
باران.. به‌ختیار محه‌مه‌د
حه‌زم له ده‌نگی بارانه
كه با‌نگم ده‌كا و
وه‌ك میوانێكی خۆشه‌ویست
دێته ماڵه‌كه‌م.
باران ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی خۆش نه‌وێ،
ته‌ڕمان ناكا.
باران به سێ زمان
ده‌زانێ قسه بكا:
نمه، ڕێژنه، ڕه‌هێڵه.
جار جاره‌ش به زمانی
هیرۆگلیفی لافاو ده‌دوێ.
باران كتێبی پیرۆزی خوایه،
نه‌ك قورئان و ئینجیل و ته‌ورات.
له ژنێكم پرسی:
باران چیت پێده‌به‌خشێ؟
گوتی: كه پیاو ده‌بێته دڵۆپه شیر و
به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا ده‌تكێ.
دوو شت له باران فێر ببه:
پاكی و به‌خشنده‌یی!
باران ئاسمان و زه‌وی شكۆمه‌ند ده‌كا
واته مرۆڤیش شكۆمه‌ند ده‌بێ.
نمه‌ی باران
ده‌نگی چپه‌ی ئاسمانه
كه بۆ زه‌وی ده‌دوێ،
لێزمه‌ش سه‌دا و هاواریه‌تی.
واز له باران بێنه
با ته‌ڕت كا و
ڕۆحت بناسێ!
جوانیی له ته‌ڕبووندایه.
ئه‌ی باران، تێر له باوه‌شم كه و
تێر له ڕوخسارم بڕوانه!
باران گۆرانییه‌كه
هه‌ور ده‌یچڕێ،
زه‌ویش خانمێكه
گوێی لێ ڕاده‌گرێ.
ئه‌مشه‌و باران
به قه‌سیده‌یه‌ك ده‌چوو،
كه ئاسمان بیخوێنێته‌وه.
زستان شاعیره،
باران شیعره و
لافاویش ڕه‌خنه‌یه.
باران له مه‌مله‌كه‌تی بادا ده‌ژی
باران پادشایه له مه‌مله‌كه‌تی بادا.
ده‌نگی باران
سیمفۆنیای گه‌ردوونه.
ئه‌گه‌ر بارانت خۆش‌ویست،
هه‌ست به پاكی ده‌كه‌ی.
پاكمان كه‌وه
ئه‌ی باران
له چڵكی زه‌مه‌نی بێ مانایی!
ئه‌وه‌ی بارانی خۆش ده‌وێ
ژیانی خۆش ده‌وێ،
به‌ڵام له لافاویش ده‌ترسێ.
تووڕه‌بوون (لافاو)
له باران نایێ.
بارانیش وه‌ك مرۆڤ
له كاتی هێمنیدا جوانه.
لافاو: ئیمپڕاتۆریه‌تی باران.
باران هه‌م جوانه
هه‌م ناشیرین:
باران له‌ناو عه‌شق و تێریدا جوانه،
به‌ڵام له‌ناو ته‌نیایی و هه‌ژاریدا ناشیرین.
ته‌نها باران ده‌زانێ،
كه ماڵی ئارام چه‌ند خۆشه!
به‌ختیار محه‌مه‌د