Skip to Content

رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی پێنجەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی پێنجەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2022 General, Poems

زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی تابلۆی سەر دیوارەکانی شار
ئەم عەشقەمان کاڵ بێتەوە و
باراناوی گومان بیشواتەوە
یان وەک پێکێکی ساردی رژاو
پێش ئەوەی تێر مەستی یەکتر بین
بچۆڕێینە ناو ئەلبوومی بیرچوونەوەوە
زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی مۆمە تۆراوەکانی نیشتمان
ئەم ئەوینەمان بتوێتەوە و
تاریکی مێژوو قوتمان بدات
یان وەک ئەو نامە رۆح سەوزانەی
پێش ئەوەی بگەنە دەستی خودا
دەکەونە ژێر خەنجەری کولتوورەوە

پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
شەوێکی ئیرۆسی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو بتکەمە شاژنی سەر تەختی لەززەت
رۆژێکی پڕ رەنگی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو لەسەر بەرماڵی پەلکەزێڕینە
سوجدەت بۆ ببەم
عەسرێکی نیلۆفەڕیی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو خونچەی شیعرم
لە رۆحتدا سەردەربێنێت
پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
فنجانێک قاوەی تاڵی عەشقتم پێ ببەخشە
تاکو لە زەریایەک هەنگوینی ماچت هەڵکێشم
تۆ هەڵاڵەی لێوی پڕ شیلەتم پێ ببەخشە
تاکو پەپولەی حەزم سەدان ساڵ تامی بکات
دڵۆپێک مرەکەبی ژنێتیتم پێ ببەخشە
تاکو دەیان کتێبی توانەوەی پێ بنووسم

نامە بێ نازەکەتم خوێندەوە
کە بە فرمێسکەوە نوسیبووت
ئەم نامەیە مەکەرەوە، بەڵام ئەگەر کردتەوە
وەرە مریەمێکی پاکیزە
لە چەکمەجەی شەرەفپەرستان دەربهێنە
لەگەڵیدا سەفەر بکە بەرەو شارێک
غوباری نامووسپەرستی لێڵی نەکردبێ
نامە نازدارەکەتم خوێندەوە
بە قەڵەمی تریفە نوسیبووت
ئەم نامەیە بکەرەوە، لەگەڵ کردنەوەیدا
وەرە ژوانی ژنێکی دەریایی
بەڵام بە بەلەمی عەشق وەرە و
ماڵێک لە ئاو چێ بکە

ژنێک لە ناو مندا ئەژی
هەمیشە مژ لە سیگاری خەونەکانم ئەدات
دوکەڵی رۆژگارە خەمۆکەکانم هەڵدەمژێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک بەفری بەر هەتاو بە تیشکی شیعرم
هێمن هێمن، ئەتوێتەوە
ژنێک لەناو مندا ئەژی
هەمیشە شەکری خەیاڵەکانم ئەکرۆژێت
شەرابی بێزارییەکانم هەڵدەقوڕێنێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک چۆلەکەی بەر چۆڕاوگەی عەشقم
رووت و قووت هەڵدەلەرزێت

سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە ماچ گۆڕینەوەوە دەربهێنێت و
بیخەیتە توێی کتێبێکی تۆز لێ نیشتووەوە
عەشق لە توانەوە لە ئامێزی یەکتردا بگۆڕیت
بۆ شیعرێکی لاڵ لە زەمەنی کەڕبووندا
عەشق لە لەززەتی تێکەڵبوونی رووباری هەست
لەگەڵ دەریای عاتیفە، بگۆڕیت بۆ
هەڵواسران بە خاچی نەریتەوە
سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە گۆرانییەکی ئازادەوە بگۆڕیت بۆ
مەقامێکی دێرینی کەلەپچەکراو
عەشق لە فڕین بەناو ئازادیدا بگۆڕیت بۆ
ئەو پێوەندانەی لە هەوری رەشی
کولتووری خواستراوی بیابانەوە ئەبارێن

لە هەموو جێیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لە ناو رێگە پێچاوپێچەکانی دڵم
لە ناو ئەو مەلە غەوارانەی
لە هیچ جێگەیەکی رۆحم نانیشنەوە
لە ناو ئەو پرسیارانەی هیچ کات
وەڵامێکی دڵخۆشکەر وەرناگرنەوە
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم
لە هەموو جێگەیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لەناو شەبەنگەکانی خەیاڵی خۆم
لە ناو رووباری هەڵچووی ئەسرینم
لە ناو ئەو شەبەقە گەورەیەی
چەقۆی دڵڕەقی کردیە خەونەکانم
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم

بۆ ناسینی من
پرسیار لەو ئەستێرانە بکە
لاوکی درەوشانەوە بۆ ئەو رۆژانە ئەڵێن
لە خومخانەی شەو هەڵکێشران
پرسیار لەو دارسنەوبەرانە بکە
لە وەیشومەی سەختترین زستانیشدا
بەرگی سەوزی ئەوینیان لەبەردایە
پرسیار لەو رێگا گوڵڕێژانە بکە
هەموو دەگەڕێنەوە رۆمای عەشق
بۆ ناسینی من
پرسیار لە قەدیسێکی نورانی بکە
کە خودای لە دڵی ژنێکدا دۆزیوەتەوە
پرسیار لەو رەشەبا سەرەڕۆیانە بکە
ژیلەمۆی مۆمیاکراوی جوانی دەگەشێننەوە
پرسیار لە بەختی رەشی خۆت بکە
کە لە شیعری مندا سپی سپی بۆتەوە

هەڵوەریم وەک خەیاڵێک
پەروانەیەک هەڵیگرتمەوە و
تابوتێکی بۆ دروستکردم لە گوڵ
هەڵوەریم وەک شاعیرێک
ژنێکی نامۆی شکۆفەدار
گۆڕێکی بۆ هەڵکەندم لە وشە
هەڵوەریم وەک خەونێک
رێبوارێکی دڵ پڕ لە سەفەر
لە ژێر دار ئەرخەوانێکدا ئەسپەردەی کردم
هەڵوەریم وەک ئەستێرەیەک
بەسەر شانی فریشتەیەکەوە بەڕێکرام
بەرەو گۆڕستانی تیشک

Previous
Next
Kurdish