
چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -10-… رەسوڵ بەختیار
Closed
لەهەموو بازنەکانی جیهان کێشە و گرفتەکان بوونی هەیە و بەردەوامە، بەردەوامبوونی کێشەکان، بەپێی دۆخ و ئاکار و نەریت و کەشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێ، لە شەقامە بازنەییەکانی ئەم کیشوەرە
کێشەیەکی گەورە لەنێوان بازنەی یەکەم و بازنەکانی دیکە هەیە، کاتێک چەندین بازنەی دیکە دروست بوو کێشەکە زیاتر پەرەی سەند.
- کێشەی چی، هەر لەخۆتەوە دەتەوێ کێشە بخەیتە ئەوە نێوەندەوە، لەوەتەی هەین، هەر وابووین، هەر وا دەبین، سروشتی ئێرە وایە.
- ناکرێ، دەبێ هەموو شتەکان وەکخۆی باس بکرێ، ئێمە کەس ناکەین بەقارەمان و پاڵەوان.
- پاڵەوانی شەقامە بازنەییەکان، ئێستا بەشێکیان خاوەن هەموو شتێکن، ڤیلا و مەزرەعە و چوونە دەرەوەی وڵات و کۆمپانیای زەبەلاح و هەموو شتێک.
- ئەی بەشەکەی دیکە؟
- کەوتوون و پیربوونە، کەس لێیان ناپێچێتەوە، وەک ئەوەی هیچ کات، بەم بازنانە گوزەریان نەکردووە.
پێم سەیرە، زۆرێک لەوانەی لەشەقامە بازنەییەکان لەدایکبوون، هەندێ چیرۆکی سەیر دەگێڕنەوە سەبارەت بە شەڕە بەرد لەنێوان گەڕەکەکان، لەم شەڕە بەردی نێوان گەڕەکەکان رۆژانە سەری چەندین کەس دەشکا، - ئەم کارە زۆر بڕی نەکرد، ئەوانەی سەریان دەشکا لەرۆژێکی ئاساییدا کەسی سەر شکاو چەندین کەسی لەگەڵ خۆیدا دەبرد و بەبەرد هێرشیان دەکردە سەر کوڕانی گەڕەکەکانی دیکە، زۆڕ جاڕ پەنجەرەی ماڵان دەشکا و زیانێکی زۆر بەر خەڵک دەکەوت.
کاتێک ئەم رووداوانە لەچایخانە و دانیشتەکان باس دەکران دەبووە هۆی پێکەنین و گاڵتەکردن بەیەک.
مێژووی ئەم رووداوە زیاتر لەپەنجا ساڵە، بەڵام هاوسەردەمەکان، کاتێک باس لەدووبەرەکی و خۆ جیاکردنەوە، چەندین باسی لەمجۆرە دەخەنە روو، کە رۆژانێک خەڵکی شەقامە بازنەییەکان پێوەی تلاونەتەوە و کێشەیەکی گەورەی ئەو کات بووە،
ئەم شەقامە بازنەییانە لەوەتەی هەیە خەڵکی غەریبی بەخۆیەوە گرتووە، بەڵام چۆن ئەمجۆرە کارانە روویداوە، دیارە بۆ خۆ رزگارکردن لەم بابەتە یەکسەر دەڵێین: سیاسەتێکی لەپشت بووە، کە تا ئێستا ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بەڵام بەشێوەیەکی دیکە.
لەساڵانی شەستی سەدەی رابردوو، شەقامە بازنەییەکان، کێشەی گەورەی تیایدا روویداوە، چایخانەکان بەشێکی زۆری شوێنی دانیشتی شوعییەکان بووە، ئەو چایخانانە سەرەڕای ئەوەی هەندێکجار بۆتە شوێنی رۆشنبیری، تیایدا بەیاننامەی تیادا بڵاوکراوەتەوە چ بەنهێنی یان بەئاشکرا، زۆرجاریش کۆبوونەوەی نهێنی تیایدا ئەنجامدراوە، کاتێک حزبە نەتەوەییەکان گەشەی کردووە، زۆر کێشە کەوتۆتە نێوان حزبە نەتەوەییەکان و چەپەکان
ئەمە لایەنێکی شەقامە بازنەییەکانە، کەچی لایەنی رۆشنبیری، هەر زوو بەهاتنی چاپخانە سەریهەڵدا، کاتێک لەچاپخانەیەکدا کارم دەکرد، سەیرم پێهات ئەم چاپخانە بچووکە چ ئەرشیفێکی مەزنی هەیە. - دەزانی تا ئەم چاپخانەیە هاتۆتە سەر پێ خاوەنەکەی چ ئێش و ئازارێکی بینیووە؟
- چۆن لەچ روویەکەوە؟
- خاوەنی ئەم جاپخانەیە زیاتر لەشەست جار گیراوە و براوەتە بەندینخانە.
- بۆ چاپکردنیش لەو سەردەمە تاوان بووە؟
- نەخێر تاوان نەبووە، بەڵکو خاوەن چاپخانەکە بەوە تاوانبارکراوە، کە جەندینجار گۆڤاری نەتەوەیی لەو چاپخانەیە چاپکردووە، هەندێکجاریش چەندین تۆمەتی هەمەجۆریان ئاراستەی خاوەن چاپخانە و ئەوانەی لەوێ شاگرد بوونە کردووە.
لەنێو بازنەی یەکەمدا ئەوانەی نووسەر و رۆشنبیری سەردەمی خۆیان بوونە، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، هۆیەکیشی ئەوە بووە، زیاتر ئەوان خەریکی کاسبی خۆیان بوونە و زۆر بەکەمی بواریان هەبووە کتێب و رۆژنامە بخوێننەوە، بەڵام خوێندەوارەکانیان بەتایبەتی مامۆستاکان خوێنەری باشبوون، هەردەم رۆژنامە و کتێبی ئەو سەردەمەیان پێ بووە، ئەگەریش برادەرێکی نزیکی نەبوایە، زۆر حەزی نەدەکرد گفتوگۆ بکات.
لەبازنەی دووەم و سێیەم نووسەری گەورەی تیادا هاتۆتەکایەوە و توانیوویانە بازنەکان تێپەڕێنن و ببنە هێمایەک لەناوچەکەدا، دیارە کێشەی هزری و بیرکردنەوە لەهەموو رووەکانەوە لەنێوان نووسەر و بیرمەندانی بازنەکان دروستبووە، لەهەشتاکانی سەدەی بیستەم بەشێکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەهەموو روویەکەوە چەپڵەیان بۆ دەسەڵات و رژێمی ئەو کات لێدەدا، ئەوان لەزۆربەی شتەکان سوودمەند بوون، بەشەکەی دیکەی نووسەران و رۆشنبیران چوونە شاخ، بەقسەی خۆیان ئەوان پیاوی ئەو نەبوونە چەک هەڵگرن، بەڵام لەو شاخانە لە چەندین بڵاوکراوەی شاخ دەیانووسی.
لەلایەکی دیکەوە ئەو بەشەی چووبوونە شاخ نەیانتوانی بەردەوام بن، بۆیە روویان لەهەندەران کرد، دەبێ ئەوەش بڵێن، لەو سەردەمە شەڕی نێوان عێراق و ئێران لەوپەڕی دابوو، بۆیە لەترسی سەربازی روویان لەشاخ و هەندەران کردبوو.
لەدوای راپەڕین، کاتێک لایەنەکان هاتنەوە ناو شار دووبارە هەموو ئەو رۆشبیر و نووسەرانە بۆ جارێکی دیکە بوونە دوو بەرە، کاتێکیش شەڕی ناوخۆیی روویدا رق و قینەی چەند ساڵەیان دژ بەیەکتر هەڵدەڕژاند، ئەمانە چیرۆکی نەبڕاوە و بەردەوامە.
با لەوەگەڕێن، هەندێک دیمەن لەم دوایەدا بینیم، بووە جێگەی سەر سوڕمان لەلام.
ماوەیەک بوو، بەکۆڵانەکەمان رەتدەبوو، لەدوورەوە سەیرم دەکرد، ئەو وەک هەر کەسێکی ئاسایی وابوو، رێکپۆش بوو، بەڵام هیچ کات سەیری ئەولا و ئەولای خۆی نەدەکرد، ماوەیەکی دوور و درێژ بەو شێوەیە دەمبینی، گوێم لەدەنگی نەبوو، رۆژێک رێککەوت بەرامبەرم دەهات، سڵاوێکم لێکرد، کەچی وەڵامی نەبوو، تەنیا لەبەرامبەرم وەستا دەستێکی لەسەر شانم دانا، وەک ئەوەی بەدوای شتێکدا بگەڕێ، دەستی لەقژمدا و بەدەستەکانی رووخسارمی پشکنی، پێمگوت: تۆ لەم کۆڵانەی حەز دەکەم یەکتڕ بناسین، پێدەچێ تۆ کوڕێکی بەتوانا بی و هەردەم دەتبینم بەهێمنی بێرەدا تێدەپەڕی، تۆ قوتابی کۆلیژی یان پەیمانگە…ئەو دەیویست قسەیەک بکات، بەڵام هەرچەندی دەکرد، نەیدەتوانی ورتەیەک لەدەمیدا بێتە دەرەوە، بۆیە بەبێ خواحافیزی ملی رێی نا.
لام سەیر بوو، بۆیە هەردەم حەزم دەکرد لەدوور و نزیکەوە بیبینم، ئەوەی لام سەیر بوو رۆژێک بینم وەک گەنجەکانی ئەم رۆژگارە ئامێرێکی ميوزيكى بەپێچراوی لەناو چەرمێکدا بوو، دڵخۆشبووم، گوتم دیارە ئەم کوڕە گەنجە کاری هونەری دەکات و میوزیک دەژەنێ، هەرچۆنێک بێ چەندین رۆژی دیکە بەو شێوەیە بینیم، هەندێک رۆژ دایک و باوکی یان خوشک برایەکانی لەگەڵیدا بوون، ئەوەی گرنگ بوو، یەکێک لەبرایەکانیم ناسی، ئەو زانی چەندین پرسیارم هەیە، بۆیە یەکسەر گوتی : لێهاتی برام نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، ئەو قوتابی میوزیکە، ئاگاداربە کاتێک بەکۆڵان بەتەنیا بوو رایمەگرە، نەوەک کاردانەوەیەکی خراپت بەرامبەر بکات، ئێمە چەندین دەفتەر دۆلارمان خەرجکردووە تا هەرچۆنێک بێ سەدا چل وەک مرۆڤێکی ئاسایی بێ، مامۆستا و قوتابییەکان هەموو ئاگاداری ئەون، هەردەم بۆ گەشت و سەیرانەکان لەگەڵ خۆیان دەیبەن، تەنیا دڵی ئەو رازی دەکەن. لێهات بەردەوام بەخۆی ئامێرە میوزیکەکەی دەبیندرا.
رۆژێک بەرامبەرم وەستا بەئاماژەی رووخسارییەوە دیار بوو، دەوێ شتێکم بداتێ، کاتێک بەرامبەری وەستام، یەکسەر کاغەزێکی رەنگاوڕەنگی دایە دەستم، کاتێک سەیرم کرد چەند وێنەیەکی خۆی بوو، لەلایەک کەمانجێکی دەژەنی و لەلایەکی دیکەوە ئۆڕگی دەژەنی، لێهات کاتێک ئەو پەڕەکاغەزەی دامێ، بەبێ ورتە رۆیشت. کاتێک سەیری تەواوی ئەو کاغەزە رەنگاو ڕەنگەم کرد، تیایدا نووسرابوو، خۆشحاڵین بەئامادەبوونتان لە کۆنسێرتی میوزیکەکانی لێهات، کاتە دەی بەیانی رۆژی پێنجشەممە دانرابوو، زۆر حەزم دەکرد، هەر زوو رۆژی پێنجشەممە بێ، تا بەدەم داوەتەکەیەوە بچم، رۆژی پێنجشەممە لەپێش هەمووان لەبەردەم هۆڵەکەدابووم، هێدی هێدی خەڵک دەهاتن، وایلێهات بەردەم هۆڵەکە جێگە نەمابوو بووەستیت.
لەدوورەوە بینیم لێهات بەپۆشتەیی لەئۆتۆمبیلەکە دابەزی، کاتێک سەری بڵند کرد، یەکسەر لەدوورە روانییە من، بەئاماژەی چاوەکانی دیار بوو، بەهاتنم زۆر حۆشحاڵە، کاتێک لەدەسپێکی کۆنسێرتەکە، یەکێک هاتە سەر تەختەی شانۆ و داوای لەلێهات کرد بێتە سەر تەختەی شانۆ تا دەست کۆنسێرەتەکەی بکات، لێهات لەپشتەوە دانیشتبوو، کاتێک هەڵسا، بەهەنگاوی ورد، دەستی لەسەر شانی هەموو ئامادەبووان دانا، ئەمکارە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند، خەڵکەکەش ئەمەیان لەلا ئاسایی بوو، لەپاشاندا یەکسەر چووە سەر تەختەی شانۆ، بێ یەک و دوو، بەرامبەر بەئۆڕگەکە بۆوە و دەستی بەژەنین کرد، هەر لەسەرەتاوە هەمووانی سەرسام کرد، کاتێک ئاوڕم دایەوە دایک و باوک و خوشک و برایەکانی فرمێسک لەچاوەکانیان دەهاتەخوار، هۆڵەکە بێدەنگ، کەس ورتەی لێوەنەدەهات، منیش بەدەست خۆم نەبوو، لەدڵەوە دەگریام، هەر من وانەبووم بەڵکو هەموو ئامادەبووانی هۆڵەکە دەستیان لەسەر چاوانیان دانابوو، فرمێسک لەچاوانیان دەهاتەخوار.
ئەم دیمەنە و سەدان دیمەنی دیکە لەنێوەندی ئەم بازنانە بوونی هەیە.
هەرچۆنێک بێ دیمەنەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، ژیان خۆی وایە، منداڵێکی ئۆتیزم ئەگەر گرنگی پێبدرێ لەوانە داهێنان بهێنێتە ئاراوە، لەم سەردەمە جەنجاڵەدا سەدان و هەزران کێشەی بێ چارەسەر ماونەتەوە، هەندێ کێشە هەن، کێشەی باب و باپیرانمان، کەجی تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، چونکە کەسێک نییە بەدوای چارەسەری کێشەکانەوە بچێ
بەهەمان شێوەی لێهات کەسانێک هەن ژیانیان ئێستا لەوپەڕی ناخۆشییە و کەس لێیان ناپرسێتەوە، ئەوانە رۆژانێک ژیانیان لەپێناو ئەو بازنانە بەختکردبوو، کەچی ئێستا وەک بێ نەوایەک وان، نەخۆش و پەککەوتەن، چیرۆکی ئەوانە دەکرێ یەک لەدوای یەکتردا بگێڕینەوە، چونکە کەسانێک بوون بۆ سەرفرازی شەقامە بازنەییەکان تێکۆشاون، بەڵام ئێستا ئەوانە لەسووچێکی ماڵەکانێان کەوتوون، بێ ئەوەی کەس لێیان بپێجێتەوە، هیوایانە رۆژێک پێشتر کۆچی دوایی بکەن و نەبنە بارگرانی بەسەر کەسەوە.
رۆژانێک ئەوانە بارگرانی زۆر کەسیان بەشانەوە بوو، بەڵام ئێستا قبووڵ ناکەن ببنە بارگرانی بەسەر کەسەوە.
تەنیا داخ لەو رۆژانە دەخۆن، کە خزمەتی کەسانێکیان کردووە، ئێستا بەتەلەفۆنێک، کە هیچی تێناچێ، هاوڕێیە دێرینەکەیان بەسەر ناکەنەوە.
باوەڕ ناکەم رۆژگاڕ وا گۆڕابێ، بەڵام تەنیا ئەو چەند وشەیەم لەدەست دێ، کە لێرەدا بۆ ئێوەی باس دەکەم.
هەموو کات باسی لەنووسین و پرۆژەکانی دەکرد، هەردەم پێیوابوو بەنووسینەکانی دەتوانی جوانترین وڵات و سیستەم بهێنێتەکایەوە، بەڵام ئێستا لەجێگە کەوتووە، هیچ شتێکی لەخەیاڵ نەماوە.
ئەو پێشتر لەشاخ و کێوان شەڕی بۆ بستە خاکێک کردووە، چەندین ساڵ ئاوارەی وڵاتان بوو، کاتێک گەڕایەوە سەر و ریشی سپی سپی، بێ تاقەت و وزە تەنیا سەیری دەوروبەری دەکرد، پێی سەیر بوو، ئەوانەی لەسەردەمێک زوڵم و زۆریان دەکرد، ئێستاش وەک ئەو کات خانووەکانیان بەرزترە لەخەڵکی ماندوونەناس، ئەمە دەبێ چ حکمەتێکی تیادا بێ، یان دەبێت بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەکەم، کە هەژار و دەوڵەمەند هەردەم بوونیان هەیە، ئەی چ جای ئەوانەی لەسەردەمانێک لەگەڵ رژێم دەستیان تێکەڵ کردبوو، ئێستاش بەهەمان شێوە لەگەڵ دەسەڵات و رژێم دەستیان تێکەڵکردووە.
-ئیتر ژیان وایە، هەر ئەوان جوانترین و بەرزترین کۆشک و تەلاریان هەیە، کەچی خەڵکی رەسەنی شەقامە بازنەییەکان کەوتوونەتە دەرەوەی شار، دەیانەوێ هەر جۆنێک بێ ئەو تەمەنەی ماویانە بەئاسوودەیی بەڕێ بکەن.
-ناکرێ لەهەموو سەردەمێک هەر ئەوانە باڵا دەست بن، کەچی کوڕ و کچانی هەژار و نەداری شەقامە بازنەییەکان هەوڵیانداوە، تا بەم رۆژە بگەین.
-ئەوە تۆ چی دەڵێیت، لەوەتەی دونیا دونیایە هەر وابووە.
کێشە و گرفتی ئەو شەقامە بازنەییانە هەرگیز تەواو نابێ، چۆن بڕۆین و بێن هەر دەگەڕێنەوە چوار گۆشەی یەکەم، وشەکان، وتارەکان، بانگەواز و داخوازییەکان دووبارەیە، ئەو دووبارە بوونەوەنەوەیە دڵ و دەروونمانی پڕ لەگومان و لێکدانەوە کردووە، لێکدانەوەیەک هەر چی بکەین هەر دەگەڕێنەوە چوار گۆشەی یەکەم.
شاخ و چیاکانیش دەڕواننە گومان و گریمانەکان، ئەو کاتەی هەمووان یەک ئاست بووین، کەس بەخیلی بەکەس نەبرد.
ئەو نەتەوانەی لەنێوەندی شەقامە بازنەییەکان بوون، هیچ کات نە ئێمە نە ئەوان جیاوازی نەدەکرا، هەتا هەڵگری باوەڕ و ئاینە جیاکانیش لە بۆنە و ئاهەنگ و ناخۆشییەکان بەشداری یەکترمان دەکرد.
رەسوڵ بەختیار