Skip to Content

چیرۆک/ بیست و چوار سەعات… نەوزاد بەندی

چیرۆک/ بیست و چوار سەعات… نەوزاد بەندی

Closed
by حوزه‌یران 25, 2022 General, Literature

چومە ناو ئوتومبیلەکەم ، پێش ئەوەى سلف بگێڕم ، بۆم دەرکەوت جزدانى بەرباخەڵەکەم لە چەکمەجەى مێزى دوکان، لە بیرچووە ..ویستم دابەزم و بڕۆمەوە بۆ دوکان ، بەڵام هەستێک پاڵى پێوە نام ، کە نەگەڕێمەوە ..چى ئەبێ ئەگەر چەند سەعاتێک بە بێ پارە بەسەر بەرم ..سەدان و ڕەنگە هەزاران کەس هەبن بە ڕۆژ و هەفتەیش گیرفانەکانیان بەتاڵ بن ..دنیایش وێران نابێ و زەوى شەق نابێ ..زەنگى مۆبایلەکەم لێًى دا ، نوسینگەى وەزیر بو ، یەکسەر دایخستەوە ، بۆ ئەوەى من تەلەفۆنى بۆ بکەم ، چونکە من ئیشم بەوانە نەک ئەوان ئیشیان بە من بێ ..یەکسەر زەنگم بۆ کردن ، وەڵامى دایەوە و پەیوەندییەکەمان پچڕٍا ..نامەیەکم لە کۆمپانیاى مۆبایلەوە بۆ هات ، ئاگادارى کردمەوە کە باڵانسى حیسابەکەم دابەزیوە و ناتوانم لە گفتوگۆ بەردەوام بم ..لە نزیکترین فرۆشگا ، ( کارتێکى مۆبایلم بەرێ .. )

  • ( پێنجى یان دەیى ؟؟ )
    بیرم کەوتەوە جزدانى پارەم لە یاد چووە و پارەم پێ نییە ، ( ئا .. ببوورە .. ببوورە .. ) بە کەمێ شەرمەزارییەوە چوومە دەرەوە ، فرۆشیارەکە هەستى بە دەستم کرد کە بەدواى شتێکدا ئەگەڕا لە گیرفانەکانما و .. تێگەیشت کە ڕەنگە جزدانم لە بیر چووبێ ، بە دوامدا هات و ..وتى : ( وەرە ..وەرە .. کاکە گیان ! خۆ سەرى دنیا بە پوش نەگیراوە ..وەرە ..کارتەکە ببە و دوایى پارەکەى بێنە ..ئەزانم ، جزدانت ون کردووە .. )
  • ( نا .. نا .. گیانەکەم ..سوپاس ..تۆزێکى تر دێمەوە ..)
    لە ژیانمدا نەمتوانیوە لە هەڵوێستێکى وادا ، خۆم ببوورم و شتێکى لەو جۆرە قبوڵ بکەم ، هەرچەند کابراى فرۆشگە وتى : ( وەرە ..برا .. ئەمڕۆ جزدانى تۆ ئەدزن ، سبەینێ هى ئێمە ئەدزن .. خۆ شارەکە جۆرەها باندى دز و درۆزنى تێ ڕژاوە … )
    نەمتوانى لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ بدەم ، سەرنجم دا لەوبەرى شەقامەکەدا فەرهاد سێ بەچوارم بینى ..بەخوا ڕێکەوتێکى باش بوو ، ئێستا مۆبایلەکەى لێ وەرئەگرم و مەسەلەى نوسینگەى وەزیر ئەبڕێنمەوە ..فەرهاد سێ بەچوار تۆزێک حەزى لە گەورەکردنى قسە و دیاردەکان بوو ، بۆ نمونە لەبەردەم سەمونخانەیەک ئەتبینى ، دواى دوو ڕۆژ ئەیوت : بە ڕاى تۆ ئەوو ڕۆژە چەند سەمونم کڕى ؟ .. ناچارى ئەکردی پێى بڵێَى : چەند ؟ ئەیوت : دووسەد سەمون …هەر وازى نەئەهێنا ، ئەیپرسى : ئەزانى بۆ ؟ ناچارى ئەکردیت بپرسى : بۆ ؟ ئەیوت : چل و پێنج میوانم هەبوو ..
    جارێکیان وتمان حاجیەکان بەرماڵى دوو نەفەرییان هێناوەتەوە ..ئەو لچێکى هەڵقورچاند و ..وتى : بەرماڵەکەى ماڵەوەم چەند بە چەند بێ ؟ ..وتمان : چەند بە چەند ؟ وتى : سێ بە چوار ..
    لەو ڕۆژەوە بوو بە فەرهاد سێ بە چوار ..
    کە فەرهاد سێ بە چوارم بینى ، ئاهێکم پیا هاتەوە ، هاوارم لێکرد ، ڕاوەستا .. ئاوڕى دایەوە ، وتى : ماڵت ئاوا بێ ! وامئەزانى لە وەکالەتى موخابەراتى ناوەندى ئەمەریکاوە ئیعازم پێدراوە ..
    وتم : ئەو مۆبایلەتم بەرێ … وتى : کامەیان ؟ ئایفۆنەکە یان گالاکسییەکە ؟ سۆنى ئەرێکسۆنەکە یان گڕلاکسى نۆتەکە ؟ ئەتەوێ بە خەتى ئاسیا قسە بکەى یان کۆڕەک یان زەین یان عێراقونا ؟
    وتم : بە ئارەزووى خۆت ..
    لە ڕێگا ، زەنگێکم بۆ هات ، کوڕە بچکۆلەکەم بوو ،
  • ( بابە ..دەفتەرێکى ڕەسم و دەستەیەک ماجیک ..)
  • ( بەسەر چاو .. )
    لەبەردەم نزیکترین پەڕاوگەدا ، ئوتومبیلەکەم پارک کرد ..کە فرۆشیارەکە دەفتەرى وێنەکێشان و ماجیکى بۆ پێچامەوە ، جا بیرم کەوتەوە کە موفلیسم ..ئەوسا بە دواى بەهانەیەکا گەڕام بۆ ئەوەى شتەکانى لێ نەکڕم ..
  • ( ئەم دەفتەرى ڕەسمە لەوە ئەچێ لاپەڕەکانى باش نەبن .. )
  • ( باشترین جۆرێتى ..ئەشیاکانى ئێمە هەمووى مارکەن )
  • ( بڕوا ناکەم .. ! )
  • ( ئارەزووى خۆتە ) فرۆشیار ڕووى گرژ کرد ( بە زۆر پێت نافرۆشم .. )
  • ( ببوورە .. )
    بە پەنجە گەورەم چەناگەم خوراند و بە جوڵەیەکى میکانیکیى چومە دەرەوە ..
    کوڕە ناوەنجییەکەم قەت داواى هیچى لێ نەکردووم ..هیوادار بووم ڕۆژێکیان داواى شتێکم لێ بکات و بۆى جێ بە جێ بکەم ، لە دوا ترافیک لایتا ، زەنگێکم بۆ هات ، تەماشا ئەکەم کوڕە ناوەنجییەکەمە ..
  • ( بابە )
  • ( بەڵێ )
  • ( زۆر حەزم لە پیتزایەکە لەگەڵ کۆکا کۆلایەکى سعودى ..)
  • ( باش )
    گەڕامەوە بۆ ناوەندى شار .. پیتزایەکى بەناوبانگ هەبوو ، خەڵکێکى زۆرى تێ وروکا بوو .. چەند سەیرە ئەو خەڵکە خواردنى دەرەوە بە پێشکەوتن و ڕۆشنبیریى ئەزانن.. ڕۆژى دواتر لەسەر کار ، باس لە ڕیستۆرانتێک ئەکەن کە نەفەرێک بە بیست دۆلار نان ئەخوات و بوفیەکەى کراوەیە .. ئینجا بە شانازییەوە ئەڵێ : تەبعەن ، براتان تەنها گۆشتى بە ڕووتى خواردووە .،تەنها گۆشت .. ئاخر تاوان نییە لە بوفیەى کراوەدا خۆت بە برنج و قۆڕیاتەوە سەرقاڵ بکەى ؟
    ڕوخساریان سوور هەڵگەڕاوە و .. چەوریى خوێنیان بەرز ئەبێتەوە ..ئیتر کلینیک و قاوشەکانى بوژانەوەى دڵ پڕ ئەبن لەو مرۆڤە پێشکەوتووانە ..لەو مرۆڤە ڕۆشنبیرانە ..
  • ( مامۆستا چۆن خزمەتت کەم ؟ ) شاگردێکى پیتزاکە لەبەردەمما ڕاوەستا بوو ..
  • ( نا .. هیچم ناوێ ..) بیرم کەوتەوە جزدانم لە بیر چووە ( تەنها ڕۆژنامەنووسێکم و ئەمەوێ ڕاپۆرتێک ئامادە کەم ..سەبارەت .. سەبارەت .. )
    شاگردەکە بە پڕتاو ڕایکرد بۆ لاى وەستاکانى ..بە چرپە هەندێک قسەى لەگەڵدا کردن و ئاماژەى بۆ من کرد .. چەند وەستایەکى پیتزا بەرەو ڕووم هاتن ..یەکێکیان دەم بە خەندە بوو ..ئەوەى تریان ڕووى گرژ بوو ..سێیەمیان زۆر ئاسایى بوو ..
  • ( کاکە گیان ..ئێرە جێگاى ڕاپۆرت و ماپۆرت نییە ) وەستا ڕووگرژەکە واى وت ..
  • ( ئەگەر پرسیارێک یان ڕوونکردنەوەیەکت ئەوێ ، ئامادەین یارمەتیت بدەین ، لە خۆتەوە ڕمڵ لێ مەدە .. ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت ..
  • ( ئەم پیتزایەى ئێمە وەکو جگەرە وایە ، یەک پارووى بخۆى ، ئاڵوودەى ئەبى …وەرە یەک پارووى لێ بخۆ ..) وەستا دەم بە خەندەکە واى وت ..
  • ( پیتزاى ئێمە ستاندەرە .. مواسەفاتى ئیتاڵیە و .،هەموویشمان سنورداشى ئیتاڵیاین ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت
  • ( ئێمە ڕۆژنامە تەنها بۆ نانخواردن بەکاردێنین ، چونکە سفرەى نایلۆن باش نیە ) وەستا ڕوو گرژەکە واى وت ..
  • ( لە ماڵەوە چەند کەسن ، با ئەوەندە پیتزات بۆ بپێچینەوە تەنها بۆ تەجروبە .. ) وەستا دەم بە پێکەنینەکە واى وت ..
  • ( ئەگەر پارەت پێ نییە ، تێرت ئەکەین ، واز لە فێڵى ڕۆژنامە و شتى زل بێنە .. ) وەستا زۆر ئاساییەکە واى وت ..
    کە لە فرۆشگاى پیتزا چوومە دەرەوە ، مۆبایلەکەم ئۆف کرد .. بۆ ئەوەى ئیتر پێشوازى لە هیچ پەیوەندییەک نەکەم .. چونکە مرۆڤ بە بێ جزدانەى بەر باخەڵ ، بەکارى هیچ شتێک نایەت ، خۆ ئەگەر هەوڵیش بدات ئەرکێک جێ بە جێ بکات ، ئەبێتە گاڵتەجاڕ ..ئەبێ چەند کەس لەم شارەدا بەردەوام جزدانەکانیان بەتاڵ بێ ، بە جۆرێ نەتوانن بچوکترین پێداویستى مناڵەکانیان جێ بە جێ بکەن ..چەند بن ئەوانەى کە بە ئاخ و داخەوە بە بەردەم دوکانى پیتزا و پەڕاوگەکاندا ڕەت ئەبن و مۆبایلەکانیان ئۆف ئەکەن .. ناتوانن ماجیک و دەفتەرى ڕەسم و پیتزا ببەنەوە بۆ ماڵەوە ، لە دەرگا دەدات ، مناڵەکان نایەن بە پیریەوە .. ئەزانن هیچ شتێکى بۆ نەکڕیون .. ڕوخسارێکى سارد و سڕ و مردوو ئەبینن ، کە هەموو نیشانەکانى پەشیمانی لە ڕوخساریدا هەڵکۆڵراون ..ئەکرێ بوترێ مرۆڤ بە بێ جزدانەى بەر باخەڵ ، ناتوانێ وەک پێویست لە دەرگاکان بدات .. لە دەرگاکانیش بدات ، پەشیمانیى یەخەى ئەگرێ ..مۆبایلەکەیشى وەک چەکوشێ وایە ، بەردەوام سەرى ئەکوتێتەوە ، لەگەڵ هەر زەنگێکدا ، ئەم لایەکى وشک ئەبێ ..
    ( باشە .. بۆچى پەیکەرێ بۆ جزدانەى بەر باخەڵ دروست ناکەن ؟ بۆ ئەوەى حوکمەت بیبینێ ..وەزیرەکان .. پەرلەمانتارەکان .. دەوڵەمەندەکان و ..دەست ڕۆیشتووەکان ، بیبینن ..ئەوانەى کە بە ماوەیەکى کورت ، باڵەخانە و تاوەر و ساختمان و ڤیللا دروست ئەکەن ..پێویستە هەموو ئەو کەسە ڕۆشنبیر و پێشکەوتووانە ئەو پەیکەرە ببینن ، ئەوانەى بەردەوام لە چێشتخانەى پێنج ئەستێرە خەریکى بوفیەى کراوەن ..ئەوانەى کە تەنها گۆشت ئەخۆن .. کە پێیان جۆرێکە لە جۆرەکانى کەرێتیى ، ئەگەر بێجگە لە گۆشت ، شتێکى تر بخۆن ..ئەوانەى کە بەردەوام داد و بێ دادیانە لە بەرز بوونەوەى ڕێژەى هیمۆگڵۆبین لەناو خڕۆکە سوورەکانیاندا .. پێویستە هەموو ئەوانەى کە کەل و پەل و ئوتومبیلى مارکە ئەکڕن ، ئەو پەیکەرە ببینن .. بۆ ئەوەى بۆیان دەربکەوێ ، کە جزدانى بەرباخەڵ ئەوانى کردووە بەو کەسە .. ئەگەر لێیان ون بێ ..یان لێیان بدزرێ ..یاخود لێیان بسەنرێتەوە ، ئەبێ توشى چ نەهامەتییەک بن .. )
    ( پێویستە ماددەیەکى تازە بخرێتە ناو دەستوورەوە ، بە پێى ئەو ماددەیە ، هەموو مانگێک ، بیست و چوار سەعات ، جزدان لە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران و پیاو ماقوڵان و ڕۆشنبیرە گۆشتخۆرەکان بسەنرێتەوە .. بۆ ئەوەى بزانن لەو وڵاتەدا ، سەدان و هەزاران کەس هەن هێشتا نەگەیشتونەتە قۆناغى هەڵگرتنى جزدان .. هێشتا جزدانەیان نییە ..چەندن ئەو مناڵانەى کە هێشتا پیتزایان نەخواردووە ..چەندن ئەو مناڵانەى هێشتا نەبوونەتە خاوەنى ماجیکى ڕەنگاو ڕەنگ ..)
  • ( باوکە … ئەوە بۆ ئەگریت ؟؟ )
    گەیشتبوومە ماڵەوە ..
  • ( هیچ نییە ..مێشوولەیەک خۆى کرد بە چاوما .. )
    ئیتر پێکەنینێکى دەسکردم نیشان دان ، کە لە هەموو شتێک ئەچوو ، لە پێکەنین نەبێ …

تێبینی : ئەم چیرۆکەم لە 25/1/2014 دا نوسیوە .
Nawzad Bandy

25/1/2014

ـــنەوزاد بەندی ـــــــ

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish