
پێڵاوه شینه‌كه‌م.. عەبدولڕەحمان فەرهادی
له‌بیرمه زۆر منداڵ بووم، به مه‌زه‌نده‌ی خۆم ده‌بێ سێ ساڵان بووبم. بابم، برا گه‌وره‌كه‌می ڕاسپارد بچێ له بازاڕ پێڵاوێكم بۆ بكڕێت، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵ خۆی ببات، به قولانجه‌كانی پاپێویی كردم، پاشتر چووه بازاڕ و به زه‌وقی دڵی خۆی پێڵاوێكی لاستیكی شینی بۆ هێنام، ئێستایش له‌بیرمه به‌روڕووی پێڵاوه‌كه‌م نه‌خشێكی كون‌كون بوو، به‌ڵام كونه‌كانی له شێوه‌ی خاڵێ قۆرتقۆرت بوون نه‌ك كونبه‌ده‌ر، هه‌ر به مه‌زه‌نده‌ی ئێستام، درێژیی پێڵاوه‌كه‌م 10-12 سانتیمه‌ترێك ده‌بوو، پێڵاوی شینم له پێیه بچكۆڵانه‌كانم هه‌ڵكێشان، هه‌ردوو تاك پڕ به پێم بوون، له خۆشییان نه‌مده‌زانی له‌سه‌ر زه‌مینم یان له‌سه‌ر هه‌ور. شه‌و پێڵاوه‌كه‌مم له‌گه‌ڵ خۆم برده ژێر لێفه‌كه‌م، هه‌ر بۆنم ده‌كردن و ده‌مگوت ده‌بێ كه‌ی به‌یانی بێته‌وه تا له‌پێیان هه‌ڵكێشم! به‌ڵام بێ‌ئاگا خه‌وم لێكه‌وت و وه‌ك ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك نێوانی بیركردنه‌وه و خه‌وه‌كه‌م بێ له‌پڕ به‌ئاگا هاتم، دةميَك بوو به‌یانیی دابوو، خۆشییه‌كه‌م له‌نێو نوینه‌كه‌ی ده‌رپه‌ڕاندم.
وه‌رزه‌كه‌ی زستانێكی پڕ له زوقم وسه‌قه‌م بوو. سبه‌ینه‌كه‌ی به پێڵاوه نوێیه‌كه‌م له حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه ده‌هاتم و ده‌چووم، هه‌ر ته‌ماشایم ده‌كرد، ڕه‌نگه‌كه‌یم زۆر پێ جوان بوو. حه‌وشه‌كه‌مان پان و به‌رین بوو، چووم له‌كن دایكم له ده‌ركی متبه‌قه بچووكه‌كه وه‌ستام كه ئه‌و خه‌ریكی شی‌و لێنان بوو، ئێستایش لەبیرمه شیوه‌كه‌ی كه‌شكه‌ك بوو، كه‌شكه‌كێكی ڕووتی بێ گۆشت و شله. له‌هیكڕا هه‌ستم كرد هه‌ردوو پێم كه‌وتنه ژان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رزیئاژن بكرێن وابوو، ئێستا بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه كه ژانی پێیه‌كان هی سڕبوون بوو به‌هۆی سه‌رمایه‌كه‌وه، به‌ڵام نه‌مده‌زانی بڵێم پێم سڕ بووه، به‌ڵكوو هه‌ر ده‌گریام، دایكم ده‌یگوت: كوڕێ من بۆ ده‌گریی، چیت ده‌وێ؟ هه‌ر نه‌مده‌زانی ئه‌وه پێ سڕبوونه به‌هۆی سه‌رماكه‌وه، ته‌نیا ده‌مگوت:
پێم دێشێت، داوام ده‌كرد پێڵاوه‌كه‌م له پێ بكه‌نه‌وه، ئه‌ویش و بابم و براگه‌وره‌كه‌شم هه‌ر وایان ده‌زانی پێڵاوه‌كه‌م بچووكه، بۆیه پێیه‌كانم دێشن. برا گه‌وره‌كه‌م پێڵاوه‌كه‌ی برده‌وه بازاڕ و یه‌كێكی دیكه‌ی كه‌مێك گه‌وره‌تری بۆ هێنام، كه له پێم هه‌ڵكێشان، دوای كه‌مێك، دیسانه‌وه پێیه‌كانم به‌هۆی سه‌رمایه‌كه‌وه سڕبوونه‌وه. له‌تاو ئازاری پێیه‌كانم، دیسانه‌وه ده‌ستم كرده‌وه به گریان، كه‌سیان تێنه‌ده‌گه‌یشتن كه پێیه‌كانم بۆچی دێشن! پێیان عه‌جایب بوو! پێڵاوه‌كه‌م نه ته‌نگه نه شتێكی تێدایه كه پێیه‌كانم به ئازار بخه‌ن! دایكم له تاو گریانی من بێزار بووبوو، ده‌یه‌ویست زللةیه‌ك بخێوێنێته بناگوێم، جارجاره ده‌ستی لێ ڕاست ده‌كردمه‌وه، پاشان دڵی نه‌ده‌هات لێم بدات. دواجار باوكم به كێشه‌كه‌م حه‌سیا و گوتی ئه‌مه هه‌بێ و نه‌بێ پێوپلی سه‌رما بردوونی بۆیێ ئازاری ده‌ده‌ن، دواتر داوای كرد بچن گۆره‌وییه‌كی خوریم بۆ بكڕن، ئێواره‌كه‌ی دیسانه‌وه مه‌لای برام هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك چووه‌وه بازاڕ و گۆره‌وییه‌كی بچووكی قاوه‌ییی په‌یدا كردبوو هێنایان له پێیه‌كانیان هه‌ڵكێشام، دوای تاوێك، ئازاری پێیه‌كانمم بنبڕ بوو.. كه گه‌وره بووم، كه‌وتمه ساڵانه‌وه، ئازاری سڕبوونی پێیه‌كانم هه‌ر به‌رده‌وام بوون، وه‌لێ له گریان كه‌وتم، به‌ڵام به ئێستایشه‌وه هه‌ر گرینۆك ماوم، چما گه‌ر وه‌ك منداڵیم به هه‌ر شتێك بگریبام، ئه‌وا ده‌بوو بیست و چوار سه‌عاتی خوا، به‌ڵكوو وه‌ك كۆنستانتین جۆرجیۆ، شه‌و و ڕۆژم لێ ببایه به بیست و پێنج سه‌عات، هه‌ر گریابام و گریابام، چونكێ هه‌موو ته‌مه‌نی منداڵی و مێرمنداڵی و هه‌رزه‌كاریم پڕاوپڕ بوون له سڕبوونی بێئامانی ژیان.
▪️ع.ف▪️