Skip to Content

خەڵک دەیەوێ چی بگۆڕێ؟ … گۆنا سعید و ئاسۆ کمال

خەڵک دەیەوێ چی بگۆڕێ؟ … گۆنا سعید و ئاسۆ کمال

Closed
by ئاب 28, 2020 General, Opinion


سیستمی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان لە ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدایە . هۆکارێکی سەرەکی ئەم ئەزمەیە نزمبونەوەی ئاستی ئاڵ و گۆڕی بازاڕی سەرمایەیە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە کە ئەم ئەزمەیەی کردۆتە قەیرانێکی سەرتاپاگیر و جیهانی . لەم نێوەدا ووڵاتانێکی سەرمایەداری کە لە ژێر سایەی هەژمونی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان و بانکی جیهانی و کۆمپانیا ترانس ناشناڵەکان و ئابوری رەیعی نەوتدان ، ڕوبەڕوی داڕمان و شکستی گەورە دەبنەوە.
لە کوردستان باری قورسی ئەم قەیرانە بە سەرشانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتدا شکاوەتەوە، وە ئەم دەسەڵاتە سیاسی یە خەڵکی کردۆتە قوربانی پاراستنی سەرمایەی کەڵەکەبووی خۆی . ئەو ئامادەنیە لەو سەرمایە کەڵەکەبوەی لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوەوەی کوردستان کۆی کردونەتەوە هیچ بودجەیەک بۆ دابینکردنی موچە و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگ بەهۆی کۆرۆنا و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان سەرف بکا ، وەک لە زۆربەی وڵاتانی تردا بەناچاری بورژوازی دەیکا. بە پێچەوانەوە حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی داوەتە دەست مەرگی کۆرۆنا و برسیەتی و بێکاری یەوە. هەربۆیە خەڵکی بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە هاتۆتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان زۆر شوێنی گرتۆتەوە و بەهوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەڕووی دەسەڵات بۆتەوە.
لە دروشمی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی ڕانیەدا دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپزسێۆنی ساختە” بەرزکراوەتەوە. ئەم دروشمە نیشانەی وشیاریەکی تازەی خەڵکە بە ڕێگاچارەیەکی جیاواز لەوەی پێشترلە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ساڵانی دواتردا هەیبوو ، کە بەرتەسک دەبوەوە لە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگای پەرلەمان و ئومێد بەستن بە ئۆپۆزسیۆنی حزب و لیستە بورژوازیەکان.
ئەم وشیاریەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا نەک هەر بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و پەرلەمانەکەیانە بە ڵکو ڕوو لە “گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ” شە. خەڵکی ئیتر ئەزموونی ئەوەیان کردوە کە ئەم حزبە بورژوازیانە هەمیشە پێ یەکیان لە ناو خەڵک و هەموو لاشەیان لە لای دەسەڵاتە ، ئەوان خیتابی سیاسیان ڕووی لە خەڵک و پراتیکیان لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵات دایە . هەوڵی چەواشەکارانەی ئەم حیزبانە بۆ خەڵک ئەوەندە ئاشکرایە ، کە خۆپیشاندەران بە هوشیاریەکی تازەوە مامەلە دەکەن لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبانە. پێ دەچی خەڵکی نەهێڵن جارێکی تر ناڕەزایەتیەکانیان ببێتە ئامڕازی دەستی ئەم حیزبانە بۆ دابەشکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و بودجە و داهاتی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆیاندا.
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە گرنگە لە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا ، هوشیاریەکی فراوانتر پێویستە سەبارەت بەوەی کە لە کوردستان چ سیستمێک دەسەڵاتدارە و چۆن ئەم سیستمە لەباری سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی یەوە . ئەمە گرنگە تا بزانین دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی چیە ، وە بەرژەوەندی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیانەش لە ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمەدا چی یە ، ئەوان لەگەڵ چ شتیكیدان و دەیانەوێ چی لەم سیستەم و ئیدارەیە بگۆڕن بە خۆپیشاندانی خەڵک ؟
تێگەیشتن لە بنەماکانی سیستەمی سیاسی وئابووری هەرێم دەتوانێت یارمەتی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان بدات لە دەستنیشانکردنی کێشە ئەسڵیەکانی ئەم جۆرە لە دەسەڵات ، وە هەروەها لە دۆزینەوەی بەدیل و جێگرەوەیەکی ئیداری و سیاسی و ئابوری کە بتوانێت شوێنی ئەم سیستمی دەسەڵاتدارێتەی یەکێتی و پارتی بگرێتەوە بە جۆرێک کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و زەحمەتکێشانی کوردستان مسۆگەر بکات ؟ . لێرەشەوە دەتوانین بزانین کە خۆپیشناندانەکانی ئێستا دەتوانێ بەرەوکوێ بڕوات ، وە چۆن خەباتێکی سەرتاسەری بۆ گۆڕینی بنەماکانی ئەم سیستەمە بە قازانج و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی بیگۆڕێ ؟. گرنگیەکی تری ئەم بابەتە لەوەدایە کە یارمەتی دەدات کە چۆن بە ستراتیژ و تاکتیکی جەماوەری و سیاسی خەڵکی بتوانن نەک هەر ئەم سیستەمە هەڵوەشێننەوە ، بەڵکو رێگە نەدەن لە کاتی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هیچ حیزب و دەستە و گروپێک جارێکی کە سیستەمی لەم جۆرە بە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی بونیاد بنێنەوە.
زۆر گرنگە کە خەڵک بزانن کە ئەم سیستەمە سیاسی و ئابووری یەی پارتی ویەکێتی و هاوپەیمانەکانیان چۆن کار دەکات ؟ ؛ بۆچی گەشتۆتە ئەم ڕادەیە ی ئێستا لە ناکۆکی ؟ بۆچی خەڵکی دەبێت باجی قەیرانە ئابوریەکانی بدات لە کاتێکدا سەرانی ئەو حیزبانە دەوڵەمەند تر دەبن ؟ ئەم ناکۆکیە لە کوێدایە ؟ مان و نەمانی ئەم سیستەمی دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی و لە دژی کێ یە ؟
ئێمە لێرەدا دەمانەوێت بە سادەیی باس لەم خاڵە گرنگە بکەین بە و ئامانجەی کە بەشداریەک بکەین لە پرۆسەی دروستکردنی هوشیاریەکی گشتی و چینایەتی سەبارەت بە تێگەشتن لە ئابووری سیاسی کوردستان . بۆ ئەم تێگەشتنە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی وا پێوسیت دەکات کە بچینەوە سەر بنەماکانی دامەزراندن و سەقامگیر بوونی ئەم دەسەڵاتەیان . لێرەدا بوار نیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەست پێ بکەینەوە ، بۆیە ڕاستەخۆ دەچینە سەر دەورانی دوای ٢٠٠٣. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە بنەماکانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە سەقامگیرتر بوون و ڕەسمیەتێکی نێو دەوڵەتیان پەیدا کرد ، ئەمەش لە بەرئەنجامی ئەو فرسەتانەی کە بۆیان هەڵکەوت لە دوای ئەو گۆرانکاریە عەسکەری و سیاسی و ئابووریانەی دوای داگیرکاری ئەمریکا و ڕووخاندنی حکومەتی بەعس. کەوایە با بزانین ئەو فرسەتانە چی بوون :
دروست بوونی دەوڵەتی ترانس ناشناڵ
کوردستان لە ٢٠٠٣ ەوە بە فەرمی بوە بە بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. ئەم دەوڵەتە ئەمریکا و ئیدارەی بوش بە راوێژکاری لەگەڵ کەسانی وەک تۆنی بلێر و نیولیبرالەکانی ڕۆژئاوا نەخشەیەکی سیاسی و ئابووری تەواویان بۆ چوارچیوەی عێراقێکی فیدرالی سیکتاریستی و بەش بەش کراو دوای سەدام حسێن دانابوو. کوردستانیش بوە بەشدار لە پێکهێنانی دەولەتێکی لاوازی ” ترانسناشنال” کە تیایدا چیتر یەک بەرژەوەندی “نیشتمانی” سەرانی ئەو دەوڵەتە کۆناکاتەوە ، بەڵکو شتێک بە ناوی بەرژەوەندی گشتی نامێنێت ، وە جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی هەر سێکست و ئەتنیکێک (وەک کورد) پەیوەست دەبێت بە پارسەنگی هێز و رادەی هێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە “نوێنەرایەتی”یان دەکەن .
ئەم هاوکیشە سیاسی یە لەلایەک مەترسی گەورەی بۆ سەر ژیان و سەلامەتی وئەمنیەتی خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا ، و تا زەمەنێکی نادیار تووشی شەڕێکی نەبڕاوەی مەزهەبی و تایفی کردوون؛ لە لایەکی کەوە بۆ ئەوانەی کە ڕەنگ ڕێژو پلاندانەری ئەم جۆرە لە دەسەڵات بوون بۆ هەمان زەمەن بۆتە خێر وبەرەکەتێکی زۆری کۆکرنەوە و بەگەڕخستنی سەرمایە ، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوت ، هەروەها دابەشکردنی داهات و پارەی قەرز و فریاگوزاری دەزگا نێو دەولەتیەکان و بەشکردنی تەندەر و کۆنتراکتی کۆمپانیا جیهانیەکان کە سەرەیان گرتبوو بۆ دووبارە دروست کردنەوەی عێراق لە داهاتێک کە ئەمریکا لە نەوت بردبووی وبە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت .
واتە دەوڵەتی عێراق لەو مۆدێلەی “دەوڵەتی نەتەوە” ی بەعسەوە گۆڕدرا بە دەوڵەتێک کە سەرێکی بەسترایەوە بە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیهانیەکان و دەولەتانی ناوچە کە نیازی ئابووری و سیاسی گەورەیان هەبوو لە عێراق . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ..هتد ، وە ڕاددەی دەستێوەردانیان لە عێراق چەندە پەیوەندی بە هەژمونی دەسەلاتی سیاسیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا ، سەرێکی تری وا بە بەرژەوندی ئابووری گەورە و ناوچەیی لە بواری نەوت و گاز و ئاو و کارەبا و بازرگانی و کالا ساغکردنەوە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان و ،،هتد .
ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالە جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا هێنا . سیاسەت کردن لە عێراق ، سەرباری ئیدعاکانی وەک سیاسەتێکی ‘ دژە دیکتاتۆری ، دیموکراتی ، مافی کەمەنەتەوەکان ، مافی ژنان و فرەیی و ..هتد ” ، لە راستیدا بۆ هەر هێزێکی سیاسی بەشدار بوو بچوک بوەوە بۆ هاوکێشەیەکی سادە کە بریتی یە لە شەڕکردن بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی . هەروەها مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچە و جێگای خۆیدا بەسەر دابەش کردنی زەوی و زار و سەرچاوەکانی کارەبا و ئاو و سامانەسروشتیەکانی تر . بەم پێ یە سیاسەت بەکارهێنرا و دەهێنرێت بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە هەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەهەم بۆ کۆمپانیا جیهانی و ئیمپریالیستیەکان .
ئەم کەڵەکەی سەرمایەیەش لە ڕێگەی داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان و ئابووری بەکڕێ دان، وە لە دەستبەسەردا گرتن و دابەشکردنی زەوی زار، و هەم لە دەستبەسەداگرتنی سەد و بەنداو و خاڵە سنوریەکان تا ئێستاش بەردەوامە. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایە پاڵنەر وبابەتی سەرەکی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان ، وە شەڕو و ئاشتی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە بەردەوامی . ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن گەشتۆتە ڕاددەیەک کە لەم سالانەی رابردوودا ئەو پۆستە وزاری و گرنگانەی کە کۆنترۆڵی هەیە بەسەر زۆرترین سەرچاوەی داهاتدا ، نرخی تایبەتی لەسەر بێت بۆ فرۆشتنەوە ؛ وە شەڕی گەورە هەمیشە بە دەوری سێ پۆستە گەورەکەدایە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانە .
فرسەت لە بواری سیاسی
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەم ماوەیەدا لە ڕەسمیەت دان بە دام و دەزگاکانی ، ناوبانگ و کردەی لە دنیای نێودەوڵەتیدا ، بەشداری لە پرۆسەی گۆرانکاری سیاسی و ئابووری لە عێراقدا و ڕەسمەیت دان بە دەسەلاتیان لە کؤمەلگەی نیو دەوڵەتیدا وەک بەشێک لە فدراڵیەتی عێراق دەرگای بۆ خرایە سەرپشت و بەپێی دەستور ئەم مافانەی حزبەکانیان و پۆستە وەزاریەکان و دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بەسەر کوردستاندا ڕەسمیەت پێدا.
لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا ئەم دەستکەوتە حزبیانەیان لەگەڵ خیتابیکی ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە بەهێز و حەماسی پێچرابوەوە کە خەڵک پێی وابوو کە لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەدرێتەوە و دنیا دەگۆرێت و لەگەڵیدا پارتی ویەکێتی دەگۆرێن و ژیان بۆ هەموو لایەک باشتر دەبێت لە کوردستاندا.
لەسەرەتاوە پارتی ویەکیتی تا فێری چۆنێتی ئەم دابەشبوونە لە دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا بوون پێویستیان بەوەبوو کە پێکەوە فراکسۆن دروست بکەن و یەکگرتووبن ؛ دواتر نەک هەر ئەوان ، بەڵکو بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێش فێر بوون کە ئەوە ” کورد بوون” نی یە لەم دەوڵەتە نوێ یەی عێراقدا کە پاڵنەری سەرەکی پێکەوە کارکردن و دەنگهەڵبڕین بێت ؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دەست بۆ کێ هەڵئەبڕی و دەنگ بە چی دەدەیت و ئەو دەنگدانە چ قازانجێک بۆ خۆت و گروپەسیاسیەکەت بەدی دێنی ؛ تەنانەت هەندێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی نێو ئەنجومەنی عێراق ئەوەندە فێری ئەم هونەرە سیاسی یە بوون کە زۆر ئاسایی سەربەخۆ کاردەکەن و مامەڵەی جۆرا جۆر بە پلە و پۆستەکانیانەوە دەکەن لە گەڵ هەر لایەنێکی نێو پەرلەمانی عێراقدا کە نرخێکی زیاتریان لەسەر دانێ . هەربۆیە دەبینین کە ئەم حیزبە کوردیانە کە کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە کەی پێویستیان بوو، خۆیان زۆر مەسەلە نیە لە لایان و تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ئەو خیتابە بەکار دێنن .
گرنگترین شت کە پیویستە بیزانین ئەوەیە کە سیاسەت بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندی ئابووری حیزبەکان و هێزەکانی نیو پەرلەماندا بەکار هێنراوە . بەڵام بەرژەوەندی حیزبەکان و لایەنەکان بە تەنها خۆیان دیاری ناکەن ، بەڵکو کۆمپانیا جیهانیەکان دەستێکی باڵایان هەیە لە ئاراستە کردن وکۆنترۆڵکردنی بەرژەوەندیەکانی هەر لایەنێکدا . حکومەتی هەرێمیش خۆی بوە باشترین نمونەی ئەم دەوڵەتی ترانس ناشناڵ و فرە کۆمپانیایە . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا..هتد ، وە ڕادەی دەستێوەردانیان لە کوردستان چەندە پەیوەندی بە دەسەلاتی سیاسیەوە هەیە ، سەرێکی وا بە بەرژەوندی ئابووری ناوچەیی بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز دا . پەرلەمانی کوردستانیش بوە بە ئەو دەزگایەی کە مۆر بدات لەو یاسایانەی کە دەرگا ئاواڵا دەکات بۆ مامەڵە و بازرگانی نێوان کۆمپانیا ترانس ناشناڵيکان لەگەڵ کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی یەکێتی و پارتی و بەم دواییانەش گۆڕان ؛ هەر ئەم حیزبانەش ئەم کەڵەکەی سەرمایە یە بۆ خۆیان بە ناوی دەستکەوتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابوری و سیاسیەوە دەفرۆشنەوە بە خەڵک ، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە بوژاندەنەوەیەکی ئابووری و دەستکەوتێکی ماددی ئەوتۆ یان لێوە بەدەست هاتبێ بە قازانجی خەڵك.
فرسەت لە بواری ئابووری
ئەو فرسەتانە چی بوون کە لە باری ئابووریە وە بۆ پارتی ویەکێتی هەڵکەوت و ئێستاش بۆ گۆڕان و ئەوانی دی و کاریان پێ دەکەن .
1- ١٠٠ بڕیارە بە ناوبانگەکەی پۆڵ بڕێمەر بۆ نیولیبرال کردنی ئابووری عێراق ؛ لەوانە ئازاد کردنی بازرگانی لەگەل کۆمپانیا جیهانیەکان ؛ داخستن و پشتگوێخستنی ٢٠٠ دەزگای کەرتی گشتی و دامەزراوەی حکومەتیەکان ؛ پەکخستنی بانکی نیشتمانی و بڕیاردان لەسەر ئازادی هات وچۆی پارە ؛ لابردنی باج لەسەر بازرگانی جیهانی و ئەمانە و چەندینی تر …
2- فەندی بونیاد نانەوەی عێراق و تەندەری شەریکات و کۆمپانیاکان ؛ ئەم فەندە لە و ساڵەی کە بریمەر حاکمی عێراق بوو بریتی بوو لە دەیان ملیار دۆلار ؛ کاتێ بریمەر لە کۆتایی ساڵەکەدا دەورەی حوکمی تەواو بوو ، تەنها سەرفکردنی ٤ ملیاری ئەم پارەیە دیار بوو بۆ کوێ چووە . بریمەر زۆرێک لە تەندەرەکانی دا بە کۆمپانیا جیهانیەکان و تەنها بەشێکی کەمیان بەرشەریکاتی عێراقی کەوتن .. تالان و بڕۆی ئەم فەندە بێ وێنە بووە .
3- حیزب و کۆمپانیا و بنەماڵەکان : سەردەم سەردەمی دروست کردنی کۆمپانیا و تەندەر و شەریکاتی بازرگانی و ..هتد ؛ بەکارهێنانی پێگەی سیاسی هەم لە هەرێم و هەم لە عێراق بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە نەک خەڵک ، نیشتمان و هەرێم وە مافی گشتی .
4- کەڵەکەی سەرمایە لە ڕێگەی بەتاڵان بردن و کردنی زەوی بە موڵکی تایبەتی ؛ بەکار هێنانی پێگەی سیاسی ، پەرلەمان و دەزگای دادوەری بۆ دابەشکردن وبەتاڵان فرۆشتنی زەوی زاری کوردستان ، لە شارەکان و لە دەرەوەدا؛ بەم جۆرە بە هەزاران دۆنم زەوی لە موڵکی گشتی ەوە بوون بە موڵکی تایبەت و موڵکی بنەماڵەکانی نێو هەردوو حیزب .
5- ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانویست کاڵا بێننە کوردستانەوە دەبوو لە کوردستان کۆمپانیا هەبێت دابەشی کالایان بۆ بکات ؛ یان بیفرۆشێ و ساغی کاتەوە ؛ یان ئەگەر سەرمایەیان هەبوایە دەبوونە شەریک ؛ ئەم چەند ساڵە کات کاتی دامەزراندنی کۆمپانیا و شەریکاتی بازرگانی و عەقار و خانووبەرەوە بوو . زۆربەی کۆمپانیاکان هی بەرپرسەکانە و لە ڕیگەی کەس و کاری نێو حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و بەڕیوەبەرەکانەوە تەندەر و کۆنتراکەتەکانیان دابەش دەکردەوە بەسەر خۆیاندا . دروست کردنی شەریکاتی وەهمی و پشتی پەردە و وەرگرتنی عقود لە حکومەت خزم و کەس و بنەماڵەی خۆیان . کەلەکەی سەرمایە پرۆسەیەکی دوور و درێژ و هەندێک جار ئازار بەخشە ؛ خەڵک زۆرن کە زەویان داگیر کراوە یان فیڵیان لی کراوە یان بە زۆر ئیمزای فرۆشتنی زەویە و ماڵەکەیان پی کراوە ، بە تایبەت لە ناوچە ستراتیچی و گرنگەکانی شارەکان و شارۆچکە سنوریەکان .
لە کوردستان حیزب ئامرازی مانەوەیە لە دەسەڵاتدا ؛ دەسەڵات بریتی یە لە قۆرخی جوڵەی ئابووری ؛ واتە وەبەرهینان و بازرگانی ؛ وە هەروەها بوونی میلیشیای چەکدار بۆ پاراستنی موڵکی بنەماڵەکان ؛ ئەمە دوو کؤڵەکەی دەسەڵاتن ؛ بۆیە بە تەنها دەنگ نەدان بەم حیزبانە نایانکاتە دەرەوەی دەسەڵات ؛ بەڵکو دەبێت هێزی چەکدار هەبێت لە بەرامبەر بە هێزەکانیان . وەیان ئامرازی تر هەبێت کە خەڵک بەکاری بێنێت بۆ تێک شکاندنی ئەم تۆڕە کە پارێزەری لە بەرژەوەندی چەند بنەماڵەیەک دەکات و ٩٩٪ ی خەڵکی وکوردستانی کردۆتە قوربانی .
بەشێک لە دەرئەنجامەکانی نیو لیبرازە کردنی عێراق و کوردستان شان خاڵی کردنەوە دەسەلات بوو لە پەیدا کردن یان دابین کردنی کار بۆ دەرچوانی تازە ؛ بۆ بێ کاران ؛ بە تالان فرۆشتنی دەیان دامەزراوەو کارگەی کەرتی گشتی و کردنیان بەموڵکی تایبەت ؛ بە کالا کردنی سەرچاوەی کارەبایی و ئا و و مەوادی بینا و ئەمانە . ئیستا هەریەک لەم کاڵایانە کە موڵکی گشتین ووردە ووردە بوونەتە ئامرازی فرۆشتن و قازانج پەیدا کردن بۆ بنەماڵەیەک یان بەرپرسێک یان چەند دانەیەکیان پیکەوە . چونکە لە ڕیگەی بە تایبەتی کردنی ئەم بوارانە دەیفرۆشەوە بە نرخی زۆر هەرزان بە خۆیان ؛ دواتریش هەر لە بودچەی گشتی فەندیان دەدەنی بۆ پیشخستن و کڕینی ئامێر و دابین کردنی بۆ خەڵک ؛ وە دواتریش خەڵک دەبێت پارە بدات بۆ بەدەستهێنانیان .
بانکی جیهانی ماوەی ٣ ساڵی بۆ حکومەتی هەرێم دەست نیشانکرد بوو لە ٢٠١٧ەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە واتە تا ٢٠٢٠ ، بەڵام لە ڕاپۆرتێکیان دا دەڵێن کە حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانی کردوین کە “هەنگاوی خێرای وای ناوە لەیەکساڵی ڕابردودا کە %٣٧ سەرفیاتی کەمکردۆتەوە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی موچە و ریفۆرمی پشتیوانی نرخ و خزمەتگوزاریەکان (واتە گرانکردنیان).*١
بواری عەسکەری
دەوڵەتی پڕ لە ناکۆکی و بەرژەوەندی جیا جیا ی ترانس ناشناڵ لە عێراقدا پێویستی بە هێشتنەوەی میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی بوو ، هەربۆیە وەک بەشێک لە هێزی سەربازی عێراق قبوڵ کران. ئەمەش هێزی چەکداری ئەم دوو حزبەی کردە کۆڵەکەی بەهێزی هێشتنەوە و پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێک لە بەرامبەریان .
لە دوای چەند ساڵێک ، لە لایەک شکستی ئەمریکا لە عێراق و زیاتر میلیشیایی بوونی دەسەڵات لەعێراقدا و ململانێی فیدراڵی ، وە دواتر شەڕی داعش و کێشە لەسەر ناوچە ناکۆکەکان و بەردەوام دەستێوەردانی سەربازی تورکیا و ئێران ، هەموو ئەمانە کوردستانی وەک ئیدارەیەکی سەربازی هێشتۆتەوە و بیانووی داوەتە دەستی پارتی ویەکێتی کە ئەم هێزە میلیشیانەیان نەک بەرامبەر بەو هێزە دەرەکیانە و بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بەکار بێنن ، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵک و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەکاریان بێنن.
هەربۆیە دەبینین کە ڕیژەی بودجەی هێزی چەکدار و حزبی ئەم حزبانە لەسەرووی هەموو بەشەکانی تری حکومەتی هەرێمەوەیە و بریتیە لە نیوەی بودجەی هەرێمی کوردستان. ڕاگرتنی ئەم هێزە نیوملێونی یە لە ناوچەیەکی ٥ ملێۆنیدا ، پایەیەکی بەهێزی ئەم دەسەڵاتەی لەناو خەڵکدا دروست کردوە ، بەوەی کە بەشێک لەم خەڵکەی کردۆتە ئامڕازی سەرکوتی خۆیان تەنیا لەبەرئەوەی بژێوی ژیانیان لەسەر کاری سەرکوتگەری و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دوو حزبەیە. هەر ئەمەش هۆکاری موچەی بن دیواری زۆروزەبەندی حزبیە.
قەیرانی ئێستای ئەم سیستمە
قەیرانەکانی ئەم سیستەمە ، وەک پێش ٢٠٠٣ ، تەنیا پەیوەست نیە بە کێشەی نێوخۆی ناسیونالیزمی کورد لە نەبونی ئاسۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیان لە هەرێمدا، چونکە ئەم کێشەیە لە نێو دەوڵەتێکی پڕ ململانێێ ، فیدرالی ترانس ناشنال و میلیشیایدا بووەتە سیمایەکی ئاسایی سیاسەت کردن ؛ وەک ئەوەی پێویستیەکی سەرەکی کێشە و ململانێێ دەسەڵات بێت لە عێراقدا.
بەڵکو قەیرانی ئابوری لە هەرێمدا ئیتر بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی فراوانتر کە هەمیشە قەیرانی سیاسی و ئیدارییش بەدوای خۆیدا دێنێ. هۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بەسترانەوەی ئابوری کوردستانە بە بەرزونزمی نرخی نەوتدا، چالاکی و ئاستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ، بە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا و کێشەی بودجەی فیدرالی ، ئەمانە هەمووی پێکەوە خەریکە حکومەت و دەسەڵاتی ئابوری یەکێتی و پارتی بەردەوام لە ژێر فشاری شکستی گەورەی ئابوریدا دادەنێ. لەم کاتی کۆرۆنایەدا کە ئابوری جیهانی هەمووی تووشی قەیرانی گەورە بووە ، ئەوا هەموو ئەو سەرچاوە و فاکتەرە ئابوریانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی توشی بێ پارەیی کردوە.
ئەگەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی تری سەرمایەداری بەناچاری لەم کاتەدا لە سەرمایەی کەڵەکەبووی چینی دەسەڵاتدار خەریکن یارمەتی حکومەتەکانیان بدەن و دەوری حکومەت بە پێچەوانەی سیاسەتی نیولیبرالیەوە زیاتر بکەن لە سوڕانەوەی سەرمایە و دابین کردنی پێویستی یە دارایی و خەرجی یە تەندروستیەکانی خەڵکی ، ئەوا حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک نایەوێ هیچ پارەیەکی کەڵەکەبووی ١٥ ساڵی ڕابردوو کە لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوخۆی بنەماڵە و سەرکردەی حزبەکانیدا بێنێتە دەرەوە و موچە و پێویستی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و خزمەتگوزاریەکانی بۆ خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستانی پێ دابین بکا.
بگرە بە پێچەوانەوە ئەم حکومەتە لەم کاتەدا خەریکە فرسەت دێنێ بۆ بە تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان ، لەوانەش تەندروستی بۆ فریاکەوتنی تووشبوانی کرۆنا ، چۆڵ کردن و پشتگوێخستنی خەستەخانە گشتیەکان ، بڕینی مووچە و بە هەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەم دەرامەتە. بۆیە خەڵک لە بێ موچەیی و هەڕەشەی مەرگ بە کۆرۆنا و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ هێڵراوە ، وە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ .
ڕێگا چارە چیە؟
ڕێگاچارەی بەردەم خەڵکی کوردستان لە ئێستادا تەنها فشارهێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە، کە تاکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی چەند ساڵەی بەکاری بێنێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و چارەسەری کۆرۆنا و دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە سەرەکیەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا.
بەڵام چۆنیەتی کارکردن و مانەوەی ئەو سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیایی یەی باسمان کرد نیشانمان دەدا کە بۆچی سەرەڕای ئەم دۆخە قەیران گرتوەی ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت دەکاتەوە ؟ لەم قەیرانەشدا توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری لە هەموو کات زیاتر پێویستە وەک سەرخانێکی سیاسی بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوری نیولیبرالی سەرمایەداری کە پشتی بەستووە بە ئابوریەکی رەیعی نەوت و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک.
پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ کەمایەتیەکی حزبی و هەژارکردنی زۆربەی خەڵک، ئەو پەیوەندیەیە کە هەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچار دەکا کە دەبێ مل کەچی بن. ئەمانە پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانس ناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە.
کەواتە هانا بردن بۆ ئەمریکا یان بۆ فشاری تر لە پێناوهێنانی دیموکراسی زیاتر ، یان پەرلەمانێک کە هەموو حزبەکان تیایدا بەشداربن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی نەهێڵێ و یاسا سەروەر بێ، شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێ لەم بەرنامە نیولیبراڵەی کە بانکی جیهانی دەیەوێت بەرقەرار بێت لە عێراق و کوردستان . هەربۆیەشە گۆڕینی ئەم سەرخانە میلیشیایی و بنەماڵەییە لە هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بورژوازی بەهرەمەند نی یە وەک ئەوەی گۆڕانخوازەکانی پێشوو و نەوەی نوێکانی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن.
دوای تەجروبەی ١٧ ساڵ لە دەوری ئەمریکا و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی لە عێراق و کوردستاندا ، ئاشکرایە کە هەموو ئەم چاکسازی یە دیموکراتیانە هێشتا هەر دەبێ ملکەچی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانس ناشنالەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..هتد . هەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان، خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە ، وە لەمەش زیاتر هوشیاری خەڵک بە جۆرێک چوەتە سەر کە بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لەقەڵەن دەدەن. ئەمانە هەنگاوێکن بۆ پێشەوە.
دروشمی نا بۆ پەرلەمانی کارتۆنی نیشانەی تەجروبەیەی ١٠ ساڵی ڕابردووی خەڵکە لە کوردستان بە ئومێد بەستن بەوەی ئەم پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆن ئەم سیستمەی بۆ بگۆڕێ. بەڵام دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنیا ڕیژەی کورسیەکانی یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو دەورێکە کە پەرلەمان لەم سیستمە سیاسی وئابووریەی یەکێتی و پارتیدا هەیەتی. ئەم پەرلەمانە خەریکی سازکردنی ئەو یاسایانەیە کە سیاسەتی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم دوو حزبە پێویستیەتی . هەر حزبێکی تری وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ تەنها دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سیاسەت و یاسایانەدا داوای بەشی خۆیان بکەن. بە تەجروبەش دەرکەوت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنەش لە پەرلەمان وەک کارتی فشارێک بۆ ئەم بەشە لە ئیدارە و داهات شەڕ دەکا و هەر کات ئەم بەشانەیان پێ درا ئەوا دەبنەوە بە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و پۆستی حکومی وەردەگرن.
ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی ، و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن ، هیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ ، وە هەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی هەژارترکردنی هەژارەکان کۆکن ، وە ئەمەیان بە کردەوە پیادە کردوە هەر کاتێک بوونەتە بەشێک لە دەسەڵات. هەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە.
لێرەدا خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، کە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا. بۆ نمونە، ناڕەزایەتیەکانی شاری ڕانیە داوای دروشمی ” لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئەو دەڤەرە” بەرزدەکاتەوە لەبەرامبەر گەندەڵی و نەبونی خزمەتگوزاری . لە بواری تەندروستیشدا دەنگی نارەزایەتی لەدژی تایبەتی کردن و بازرگانی کردنی دەسەڵات بە بودجەی دەرمانەوە بەرز بۆتەوە ، و خواستی دروستکردنی بۆردی نەخۆشخانە گشتیەکان هەر لە کارمەندانی تەندروستی بەرز کراوەتەوە . ئەمانە هەموو نیشانە سەرەتاییەکانن بۆ دەرکەوتنی بەدیلێکی جەماوەری دژ بە دام ودەزگاکانی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی ئێستای کوردستان. ئەم هەوڵانە خاڵی هاوبەشیان بریتیە لە دروستبونی هێزیکی تر لە دەرەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی ئێستا و دامودەزگا سیاسی و حزبیەکانی و پەرلەمانەکەشی.
ئەم هوشیاریەی جەماوەری ناڕازی بەوە دەگاتە ئاستێکی باڵاتر کاتێک خەڵکی ناڕازی بروای بە بەدیلی خۆی هەبێت کە داواکاریەکانی بۆ بەدی بێنێ، نەک بە هێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆی. ئەم چینە ناڕازیە لە کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و لاوان و خانەنشینان و هتد ، لە تەجروبەی خۆیانەوە بۆیان دەرکەوتتوە کە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و ئازادی سیاسی لە ڕێگای ئەم حزب و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنانەوە دابین نابێ، وە بە ناچاری هەست بە پێویستی دروستبوونی هێزی ڕیکخراوی خۆیان دەکەن کە بێتە مەیدان و فشار دروست بکات بۆ بەدەستهێنانی هەریەک لەم پێداویستیە سەرەتاییانە.
هەنگاوی لێپرسینەوەی جەماوەری لە دامودەزگا لۆکاڵیەکان دەتوانێ هەنگاوێكی پیشڕەوانە بێت، وە بەرەو چاودێری فراوانی جەماوەری بچێ لەسەر دەسەڵات و دەزگا کانی تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لێیان بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەریان. دروستکردنی چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ هێزی ناڕازی ئێستا لە هەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە هەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.
داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێ هێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێ. ئەم دەستە ناڕازیانە دەتوانن داوای هەڵبژاردنی هەموو بەڕیوەبەر و بەرپرسانی شار و دامودەزگاکان و وەزیرەکان و سەرۆکی حکومەت بکەن و لەم ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان بخەنە جێگای نوێنەرانی دەسەڵات.
ئەم ‌ستراتیژیەی کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە هەموو شوێنێکدا چاودێربن بەسەر دام و دەزگای و حکومەتی هەرێمەوە لە کاتی هەر دزیەک کە لە نەوتدا دەکرێ، لەهەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، لەهەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەدزرێ، لەهەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، وە لە دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەی جەماوەری بۆ تەنگ هەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا، دەتوانێ سەئەنجام هێزی جەماوەر بکاتە حکومەتی سێبەر بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، وەک دەسەڵاتێک دەربکەوێت لە بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا وەستاوەتەوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر، تا کاتێک کە دەسەلاتی جەماوەری ئامادەیە کە دەسەلاتی ئیستا وسیستمەکەی بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.
ئەمانە دەتوانن ڕێگای جۆراو جۆری جێبەجێکردنی ئەو دروشمی “نا” یە بن کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە . وە نیشاندانەری هەبوونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازی یە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم هەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە هەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات بوەستەنەوە و ڕێگای پێ نەدەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە.

گۆنا سعید و ئاسۆ کمال

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress