Skip to Content

ئەدیبی دابڕاو و ئەدەبی چەقبەستوو!… حەیدەر عەبدوڵڵا

ئەدیبی دابڕاو و ئەدەبی چەقبەستوو!… حەیدەر عەبدوڵڵا

Closed
by حوزه‌یران 11, 2022 General, Literature

ناكرێ هەروا بە تیلەچاوێك، یان وەك بەشێكی سەربەخۆ و دابڕاو تەماشای ئەدەب بكەین، ئەگەر ڕاستت دەوێ، دەبێ بە هەوێنی هەموو كایە و بەشەكانی ژیانی مرۆڤ لە ئەدەب بڕوانین. دەلوێ ئەوانەی هەرگیز ئەدەب ناخۆێننەوە و نازانن كتێبگەلی ئەدەبی چین و چۆنن لە ناخیاندا ئەدەبدۆستێكی نایاب بن، ڕەنگە ئەو وێنایەی ئەوان بۆ ژیان دروستی دەكەن، ئەدیبێكی لێزان و شارەزا نەتوانێ پەی پێ ببات.
زۆرجار، بێسەواد و نەخوێندەوارێك وێنەیەكی هێندە جوانی ئەدەبی دەخولقێنێت لە هیچ كتێبێكی ئەدەبی نەبینراوە. ئەمەیش مانای وایە ئەدەب زۆر لەوە فراوانترە تەنیا لە قەڵەمی ئەدیبێك بچۆڕێتەوە، یان پێمان وابێت تەنیا ئەدیب دەتوانێ ئەدەب بنووسێت. دابڕینی ئەدەب لە كۆمەڵگە و قەتیسكردنی لە تەنیا بوارێكدا، یان هەڵبڕینی بەسەر یەك چینی دیاریكراودا غەدرێكی گەورەیە لە ئەدەب دەكرێت. ئاخر كەم نین ئەوانەی ڕۆمان و دیوانەشیعر و چیرۆكەكانیان لە دونیا دەنگی داوەتەوە، كەچی لە ژیانی واقیعیی خۆیداندا سیاسەتوان، پزیشك، یان لە بوارێكی دیكەی زۆر جیاوازدا كاریان كردووە.
لای من ئەدیبی نەزۆك كەسێكە هەر تەنیا بواری ئەدەب دەخوێنێتەوە و هیچ گرنگییەك بە بوارەكانی دیكەی مێژوو، كۆمەڵایەتی، سیاسی ..تاد، نادات، هیچ ئاگاداری ئاخ و داخ و خەم و خەندەكانی خەڵك نییە و هەر لە دوورەوە وێنەیەك دەخولقێنێت، لەخۆی زیاتر كەس لێی ڕازی نییە، بەر لەوەی بگات دەپووكێتەوە.
لە ساڵی 2008 دیمانەیەكی “عەبدوڵڵا پەشێو”م خوێندەوە، لە وەڵامی پرسیاری “ئایا تۆ شیعری كام شاعیر دەخوێنیتەوە؟” دەڵێت:”ڕاستییەكەی زۆر بە كەمی شیعر دەخوێنمەوە و زیاتر بە بوارەكانی دیكەوە مژووڵم!” لای من ئەمە جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن بوو، ئاخر ناكرێ و نابێ شاعیر بە بیانوی ئەوەی شاعیرە هەر شیعر بخوێنێتەوە و بوارەكانی دیكە فەرامۆش بكا، بۆ ئەوەی شاعیرێكی باش بیت، دەبێ بوارەكانی دیكەیش بخوێنیتەوە و لێیان قووڵ بیتەوە. هەروەها بەنێو كەلتوور و فۆڵكلۆر و مێژوو و ژیانی جواداوازیی خەڵكدا بڕۆیت و لێكدانەوەیان بۆ بكەیت.
“جبرا ئیبراهیم جبرا” باسی شاعیری هاوچەرخی ئینگلیز “دبلن تۆماس” دەكات و دەڵێت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆڕێكی ئەدەبییان بۆ بەست، دوای ئەوەی كۆتایی بە قسەكانی هێنا، كچێكی شۆخوشەنگ و جوانكیلە لەنێو خەڵكەكە هەستایەوە و وتی:” زۆر حەز دەكەم ببمە شاعیر، پێم بڵێ چی بكەم؟” تۆماس سەری بەرزكردەوە و وتی:”بڕۆ لەشفرۆشی بكە!”
هۆڵەكە كشومات بوو، كچەی بەستەزمانیش بە هەناسەیەكی سارد و ئاخێكەوە لە جێگەی خۆی دانیشتەوە.
خۆ لێرەدا تۆماس مەبەستی ئەوە نەبووە كچەكە بۆ ئەوەی ببێتە شاعیر بچێت لەشفرۆشی بكات، نا، بەڵكوو ویستوویەتی پێی بڵێت بڕۆ تێكەڵی خەڵك بە، لە دوورەوە بە شانوشەپێلیكان هەڵمەدە. ئاخر مرۆڤ زۆر ڕووپەش و مەتەڵاوی و داخراوە، پڕ نهێنی و سامناكە، هەتا بە تەواوی تێكەڵی وردەكارییەكانی نەبیت نازانی چییە و چۆنە! لێرەدا بە ڕوونی دەردەكەوێت ئەدەب یانی ئەزموون و خوردكرنەوەی خەڵك و شۆڕبوونەوە بۆ نێو واقیعی ژیانیاندا.
ئێمە چۆن بتوانین لەنێو قاوغی خۆمان بێینە دەرەوە و لەگەڵ دەوروبەرمان تێكەڵ بین، من لە خوێندنەوەی رۆمانەكانی دۆستۆیڤسكی زۆر بە جوانی ئەمەم بۆ دەركەوت، ئەو هاتووە واقیعی هێناوە و لەنێو خەیاڵدا كوڵاندوویەتی، ئینجا دووبارە واقیعێكی ئەدەبی لێ دروست كردووەتەوە، نەك بە پێچەوانەوە، ئەو لە ڕۆمانەكانیدا زۆر لە نزیكەوە تێكەڵی ورد و درشتی كاروبارەكانی خەڵك بووە!
شتێكی دیكەم بیركەوتەوە، وابزانم جێگەی خۆیەتی لێرە بیخەمە ڕوو، دەڵێن ئەدیبێكی فەرەنسی بۆ ماوەی هەفتەیەك هەموو ڕۆژێك كورتەچیرۆكێكی نووسیوە و بۆ ڕۆژنامەیەكی ناردووە، هەموو بەیانییەك چاوەنۆڕی بڵاوبوونەوەی بووە، بەڵام ڕۆژنامەكە هیچ لەم چیرۆكانەی بڵاو نەكردووتەوە… دواتر واز لەم ستایلە دەهێنێت و بە جۆرێكی دیكە دەنووسیت، بڕیار دەدات لەبارەی دۆخی نێو ماڵی خۆی بنووسێت، ئیدی چیڕۆكێكی بەناوی “كوڕیژگە هەتیوەكە” دەنووسێ، بۆ بەیانی چیرۆكەكە بڵاو دەبێتەوە و سەدایەكی زۆر دەداتەوە… ڕۆژنامەكە سوپاس و پێزانین و پادداشتی تایبەتی بۆ دەنێرێن، ئیدی كاكەی ئەدیب تێدەگات ئەو چیڕۆكانەی ڕۆژانی پێشوو نووسیبوونی، هەڵقوڵاوی خەیاڵی ناواقیعی خۆی بوون، بەڵام چیڕۆكی ئەمڕۆی، هەڵقووڵاوی جەرگەی ژیانی واقیعیی بووە.
بە بۆچوونی من ئەدیب دەبێ هەم خوێنەرێكی باش بێت، هەمیش واقیعی بێت. خوێنەری تەنیا بەشەكەی نەبێت، بەڵكە هەموو لایەنەكانی دیكەیش بەسەر بكاتەوە، هەر هیچ نەبێت ئەو بوارانەی دەرەقەتیان دێت و دەتوانێ مەدلوولی باشیان لێ هەڵبكڕێنێت. واقیعیبوون بە واتای ئاگاداربوونی خەمە ئاڵۆزەكانی خەڵك و ڕووداوە كەڵكەبووەكانیان. ئەگەرنا بەرهەمەكەی بێتام و كرچ دەبێت و هەر زوو لەبار دەچێت. ئەم وتەیەیش بەڕاست دەگەڕێت، كە دەگوترێت:” ئەگەر بتەوێت لە تەنها بوارێكدا بنووسیت، دەبێ هەموو بوارەكانی دی بخوێنیتەوە.”
وابزانم زۆربەمان چیرۆكی ژیانی جاحزی گەورە زمانزان و ئەدیبی عەرەبی سەردەمی عەبباسییەكان دەزانین، ئەو پیاوە عاشقێكی سەرسەختی دونیای كتێبی جۆربەجۆر و خوێندنەوە بووە و لە كۆتاییشدا هەر بە هۆی داڕمانی ڕەفەی كتێبان بەسەریدا شەهید بووە، كەچی بەنێو خەڵكی دارتاش و قوماشفرۆش و ئاسنگەر و كوورەچی و مێشەوان و شوان و گاوان و بەرخەواندا گەڕاوە و لایان دانیشتووە و پرسیاری لێ كردوون و وەڵامەكانیانی نووسیوەتەوە، یانی ئەگەر جاحز شەوان لە نێو پەڕەی كتێبان نوقمی خوێندەوە بووبێت، بە ڕۆژان لەنێو قووڵایی خەڵكدا سووڕاوەتەوە. خۆ نابێ ئەدیبانی وەك مەحەوی و نالی و مەولەوی مەلای جەزیری و دواتر شێخ مەحەمەدی خاڵ و عەلائەدین سجادی و ئەوانی دیكە لەبیر بكەین، كە بەهۆی خوێندنەوەی هەمەچەشن و تێكەڵاوبوونی خەڵكی جۆربەجۆر، بەرهەمەكانیان بۆ هەتاهاتا بە نەمری دەمێننەوە.

حەیدەر عەبدوڵڵا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish