Skip to Content

پێکەوە نەژیان.. نەوزاد بەندی

پێکەوە نەژیان.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئایار 9, 2026 General

ــ

هەڵبەت هەموو دیاردەیەک ئۆپۆزیتێکی هەیە، وەک شەڕ و ئاشتی ..پێکەوەژیانیش، پێکەوەنەژیان دژەکەیەتی ..
بەڵام ئەوەی لای خۆمان ئەگوزەرێ، تێکەڵاوبوونی هەردوو زاراوەکەیە، وەک چۆن لە هەندێ لە کۆڵانە میللیەکانماندا ئاوی خواردنەوە و ئاوی قورس تێکەڵاوبوون، واتا ئێمە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین..ئەمەیش بەڕاستی لەسەر وەستان و لێکدانەوەی ئەوێت، تۆ بتەوێ لەگەڵ کەسێکدا بژیت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا نەژیت ..سەیر دەکەیت دراوسێتە، هاتووە لە تەنیشتتا خانووی دروستکردووە، کەچی تۆ بڵێی سیر ئەو ئەڵێ پیاز.. نەک هەر سڵاوت لێ ناکا، تەنانەت بە جەژنیشدا نایەتە ماڵەکەت، لەگەڵ ئەوەی کە بە بێ تۆ هەست بە ترس و دابڕان ئەکا، لەگەڵ ئەوەیشدا دژایەتیت ئەکات ..زۆربەی خێزانەکان، دایک و باوکێکی دژ بە یەک و ناتەبا بەڕێوەی ئەبەن، ئەم دووانە هاوسەرگیرییان کردووە، بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتری بکەن، دوای ئەوەی دایکەکە نەیهێشتووە شەمەنەفەرەکە بەجێی بێڵێ و بە چەمەلەغەکەیدا خۆی هەڵواسیوە و بای بای بۆ تابۆی قەیرە بوون کردووە، دوای ئەوەی باوکەکە خوا حافیزیی لە بەدمەستبوون و یانەی شەوانە و بەدخویی کردووە و بووە به خاوەن ژن و ماڵ، لەم خانە تازەیەدا کە خێزانە، دوو کەس بڕیاریان داوە پێکەوە بژین بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتر بکەن، ڕێک وەک تۆم و جێری ، ئەگەر یەکێک لەو دوو بەرەی شەڕ و ناتەباییە دوور بخەیتەوە، هیچ لایەکیان ڕازی نابێ، چونکە تازە ئەوان جەنگاوەرن و بە بێ ناتەبایی و پێکەوە نەژیان ناتوانن بژین..
هەندێ جار، لەو خێزانانەدا کە شەست ساڵە دوو هاوسەر بەردەوام شەڕ دەکەن و کومەڵێ جەنگاوەری کەمئەندام و نەخۆشیان پێشکەش بە کۆمەڵگا کردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا کە ویستومە پیاوەکە ببەم بۆ گەشتێک، ژنەکە ڕازی نەبووە و بە توندیی ڕێگریی لێکردووم، چونکە ئەوان بۆ ماوەی شەست ساڵ لە شەڕدان، تازە ئەو پێکەوەژیانە پڕ لە ئاژاوەیە، ناتوانن بۆ ماوەی چەند سەعاتێکیش واز لێ بێنن..واتا ئێمە ئەو میللەتەین پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین، هاوڕێیەتی یەکتری ئەکەین بۆ ئەوەی ژیان لە یەکتری بشێوێنین.. عاشقی یەکتر ئەبین بۆ ئەوەی ناخی یەکتری بکەین بە کەلاوەی نائومێدیی و ڕەشبینیی و دابڕان.. ئەبینە میوانی یەکتر، بۆ ئەوەی دنیایەک خەم و ئێرەیی و دژایەتیی و ژەهر لەگەڵ یەکتردا بگۆڕینەوە ..یەکتری ئەخوێنینەوە بۆ ئەوەی یەکتری بسڕینەوە و یەکتری ببەین بە قوڕدا..ئەچینە کۆڕ و کۆنسێرت و پێشانگای یەکترەوە بۆ ئەوەی بە ڕەخنەی کوشندە یان بێدەنگیی و پشتگوێخستنێکی کوشندە یەکتری وێران بکەین.
ئێمە پێکەوەین بۆ ئەوەی هیچ لایەکمان نەخەڵەتابین بیر لە بەختەوەریی بکەینەوە ..لەگەڵ یەکتردا ئەژین، بۆ ئەوەی به ووردیی چاودێریی یەکتری بکەین و نەهێڵین هیچ لایەکمان بچوکترین سەرکەوتن بە دەست بێنین، نەهێڵین هیچ گۆڕانکارییەک لەهیچ لایەکماندا دروست بێ، ئێمە پێکەوەین، پێکەوە بوونی سیخوڕ و قوربانییەک ..پێکەوەژیانی پۆلیسێک و زیندانییەک ..ئەو ڕۆڵانەیش بەردەوام ئەگۆڕێن، واتا لە چرکەیەکا تۆ پۆلیسیت و من زیندانیی، دوای ئەوە من ئەبمە پۆلیس و تۆ ئەبیتە زیندانیی.. واتا هەر هەوڵێکی ئازادیی من، یەکسەر تۆ ئەکاتە پۆلیس و ئەو هەوڵەم قەڵاچۆ ئەکەیت..کاتێکیش بیری ئازادیی لە تۆدا خەریکە چەکەرە بکات، من ئەبمە بارچاوەش و بە پۆستاڵەکانم ئەو چەکەرەیە لەناو ئەبەم ..
بڕوانە بۆ دوو حیزبی وەک یەکێتی و پارتیی لە شەست حەفتا ساڵی ڕابوردوودا، ئەوەی خراپە بە یەکتریان کردووە، لە شەڕی براکوژیی، لە شەڕی ڕاگەیاندن، لە جنێو، لە بوختان، لە ملشکاندنی یەکتری، له شکاتکردنی ڕاستەوخۆ لە یەکتری و تۆمەتبارکردنی یەکتری بە دزینی چەکی ئەمەریکیی لەبەردەم تڕەمپ و کۆشکی سپیدا، لەگەڵ ئەوەیشدا یەکێتی و پارتیی شەشت حەفتا ساڵە هاوڕێ و دڵخواز و تەواو کەری یەکترین.. ئەم دوو پارتە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین.. ئەمەیش زۆر خراپتر ئەکەوێتەوە، چونکە دوو هاوسەری پێکەوە ژیاوی پێکەوە نەژیاو، یەک خێزان نائارام و سەرگەردان ئەکات، بەڵام دوو حیزبی فەرمانڕەوای هاوبەشی دژ بەیەک، کۆمەڵگایەکی حەوت هەشت ملیۆنیی توشی نائارامیی و سەرلێشێوان دەکەن ..
ئەم پێکەوە ژیانە ترسناکە، کارێک دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ دژایەتییەکە قورستر بێ، لە هەمان کاتدا پێکەوە ژیانەکەیش بەهێزتر بێ، واتا کاتێ یەکێکیان خەریکە لەناو ئەچێ، ئەوەی تریان بوژانەوەی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بەهێز بێتەوەو ببێتەوە بەو هاوبەشەی کە بتوانێ ئەرکی پێکەوە ژیان و پێکەوە نەژیانەکە دووبارە هەڵبگرێتەوە..
لێرەدا ئیتر گرنگ نییە میللەتێک سەرگەردان و شێت و بێ داهاتوو ئەبێ ..گرنگ نییە شەقامەکان پڕ بن لە دواکەوتن و ئاڵودەبوون و سەرهەڵگرتن و نامۆبوون و هەژاریی و نەخوێندەواریی..
گرنگ ئەوەیە ئەو دووانە لەگەڵ ئەو هەموو شەڕ و ڕق و بوختان و غەیبەت و سوکایەتییەی کە بە درێژایی شەست حەفتا ساڵ بە یەکتری دەکەن، پێکەوە بژین .. چونکە ئەوە هەمان عەقڵیەتی دوو پزیشکی کوردە ..دوو نوسەری کوردە ..دوو بازرگانی کوردە..دوو وەرزشکاری کوردە، کە بە بێ یەکتری هەڵناکەن و ..هەتا سەر ئێسقانیش ڕقیان لە یەکترە و بە خوێنی سەری یەکتری تینوون..
یەکێتی و پارتیش هەر کوردن و .. بێ ئینسافییە گەر داوایان لێبکەین ببن بە یەک و ..یەک گوتار و یەک پەیڕەوی ناوخۆ و یەک هێز و میدیایان هەبێ، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی کورد
لە بچووکترین ئاستەوە کە دوو مناڵی باخچەیەکی ساوایانن و بە نوکی چنگاڵ ڕومەتی یەکتریی خوێناویی ئەکەن، هەتا ئەگاتە دوو سەرکردە کە یەکێکیان هێزی بەعس دێنێتە سەر ئەوی تریان و ئەوەی تریشیان هێزی پاسدار دێنێتە سەری ئەمەی تریان، باسکردن لە برایەتیی و تەبایی ئەچێتە خانەی سوکایەتیی پێکردنەوە..وەک ئەوە وایە داوا لە ئاسن بکەیت گوڵ بگرێت ..
لێرەدا ئیتر بە بێ ئاگاداری خۆمان، یاسایەکی فیزیا جێبەجێ دەکەین، ئەویش باس لە دوو هێزی یەکسان دەکات چەند بەهێز بن، ئەگەر ئاڕاستەیان پێچەوانە بێ، ئەنجامەکەی ئەبێ به سفر ..
ئەم پێکەوە ژیانە دژەی لای خۆمان، یان ئەم پێکەوە نەژیانە نزیکەی خۆمان، وایکردووە هەموو کایەکانمان سفر بێتەوە..سیاسەت، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سەربازیی، یاسا، دەستوور، زانست، هونەر، ئەدەب ، ئایین….
لە هەموو کایەکانماندا مایەپوچ بووین، چونکە پێکەوە ژیانێکی دژبەیەک پیادە دەکەین، لەو ئاژاوە گشتگیرەدا، لە نێوان دوو پیاوی ئایندا، هەتا دوو شاعیر ..دوو پزیشک ..دوو سیاسیی و دوو بازرگان، پێکدادان و یەکتر سفرکردنەوەیەکی ترسناک لە ئارادایە.. ئەوەیش هەندێک بە سیاسەتی ئینگڵیز لێکی دەدەنەوە..هەیشە ئەڵێ مریشک خۆی خۆڵ نەکا بەسەر خۆیدا هیچ کەسێ ناتوانێ خۆڵ بکات بەسەریدا.. هەندێ کەسیش لەو باوەڕەدان میللەتی کورد بە هۆی یاخی بوون و کەللە ڕەقیی و جوگرافیا و داگیرکارە هەمەچەشنەکانی چوار دەوریی و کەم ئاوەزیی و خۆش باوەڕیی خۆیەوە، ئەم بوونەوەرە سەیرەی لێ پەیدا بووە.

Previous
Next