کورد لەنێوان دەستکەوتەکانی ۱٥ ئاب و پەڵەی ڕەشی ۳۱ی ئابدا.. ئەحمەد کامەران
کورد پێویستە لە مێژووی خەباتی سەرکەوتن و شکستەکانی خۆی وەکو یەک وەریانگرێت، تاوەکو بتوانێت وانەی گرنگیان لێوە فێربێت. چونکە لە یادمان نەچێت دواجار مێژوو لە دوو ئاراستەی سەرەکی پێک دێت، ئاراستەیکیان سەرکەوتن و پڕن لە دەسکەوتی گرنگ بۆ مافەکانی گەلی کورد . هەرچی ئاراستەی دووەمیشە بەردەوام دۆڕان و شکستە. ئەوەی جێگای داخە سەرکردایەتی ئەمڕۆی باشووری کوردستان بەدیاری کراویش یەنەکە و پەدەکە ، تاوەکو ئێستا فێری ئەو کەلتورە نەبونە دان بەشکست و هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و بتوانن لە داهاتوودا کاری باشتر بکەن. کەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەرکردایەتی باشووری کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی تاریکی دەڕوات .
هەرکاتێک پێ دەخەینە نێو مانگی ئابەوە ڕاستەوخۆ دوو پرسی گرنگی میژوویی دێتەوە یادمان. گرنگە لەیادیان نەکەین، بتوانین ئەزمونی زیاتریان لێوەی وەربگرین. ئەگەرچی مانگی ئاب، خۆی لەبنەڕەتەوە مانگێکە لەڕووی کەش و هەواوە گەرمییەکی تاقەت پڕوکێنی خۆی هەیە،کەچی لە ڕووی مێژووشەوە بۆ کورد پڕە لە داستانی گەرم و گوڕ.
١٥ ئاب سەرەتا ڕۆژێکی گرنگی مێژووییە بۆ جیهان، بەتایبەتی گەلی کوردیش لەم ڕۆژەدا توانیویەتی دەستکەوتی هەرەگرنگ بۆ پاراستنی زمان و کەلتووری خۆی خەبات بکات. لە گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەی لەم ڕۆژەدا ڕوویدا لە جیهانی مڕۆڤایەتی، بریتی بوو لە خۆبەدەستەوەدانی ژاپۆن و کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووم. هەرچی بۆ کوردیشە لەم ڕۆژەدا ڕۆژی بەرخودانی ئازایەتی بوو لە دژی فاشیستان.
١٥ ئابی ١٩٨٤، ئەو ڕۆژە بە پێشەنگایەتی فەرماندە مەعسووم کۆرکماز،ناسراو بە هەڤاڵ (عەگید) یەکەمین دەنگی گولـلەی شۆڕشی دژی داگیرکارییە بەرفراوانەکانی دەوڵەتی تورکیای فاشیست تەقاند. ئەگەرچی کەسانێک بەبێ ئاگایی ڕەخنە دەگرن و دەڵێن گوایە ئەو ڕۆژە هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ کورد، جگە لە زیان و ماڵوێرانی بۆ کورد هیچ بەرهەمێکی لێ نەکەوتەوە. بەڵام گرنگە تۆزێک بەوردی لە ڕووداوەکانی مێژوودا بکۆڵینەوە، لەپاشان بڕیاری ڕاست و درووست بدرێت. ئەگەر بهاتبایە ئەو ڕۆژە یەکەمین دەنگی گولـلەی ئازادی نە تەقێنرابایە، ڕاستەوخۆ کورد لەباکووری کوردستان دەکەوتە بەر شاڵاوێکی گەورەی سڕینەوە لەلایەن فاشیستانی ئەوکاتی تورکیاوە. چونکە دەوڵەتی تورک دەستی بەشەپۆلێکی بەرفراوانی داگیرکاری و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسی کوردی دابوو لەو سەردەمەدا، بەدیاری کراویش لە تەواوی ناوچە کوردیەکانی باکووری کوردستان. ئەگەرچی لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک توانی لە خوێندگاکان ڕێگری لە زمان و کەلتووری کوردی بکات. بەڵام تاکە شت دەوڵەت کە نەیتوانی ڕێگری لێوەی بکات ئیرادەی بەهێزی گەلی کورد و شۆڕشگێڕان بوو. سەرەتا لە قارەمانێتی یەک عەگیدەوە سەرهەڵدان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو بە هەزاران عەگیدی دیکە هاتنە ڕیزی گۆڕەپانی بەرخودانەکان و خۆیان بە عەگیدی کوردان ناساند.
پێویستە ئەم جۆرە ڕۆژانە بەگرنگیەوە تەماشا بکرێت، دەبێت بە چاوێکی نەتەوەیی لێوەی بڕوانین و باسی بکەین. تەنانەت پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ جیاوازی باس لەم ڕۆژە بکەن. هەرگیز ڕۆژێکی گرنگی وەکو ئەم ڕۆژە نەخرێتە چوارچێوەی پرسی حیزبی و کەسییەوە . چونکە دواجار ئەم ڕۆژە دەسکەوتی پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردی بەخۆیەوە بینی.
هەرچی ٣١ ئابی ١٩٩٦، دەسکەوتێکی دیکەی گەلی کوردە، ئاخۆ چ جۆرە دەستکەوتێکە بۆ کورد؟ ٣١ ئاب دەستکەوتێکی ڕەشی لەبیرنەکراوی مێژووی خەباتی کوردە، لەنێوان یەنەکە و پەدەکەدا. ئەگەرچی گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئاواتیان خواست لەدەستی دووژمنان ڕزگاریان بێت لە کوشتاری و داگیرکاری، بتوانن بۆ ساتێک لەژێر چەتری هێزی کوردیدا بحەسێنەوە. بەڵام وەکو ئەوەی بڵێی لە فەرهەنگی زمانەوانیدا وشەی حەسانەوە بۆ کورد قەدەغەکرابێت و نابێت هەرگیز بحەسێتەوە. چونکە دواجار یەنەکە و پەدەکە بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و خەڵک ، لولەی چەکەکانیان ئاراستەی یەکدی کران، دواجار لەم نێوەندەدا بە هەزاران ڕۆڵەی کوردی قارەمان بونە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی ئەم دوو جووت حیزبەوە . ساڵانە لە کاتی نزیکبونەوەی ئەم ڕۆژە ڕەشەدا ، دەست بە تۆمەتبارکردنی یەکدی دەکەن، جێگای داخ و شەرمەزارییە بۆ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە کە ڕۆژێکی ڕەشی وەکو ٣١ ئاب، بە دەسکەوتی گرنگ لە قەڵەم دادەنێن و شانازی بە خراپەکاری و خیانەتەکانیانەوە دەکەن.
ئەوەی پێویستە بیڵێم بەکورتی ، کە هەڤاڵانی ١٥ ئاب تا ڕۆژی ئەمڕۆمان، بەردەوام بوونە لە خەباتی یەکێتیی کوردان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە چوار پارچەکەی کوردستان . هەرچی برادەرانی ٣١ ئابە تا ئەمڕۆ جگە لەو بارگرانییەی لەسەر شانی هاوڵاتیانی کورد درووستیان کردووە، هەر ڕۆژەو قەیرانێک و شکستێکی ئەم تاقمەی ٣١ ئابە بە نێوچاوانیانەوە دەبینین. سەرباری هەموو شکستەکانیان، بونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردی لە ئەمڕۆدا..
ئەحمەد کامەران

