆڤ و به‌هاى ژیان و گه‌وهه‌رى جوانی و بریسكه‌ى راستگۆییه، كامیشیان هه‌وارى زینده‌گانی و بڵندبوونی رۆح و ژیانه‌وه‌ى به‌هاى راسته‌قینه‌ى ژیان و مرۆڤایه‌تی و بریسهكهدانهوهى پرتهوى رۆح و گه‌وهه‌رى جوانیه. له هه‌موو ئه‌مانه‌دا شاعیر لایه‌نگرى لادێ و سروشت و كۆى ره‌گه‌زه‌كانی سروشته به هه‌موو جوانی و خاوێنیهكانیانهوه.
ئه‌م ده‌یه‌وێت شاره‌كه‌ى دڵداره‌كه‌ى به‌جێبهێڵێت. شارێك كه به گڵۆپی نیۆن رووناك كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و روناكیه فریوده‌ره، یان روناكیه‌كی سرووشتی نییه، بۆیه ئه‌م وه‌كو نوێنه‌رى كۆى مرۆڤایه‌تی، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه مرۆڤه هه‌ستیاره‌كان چێژ له‌و روناكیه فریوده‌ره وه‌رناگرێت، چونكه روناكیه‌كی رێنیشانده‌ر نییه، به‌ڵكو چه‌واشه‌كه‌ر و رێگا ونكهره. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م روناكیه فریودهرهدا تیشكی مانگه‌شه و هه‌یه كه سروشتی جوان و هێمنی لادێ روناك ده‌كاته‌وه و هه‌موو شتێك وه‌كو خۆى و وه‌كو ئه‌وه‌ى كه هه‌یه نیشان ده‌دات. ئه‌می شاعیر شه‌یداى بینینی شته‌كانه له‌به‌ر تیشكی راستی ده‌رخه‌رى مانگه‌شه‌ودا. ده‌شێ له پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی تریش هه‌بێت بۆ تیشكی گڵۆپی نیۆنی شار و تیشكی مانگه‌شه‌و. تیشكی گڵۆپی نیۆن ئه‌و بیرۆكه فریوده‌ر و ههڵخهڵهتێنهرهیه كه ناتوانێت مرۆڤایه‌تی به گشتی، یان كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى شاعیر به تایبه‌تی و له‌وه‌ش تایبه‌تتر زه‌حمه‌تكێشان و هێزى به‌رهه‌مهێن به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روون و گه‌ش رابه‌رایه‌تی بكات. ئه‌و بیر‌و بۆچوونه‌ى كه به گڵۆپی نیۆن هێما ده‌كرێت به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارى و قۆناغی ئاسن و ته‌كنۆلۆجیایه و پرۆژه‌ى زیاتر به كۆیله‌كردنی مرۆڤ و روخاندنی گه‌وهه‌رى مرۆڤایه‌تی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و بكوژى ئازادى و ته‌نانه‌ت بكوژى مرۆڤایه‌تی و مرۆڤیشه. له‌به‌رامبه‌ردا تیشكی مانگه‌شه و هێمایه بۆ ئه‌و بیروباوه‌ڕه راست و دروست و خاوێن و بێگه‌رد و دوور له فیڵ و فریودانهى كه به راستی ده‌یه‌وێت رابه‌رایه‌تی مرۆڤ بكات به‌ره‌و ئازادى و به‌ره‌و ژیانی پڕ له سه‌روه‌رى و شكۆمه‌ندانه به هه‌موو به‌ها و جوانیه‌كانیه‌وه. ئه‌م كه نموونه‌ى مرۆڤی هه‌ستیار و هوشیاره، چۆن ده‌توانێت له شارێك یان له زه‌مینه و بارودۆخێكدا بژى كه هه‌موو شتێك تیایدا فریوده‌ره. بۆ ئه‌مێك كه په‌روه‌رده‌ى نێو سرووشت و ساده‌یی لادێیه و خاوێن و بێخه‌وشه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژى فێڵ و ته‌ڵه‌كه و خه‌ڵه‌تاندن و فریودانه‌كانی شار و ته‌كنۆلۆجیا و سه‌رمایه‌داریه.
ئه‌می شاعیر وه‌سفی زه‌مینه‌ى شار ده‌كات و به هێماى ئاسن و مناره ناوى ده‌بات. ئاسن هێماى ره‌قی و بێ سۆزى و ده‌سه‌ڵاتی تووندوتیژه. مناره یان بورج هێماى قۆناغی پیشهساى و ده‌سه‌ڵاتی چینی بۆرژواى لوتبه‌رزو ده‌سه‌ڵاتداره. هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه هێمان بۆ قۆناغێكی ژیان كه تیایدا به قۆناغی به ئامێربوون یان دەسەڵاتی ئامێر‌و ته‌كنۆلۆجیا ناوده‌برێت، كه ئه‌ویش بریتیه له به كۆیله‌كردنی مرۆڤ به تایبه‌تی چینه‌كانی خواره‌وه. له زه‌مینه‌یه‌كدا كه پانتاییه‌ك بۆ هه‌ست و سۆز‌و په‌یوه‌ندیه درووست و بێ رتووشهكانی مرۆڤ نه‌مابێت، ئه‌وا باسكردن له ئه‌وینی راسته‌قینه به تایبه‌تی له روانگه‌و دیدى رۆمانسیانهوه ئه‌سته‌مه. هه‌ر بۆیه ئه‌می قسه‌كه‌ر پێیوایه له شاردا كه زه‌مینه‌ى تووند‌و تیژى و كوشتنی هه‌ست و سۆزه، جێگایه‌ك نیه بۆ عیشق و ئه‌ویندارى. به‌ڵكو ئه‌م واهه‌ست ده‌كات سه‌رجه‌می ئه‌و رایه‌ڵه‌و په‌یوه‌ندى و ته‌نانه‌ت كهلتورهى كه به‌رهه‌می شاره، یان به شێوه‌یه‌كی تر بڵێین كه به‌رهه‌می قۆناغی سه‌رمایه‌دارى و ته‌كنۆلۆجیایه ده‌ست و پێی مرۆڤ كۆت ده‌كه‌ن و رۆڵی كه‌له‌پچه ده‌بین. به مانایه‌كی تر له روانگه‌ى ئه‌می شاعیره‌وه، شار جۆرێكه له زیندان، زیندانێك كه ئازادیه‌كانی مرۆڤ ده‌كوژێت و مرۆڤه‌كان ده‌كاته جۆرێك له كۆیله. له‌م زه‌مینه‌یه‌دا رووبه‌رێك بۆ ئه‌وین و خۆشه‌ویستی نیه، یان به شێوه‌یه‌كی تر ده‌شێ بگوترێت ئه‌گه‌ر له زه‌مینه‌یه‌كی له‌م جۆره‌دا شتێكیش هه‌بێت به ناوى خۆشه‌ویستی و ئه‌وین ئه‌وا ده‌شێ هه‌مان خاسێته فریوده‌ره‌كانی به‌رهه‌مه‌كانی پیشه‌سازى و ته‌كنۆلۆجیاى هه‌بێت. لێره‌دا شاعیر دووانه‌یه‌ك درووست ده‌كات كه بریتیه له دووانه‌ى ( سرووشت \ شار ) له‌به‌رامبه‌ر دووانه‌ى ( ئه‌وین \ تووندوتیژى- دیسپلین)دا. ئه‌می شاعیر شار‌و دیسپلین و تووندوتیژى بهجێدههَێڵیت و رێگاى به‌ره‌و سرووشت و ئه‌وینی راسته‌قینه ده‌گرێته‌به‌ر.
قسه‌كه‌ر وه‌سفی شارێك ده‌كات دووكه‌ڵ ئاسمانی گرتووه. ئه‌م وێناكردنه فه‌زاى شارێكی هاوچه‌رخی پیشه‌سازیمان ده‌داتێ كه دووكه‌ڵی كارگه‌و كارخانه‌كان له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌رز ده‌بنه‌وه. به‌ڵام ئه‌م له‌برى ئه‌وه‌ى باسی ئه‌و فه‌زاى په‌یوه‌ندیانه بكات كه له شارێكی پیشه‌سازیدا ده‌بینرێت و دووكه‌ڵی كارگه‌و كارخانه به‌رزده‌بێته‌وه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ماشێنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ى به‌رهه‌مهێنان هێزى مرۆیی چینی چه‌وساوه‌ى كارگه‌ر به‌گه‌ڕى ده‌خات، ئه‌و باسی دووكه‌ڵی ئه‌و دوكهڵكێشانه ده‌كات كه له ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه به‌رز ده‌بنه‌وه‌و ده‌بنە به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م تیشكی پرشنگدارى رۆژدا. لێره‌دا شاعیر ده‌یه‌وێت به جۆرێك جیاوازى چینایه‌تی له زه‌مینه‌ى شاردا نیشان بدات. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌و نیشانی ده‌دات له‌برى ئه‌وه‌ى له رێگاى وێناكردنی سیستێمیكی پیشه‌سازى و ته‌كنۆلۆجیاوه بێت، له رێگاى وێناكردنی دهوڵهمهندهكانهوهیه به‌وه‌ى كه له بارێكی باشتردا ده‌ژین له‌چاو هه‌ژاران و زه‌حمه‌تكێشاندا. ئه‌م جۆره گوزارشتكردنه له جیاوازى چینایه‌تی و نایه‌كسانی، له راستیدا له‌برى ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى بۆرژوازیمان نیشان بدات، زه‌مینه‌ى شارێكی ته‌قلیدى قۆناغی فیودیالیمان نیشان ده‌دات، كه له‌برى ئه‌وه‌ى عه‌قڵ و كه‌لتورى چینی بۆرژواى پیشه‌سازى هه‌ژموونی به‌سه‌ردا كردبێت و به‌ڕێوه‌ى ببات، عه‌قڵی خانه‌دان و بنه‌ماڵه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ند تیادا هەژمووندارە، كه ئه‌مه‌ش خاسێتی كۆمه‌ڵگه‌ی فیودیالیه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا كردووه. واته ئهوشارهى كه سواره‌ى ئێلخانیزاده هه‌ست ده‌كات ته‌سك و خنكێنهرهو جێگاى ئه‌ویندارى تێدا نابێته‌وه، پێده‌چێت شارێكی فیودیالی بێت، نه‌ك شارێكی پیشه‌سازى و شار به چه‌مكی شار و به خاسێته‌كانی شار‌و به كه‌لتورو عه‌قڵی شاره‌وه. ئه‌مه‌ش روناكیه‌ك ده‌خاته سه‌ر زه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و قۆناغه مێژوویهى كه ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م هاتووه، كه بۆ ئه‌و كاته له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له هه‌موو كوردستان به گشتی و ته‌نانه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا كه‌لتورى شار‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌دارى له‌و قۆناغه‌دا كه نزیكه‌ى په‌نجا ساڵ پێش ئێستا ده‌كات به‌وجۆره پێنه‌گه‌یشتووه كه فشاره‌كانی ئه‌وه‌نده تووند بووبێت مرۆڤ به جۆرێك گەیشتبێتە ئاستی نامۆ بوون، كه بڕیارى به‌جێهێشتنی ئه‌و زه‌مینه‌یه بدات و رێگاى به‌ره‌و لادێ، واته رێگاى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزى سرووشت له‌به‌ر بگرێت.
قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه زیاتر باسی خاسێته‌كانی شار ده‌كات و هه‌وڵده‌دات وێنه‌یه‌كی دزێوى ئه‌م زه‌مینه‌یه نیشان بدات كه دیاره ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له پرینسیپه‌كانی رۆمانسیزم. ئاسایی رۆمانسیزم واى ده‌بینێت كه زه‌مینه‌ى شار، زه‌مینه‌یه‌كی ته‌نگه بۆ ئازادى، بۆ ئه‌وین، بۆ ژیانێكی پڕ له‌سه‌روه‌رى. له شاردا هه‌موو شتێك بێ تامه، هه‌موو شتێك سارد‌و سڕ‌و بێ گیانه. له‌م رووه‌وه شاعیر ده‌ڵێت:
له هه‌ر شه‌قام و كووچه‌یه‌ك شهپۆڕى شینه دێ به‌ره‌و دڵم،
ده‌ستی گه‌رمی ئاشنا نیه كه ئه‌یگوشم،
ده‌ستی چێوى یه،
له شاره‌كه‌ت زه‌لیله شێر، گوڵم
باوى رێوىیه.
ئه‌می قسه‌كه‌ر، شار وه‌كو زه‌مینه‌ى پرسه پێشكه‌ش ده‌كات و هه‌موو ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌كات یان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێت، هه‌موویان سارد‌و سڕن و هیچ رایه‌ڵه و په‌یوه‌ستبوونێكی رۆحی و مه‌عنه‌وى له نێوان ئه‌م و ئه‌واندا درووست نابێت. به واتایه‌كی تر ئه‌م واینیشان ده‌دات كه له شاردا تاكه‌كه‌س بۆ خۆى و به ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژى. له راستیدا ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ى كه‌لتورى شاره، كه كه‌س خۆى له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سی تر هه‌ڵناقورتێنێت و تاكه‌كه‌س له هه‌موو شتێك‌دا پشت به خۆى ده‌به‌ستێت و خۆى كار و ئه‌رك و پێداویستیه‌كانی خۆى جێبه‌جێ ده‌كات و له رووى ده‌رونیشه‌وه تاكه‌كه‌سی نێو زه‌مینه‌ى شار كه‌سێكی به‌سه‌رخۆدا شكاوه‌یه و ئه‌وه‌ى هی خۆیه‌تی و تایبه‌ته به خۆى به باش و خراپیه‌وه خۆى به‌رپرسه لێی و هه‌ر خۆیشی مافی هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ كردن و كارپێكردنی هه‌یه. ته‌نانه‌ت له زه‌مینه‌ى شاردا تاكه‌كه‌س پشت به خۆى ده‌به‌ستێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه و گیروگرفتهكانیدا و له دابینكردنی كۆى پێداویستیه كه‌سیه‌كاندا. ئه‌م شێوه كاركردنه‌ش كه ده‌رئه‌نجامی كه‌لتور و عه‌قڵی شاره سه‌رئه‌نجام تاكه‌كه‌سێك په‌روه‌رده ده‌كات كه له‌سه‌ر پێی خۆى رابووه‌ستێت و له هه‌موو شتێك‌دا پشت به خۆى ببه‌ستێت.
قسه‌كه‌ر، ئه‌وى دڵدار ده‌دوێنێت و ناڕاسته‌وخۆ و ره‌نگه له بێئاگایشهوه بێت باسی لایه‌نی باشی و ئه‌رێنی شارى بۆ ده‌كات و واینیشان ده‌دات كه له شاردا به‌هێزه‌كان ناتوانن گوزارشت له ئازایه‌تی و تواناى خۆیان بكه‌ن كه ئه‌و به‌هێزه‌كان به شێر ناو ده‌بات. به‌ڵام باسی ئه‌وه ناكات ئه‌م به‌هێزانه له به‌رامبه‌ر كێدا ناتوانن گوزراشت له هێزى خۆیان بكه‌ن. ئایا له به‌رامبه‌ر چینه ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هێزه‌كاندا یان له به‌رامبه‌ر چینی هه‌ژار و بێ ده‌سه‌ڵاتدا به‌وجۆره ناكاران. ئاشكرایه ئه‌وه‌ى له شاردا هێماى هێزه ده‌سه‌ڵات خۆیه‌تی، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌شاردا ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت پیاده‌ى ده‌سه‌ڵات و هێز بكات ئه‌وه شتێكی باشه. به‌ڵام له راستیدا وانیه و ده‌شێ شاعیر مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه پاڵه‌وانی رۆمانسی لادێ له شاردا تواناى پیاده‌كردنی هێزى خۆیی نیه. ئه‌مه‌ش دیسان په‌یوه‌ندى به دووانه‌ى ( شار \ سرووشت )ه‌وه هه‌یه. له كاتێكدا سرووشت زه‌مینه‌ى پاڵه‌وانی رۆمانسی و تاكه‌كه‌سی سۆپه‌رمان و قاره‌مانی بێ وێنه‌یه، شار له برى زه‌مینه‌ى هێز، زه‌مینه‌ى عه‌قڵه، زه‌مینه‌ى فیكر‌و تێڕامان و لێكدانه‌وه‌و كاركردنه به عه‌قڵ.
لێره‌دا له پشتی زمانی ده‌قه‌كه‌وه جۆرێك له دژایه‌تی بۆ زه‌مینه‌ى شار و لایه‌نگرى و پاڵپشتكردنی زه‌مینه‌ى لادێ و سرووشت هه‌یه، كه زه‌مینه‌ى پاڵه‌وان و تاكه‌كه‌سی به‌هێزه. به‌ڵام لێره‌دا ئه‌گه‌ر سنوورى تێڕوانینی رۆمانسیانه به‌جێبهێڵین، ئه‌وا ده‌بێ بڵێن له‌م رووه‌وه زه‌مینه‌ى شار، كه زه‌مینه‌ى كاركردنی عه‌قڵ و فیكر و لێكدانه‌وه‌یه زه‌مینه‌یه‌كی په‌سه‌ندتره، به‌ڵام دیاره ئه‌مه له‌گه‌ڵ فه‌زاى گشتی ده‌قه‌كه و پرسیارى ده‌قه‌كه و جیهانبینی ده‌قه‌كه‌شدا یه‌كناگرێته‌وه، كه به گشتی لایه‌نگریى ده‌قه‌كه بۆ سرووشت و لادێ و ساده‌یی و سه‌ره‌تاییبوون و رۆڵی قاره‌مانی رۆمانسیه نه‌ك عه‌قل و فیكر و لێكدانه‌وه. هه‌روه‌ك ده‌شێ لێره‌دا په‌یوه‌ست به قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه جۆرێك له گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردووى نێو سرووشت و لاواندنه‌وه‌ى ئه‌و رابردووه و هیواخواستن بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌بێت. كه ئه‌م واینیشان ده‌دات ئه‌می ئازا و قاره‌مانی سه‌ر زه‌مینه‌ى لادێ و ئامێزى سرووشت، ئێستا ده‌ستی به‌ستراوه و ناتوانێت، یان رێگاى پێ‌نادرێت پیاده‌ى ئه‌و هێز و لێهاتوویهى خۆى بكات. واته زه‌مینه‌ى شار هه‌ڵوێستی پاڵه‌وانانه ده‌كوژێت، یان به‌شێوه‌یه‌كی تر بڵێین شار زه‌مینه‌ى كوشتنی پاڵه‌وانه، زه‌مینه‌ى بڕوانه‌بوونه به هێزى تاكه‌كه‌س و پاڵه‌وانی نموونه‌یی، كه ئه‌مه له سرووشت و لادێ‌دا بایه‌خێكی گرنگی هه‌یه. واته ئێمه لێره‌دا له نێوان دوو عه‌قڵ و دوو كه‌لتوردا راوه‌ستاوین. كه‌لتورى لادێ و عه‌قڵی لادێ له به‌رامبه‌ر كه‌لتورى شار و عه‌قڵی شاردا. كه له روانگه‌ى كۆمه‌ڵناسیه‌وه یه‌كه‌میان به كۆمه‌ڵگه‌ى نێو سرووشت و دووه‌میان به كۆمه‌ڵگه‌ى شار ناودهبرَیت، یان كۆمه‌ڵگه‌ى سههرتایی و كۆمه‌ڵگه‌ى پیشه‌سازى.
قسه‌كه‌ر له رێگاى به‌راوردكردنی زیاتره‌وه له نێوان شارى ئه‌وى دڵداره‌كه‌ى و لادێى خۆیدا، رووه دزێوه‌كانی شار و رووه گه‌شه‌كانی لادێ نیشان ده‌دات و به‌مه‌ش ده‌یه‌وێت پاساوى زیاتر بهێنێـتهوه بۆ به‌جێهێشتنی شار و گه‌ڕانه‌وه بۆ گوند بۆ نێو ئامێزى سرووشت. ئه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت،
گوڵم، هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل
چلۆن ئه‌بێته جاڕه گوڵ
له شارى تۆ له بانی عه‌رشه قۆندهرهى دڕا‌و
شاره‌كه‌ت- ئاسكه جوانه‌كه‌م!
ته‌سكه بۆ ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو.
كێ له شارى قاتڵی هه‌ژار،
گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوى دڵ ؟
ئه‌و شار به هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل ناو ده‌بات و پێیوایه شوێنی له‌م جۆره نابێته زه‌مینه بۆ سه‌وزبوونی گوڵ. له راستیدا به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وێنه‌یه بۆ وه‌سفی شار تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ئاشكرا نه‌گونجاوه، چونكه زۆنگ و زه‌ل خاسێتی سرووشتن. به‌ڵام دیاره له روانگه‌ى رۆمانسیهتهوه ده‌شێ لایه‌نی جوانی سرووشت نیشان نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی زه‌ل له سرووشتدا جۆرێك له جوانی هه‌یه. به گوێره‌ى زۆنگ یان زۆنگاو هێمایه بۆ بۆگه‌نی و پیسی و ناشیرینی، به‌ڵام ئه‌میش دیسان له ئه‌نجامی دهستپێنهگهیشتنی مرۆڤ و له مانه‌وه‌ى ئاو له شوێنێكداو له ڕزینی گه‌ڵاى دره‌خت و كۆبوونه‌وه‌ى زینده‌وه‌ره ئاویه پیس و ناشیرینه‌كان تێیدا ئه‌و خاسێته وه‌رده‌گرێت. بۆیه ده‌شێ له‌م رووه‌وه شاعیر بیه‌وێت لێكچوون له نێوان شار و زۆنگدا درووست بكات، كه هه‌ر زینده‌وه‌رى پیس و ناشیرین و زیانبه‌خش له زۆنگدا كۆده‌بنه‌وه به هه‌مان شێوه مرۆڤی خراپ و پیس و مشه‌خۆر له شاردا كۆده‌بنه‌وه. هه‌رچۆن زۆنگ جوانیه‌كان ده‌كوژێت و بۆنی پیس و ناخۆش بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته شوێنی گه‌شه‌كردنی میكرۆب و له‌وێشه‌وه نه‌خۆشی ته‌شه‌نه ده‌كات، ده‌شێ شاریش ببێته جێگاى مرۆڤی شێوه میكرۆب و له‌وێوه ره‌فتارو بۆچوونی نامرۆیی و دژه ژیان بڵاوبێته‌وه.
ئه‌گه‌ر له برى زۆنگ و زه‌ل، شاعیر له وێنه‌یه‌كدا سیماى شارى نیشان بدایه كه ده‌ربڕین بێت له ژیانی راسته‌قینه‌ى شار كه بریتیه له دووكه‌ڵی كارگه و كارخانه و هاڕه و فڕه‌ى ئامێر و ئۆتۆمۆبیل و زه‌نگ یان ئاژێری ئاگاداركردنی كارگه‌و كارخانه‌كان و زه‌نگی كه‌نیسه‌و ته‌نانه‌ت ده‌نگی بڵندگۆى مزگه‌وت و هاڕه و نركه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌ر و میترۆ و قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كان و دیمه‌نی پرد و شه‌قامی پڕ له ئۆتۆمۆبیل و ده‌رخستنی جیاوازى ئاستی چینایه‌تی له رێگاى دابه‌شبوونی دانیشتوانی شاره‌وه له نێوان گه‌ڕه‌كی سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له به‌رامبه‌ر گه‌ڕه‌كی هه‌ژاران له كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان كه شوێنی ژیانی ئه‌مانه‌ش زیاتر په‌راوێزه‌كانی شار و شوقه خراپه‌كانه، ئه‌وه روویه‌كی واقیعیانهترى ده‌به‌خشی به‌و شاره‌ى كه باسی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت له وێنه‌یه‌كی له‌مجۆره‌دا زیاتر دیمه‌نی شارێك به‌رجه‌سته ده‌كرا كه ره‌وایه‌تی ده‌دا به گه‌ڕانه‌وه بۆ لادێ بۆ نێو هێمنی و ئارامی و جوانی ئامێزى سرووشت. به‌ڵام ئه‌و شاره‌ى كه له ده‌قه‌كه‌دا باس ده‌كرێت شارێك نیه كه بنه‌ماكانی شارێكی قۆناغی پیشه‌سازى هه‌بێت تا مرۆڤی رۆمانسی ناچار بێت پشت له‌و كه‌ش و بارودۆخه بكات كه ته‌نگ به هه‌ست و ئه‌ندێشه رۆمانسیهكانی ئه‌و هه‌ڵده‌چنن. لێره‌وه په‌یوه‌ست به قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه، سه‌ربارى بوونی جۆرێك له پیشه‌سازى ساده له ئێران‌دا و سه‌ربارى په‌ل كوتانی به‌رهه‌مه‌كانی سه‌رمایه‌دارى رۆژئاوا به ئاراسته‌ى ده‌ره‌وه‌ى رۆژئاوا و له‌و رووه‌شه‌وه گه‌یشتنی به‌شێكی ئه‌و به‌رهه‌مانه به ئێران و پاشكۆیه‌تی رژێمی شاههنشاییش بۆ رۆژئاوا و له به‌رامبه‌ردا بڵاوبوونه‌وه‌ى بیرى ماركسیزم له نێو ئێران و به تایبه‌تیش له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا كاریگه‌رى هه‌بووه له سه‌ر ده‌سته‌بژێرى خوێنده‌وارى رۆژهه‌ڵات، كه سواره‌ى ئێلخانیزاده له دوو رووه‌وه ئه‌و كاریگه‌رییه‌ى زیاتر له‌سه‌ر دیار بووه.
یه‌كه‌میان له روانگه‌ى پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌وه كه كوڕى بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیارى رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌و خوێندن و رۆشنبیرى ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی سونه‌تیش بووبێت له‌و ژینهگهیهدا بڵاوبووه واته له ژینگه‌ى بنه‌ماڵه دیار و خاوه‌ن پێگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌كو بنه‌ماڵه‌ى ئێلخانیزاده‌دا خوێندن و خۆێندهوارى له مێژوویه‌كی پێشتره‌وه جێگاى بایه‌خ پێدان بووه. دووه‌میش سواره لیسانسی له یاسادا وه‌رگرتووه‌و له شارێكی گه‌وره‌ى وه‌كو تاران‌دا ژیاوه كه بۆ ئه‌و قۆناغه‌ش تاران و ورمێ بۆ خوێنكارى كورد زه‌مینه‌ى پهروهردهبوونێكی جیاواز بوون له واقیعی كوردستان خۆى. به واتایه‌كی تر ئه‌م شارانه كه زانكۆیان تێدابووه‌و خوێندكارى كورد رووى تێكردوون تا ئه‌ندازه‌یه‌كی جیاواز له شاره سرووشت فیودیالیهكانی كوردستان، ئه‌وان خاسێتی شاریان هه‌بووه‌و له رووى په‌ره‌سه‌ندن و پیشه‌سازى و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه له‌چاو شاره‌كانی كوردستاندا بێگومان له ئاستێكی پێشکەوتووتردا بوون. هه‌موو ئه‌مانه‌ش كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه وه‌كو ده‌سته‌بژێرى كوردى له‌و قۆناغه‌دا، سواره ئه‌گه‌ر له خه‌یاڵیشدا بووبێت، له كوردستانیش شارێكی په‌ره‌سه‌ندووى پیشه‌سازى درووست بكات و بیكاته زه‌مینه بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونه رۆمانسیهكهى خۆى و پشت له‌و شاره بكات و رێگاى به‌ره‌و سرووشت و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزى هێمن و ئارامی سرووشت له‌به‌ر بگرێت. له راستیشدا جێگاى خۆیه‌تی ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ى سواره له شاره‌وه بۆ سرووشت باسی ده‌كات زیاتر به‌رهه‌می رۆشنبیرى و به ئاگایی ئه‌م شاعیره‌یه له مێژووى ئه‌ده‌بی جیهانی و له خاسێته‌كانی ئه‌ده‌بی هه‌ر قۆناغێك و به‌وپێیه‌ش شاره‌زابوون له پرینسیپه‌كانی شیعرى رۆمانسی كه گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت له چوارچیوه‌ى ئه‌و پرینسیپانهدایه و ده‌توانین بڵێن له رووى هوشیاریه‌وه سواره شارى كوردستانی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى په‌ره‌سه‌ندن كه مرۆڤ لێیه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سرووشت، ئه‌گینا له رووى واقیعی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه شارى كوردى له‌و ئاسته‌دا نه‌بووه كه مرۆڤی رۆمانسی لێی رابكات.
جارێكی تر قسه‌كه‌رى شیعره‌كه له رێگاى باسكردنی ناجۆریى زه‌مینه‌ى شاره‌وه، هه‌وڵده‌دات پاساوى زیاتر بۆ دڵداره‌كه‌ى بهێنێته‌وه به‌وه‌ى كه ئه‌و شاره‌ی كه ئەم به شارى ئه‌و ناوى ده‌بات، جێگاى ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و جوانی تێدا نابێته‌وه. لێره‌دا ئه‌و پرسیارە سهرههڵدەدات: ئایا له روانگه‌ى قسه‌كه‌رى شیعره‌كه‌وه هه‌موو شارێك هه‌مان خاسێتی هه‌یه، یان ئه‌و به تایبه‌تی مه‌به‌ستی شارى دڵدارهكهیهتی؟ له پشتی ئه‌م پرسیاره‌وه به تایبه‌تی له شێوازى ده‌ربڕینی قسه‌كه‌ردا كه ئه‌وه‌ش له زمانی بینراوى ده‌قه‌كه‌دا ده‌بینرێت، دەردەکەوێت مه‌به‌ست شارى دڵدارهكهیهتی. ئه‌گه‌ر ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه جۆرێك له راستی تێدا بێت، ئه‌وه ماناى وایه قسه‌كه‌ر ته‌نیا له شاره‌كه بێزار نییه، به‌ڵكو درزێكیش له نێوان ئه‌م و دڵدارهكهیدا هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م ته‌نیا وه‌كو عاشقێك بدوایه، ئه‌وا له پێناوى عه‌شقه‌كه‌یدا هه‌موو شتێكی دهكردو دانی به‌خۆدا ده‌گرت و له‌گه‌ڵ مه‌عشوقه‌كه‌یدا دۆزه‌خیشی ده‌كرده به‌هه‌شت. به‌ڵام له راستیدا لێره‌وه ئه‌و بۆچوونه سه‌رهه‌ڵده‌دات كه دواندنی ئه‌وى دڵدار ته‌نیا وه‌كو ئامرازێكه بۆ ئه‌وه‌ى له‌و رێگایه‌وه ناجۆریى ژیانی شار نیشان بدات. به واتا لێره‌دا مه‌به‌ست قسه‌كردن نییه له‌سه‌ر عیشق و خۆشه‌ویستی به‌و ئه‌ندازه‌ى كه قسه‌كردنه له‌سه‌ر دیدێكی رۆمانسیانه كه ده‌یه‌وێت له شاره‌وه، له زه‌مینه‌ى ژاوه‌ژا و و قه‌ره‌باڵغی و له قاڵبدانی هه‌سته رۆمانسیهكان و داپۆشینی جوانی و كوشتنی هه‌سته مرۆییه راسته‌قینه‌كانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئامێزى سرووشتی هێمن و ئارام، كه جێگاى پاراستن و پیاده‌كردنی هه‌موو رووه جوان و ناسكه‌كانی ژیانه له روانگه‌ى رۆمانسیهتهوه. هه‌روه‌ك ده‌شێ قسه‌كه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌شی هه‌بێت كه زه‌مینه‌ى شار ناتوانێت ببێته جێگاى عیشقی گه‌وره‌و خۆشه‌ویستی خاوێن و بێگه‌رد له كاتێكدا زه‌مینه‌ى به ئامێركردنی مرۆڤ و نامۆبوونی مرۆڤه ته‌نانه‌ت له خودى خۆى و له بوونی خۆیشی.
له‌م رووه‌وه شاعیر ده‌ڵێت:
له شارى تۆ، له بانی عه‌رشه قۆندهرهى دراو
شاره‌كه‌ت- ئاسكه جوانه‌كه‌م!
ته‌سكه بۆ ئه‌وین و بۆ خه‌فه‌ت هه‌راو.
كێ له شارى قاتڵی هه‌ژار،
گوێ ئه‌داته ئایه‌تی په‌ڕاوى دڵ؟
منێ كه گۆشی تاوى گه‌رمی به‌ر دهوارهكهى عه‌شیره‌تم،
به داره‌ته‌رمی كووچه ته‌نگه‌كانی شاره‌كه‌ت،
رانه‌هاتووه له‌شم.
بنارى پڕ به‌هارى دێ
ره‌نگی سوور و شین ئه‌دا
له شیعر‌و عاتیفه‌ى گه‌شم
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت گوڵم،
ئه‌ڵێم بڕۆم له شاره‌كه‌ت.
قسه‌كه‌رى شیعره‌كه باسی شارى ئه‌وى دڵدارى ده‌كات و پێیوایه ته‌ختی شار له‌سه‌ربنه‌ماى دراو واته سه‌رمایه بیناكراوه. هه‌ربۆیه به‌لاى ئه‌وه‌وه ئه‌و ته‌خته هیچ به‌هایه‌كی نیه و ئه‌و بێ به‌هایه‌ش له قۆندهدرهدا وه‌سف ده‌كات، كه ده‌لاله‌تی بێ به‌هایی و رووتبووهوه له به‌ها مرۆییه‌كان هه‌ڵده‌گرێت. مه‌به‌ستی شاعیر له‌و ته‌خته، شار و سیستێمی ژیان و به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵات و كه‌لتور و عه‌قڵی شاره، كه ئه‌و پێیوایه پاره و سه‌رمایه پێكهێنهرێتی و ته‌نیاش له روانگه‌ى پاره و سه‌رمایه‌وه سه‌یرى ده‌كرێت و هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت و ته‌نانه‌ت به‌هاى ژیان و مرۆڤه‌كانیش له‌م زه‌مینه‌یه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى سه‌رمایه دیارى ده‌كرێن. به‌مانایه‌كی تر شار وه‌كو به‌رهه‌می سه‌رمایه و سه‌رمایه‌دارى سه‌یر ده‌كات و ئه‌وه‌ش له رووى بنه‌ما مرۆییه‌كانه‌وه سووك و بێنرخه. ئه‌م شاره‌ى كه له رووى بنه‌ما مرۆییه‌كانه‌وه به‌وجۆره سووك و بێبه‌هایه، جێگاى خاسێته راسته‌قینه و جوان و راستگۆییهكانی مرۆڤی تێدا نابێته‌وه. شار به گشتی كه له رێگاى شارى دڵداره‌كه‌ى ئه‌مه‌وه وه‌سف ده‌كرێن، زه‌مینه‌یه‌ك نییە بۆ عیشق و خۆشه‌ویستی و له واقیعی وه‌ها تفت و تاڵ‌دا زه‌مینه‌ى ئه‌وین و عیشق لاوازه، چونكه شار به‌و جۆره‌ى كه له ده‌قه‌كه‌دا باس ده‌كرێت ده‌بێته گۆڕستانی هه‌ست و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه راسته‌قینه‌كانی مرۆڤ. هه‌ر لێره‌وه‌یه كه شار وه‌ها ناو ده‌بات ته‌سكه بۆ ئه‌ویندارى، به‌ڵام جێگایه‌كی فراوان و بێ سنووره بۆ خەم و خه‌فه‌ت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له تێڕوانینی قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه‌وه شار زه‌مینه‌یه‌كى رووتكراوهیه له هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستی و جێگایه‌كه له‌به‌رئه‌وه‌ى تیایدا ئازادییه‌كانی مرۆڤ ده‌كوژرێن، كه‌واته بوارێكی فراوانه بۆ خه‌فه‌ت و ئازارچه‌شتن. لێره‌دا قسه‌كه‌رى شیعره‌كه دوانه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر داده‌نێت كه بریتیه له دوانه‌ى ( ئه‌وین \ خه‌فه‌ت ). كه زه‌مینه‌ى شار به‌رهه‌مهێنی خه‌فه‌ت و بكوژى ئه‌وین و جوانیه، له كاتێكدا زه‌مینه‌ى لادێ یان سرووشت زه‌مینه‌ى به‌رهه‌مهێنان و پاراستنی ئه‌وینه.
به پێی قسه‌ى قسه‌كه‌رى ده‌قه‌كه ئه‌م شاره بكوژى هه‌ژاره. ئایا مه‌به‌ست له‌م ده‌ربڕینه چیه؟ شار بۆ بكوژى هه‌ژاره؟ ئایا شاعیر مه‌به‌ستی به‌شی خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه كه به دڵنیاییه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، یان له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێرانی كاتی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه‌دا، رووبه‌رێكی فراوان له كۆمه‌ڵگه به پێوه‌رى ئابورى له‌بارى هه‌ژاریدا بوون. هه‌روه‌ك ده‌شێ مه‌به‌ست ئه‌وه بێت كه شار و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شار كه به پێی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ په‌یوه‌ندى به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارى بێت، له‌سه‌ر هێزى كار راوه‌ستاوه، كه ئه‌ویش هێزى بازووى چینی كرێكاره. كه ئاشكرایه چینی كرێكار له‌و روانگه‌یه‌وه وه‌كو چینی هه‌ژاران سه‌یر ده‌كرێت. بۆیه لێره‌وه ده‌شێ بگوترێت شاعیر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شار كه په‌یوه‌ندى به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارییه، بكوژى كه‌سێتی و رۆحی مه‌عنه‌وى مرۆڤایه‌تی چینی كرێكاره. دیاره ده‌بێ لێره‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه له قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ده‌قه شیعریه‌دا، ئه‌و شاره‌ى كه له ده‌قه‌كه‌دا باس ده‌كرێت زیاتر له‌وه‌ى كه شارێكی پیشه‌سازى مۆدێرنی قۆناغی سه‌رمایه‌دارى بێت، شارێكی نه‌ریتی فیودیالیه. بۆیه ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى كه مه‌به‌ستی شاعیر له هه‌ژار چینی خواره‌وه، یان هێزى به‌رهه‌مهێنه‌رى ژێر سایه‌ى سیستێمی سه‌رمایه‌دارى بێت، ئه‌گه‌رێكی لاوازه. هه‌روه‌ك ده‌شێ قسه‌كه‌رى شیعره‌كه مه‌به‌ستی له هه‌ژار له ده‌قه‌كه‌دا عاشق بێت و به تایبه‌تتریش مه‌به‌ستی خۆى بێت وه‌كو عاشقێك كه له په‌یوه‌ندى و فشاره‌كانی شار بێزاره‌و ناتوانێت له به‌رده‌میدا دان به‌خۆیدا بگرێت و له‌وێوه بڕیار ده‌دات پشت له‌شار بكات و رێگاى به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت له‌به‌ر بگرێت، چونكه له زه‌مینه‌ى تووند‌و فشارى سه‌ختی شاردا كه بوارێك بۆ ره‌هاكردنی هه‌ست و سۆز‌و خۆشه‌ویستی نامێنێت، كه‌س گوێ له خواسته‌كانی دڵ ناگرێت. واته رووبه‌رێك نامێنێت بۆ گوێگرتن له حه‌زو ئاره‌زووه رۆحی و جه‌سته‌ییه‌كانی مرۆڤی عاشق. به مانایه‌كی تر شاعیر ده‌یه‌وێت به دڵداره‌كه‌ى بڵێت شاره‌كه‌ى ئه‌و یان شار به گشتی جوگرافیایه‌ك نیه جێگاى ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و عیشق و ویسته‌كانی دڵ و رۆحی تێدا ببێته‌وه.
قسه‌كه‌ر شوناسی راسته‌قینه‌ى خۆى ئاشكرا ده‌كات ئه‌ویش به‌مجۆره، راسته ئێستا ئه‌م له شاردا ده‌ژى، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا په‌ره‌وه‌رده‌ى لادێیه و، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌م كوڕى خێڵ یان عه‌شیره‌ته و، ناتوانێت له زه‌مینه‌ى ته‌سكی شاردا هه‌ناسه بدات و خۆى وه‌كو زیندانی دێته پێش چاو. لێره‌دا دیسان شاعیر دوانه‌یه‌كی تر درووست ده‌كات كه بریتیه له دوانه‌ى ( ئازادى \ زیندان ). شار جۆرێكه له زیندان كه تیایدا هه‌موو جوڵه‌یه‌كی مرۆڤ سنووردار ده‌كرێت و قسه‌كه‌ر شار وه‌كو به‌رگێكی ته‌نگ به له‌شی مرۆڤ وێنا ده‌كات، كه ئه‌و به‌رگه ته‌نگه رێگا به جوڵه‌ى مرۆڤ نادات. له كاتێكدا لادێ یان سرووشت یان زه‌مینه‌ى ژیانی خێڵ كه زیاتر په‌یوه‌سته به ژیانی لادێنشینهوه وه‌كو ئازادى وێنا ده‌كات. هه‌روه‌ك لێره‌دا له ئاستی قوڵتردا دووانه‌ى (كۆمه‌ڵگه‌ى خێڵ \ كۆمه‌ڵگه‌ى شار-مه‌ده‌نی-) پێكدێت. كه كۆمه‌ڵگه‌ى خێڵ سه‌ربارى په‌یوه‌ستبوون به نه‌ریت و رێساكانی خێڵایهتیهوه، به‌ڵام جۆرێك له ئازادى و ره‌هایی تێدایه به تایبه‌تی بۆ لوتكه‌ى هه‌ره‌می دامه‌زراوه‌ى خێل، یان بۆ كوڕانی بنه‌ماڵه‌ى سه‌رۆكایه‌تی خێڵ، كه ره‌نگه له‌م رووه‌وه پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌ماڵه‌ى سواره وه‌كو بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیار و پایه‌دار ناڕاسته‌خۆ كاریگه‌رى هه‌بووبێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه شاعیر له‌و زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا هه‌ست به جۆرێك له ئازادى بكات. له كاتێكدا ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ى شار ژیانێكی رێكخراو و دیسپلینكراوه و رووبه‌رى جوڵه‌ى تاكه‌كه‌س تیایدا سنوورداره و ئه‌وه‌ش له روانگه‌ى دیدى رۆمانسیانەوە به‌جۆرێك كوشتنی ئازادییه‌كانی تاكه‌كه‌سه.
له زه‌مینه‌ى شاردا، ئه‌وى شاعیر خه‌ون به رابردووى خۆیه‌وه ده‌بینێت كه له لادێ و سرووشتدا ژیاوه. ئه‌و له نێو زه‌مینه‌ى شاره‌وه چاوى له ئاسۆیه‌كی تره، ئاسۆیه‌ك كه ره‌نگاو ره‌نگی به شیعره‌كانی و به هه‌ست و سۆزى ده‌به‌خشێت. به واتایه‌كی تر، له روانگه‌ى شاعیره‌وه مۆتیڤ و پاڵنه‌رى به‌رهه‌مهێنانی شیعره. لاى ئه‌می شاعیر، گه‌وهه‌رى جوانی و شیعریه‌تی ده‌قه‌كانی و ته‌نانه‌ت زیندوویی و گه‌شی هه‌ست و سۆزى.. هه‌موویان سه‌رچاوه‌كه‌یان سرووشت و جوانی و هێورى ئارامی سرووشته. واته ئه‌می شاعیر سرۆش له جوانی سرووشته‌وه وه‌رده‌گرێت، كه لێره‌دا له دیمه‌نی هه‌میشه به‌هاریی بنارى گونده‌وه ئه‌وه وێنا ده‌كات. واته ئه‌وه سرووشته كه پاڵنه‌ر و بهرههمهێنى شیعره‌كانی ئه‌مه. ئه‌می شاعیر هه‌ست ده‌كات، ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ى كه ده‌بنه جوڵێنه‌رى ئه‌م و ده‌یگه‌یه‌ننه ئاستی به‌رهه‌مهێنانی شیعر و داهێنان، سرووشت و جوانیه‌كانی سرووشتن و ئه‌وانه‌ش له شاردا بوونیان نیه. بۆیه ئه‌م هه‌ست ده‌كات هه‌ر ئه‌وه نییه له شاردا ئازادییه‌كانی ده‌كوژرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ك كوشتنی ئازادییه‌كان ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى كه چیتر ئه‌و نه‌توانێـت شیعر به‌رهه‌م بهێنێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه شار به‌و هه‌موو تووندى و دیسپلینهیهوه جێگاى عیشق و دڵدارى تێدا نابێته‌وه. ئه‌مه‌ش له ئاستێكی تردا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه عیشق و ئه‌وین له ئازادی‌دا بوونی راسته‌قینه‌یان هه‌یه و مرۆڤی ئازاد ده‌توانێت عاشق بێت و عاشقانه ره‌فتار بكات و چێژ له عیشق وه‌ربگرێت. ئه‌مه‌ش له زه‌مینه‌ى پڕ له توندوتیژى شار و له سایه‌ى هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی شاردا وه‌كو ئه‌وه‌ى پێویسته به‌دینایه‌ت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش واى لێده‌كه‌ن كه به دڵداره‌كه‌ى رابگه‌یه‌نێت ئه‌و ده‌یه‌وێت پشت له‌شار بكات و به‌ره‌و لادێ و به‌ره‌و ئامێزى سرووشتی جوان و ئارام بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌مه‌ش دیدێكی رۆمانسیانهیه بۆ په‌یوه‌ندى نێوان سرووشت و شار و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه شار زیندان و جێگاى مردنی هه‌ست و سۆز و جوانیه، له كاتێكدا لادێ یان سرووشت زه‌مینه‌ى ئازادى ره‌ها و زه‌مینه‌ى ره‌هابوونی هه‌ست و سۆز و جوانیه.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ى بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌وه سه‌یرى ئه‌م شیعره بكه‌ین ئه‌وا سه‌ربارى وێنه و ده‌ربڕینی ئه‌وتۆ كه بۆ وه‌سفی شار و ژیانی شار گونجاو نین وه‌كو له شیكردنهوهكهدا باسمان كرد، به‌ڵام به جۆرێك، بابه‌ت و شێوه‌ى ئاراسته‌كردنی پرسیاره‌كانی ده‌قه‌كه و سه‌رئه‌نجامیش جیهانبینی ئاشكراى ده‌قه‌كه، یان بیرۆكه‌ى سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه، كه بریتیه له گه‌ڕانه‌وه له زه‌مینه‌ى شاره‌وه بۆ نێو سرووشت، یه‌كێتی بابه‌ت له ده‌قه‌كه‌دا نیشان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ك دیدى شاعیریش كه سه‌رچاوه‌كه‌ى له پرینسیپه‌كانی رۆمانسیزمهوه بۆ شیعر و هونه‌ر وه‌رگیراوه، دیدێكی ئاشكرایه و سه‌ربارى پێنه‌گه‌یشتنی په‌یوه‌ندى به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تی قۆناغی سه‌رمایه‌دارى، ئه‌م له شارێكی فیودیالیدا پرۆژه‌ى یاخیبوون و ره‌تكردنه‌وه‌ى ژیانی شار و گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو سرووشت و درێژه‌دان به ژیانی نێو سرووشت ده‌خاته ڕوو، هه‌روه‌ها به جیدیش پشتگیرى ده‌كات. هه‌ر لێره‌شه‌وه ئه‌م ده‌قه شیعریه، سه‌ربارى بوونی خاسێتی ریالیزم تیایدا، به‌ڵام ده‌قێكی رۆمانسیه یان بارگاویكراوه به خاسیـَتهكانی شیعرى رۆمانسی، ئه‌ویش هه‌م له رووى زمان و وێنه و ره‌گه‌زه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌وه، هه‌م له رووى فیكر و جیهانبینیه‌وه. له‌م رووه‌شه‌وه شاعیر به ته‌واوى په‌یوه‌سته به پرینسیپه‌كانی شیعرى رۆمانسیهوه له هه‌ردوو ئاستی زمانی شیعرى و جیهانبینی شیعریدا. له رووى زمانه‌وه ده‌قه‌كه به زمانی پاراوى كوردى نووسراوه، كه ئه‌ویش زمانی قۆناغی ژیانی لادێ و قۆناغی كشتوكاڵ و ژیانی ناو سرووشته‌و وێنه‌كان له ره‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌رجه‌سته‌كراون و سه‌رچاوه‌ى جوانیش تێیدا هه‌ر سرووشته و ئاستی باڵاى چێژ وه‌رگرتنیش هه‌ر په‌یوه‌سته به‌و چێژه‌وه كه له ره‌گه‌زه‌كانی سرووشت به‌رهه‌م دێت. هه‌روه‌ك جیهانبینی ده‌قه‌كه‌ش جیهانبینی قۆناغی ئه‌ده‌بی رۆمانسیه.
پێكهاته‌ى زمانی ده‌قه‌كه له‌سه‌ر بنه‌ماى دووانه‌ى به‌رامبه‌ر و هاوشێوه و هاورێك بنیادنراوه. له‌م رووه‌وه دووانه‌ى به‌رامبه‌ر و لێكچوون و هاوتا یان هاورێك له بنیادى زملنی ده‌قه‌كه‌دا ده‌بینین. دوانه‌ى به‌رامبه‌ر وه‌كو ( رۆژ \ شه‌و ، دووكه‌ڵ \ تیشكی خۆر ، گه‌رم \ چێوى ، شێر \ رێوى ، زۆنگ و زه‌ل \ جاڕه‌گوڵ ، ته‌سك \ هه‌راو ). هه‌روه‌ها چه‌ندین هاوڕێك یان هاوشێوه له مۆسیقادا له بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا ده‌بینرێن وه‌كو ( دڵ ، گوڵ \ ئاو ، كانیاو \ دڵ ، كوڵ \ بزه، كزه \ ئاسن و مناره ، مه‌لی غه‌واره ). هه‌روه‌ها بهكهسكردنیش پانتاییه‌كی له بنیادى زمانی ده‌قه‌كه‌دا داگیركردووه، كه مه‌به‌ست له‌مه‌ش به‌خشینی خاسێتی مرۆڤه به شت، وه‌كو ( رۆژى چڵكنی نه‌خۆش ، شارى به شه‌واره كه‌وتوو ، تیشكی بێ گوناه ، شارى قاتڵی هه‌ژار) كه لێره‌دا خاسێتی مرۆڤ دراوه‌ته پاڵ هه‌ندێ شت كه ئه‌مه‌ش له شیعرى رۆمانسیدا خاسێتێكی دیاره. بێجگه له‌مانه‌ى سه‌ره‌وه ده‌قه‌كه ده‌وڵه‌مه‌نده به لێكچوون و میتافۆر و هونه‌ره‌كانی تر‌ى شیعر. ئه‌مانه هه‌موویان پێكه‌وه به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كه‌دا، كه چه‌مكی شیعریه‌ت له ناو بنیادى زماندایه به ته‌كنیك و هونه‌ره‌كانی شیعره‌وه، له كاتێكدا ئاستی جوانناسی ده‌ق ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوى زمانه‌وه، یان ئه‌وه‌ى كه پێی ده‌گوترێت میتا زمان. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بوو كه یاكۆبسن زاراوه‌ى جوانناسی گۆڕى به شیعریه‌ت. شیعریه‌تیش وه‌كو یاساكانی داهێنانی هونه‌رى سه‌یرده‌كرێت. كه سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه‌كانی زمان له وشه و ده‌سته‌واژه و رسته و سه‌رجه‌م ته‌كنیكه‌كانی هونه‌رى شیعر به تایبه‌تی وێنه و لێكچوون و میتافۆر و دژ و هاوڕێك و ئیقاع به گشتی چ ئیقاعی ده‌ره‌وه بێت یان ئیقاعی ناوه، هه‌موویان به‌شدارى ده‌كه‌ن له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م ده‌قه‌دا و شوناسی زیندووێتیش به ده‌قه‌كه ده‌به‌خشن و دیسان به‌شدارى ده‌كه‌ن له به‌رهه‌مهێنانی پرسیاره‌كانی ده‌قه‌كه و جیهانبینی ده‌قه‌كه‌دا.
سه‌رئه‌نجام:
ده‌توانین بڵێین ئه‌م ده‌قه شیعریه كه خاسێتی ده‌قێكی زیندووى هه‌یه و له رووى زمانه‌وه به كوردیه‌كی پاراو نووسراوه‌و زمانه‌كه‌ى زیاتر له‌وه‌ى زمانی كۆمه‌ڵگه‌ى شار و قۆناغی پیشه‌سازى و سه‌رمایه‌دارى بێت، زمانی كۆمه‌ڵگه‌ى لادێ و قۆناغی كشتوكاڵ و سه‌رده‌می په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مهێنانی فیودیالیه. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا جیهانبینی ده‌قه‌كه جیهانبینی قۆناغی رۆمانسیه و له‌سه‌ر یه‌كێك له پرینسیپه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م قۆناغه بنیادنراوه و به‌رهه‌مهێنراوه كه بریتیه له گه‌ڕانه‌وه‌ى مرۆڤی هه‌ستیار له زه‌مینه‌ى سه‌خت و تووند و تیژ و دیسپلینكراوى شار و سایه‌ى سیستێمی سه‌رمایه‌دارى و ده‌سه‌ڵاتی چینی بۆرژواوه بۆ نێو سرووشت و بۆ ئارامی و هێورى سایه‌ى سرووشت. ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی حه‌وانه‌وه و دووركه‌وتنه‌وه له فشاره خنكێنه‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى شار. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌قه‌كه به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و دیده رۆمانسیهیه كه به‌جێهێشتنی شار و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نێو سرووشت، شاعیر ئه‌وى به‌رامبه‌ر یان گوێگر كه وه‌كو دڵداره‌كه‌ى ده‌یدوێنێ ، ته‌نیا وه‌كو ئامرازێك بۆ درووستكردنی ئه‌و ئاخاوتنه به‌كارده‌هێنێت. هه‌ر بۆیه به‌ئاشكرا ده‌بینرێت ئه‌وى دڵدار ته‌نیا ئاماده‌بوونێكی ساده‌ى مه‌عنه‌وى هه‌یه‌و ته‌نیا رۆڵی گوێگرێكی هه‌یه كه له رووى جوڵه‌وه هیچ ئاماده‌بوونێكی نییه، نه له چوارچێوه‌ى جوگرافیاى ده‌قه‌كه‌دا و نه له واقیعی ده‌ره‌وه‌ى ده‌قه‌كه‌دا. ئه‌مه‌ش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك په‌یوه‌ست به‌و قۆناغه‌ى كه ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌مهاتووه و له واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واریدا، ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه ژن یان ئافره‌ت وه‌كو ره‌گه‌زى دووه‌م سه‌یر ده‌كرێت و ته‌نیا رۆڵی گوێگر یان پاشكۆی پێدەدرێت یان ده‌بینێت. كه ئه‌مه‌ش ده‌رخستنی رووى راسته‌قینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیه له‌و قۆناغه‌دا.