Skip to Content

یەشار کەمال لە نێوان کورد بوونی و تورک بوونیدا.. نوسینی: ئیدریس مستەفا

یەشار کەمال لە نێوان کورد بوونی و تورک بوونیدا.. نوسینی: ئیدریس مستەفا

Closed
by شوبات 15, 2022 General, Literature

وتەیەکی پێویست: کەس ناتوانێ نکوڵی لە گەورەیی یەشار کەمال بکات وەک رۆماننوسێکی تورکینوس و ئەدیبێکی گەورەی تورکیا، بەڵام کاتێک بەهۆی رەچەڵەکی کوردبوونیەوە دەکرێت بە نوسەر و رۆماننوسێکی دیاری کوردە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کورد دەکات، ئەوا ئێمە غەدر لە خۆمان و یەشار کەمالیش دەکەین. غەدر لەو دەکەین گەر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و غەدر لە خۆشمان دەکەین گەر دڵمان بە کوردبوونی ئەو خۆش بکەین. ئەو وەک خۆی چۆنە با ئاوها سەیر بکرێت دوور لەهەر هەست و سۆزێکی کوردانە؛ ئەو نەهی لەوە ناکات کە بە رەچەڵەک کوردە بەڵام وەک خۆی دەلێت “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە.” (س١) هەر بۆیە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیشی باس لە کورد و دۆزی کورد ناکات.

وشەیەک بۆ باسەکە: ئاستی وێژەیی رۆمان, وەک زمان و تەکنیکی نوسین، رەگەزێکی گرنگە بەڵام لەوانە گرنگتر بابەتەکانی ناو رۆمانە. ئەوەی نەمری رۆمان دەهێڵێتەوە بابەت و رەهەندی چیرۆک و رووداوەکانی ناویەتی نەک ئاستە وێژەییەکەی . رۆمانوسیک کە وڵاتەکەی هەمێشە پڕ لە کارەساتی مرۆیی بێ و میللەتەکەی لە ژیانێکی پڕ مەینەتیدا بێ جیاوازە لەو رۆماننوسەی لە وڵاتێکی ئارام و دوور لە شێوای سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەڕی فەرهەنگیدا بژی. رۆماننوسی تەرزی یەکەم ئەوەی لێ داوا دەکرێ یاخود هەر بە سروشت بەرهەمەکانی مەرگەسات و مەینەتیەکانی وڵاتەکەیی و میللەتەکەی خۆی دەنوسێتەوە بەڵام گەر ئەمەی نەکرد واتە تەنها هی وڵاتەکەی تۆمار بکات و هی میللەتەکەی خۆی فەرمۆش کرد ئەوا دەکەوێت بەردەم پرسیارێکی مێژووییەوە. یەشار کەمال بە ئاشکرا و راستەوخۆ مەینەتیەکانی تورک و یۆنانیەکانی ناو تورکیا نوسیوەتەوە بەڵام بە هیچ کلۆجێک باسی کوردی نەکردووە چ بە ناراستەوخۆ و چ بە پەنهانیش. بەڵی بەرهەمی هەن کە ئێمەی کورد دەزانین لە ناوچە کوردیەکاندا روودەدەن بەڵام دوور و نزیک بە لای کورد و پرسەکەیدا ناچێت و بە جێگەی کورد و ماکی مرۆی کورد لای ئەو تۆمار نەکراوە. پیشاندانی جوگرافیا لە رۆماندا مانایەکی ئەبستراکت دەبەخشێ گەر رەگەزە مێژووییەکان و رەچەڵەکە مرۆییەکانی وەک ئەوەی هەن تێیدا نەنوسرێتەوە. هیچ بەهانەیەک ناتوانێ یەشار کەمال لەو حوکمی مێژووییەوە قورتار بکات گەر بێتو ئێمە سووربین لەسەر پرۆژەی بە کوردی کردنی.

ناسینی یەشار کەمال لە ناو ئێمەدا
لە مێژە باس و خواسی کورد بوونی یەشار کەمال هەواڵێکی گرنگ و دڵخۆشکەرەیە لە ناو ئێمەی کوردانی باشوردا. ‌چەند هۆکارێک هەن کە یەشار کەمالیان لەسەر هەر دوو ئاستی جیهانی و کوردستانی ناساندووە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لایەنە کوردستانیەکەیەتی کە لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێدام، بەڵام لایەنە جیهانیەکەیشی بۆخۆی تەواوکەرە لەگەڵ کوردستانیەکەیدا بۆیە دەبێ ئاماژەیەکی کورتی پێ بدرێ پێش کوردستانیەکەی. وەرگێڕان دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە ناساندنی هەر بەرهەمێکی ئەدەبیدا. هاوسەری یەکەمی یەشار کەمال کە خاتوونێکی بە ئاین جوو بوو بە ناوی “تیڵدا سەرێرۆ ١٩٢٣-٢٠٠١” (س١) تیڵدا خانم بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی دەوڵەمەندی، لە هەردوو بواری زانستی و ئابوری، شاری ئیستانبوڵ بووە ئینگلزیەکی باشی زانیوە. دوای ئەوەی لەگەڵ یەشار کەمالدا ژیانی خێزانی پێکەوە دەنێن لە ساڵی ١٩٥٢، توانیوێتی حەڤدە بەرهەمی گەورەی یەشار کەمال لە زمانی تورکیەوە وەربگێڕیتە سەر زمانی ئینگلیزی لەوانە حەمەدۆک ساڵی ١٩٦١. هەر ئەو وەرگێرانانەش بووە هۆی ناساندنی یەشار کەمال لە سەر ئاستی جیهانی و چەندان خەڵاتی جیهانی وەربگرێ و ناویشی هەڵبژێردرێ بۆ خەڵاتی نۆبڵ.

لەسەر ئاستی کورستانیش بە تایبەت باشور، وەرگێرانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بە تایبەت لەسەر دەستی عەبدوڵڵای حەسەن زادە و شکور مستەفا دەورێکی گەورەی گێڕا لە ناساندنی یەشار کەمال بە خوێنەری کورد. دواتر، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بەتایبەت کوردستانی باشور بۆ ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە ئەو دەرفەتەی بە کۆمەڵی خەڵک بەخشی کە ئاشنا بن بە دونیای ئەدەبی و هونەری و تەنانەت سیاسی تورک بەتایبەت ئەوانەی بە رەچەڵەک کوردن وەک یەشار کەمال و ئەحمەد قایە و لەیلا زانا و ئەحمەد تورک؛ ئینجا ئۆرهان پامۆک و ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیز چاندار. مەسەلەی بە ئەندام بوونی تورکیا و ئەو فشارەی ئەوروپا لەسەر توکیا هەیەتی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیە فەرهەنگیەکان لەوان کورد ئەو نوسەر و کەسانەی زیاتر ناساند بە کورد کە باسیان لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد دەکرد.
هەر لەو دەمەدا، واتە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، یەشار کەمال دوای حەفتا و دوو سال لە تەمەنی خۆی وتارێکی نوسی لەمەڕ پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر گوند و ناوجە مەدەنیەکانی ئەو ناوجانەی کوردنشینن؛ و لیدوانەکانی ئۆرهان پامۆک سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوشتارگەی کوردان لە تورکیادا، بانگ کردنیان بۆ بەردەم دادگا و سەپاندنی چەندان مانگ زیندانی بەسەریاندا هەراوزەنایەکی بێ شوماری دروست کرد لە دونیای رۆژئاوادا. ئەم حالەتە هاوسۆزیەکی نەتەوەیی نوخبەیەک لە رۆشنبیری کورد لە هەردوو بەشی باشور و رۆژهەڵات دروست کرد بەرامبەر یەشار کەمال و هەروەها هەڵوێستێکی مۆراڵیشی هێنایە پێش بۆ ئۆرهان پامۆک. تەرجەمەکردنی بێ شوماری بەرهەمەکانی هەردوو نوسەر لەم سالانەی دواییدا کتێبخانەی کوردیان پر کردووە.

دوو جۆر تێڕوانین لەسەر یەشار کەمال
لەم ساڵانەی دواییدا دوو جۆر لە تێڕوانین هاتەدەر بەرامبەر بە یەشار کەمال. یەکێکیان رەخنەی ئەوەی لیدەگرن کە “بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە.” کە لای من ئەم دیدە لەگەڵ ئەوەی حەقانیەتێکی تێدایە و نوسەر دەیتوانی فێری زمانی دایکی ببێت زۆر بە باشی بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نیە چونکە بە ئاسانی ئەو هۆکارە مێژژووییە سیاسیانە فەرامۆش دەکات کە لە تورکیا و سوریا و ئێران کوردان ناتوانن بە زمانی خۆیان بنوسن و بخوێنن، بەڵام دەتوانن لە رێگەی زمانی میللەتی سەردەستەوە ناسنامە و مێژوو و ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی خۆی بنوسێتەوە هەر وەک چۆن سەلیم بەرەکات لە رێگەی زمانی عەرەبیەوە باسی کورد و مەینەتیەکانی و پرسەکانی دەکات. ئایا یەشار کەمال ئەمەی کردووە؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتیەکەی ئێمەیە کە هۆکاری نوسینی ئەم باتەیە. تێروانینی دووەمیان زۆرتر لەسەر هەست و سۆزێکی نەتەوەیی بونیادنراوە هەرچەندە کاری بۆ دیدەکەی خۆی کردووە بە وەرگیڕانی جەندان بەرهەمی یەشار کەمال و بەڕێخستنی پرۆژەیەک بۆ بە کوردی کردنی یەشار کەمال لە هەر دوو ئاستی زمان و کەسێتیدا، لەمەش زیاتر دەیانەوێ روحی کورد بوون بکەنەوە بە بەری یەشار کەمالدا. من لێرەدا بە دوای ئەوەوە نیم لە گرنگی و بایەخی یەشار کەمال وەک نوسەرێک کەم بکەمەوە بەڵکو دەمەوێ رەخنە لە تیزی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال و بە کوردی کرنی کەسێتی یەشار کەمال بگرم بە لەبەرچاوگرتنی فاکتە مێژووییەکان و بەرهەمەکانی خودی نوسەر. ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و جەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە. ئەم نوسینەی من لێکۆڵینەوەیەکی رەخنەییە لەو راستایەوە!

نوسینێک بۆ پرۆژەی بە کوردی کردنی یەشار کەمال
لە نێوەندی رۆشنبیری ئێمەدا بیر و بزاوتێک هەیە کە دەیانەوێ یەشار کەمال بکەن بە کورد. لەم راستایەدا وتارێک و پەرەگرافێکی فەیسبوکی لەبەرچاو دەگرم. یەکێکیان هی کاک بەکر شوانیە سەبارەت بە گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئەوی تریش، پەرەگرافێکی نوسەر و شاعیری کوردستانی رۆژهەڵات کاک ناسری حسامیە کە لە فەیسبوکی خۆی دایگرتووە و کاک بەکر لە وتارەکەی خۆیدا دایکگرتۆتەوە. لەوێدا کاک ناسر تیئۆری بە کەسێتی کوردی کردنی یەشار کەمال ئاماژە پێدەدات.
یەشار کەمال (١٩٢٣-٢٠١٥) وەک لای هەموان ناسراوە یەکێک لە رۆماننوسسە بە تواناکانی تورکیا و جیهانە و بەرهەماکانی بۆ چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە لەوانەش کوردی. باکگراوندی رەگەزی نەتەوەیی یەشار کەمال کە کوردە بۆتە جێگەی شانازیەکی گەورە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە نوسەر و قەڵەم بەدەست و نیوەندی رۆشنبیری کوردی. پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال مەبەست لێی وەرگێڕانی تەواوی بەرهەمەکانی یەشار کەمالە بۆ زمانی کوردی چونکە وەک کاک بەکر دەڵێ “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە.” (س٢). بەڵام، دەبێ پرسیار بکەین ئایا تا جەند یەشار کەمال کورد بووە و ژیان و بەرهەمەکانی تا چەند پەیوەندیان بە کورد و دۆزی کوردەوە هەیە.
ئەگەر بێتوو یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و جەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک مرۆڤێکی کورد و نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە.

“نوسەر دەبێ قسەی هەبێ لەسەر رووداوەکان” (یەشار کەمال)
نوسەر ئەو نوسەرەیە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی رووداوەکانی وڵاتەکەی و میللەتەکەی بێت. واتە دەبێ قسە و هەلویستی لەسەر رووداوە گرنگەکانی وڵات هەبێ. ئەمە ئەو تێگەیشتنە بنەرەتی و سادەیەیە کە هەر ئەدیبێک و لێکۆڵەرێک و رۆشنبیرێک دەیزانێ کە نوسەر دەبێ وابێ بۆیە کە یەشار کەمال خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی تورکیا دژ بە کورد دەڵێ: “بە چەندان شەو خەو نەدەچووە چاوم. ویژدانم ئەزیەتی دەدام. بە خۆمم دەگوت تۆ نوسەری، تۆ هەر دەبێ قسەت هەبێ.” (س١) بەڵام، ئایا یەشار کەمال وابوو؟ گەر وابوو بۆچی تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی نەهاتە دەنگ لەسەر کێشەیەک کە لەو وڵاتەدا بە درێژایی تەمەنی خۆی تا ئەو رۆژەی کۆچی هەتاهەتایی کرد بوونی هەبووە و هەیە. ئەو رووداوە گرنگ و هەستیارانەی لە تورکیا بەرامبەر بە گەلانی غەیرە تورک کرا، بە تایبەت کورد لە تورکیای نوێدا، چارەنوسیانی بۆ چەندان سەدە و بگرە هەتا هەتایە دیاری کرد، ئایا نەدەبوو رەنگدانەوەی هەبوایە لەسەر کاروبەرهەمەکانی؟ نەدەکرا، بەلای کەمەوە، یەکێک لە رۆمانەکانی راستەوخۆ لەسەر مرۆڤی کورد و ژیانەکەی بوایە؟ کەچی هیچ یەکێک لە رۆمانەکانی ناچن بەلای ئەو رووداوانەدا.

گەر لەسەردەمی عوسمانیدا بەشی زۆری کوشتارگەی مرۆڤە غەیرە تورکەکان بەر ئەرمەنیەکان کەوت ئەوا ئەوا لە سەردەمی نوێی تورکیادا کورد ئەو بەشە زۆرەی بەردەکەوێت و بگرە گەر مەرگەساتی ئەرمەنەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا پیادەکرا و تەوابوو ئەوا مەرگەساتی کورد نەبڕاوەتەوە و لەوساوە بەردەوامە تاکو ئێستا.
نوسەر چیە گەر بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی ئەو مێژووە نەبێت کە خۆی تێیدا ژیاوە. لە ژیر هەر بیانوویەکدا بێت ئەو رەنگدانەوەیە نەبێتە توێشووی بەرهەمەکانت ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبیت. ئەوە دروستە تورکیا سەرکوتترین رژێمی ناوچەکەیە دژ بە کورد، بەڵام ئایا ئەمە دەبێ وا لە نوسەرێکی گەورە بکات کە بە درێژایی نەوەد و دوو ساڵ لە تەمەن هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی کارەسات و مەرگەساتە بەردەوامەکانی میللەتەکەی نەبێت. نوسین بە زمانی میللەتی سەردەست دەرفەتێکی ئاڵتونیە کە مێژوو بۆخۆت و خەڵکەکەت بنوسیتەوە. یەشار کەمال لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا و لە ترسی دەستگیرکردنی، تورکیا بەجێدەهێڵێ و دەچێتە هەندەران و نزیکە دوو ساڵێک دەمێنیتەوە لەوێ، ئایا نەیدەتوانی لەو مێژووە دەوڵەمەندە بە کارەساتباراویەی کورد رۆمانیک بنوسێ و لە پێناویدا تورکیا بەجێبهێڵێ روو لە هەندەران بکات، یاخود لە ناوەوەی وڵات بمێنێتەوە و وەک ئیسماعێل بێشکچی و پامۆک و ئەحمەد قایا و ،،،هتد بەرەو رووی داداگا و زیندانی بێتەوە.

ئەحمەد قایا لە بەرامبەر یەشار کەمالدا
ئەحمەد قایە و یەشار کەمال هەر دوو بە رەچەلەک کوردن و لە هەمان وڵاتی تورکیا دەژین و هەمان ژینگەی سیاسی و فەرهەنگیان هەبوو بەڵام ئەحمەد قایە توانیتی جەسارەتی خۆی نیشاندا لەوەی لە دوا ساڵەکانی ژیانی خۆیدا دانی پێدا نا کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە لەوەی خزمەتی بە هونەری تورکی کردووە. خۆزگە یەشار کەمالیش نەک لە دوا سالەکانی خۆیدا بەڵکو لە دوا ساتەکانی خۆیدا دانپێدانانیکی ویژدانی وەک ئەحمەد قایەی دەبوو بەڵام کە نەیبوو ئەوا ئەو راستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و ئەوە ئێمەین ئیخەی بەرنادەین. ئەو راستگۆبوو لەوەی کە نوسەرێکی تورکە و تەواوی ژیانی خۆیشی لە پێناو نوسین و فەرهەنگ و زمانی تورکیدا خەرج کرد. لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە جەند دێڕێکی ئەحمەد قایە بهێنمە بەر دیدەی خوێنەر و ئەو حوکمەی سەر یەشار کەمال بۆ خوێنەر بە جێدەهێڵم. قایە دەڵێت: “هەموان دەیانزانی کوردم بەڵام کاتێک لەزاری خۆمەوە بیستیان هەمووشتێکی سەر مێزەکانیان تێگرتم لەوکاتەدا دڵم زۆر توندبوو لەناخەوە بۆ بێکەسی خۆم دەگریام کەنەمدەزانی چۆن بە دوو دەست بەرگری لەخۆم بکەم لەوشتانەی پێیاندا دەدام، بەخۆمم دەوت ئەوە باجی چل ساڵ خزمەتکردنتە بەهونەرو ئەدەبیاتی تورک، بەڵام ئەو سوکایەتی پێکردنە حاڵی کردم خزمەتکردنم بەتورک کارێکی بێ مێشکانەبووە.”
بەرپرسیارێتی مێژوویی یەشار کەمال لەوەدا دەجێتە گەردنی کە کوردە و ئێمە دەیکەین بە کورد بەڵام ئەو کە خوی دەڵێ “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی تورکیدا داناوە” کەواتە با واز لە کوردبوونی بهێنین و نە ئەو و نە خۆشمان توشی سەرەگێژەنە نەکەین و ئەو نرخەی بدەینێ کە خۆی هەیەتی؛ ئەگەرنا، لەمەزیاتر ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و ئەویش دەخەینە ژێر پرسیارەوە. داواکردنی ئەو کە بەرهەمەکانی بکرێ بە کوردی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و ناتوانرێ بەرگی کوردبوون بکرێتەوە بە بەری یەشار کەمالدا. وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانی ئەو بۆ سەر زمانی کوردی وەک هەموو ئەو زمانانەی تر وایە کە بەرهەمەکانی تێدا وەرگێردراوە. ئەو بە رێکەوتێکی مێژوویی لە خێزانێکیی کورد لە دایک بوو کە هەڵبژاردەی خۆی نەبووە وەک هەر یەکێک لە مرۆڤەکانی ئەم سەر زەمینە. بوون بە نوسەریکی تورک زوبان و تەرخان کردنی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی زمان و فەرهەنگی تورکیدا ئەوە هەڵبژاردەی خۆیەتی کە بەوپەڕی کەماڵی عەقڵی خۆیەوە ئەو رێچکەیەی هەڵبژاردووە و دەبێ ریزی لێ بگرین و نەیکەن بە شتێکی تر. من دڵنیام گەر سەردانی بەردەوام و پەیوەندی بەردەوام نەبوایە یەشار کەمال بۆخۆی ئەم بابەتی کوردبوون و پرۆژەی کوردبوونەی بۆ قەزیە نەبووە وەک ئێمە لە هزری خۆماندا لێکی دەدەینەوە.

یەشار کەمال و سیاقی تاریخی
“هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی بابەتیانە لەهەر بەرهەمێکی ئەدەبی لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدایە.” چونکە “کۆنتێکستی مێژوویی بەشێکی ئێجگار گرنگە لە ژیان و کاری ئەدەبیدا و بێ ئەو هەر کاراکتەر و یادەوەری و چیرۆکێک کورت دەهێنێ.” (س٨) گەر بێتوو رۆمانەکانی یەشار کەمال بدەینە بەر رێژنەی ئەو سیاقە تاریخیەی کە خۆی و میللەتەکەی تێیدا ژیاون ئەوا گشت بەرهەمەکانی دەکەونە بەر تیغی رەخنەی جدیەوە لەوەی هیچ بەرهەمێکی باسی کورد و دۆزی کورد ناکات. زمان و داڕشتن و ئاستی وێژەیی رەگەزگەلێی گرنگن بەڵام رەگەزێک کە لەسەرووی هەموویانەوەیە بابەتەکانی ناو رۆمانە، ئەو رووداوانەی لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا روودەدەن و رۆمانەکەی تێدا دێتە بەرهەم ئەوە رەگەزی سەرەکیە. رۆمان چیە گەر رووداوە دڵتەزێن و مەرگەساتباریەکانی میللەت و وڵاتەکەی خۆت و ژیانی پڕمەینەتی و رۆژانەی ژیانی مرۆڤەکانی نەنوسێتەوە. گەر لە دەمانی کۆن داستانەکان هەبوون هەموو چیرۆکە خۆش و ناخۆشەکانیان بە زارەکی دەگێرایەوە ئەوا رۆمان لە سەردەمی نوێدا هەمان ئەرک دەگرێتە ئەستۆ بەڵام بە نوسراوەیی. هیگڵ لە خۆڕا ئەو دەستەواژەیەی نەهێنایە ناوەوە کە دەڵێ: رۆمان داستانی سەردەمی بۆرجوازیە.
یەکێک لە رەگەزە پایەییەکانی رۆمان مێژووە. رۆمان بۆخۆی وەک داستانێکی سەردەمی بورژوازی لە دایک بوو کە چیرۆک و رووداو و داستانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان تۆماردەکات بەڵام لە ژانرێکی ئەدەبی جیاوازدا. دیارە گێرانەوەی هەر چیرۆکێک بۆخۆی باسی مێژوویەکە، بەڵام مێژوو هەیە لە ناو مێژوودا. رۆمان وەک نوێنەرایەتی کردنی ژانرێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەو مێژووە دەگیڕێتەوە کە مێژووی دروست کردووە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا ئەو رووداوانەی لە مێژووەکەیدا روویانداوە مێژوویەکی دروستکردووە کە ئەستەمە چیرۆکنوس بیت ونەتوانی نەیانووسیتەوە. مێژووی داگیرکدنی خاکێک، کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ تێیدا، پاکتاوکردنی رەگەزی سیستماتیکی بەردەوام نەتوانێ ببێتە بەرهەمێکی ئەدەبی نوسەریک کە خودی نەتەوەکەی یەکەمین قوربانی ئەو مێژووە بێ ئاخۆ دەبێ چ پرسیارگەلێک بەرەوو رووی ببێتەوە. مێژووی کورد لە رۆمانەکانی یەشار کەمالدا بەو ئاستە کارەساتباری و مەرگەساتباری بەسەر کوردا هاتووە هیچ بوونی نیە. ئەو بەرهەمانەی گوایە بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ دێت ناسنامە و رەگەزی نەتەوەیی کوردی تێدا نیە.
ئایا سەرکوتی تورکیا بۆ سەر کورد و ئەوانی تر دەکرێ وەک بڕوبیانویەکی مێژوویی تەماشا بکرێ بۆ ئەو بێ دەنگ بوون و بێ هەڵوێستیە و شاردنەوەی بەرپرسیارێتی مێژوویی نوسەر؟ ئایا سیاقی تاریخی چیە کە نوسەری تێدا دەژی و تێیدا هەڵدەکەوێت؟ ئایا جیاوازی چیە لە نێوان ئەو چوارچێوە مێژووییەی یەشار کەمالی تێدا بووە و ئەوانی تری تێدا ژیاوە لە هەمان زەمان و مەکاندا کە لەسەر کورد و پرسی کورد هاتوونەتە دەنگ بەڵام ئەم هیچ دەنگێکی نەبووە؟ خۆ محمد ئۆزۆنیش خەڵکی هەمان شوێنە وەک یەشار کەمال بەڵام ئەو نەک هەر ئەوەی نەکرد کە باس لە کورد و کوردبوون وجودی نەبێ بەڵکو بەرهەمەکانی بە زمانی دایکی خۆی نوسی. ئەو هات خۆی فێری زمانی کورد کرد و بەرهەمەکانی بە زمانی کورد هاتە نوسین و وەشاندن. دیارە من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر ئەو بابەتی زمانە بەلام گەر یەشار کەمالێک هێندە بە توانا بێ لە زماندا و بتوانێ نەک داهێنان بەڵکو ئەفراندن بکات لە زمانی تورکیدا بەوەی کە فەرهەنگی تایبەتی بە ناوەوە دادەنرێت ئاخۆ نەیدەتوانی خۆی فێری زمانی کوردی بکات چ ئاخاوتن و چ نوسین؟ زانستی نوێی زمان ئەوەمان پێدەلێت کە فێر بوونی زمان هیچ پەیوەندی بە تەمەنەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە شەیدابوون و هەوڵدانەوە هەیە.

یەشار کەمال و سیاسەت
یەشار کەمال کەسێکی سیاسی و چالاکوانێکی سیاسی دەرکەوتوو بووە و لە خۆپیشاندانەکانی پارتی کرێکارانی تورکیای ساڵانی شەستەکاندا بەشداری سەرەکی هەبووە. یەکێک بووە لەو ناوانەی کاتێک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە تورکیادا روودەدات لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا بەتایبەت کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٧١ کە کەمپینی گرتن و تیرۆکردنی نەیاران و چالاکوانانی رەوتی چەپگەرایی سیاسی تەشەنە دەکات، یەشار کەمال هەڵدێ لە وڵات و بەرەو هەندەران دەڕوات و دوای نێزیک بە دوو ساڵ دەگەرێتەوە تورکیا. ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هیچ یەکێک لە وێستگە و کار و چالاکیە سیاسیەکانی یەشار کەمال پەیوەندی بە کورد و کوردبوونی خۆیەوە نەبووە دوور یا نزیک. بەشداری کردنی یەشار کەمال لە دونیای سیاسەتدا ئەوەی بە روونی دەرخست کە یەشار کەمال رۆشنبیرێکی سیاسیە و ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەیە و وەک خۆی دەڵێ باوەڕی یەقینی بەوە هەیە کە “نوسین کردەیەکی سیاسیە بە مانای فراوانی وشەکە و کاریگەری راستەقینەی خۆیشی هەیە.” (س٩)
پرسیارگەل هەن لەم بارەیەوە بکرێ، بەڵام یەک پرسیار بەسە بکرێ: ئایا لە دۆزی کورد سیاسی تر هەیە نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە جیهانیشدا کە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر مرۆی کورد و پرسەکەی نیە و بگرە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵیش هیچ هەڵوێست و دەنگێکی لێوە نەهات لەسەر کورد لە تورکیادا لە کاتێکدا نوسەر و ئەدیبی تورک هەبوون لەسەر کورد و دۆزەکەی سزای سیاسی و ماڵی و زیندانی دەکران؟ با حەمەدۆک لەسەر زەوی وڵاتی کوردان بێت کاتێک بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە بەشمەینەتی و چەوسانەوەی کورد نەبێت. گەر بیروباوەڕی چەپ بوون گوزارشت لە کێشەیەکی چینایەتی پڕ چەسانوەی ئاغایەک و زەۆمەتکێشێک بکات بۆ ئەو بیروباوەڕ نەتوانی نوسینێک بەرهەمبهێنێ باس لە چەوسانەوەی میللی و جینۆسایدی جەستەیی و فەرهەنگی نەتەوەیەکی گەورەی وڵاتەکە بکات لە کاتێکیشدا خۆی بە رەچەڵەک ئەنامێکی ئەو نەتەوەیە بێت.

ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ بیڵیم هەرگیز بەو مانایە نیە کە لە کوردستان داوا لە رۆشنبیران و نوسەران دەکرێت هەڵوێستی سیاسیان هەبێت سەبارەت بە کێشە و ململانێی حزبەکان یاخود وەک ئەوەش نیە کە “پیەر بۆردیۆ” دەیڵیت گوایە هەڵوێستی سیاسی نوسەر لە کێڵگەی رۆشنبیری دەردەهێنێت؛ بەڵکو بەو مانایەیە ئەدەب جیە گەر گوزارشتکەری واقعی وڵات و خەڵکەکەی خۆی نەبێت. چەوسانەوە و ژێر دەستەیی و سەرکوت و کوشتارگەکان کە بە بەرچاوی خۆیەوە روویان دابێت نەتوانێ سکی نوسەرێک پڕ بکات بە بەرهەمێک یاخود ویژدانی نەجوڵێنێ یان جەسارەتێکی مرۆیی پێ نەدات ئاخۆ چیتر هەیە ئەو نوسەرە نەخاتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک لایەک لە وڵات خاپوردەکرێ و داروپەردووی بەسەر یەکدا دەسوتێ و ژن و کچ لاقە دەکرێ و مەمکیان دەبڕدرێ و بە کۆمەڵ دەکوژرێن و دەسوتێنرێن و ئەوەشی ماوە وەک لە ئاژەڵ خراپتر مامەلەیان لەگەڵدا دەکرێ و سەرکردەکەیان لە سەر خوانی میوانی و گفتوگۆ بە داردا دەکرێ و دواتر دەیکەن بە عیبرەت خەڵکەکەی و مێژووەکەی تەنها بە خاتری ئەوەی دەیانەوێ ناسنامەی رەگەزی و فەرهەنگی و مافی سەربەستی بوونی وڵاتی خۆیان داوابکەن؛ بەڵام نوسەر لەولاوە خەریکی نوسینی رۆمانێک بێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو واقع و رووداو و ژیانی رۆژانەیەوە نیە کە خۆی تێیدا ژیاوە.
ئەم هەڵوێستەی یەشار کەمال یادەوەریەکی نازم حیکمەتم دینێتەوە یاد کە حلمی عەلی شەریف ساڵی ١٩٨٩ لە رۆژنامەی هاوکاریدا دەربارەی ئەو دەمی بیرستروێکا و رووداوە نوێیەکانی جیهان دەینوسی. دەلێت: کاتێک خەڵکان و نوسەران و چالاکوانانی چەپ و ئازادیخواز لە تورکیا لە ژوورەکانی زینداندابوون، نازم حیمەت خەریکی شعر نووسین بوو بۆ رەشەکانی ئەریقیا لە کاتێکدا کوردەکانی ژوورەکەی ئەو دیو فەلاقە دەکران و لە سێدارە دەدران.

بیروباوەڕی چەپێتی بوون پڕبەهانەترین رێگە بوو بۆ یەشار کەمال کە خۆی لە کوردبوون و کێشەکەی بدزێتەوە و خۆی لە ژیان و کەسێتی تورکیدا بەرجەستە بکات. كەسێتی و پارت و جوڵانەوە چەپەکانی ئەو دەورانانە کەم نین کە بە بیانووی بیورباوەڕی چینایەتیەوە خۆیان لە مەسەلەی نەتەوەیی میللەتانی ژێر دەستە دەدزیەوە بەو بیانووەی گوایە مەسەلەی چینایەتی لە پێشترە وەک لە مەسەلەی نەتەوایەتی. دەکرێ لە باری تیئۆریەوە ئەو بابەتە راست بێت بەڵام ئەوە کۆمەڵی حوکم و ژینگەی خۆی هەیە و هەمووشیان جەخت لەسەر مافی نەتەوەیی میللەتەکان دەکەن و بگرە مافی جارەی خۆنوسینی میللەتان یەکێک بووە لە پایە سەرەکیەکانی مارکسیزم-لینینزم و جوڵانەوە مارکسیەکانی ئەو کاتە. ئەو دەمەی یەشار کەمال حەمە دۆک دەنوسێ کە تێیدا کێشەیەکی چینایەتی دەخاتە روو، شۆڕشەکەی سەید رەزا هەڵدەگیرسێ کە تێیدا دوو پەیام هەم تئیۆری و هەم سیاسی تێدا بەرجەستە بووە ئەوانیش: ئەو شۆرشە هەڵایسانێکی میللی نەتەوەیەکە کە داکۆکی لە مانەوەی ناسنامە و فەرهنگیان دەکەن، هەروەها کێشەیەکی چینایەتی بەرهەقی سیاسیە کە میللەتێک دەچەوسێنرێتەوە لە لایەن میللەتێکی ترەوە. ئەفسوس یەشار کەمال ئەمانە هیچی نابینێ و ئیمەش ئیستا دەمانەوێ بە زۆر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و پرسی کورد.

تورکیا شانۆی کوشتارگەکان
یەشار کەمال لە وڵاتێکدا ژیا کە جگە لەوەی سەر لەبەری رووداوی سیاسی و کارەساتی مرۆیی و ناهەقی و ناعەدالەتی و چەوسانەوەی میللی و فەرهەنگی نەتەوە و کەمینەکانی تری ناو تورکیا بوو، لانکەی جینۆساید و کۆشتارگەی نەتەوە و پاکتاوی نەژادی کەمینە غەیرە تورک و ئاینیەکان بوو. تەنها لە ماوەی بیست و سێ ساڵدا واتە بیست و سێ ساڵ پێش لە دایکبوونی یەشار کەمال “لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠-١٩٢٣ رژێمەکانی تورکیا سێ ملیۆن و نیو بۆ چوار ملیۆن و سێ سەد هەزار ئەرمەنی و یۆنانی و مەسیحیە رۆژهەڵاتیە نەستوریەکان و کریستیانەکانی تریان کوشتووە. (س٣) ئەمە جگە لە قەتڵ و عامی یەزیدیەکان و عەلەویەکان. لەو سالەوەی یەشار کەمال لە دایک بوو تا رۆژی مردنەکەی (١٩٢٣-٢٠١٥) واتە لە ماوەی نەوەد و دوو ساڵدا، سی و حەوت کوشتارگەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵکوژی و سەرکوتی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و قەڵاچۆپێکردن و راوەدوونان و تیرۆرکردن و کوشتن و مردنی ناو زیندانەکانەوە لەو وڵاتەدا لەسەر دەستی دەولەتی تورکیا دژ بە کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر وەک ئەرمەن و شەرکەس و یۆنانی و جوو و مەسیحی و عەلەوی ئەنجام دراوە کە تێیدا هەزاران مرۆڤ بە منداڵ و ژن و پیر و لاوەوە تێیدا بوونە قوربانی. گەر تەنها کارەساتەکانی کە بەسەر کورد هاتوون باس بکەین ئەوا بەرهەمی جەندان رۆمانی لێ دەردەچێ. بۆ نموونە، کوشتارگەی دیاربەکر یاخود شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیرانلە ناوەراستی ساڵی ١٩٢٥ زیاتر لە پانزە هەزار کوردی تێدا کوژرا و زیاتر لە ٢٠٦ گوند سووتان و وێرانکران.
سەرهەڵدان و سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد کە بە دوای خۆیدا چەندان مەرگەساتی تۆقێنەری بە دوایخۆیدا هێنا کە لەمێژوودا وێنەی کەمە. لە کوشتارگەی دەرسیمدا، وەک دەیڤد ماکدواڵ دەلێ “زیاتر لە چل هەزار کەس کوژران.” (س٥) ژن و منداڵ بە زیندوویەتی ئاگریان تێبەردرا. گۆی مەمکی کچ و ژنیان بڕیوە بە قەمە. کچێکی تازە هەڵکەوتووی کورد لە کوشتارگەی کوردانی دەرسیم، ساڵی ١٩٣٨، لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە گۆی مەمکەکانی دەبڕدرێن بەو نیازەی گەر منداڵی کوردی بوو لە ئایندەدا ئەوا نەتوانێ شیری پێ بدات. ئەو کچە ئیستا بۆتە دایەپیرەیەک و تەمەنی سەروو نەوەدەکانە. دەوروبەری چل پەنجا سالێک دوای ئەو رووداوە، لە یەکێک لەو جارانەی یەشار کەمال دێتە ئەوروپا، دەچێ بۆ لای و هەموو چیرۆکی کارەساتەکە و خۆیشی بۆ دەگێڕێتەوە بەو هیوایەی یەشار کەمال بیکاتە هەوێنی یەکێک لە بەرهەمەکانی کەچی یەشار کەمال هەر وێڵی کرد و هەرگیز نە ئەو ژنە و نە منداڵانی ئاگرتێبەردراو و کوشت وبڕی مەمک و سکی ژنی کورد و کوشتنی سەدان دیل هیچ وژدانی یەشار کەمالی نەبزواند و نە هیچی لە بارەوە گووتن و نە هیچی لە بارەوە نوسین. ئایا ئەم رووداوانە هی ئەوە نەبوون ببن بە هەوێنی بەرهەمێکی جا چ نویسینی رۆمانێک یاخود تەنانەت وتارێکیش بێت. دیارە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی یەشار کەمال بێ دەنگ دەبێت و بەڵام دوای ئەوە قسەیەکی دەبێت و لەم نوسینەدا دێمەوە سەری. گەر ئەو هەموو کارەسات و رووداوانەی کوردستان دەماری رەچەلەکی کوردبوونی یەشار کەمال یاخود وەک خۆی دەلێ (ویژدان)ی نەجوڵێنێ ئەی چی دی تر دەیکات.

یەشار کەمال لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ “من لەسەر کێشەکان نانوسم. بۆ جەماوەرێکی تایبەت شت نانوسم. تەنانەت دەربارەی خۆشم نانوسم. بەڵێ یاخی بوون هەیە لە رۆمانەکانی مندا بەڵام یاخی بوونە دژی فەنابوون. جیاوازی من لەگەل ئەوانی تردا من ئەوە دەنووسم کە لە مێشکی خۆمدایە.” (س١) جا بۆیە تا ئەوەندەی بە کورد و دۆزەکەیەوە بگەرێتەوە ئەوا شتێک نیە لەو نێوەدا کە شایانی ئەوەبێت پرۆژەیەکی بۆ بەرێبخرێ بە ناوی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئایا بۆن و بەرامەی کوردەواری یاخود ناوهێنان و کردنی شوێن لە رۆمانەکانی ئەودا دەکرێ ببێ بەو ئاستە لە بینین و تێگەیشتن گوایە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر کورد و دۆزی کورد بووبێ. بێگومان نەخیر، چونکە گەر وابوایە ئەوا یەشار کەمال لە مێژبوو نەما بوو وەک موسا عەنتەر یاخود بە دەردی ئیسماعیل بیشکچی و ئەوانی تر دەچوو. گەر یەشار کەمال خۆی بە کورد پیشان بدایە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کوردی بکردایە ئەوا سەرکردە و پیاوە دەوڵەتیە گەورەکانی تورکیا وەک داود ئۆغڵۆ و عەبدوڵڵا گوڵ ستایشیان نەدەکرد لە رۆژانی پرسەکەیدا. بۆیە، یەشار کەمال لە نوسەریکی جووی ئەڵمانی دەچێ و کە لە دەمانی جینۆسایدی جووەکاندا ژیابێ و هیچ نوسین و قسەیەکی نەبێ لەو بارەیەوە. ئاستی وێژەیی رۆمان وەک زمان و تەکنیکی نوسین گرنگە بەڵام لەو گرنگتر بابەکانی ناو رۆمانە، ئەو بابەتانەی کرۆکی مرۆیی نوسەری پێ لە تەتەڵە بێژنگ دەدرێ. ئەوانەی کە لایەنی تەکنیکی رۆمان بە گرنگتر دەزانن لە بابەتەکانی ناوی وەک تۆفیق الحکیم دەڵێ ئەو مەسەلە چینییەم دەهێنێتەوە یاد کە دەڵێ: من بە پەنجەکانم ئاماژەی مانگ دەکەم بەڵام بێ ئاوەز سەیری پەنجەکانم دەکات.

هەندێ دید هەن گوایە نابێ داوا لە نوسەر بکرێ چی بنوسێ و چی بڵێ و چی نەنوسێ چونکە نوسەر خۆی خاوەن خەیاڵ و پابەندی هیچ راوبؤجوونێک نیە بەڵام ئەوە دەکری بۆ هەندێ رۆمان نوس لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و وڵاتێک و مێژوویەیکی تردا بژی کە جیای دەکاتەوە لەو نوسەرانەی خاوەن مێژوویەکی تەواو جیاوازتر بارودۆخێکی سیاسی پڕ کێشەتر و پرسی نەتەوەیی. لەمی دووەمیاندا رۆمان چیە گەر کێشە و رووداوە کارەساتباری ومەرگەساتەکانی میللەتەکەی خۆت پێ نەنووسێتەوە.

رۆمانی سوڵتانی فیلەکان
یەشار کەمال بە کاک بەکر شوانی گوتووە “ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!” (س١) ئەم رۆمانە وەک کاک بەکر دەڵێ “کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات” ئەوا لە مێژبوو قەدەغە دەکرا و بگرە نەیاندەهێشت هەر چاپ بکرێ، ئەمە لە لایەک; لە لایەکی ترەوە, گەر دۆزی کورد ئەو دۆزەی بێ وێنەترین و تاقانەترین دۆزی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیە لە جیهاندا و بە تایبەت لە تورکیادا گرنگترین و هەستیاترین و گەورەترین دۆزە چ بۆ کورد و چ بۆ تورکیا و ناوچەکە و جیهانیش ئەوا شایەنی ئەوەی هەیە چەندان رۆمان نا بەس رۆمانێکی گرنگی وەک حەمەدۆکی لەسەر بنوسرێ نەک رۆمانێکی وەک کتێبی کلیلە و دمنەی لەسەر بنوسرێ.
سوڵتانی فیلەکان لەگەڵ ئەوەی وەک جیرۆکی ئاژەڵان و دارستانەکان تام وچێژی خۆی هەیە، بەڵام بێ دەسەلاتترین هەوڵە کە یەشار کەمال دابێتی گەر بیەوێ رۆمانێکی لەسەر دۆزی کورد نوسیبێ. لە شێوازی نوسینی کلیلە و دمنەییدا دەکرێ هەر ئاژەڵ و پەلەوەر و تەیروتورێک بکرێ بە رەمزێک بۆ شتێک بە مەودا دووربینی و مانا گشتیەکەی بەڵام دۆزێکی وەک کورد کە خۆت ئەندامێکی ئەو دۆزەبیت و بە بەرچاوتەوە کارەساتبارترین و مەرگەساتترین رووداو بەسەر میللەتەکەتدا هاتبێ و لە جیاتی ئەوەی راستەوخۆ بیکەی بە هەوێنی رۆمانێک کەچی دێیت و ئەو کێشە بەرهەقە مێژووییە بەردەوامە بە فیل و مێروولە بچوێنیت. ئەو نووسەرانە زۆرن کە کێشە گەورەکانی میللەتەکانی خۆیان چ سیاسی یان کۆمەڵایەتی کردووە بە هەوێنی کتێبێک و چ ویژدانی خۆیان و چ سەربەرزی خەڵەکەکی خۆشی پێ تۆمارکردووە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە بەڵام هیچ یەکێک لە رۆمانەکانی یەشار کەمال باسی کورد و دۆزەکەی نین. ئالی وایزەڵ جولەکەی رزگار بوو لە کەمپی ئاشڤیتی سوتاندنی جووەکان، یەک شەو توشی کارەساتێکی گەورە بوو کە چەوسانەوە و کوشتنی خۆی و میللەتەکەی دیت کردی بە کتێبێکی نایاب بە ناوی (شەو).
یەشار کەمال خۆی شاهیدی هەموو ئەو چەوسانەوە و کوشتارگایانە بووە دژ بە کورد بەڵام هیچی نەگووت لە بارەوە. دەزانم، لەوانەبێ لێرەدا پرسیارگەلی ئەوە بێتە پێش گوایە ئەو رۆژگارانە رۆژگاری رەش بوون و کەس نەیتوانیوە فزەبکات ….هتد بەڵام من ئەمانە بە بیانویەک دەبینم لەگەڵ رێزمدا. با داوای رۆمانێک نەکەین، خۆ ئەو هەر هیچ نەبوایە دەیتوانی یادگاریەکانی لەو رۆژانەدا بنوسێتەوە، وەک خەم و هەست و عەزابخواردنی ناوەوەی دڵی خۆی کە چی بەسەر کورد و دۆزەکەیدا هاتووە وەک موسا عەنتەر و جەنگیز چاندار و دەیانی تریش کردیان. گەر شتێکی ئاوهاشی بکردایە دڵمان پێی خۆش دەبوو و دەمانتوانی ئیستا وەک بەڵەگەیەک بەدەستمانەوە بێ تاکو بڵێین یەشار کەمال لە خەمی کورد و دۆزەکەیدا بووە. دیارە من ئەمە وەک ئەزعەفولئیمان دەڵێم دەنا ئەو بەو پێودانگەی کە باس دەکرێ گوایە کورد بوونی ئەو زۆر تۆخ بووە دەیتوانی بەرهەمێکی راستەوخۆی هەبێ لەسەر کورد و دۆزەکەی یان مەرگەسات و کارەساتە بەردەوامەکانی.
دوواتر هەندێ خاڵ باس دەکەم بۆچی ئەوەی نەکردووە.
ئەو وێنە و کەسێتی و هەندێ جار وشە و رستە کوردیانەی لە نێو رۆمانەکانی یەشار کەمالدا هەیە بە هیچ کلۆجێک رەنگدانەوەی دۆزەکەی نیە: لە لایەک ئاساییە نوسەر گوزارشت لە جێگە و رێگەی زیدی خۆی باو و باپیرانی بکات؛ لە لایەکی ترەوە، وەک هەر کەسێتی و ناوجەیەکی تری تورکیا سەیرکراوە بۆیە رۆمانەکانی نەبوونەتە جێگەی نارەزایی عامەی خوێنەری تورک و حکومەت و دەوڵەتەکەی. گەر شوێنگەی رۆمانەکانی یەشار کەمال ناوجە کوردیەکانە ئەوا لە تورکیادا جوگرافیا دەور ناگێڕی لەو بارەیەوە. تەنها لە دوو ساڵی دوایی دەیەی نەوەدەکاند کە عەبدوڵلا ئۆج ئالانی تێدا گیرا، سەرۆک وەزیران (بوڵند ئەجەوید)، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پەرلەمان (حیمکەت چەتین) و سەرۆکی کاتی تورکیا بۆ ماوەیەک (ئارێز) کوردبوون و خەڵکانی شارە کوردیەکان یاخود ئەسڵ و فەسڵیان لەوێوە هاتوون. بەڵام ئەمە هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت چونکە تورکیا هەر تورکیایە جا ئەو هاوڵاتیە لەهەر کوێیەکەوە هاتبێ، چونکە ناسنامە هەر یەک ناسنامەیە. کوردێک کە ناسنامەکەی تورکیە، دەتوانێ ببێ بە سەرەک وەزیران و سەرۆک کۆماریش. بۆ؟ چونکە تۆ هەر تورکی و بە تورکی قسەدەکەی و لە خزمەت سیاسەت و دەولەتی تورکی دایت. خالێکی رەمزی تر، کە دێتە پێش پەپولە سولەیمانەکەیە. ئایا پەپولە سولیمانەکە ئاماژەیە بۆ پەپولە سولەیمانەکەی داودی پەیامبەری جووەکان وەک ئاماژەپیدانێک بۆ دەولەتی ئیسرائیل و سیاسەتی ئیسرائیلی لە ناوجەکەدا ئەوا زۆر قسەوباس هەلدەگرێ کە ئەو رۆمانە زیاتر دەخاتە بازنەی گوماناوی ئەوەی کتومت بۆ کورد و دۆزەکەی نوسرابێ. و من لێرەدا ناچمە سەری و دووبارە هەر دەلێمەوە کە ئەو رۆمانە ناتوانێ بچوێندرێ بە کێشەی کورد و دەسەلاتی تورک گەر لایەنی تەکنیکی رەمزی وەربگرین رۆمانەکە لەبەرچاو بگرین ئایا تا چەند تەوزیفکردنی ئاژەڵەکان لە جێی خۆیدایە بۆ لێکچواندنی مرۆی کورد و دەسەڵاتی تورک و ململانێی نێوان کورد و تورک، ئەوا پرسیارگەلی مێژوو ژمارە و قەبارە و شێوە و شێوازی رەمز دێنە پێش کە بە ئاسانی ئەو دیدە رەت دەکەنەوە گوایە ئەو رۆمانە کتومت وێنای کێشەی کورد و دەسەلاتی تورک بکات لە تورکیادا. بۆیە “خوێندەنوەی وردتر و راستتر ئەوەیە، کۆمەڵگەی مێروولەکان تێگەیشتنە لە چینە جیاوازەکانی گەل کە کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن و بە گوێرەی ئەدەبیاتی سوسیالیستی ناوەراستی سەدەی بیستەم هەر ئەوانیشن چینی زەحمەتکێش.” (س٦)

یەشار کەمال و خەمی تورکە سەربەسەرەکان
لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٢٣ بەسەرپەرشتی (عصبة الأمم) کە دواتر بوو بە (نەتەوە یەکگرتووەکان)ی ئێستا، ئاڵوگۆڕێک لە نێوان تورکیا و یونانستان بەرێووە چوو کە هەرچی یۆنانی هەیە لە تورکیا بنێردرێن بۆ یۆنان و تورکە نیشتەجێبووەکانی یۆنانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا. ئەو تورکانە پێێان دەوترا تورکە سەربەسەرپێکراوەکان. بەشێک لەو تورکە گوندیە سەربەسەرپێکراوانە نیشتەجێ دەکرێن لەو گوند و ناوچەیەی ، وەک چوکورئاوا، یەشار کەمال ژیانی مێرد منداڵ دەبێ و دواتر هەرزەکاری تێدا بەسەر دەبات. شێوەی ژیانی ئەو گوندیانە وەک لەوەی خانوی جوان جوانیان دروست کردبوو، لەوەدەچوو شێوازی ژیانیان و ئەو شوێنانەی لیی نیشتەجێ ببوون، ببووە جێگەی ئیرەیی و ناحەزی گوندیە رەسەنەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەو شوێنە بە جێدەهێڵن و کۆچ دەکەن. ئەو رووداوە بە رادەیەک کاریگەری لەسەر یادەوەریەکانی یەشار کەمال دادەنێ دەیکات بە رۆمانێکی چەند بەشیی بە ناوی “بەسەرهاتی دوورگەیەک” و لە جاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی سەباحی تورکیدا ئاوها ئەو یادەوەریە دەگێڕێتەوە کە رەخنە و پرسیاری من لە یەشار کەمال بەهێزتر دەکات. فەرموون ئەمە پەرەگرافەکەیە:
(لە گوندی ئێمە قوتابخانە نەبوو بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانە چوومە ماڵی خزمێکمان لە (کادیرلی) ماوەیەک لەوێ مامەوە بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست لەو ماڵە بمێنمەوە لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا دەستم بە هاتوچۆ کرد هەموو ڕۆژێک بەلای گوندێکدا تێدەپەڕیم کە پێشتر چەند شتێکم لەبارەیەوە بیستبوو دەووترا خەڵکانێکی بیانی هاتوون و لەو گوندە نیشتەجێ بوون، دواتر بەشی زۆریان بە نەخۆشی مەلاریا مردوون و هەڵسوکەوتی خەڵکی دەوروبەریش لەگەڵیاندا زۆر خراپ بووە، تا قۆناخی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد بەردەوام بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم و بەردەوام گوێبیستی بەسەرهاتیان بووم، کەمێک گەورە بووم و خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد دیسان بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم ڕۆژێک دووکەڵکێشێکی گەورەم بەدی کرد دووکەڵکێشێکی ئەستوور و بەرز بوو، کاتێک گەیشتمە قۆناخی ناوەندی، لە گوندی هەمیتە ژنێکی خزمی باوکم و دەستەخوشکی دایکم چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو گوندەی بۆم گێڕایەوە، پێکەوە چووین بۆ پیاسەی ناو دارستان لەوێ ووتی: سەیر بکە کوڕەکەم لەو گوندە کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان دەژیان، ئەوانە ئەو تورکانە بوون کە لە یۆنانستانەوە هاتبوون و بەو یۆنانییانە گۆڕدرابوونەوە کە لێرە دەرکرابوون، لە نزیک (ئاناڤارز) سێ گوندی لەو جۆرە هەبوون سێ گوندی زۆر جوان بوون، بەو جۆرە بەسەرهاتی ئەو گوندەم بۆ ئاشکرا بوو کۆچبەرەکان لەو گوندانە خانووی جوانتریان بنیات نابوو بەڵام لە دەست ستەم و زۆرداریی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر ڕزگاریان نەببوو، بۆیە سەری خۆیان هەڵگرتبوو و ڕۆیشتبوون، کاتێک بووم بە ١٥ و ١٦ ساڵان کەوتمە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو خەڵکانە نەمتوانی بیاندۆزمەوە و زۆر خەفەتم خوارد، چیرۆکی ئەو گوندەی چوکورئۆڤام بۆ ئابیدین دینۆ گێڕایەوە. ئەویش ووتی ئەوە جوانترین بابەتە تا ئێستا کەس شتێکی جوان و بەکەڵکی لەو بارەیەوە نەنووسیوە، بەو جۆرە بەسەرهاتی کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان بوون بە بابەتی زنجیرە ڕۆمانی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”) (س١٠)
پرسیار کە لێرەدا دروست دەبێ و دەبێت بە رەخنەیەک لە یەشار کەمال: ئاخۆ بۆ رووداوێکی ئاوها ، ئەو تورکە سەربەسەر پێکراوانە دەبن بە خولیای نوسین و بە دواییدا دەچێ و دەیکات بە رۆمانێکی گەورە؟ ئەمە رێک هەر لەو دەمانەدا بووە کە رووداوی کوشتارگە و خاپورکردنی دێیەکانی کوردستان و کوشتنی منداڵ و ژن و پیر و پیرێژنی کوردان نابن بە خولیای و بەڵام کۆمەلی دێهاتی تورک دەبن بە خولیای بەرهەمێکی گەورەی؟ لەو رۆمانانەی کە هەندێ رۆشنبیر دلیان پێخۆشە گوایە یەشار کەمال باسی کورد و وڵاتی کوردان دەکات لە هیچیاندا ناوی کورد وەک ئەم تورکانە نەهاتووە یاخود لە هیچیاندا باسی پرسی ئەو خەڵکە جەندان ملیۆنیە وجودی نیە لە بەرهەمەکانیدا بەڵام چەند گوندیەک ئەسەرێکی گەورەیان هەیە لەسەری؟
لە تورکیا، لە نێو خوێنەری تورک و لە سیستەمی دروستبوونی تاکی تورک باسکردنی رووداوەکان چ لە هەکاری ماردین و ئامێدی بێت یان لە ئەنکەرە و ئیستانبوڵ بێت هیچ جیاوازیەکی نیە مادامەکی ناو و ناسنامەی جیاواز لە ناو و ناسنامەی تورک جودا نەبێت. خۆ گەر خوێنەری تورک و حدەوڵەتی تورک بیاندیبایە یاخود بە رەمزیش هەستیان بەوە بکردایە کە یەشار کەمال باسی کورد و دۆزی کەرد دەکات ئەوا بەرهەمەکانی هەر لە بازارەکاندا دەسوتێنران. بەڵام ئەوە روونە کە یەشار کەمال کەسێتیەکی تورکی بەرجەستە کردووە لەخۆیدا هەر ئەو بەرجەستەییەش مانەوە و بەردەوامیدانی بە یەشار کەمال و بەرهەمەکانی داوە لە تورکیادا برەوی هەبێ و کاتێکیش دەمرێت رابەرانی حزبەکەی کەمال ئەتاتورک و سەرکردە ئەردۆغانیەکانی دەوڵەتەکەی تورکیا لە ناشتنی تەرمەکەی و پرسەکەیدا ئامادە دەبن و یەک لەد وای یەک ستایشی دەکەن بەوەی ئاشتی پەروەر بووە و داوای ئاشتی کردووە لە وڵاتدا. دیارە چەمکی ئاشتی پەروەری لای تورک چیە و چ رەهەندێک و مانایەکی هەیە.
هەر لە هەمان دیمانەدا لە خەمی تورکە سەربەسەرپێکراوەکان بەردەوامە و تەنانەت دەیانچوێنی بە ژیانی بنەمالەکەی خۆی کە چۆن ئەوانیش لە زیدی باووباپیران و داپیرانی خۆیان دەرکراون و کۆچیان پێکراوە، بەڵام ئەوەی باسی تەنها یەک لایەن دەکات ئەویش رووسەکانن، “ئەو کاتەی ڕووسەکان گەیشتوونەتە وان کەسوکاری من ئاوارە بوون، بە سەرانسەری ئەنادۆڵدا تێپەڕیون و لە گوندی هەمیتەی چوکورئۆڤا گیرساونەتەوە.” ( س١٠)ئەو دیدە مێژووییە دروستە کە روسەکان چیان کردووە بەو ناوچانە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەشار کەمال هیچ ئاماژە بە دەوری تورکیا نادات لە دەربەدەرکردن و کۆچپێکردنی کوردانی خۆیدا بە هەموو ئاینزا و کەمینیەکانییەوە کەچی باس لە دەوری مێژوویی روسەکان دەکات. ئایا کەس هەیە لە ئێمە نەزانێ کە تورکیا دەوری ئەوەڵ و ئاخیری هەبووە لە کۆچپێکردنی کورد لە ناوچەی رەسەنی خۆیان؟

حەمەدۆک لەبەرامبەر سەید رەزادا
بە پێی ئەو دیدە سایکۆلجی و زانستە کۆمەڵایەتیانەی دەربارەی ئەو رۆژگارانەی دەمانی هەرزەکاری و مێردمنداڵی کە چۆن دەوریان هەیە لە پێگەیشتن و پێکهاتنی مرۆڤەکاندا، رۆژانی سەید رەزا و شۆڕشەکەی و کەسێتی سەید رەزا وەک سەرکردەیەکی زوڵملێکراوی نەتەوەیەک و ئەو رۆشنبگیریەکی کەمال ئەتاتورک و سوپای تورک بەسەر ناوجەی دەرسیمدا هێنایان دەبوو شتێکیان بەجێبهێشتایە لە ژیانی یەشار کەمالدا، دەبوو گەردیلەیەک لەو رووداوە گەورەیە ببوونایەتە وشەیەک و لە خامەکەیەوە بخرانایەتە سەر کاغەز هەر وەک چۆن یادەوەری گوندیە تورکە سەربەسەرپێکراوەکان رۆمانێکی چەند بەشی پێنوسی. دەستپێکردن بە نوسینی حەمەدۆک رێک لەو ساڵەدایە کە کوشتارگەی و دەرسیم و شۆڕشەکەی سەید رەزا روودەدات. راپەڕینی دەرسیم و کەسێتی سەید رەزا و غەدرلێکردنی لە لایەن ئەتاتورکەوە و ئەو کارکردە مێژوویی و سیاسیەی دەرسیم لەو دەمەوە تاکو لە ژیانی هەر میللەتی کوردا جێگەیەکی ئێجگار گەورەی داگیر کردووە دەبوو هەرهیچ نەبێ بە هاوتای حەمەدۆک شوێنێکی بگرتایە لە ژیان و بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا بەڵام کە نەیگرتووە ئەوەیە کە یەشار کەمال بوونی نەتەوەیی و کێشەکەی بۆ گرنگ نەبووە. تەنانەت لەو هەڵوێستەی کە گوایە لەسەر کورد هاتۆتە دەنگ دوای حەفتاودوو ساڵ بەئآشکرا دیارە کە دەرسیم و سەید رەزا و کوشتارگەی کوردان لەو رووداوەدا مەسەلەیەکی مافی مرۆڤ و دیموکراسیە نەک قەزیەی میللەتێک و چارەونس سیاسی بیست ملیۆن مرۆڤی کورد لەو وڵاتەدا. بیروباوەڕی جەپی بوون وای لە یەشار کەمال کرد داستان و چیرۆک و حیکایەتەکانی دەوروبەری خۆی یان دەمانی منداڵی خۆی لە دەقێکی چینایەتیدا بەرجەستە بکات وەک حەمەدۆک و تەنەکە بە نموونە.
لە راستیدا تاکو رووداوی مێژوویی هەبن چ جای وەک دەرسیم کە یەشار کەمال خۆی لە زەمەنەکەیدا ژیاوە، حیکایەتی مێژووی پلەیەکی خوارتری پێ دەدرێ چونکە رووداوی مێژوویی گەورەیە و هەڵوێستەی گەورە و قسەی گەورە و بەرهەمی گەورەی دەوێ. ئایا نەدەکرا دەرسیمێک و سەید رەزایەک وەک حەمەدۆک بەرجەستەیان بکات لە بەرهەمێکدا کە رەمزی زوڵملێکراو و بەشخوراوی میللەتێکن کە تا ئێستاش شەڕی مان و نەمانی رەگەزی و ناسنامەیی خۆیان دەکەن بەرجەستە نەبوو لە بەرهەمێکیدا جا بەهەر رەمز و راستەوخۆ و ناراسەتوخۆییەک بێت. ئەو چیرۆکانەی لە کوشتارگەی دەرسیم دەبیسترێن و خودی یەشار کەمال لە دەمەدا وەک مرۆڤێکی کورد لەو وڵاتەدا ژیاوە و تەنانەت ژنێکی ئەو مەرگەساتە دوای چل پەنجا سالان روودەکاتە یەشار کەمال و چیرۆکی مەمکبڕینی خۆی بۆ ابس دەکات لە لایەن سەربازا تورکەکانەوە؛ ئەو کوشتارگەیەی لە مێژووی نوێی تورکیادا لە وینەی نیە؛ هەر ئەو گوتەیەی سەید رەزا لەبەرامبەر ئەتاتورکدا وتوویەتی دەیتوانی بیکاتە گوڵەوانەی بەرهەمێکی نەمری ئینسانی قوڵی نەتەوەیی کۆمەڵی مرۆڤ کە پێیان دەتورێت کورد؛ بەڵام سەد مەخابن ئەو دەرسیمەی کە ئێمە ئێستا لە راگەیاندن و دۆکیومێناتریەکانەوە دەیبیستین و دەیبینین جەرگمان بۆی دەسوتێ و وێژدانمان ئازار دەدات وەک وشەیەک و لاپەرەیەک و چیرۆکێک نەبوونە میوانی قەلەمەکەی یەشار کەمال.
من لێرەدا دەیڵێمەوە ئەم گلەیی و رەخنانە بەو شێوەیە لە یەشار کەمال دەگرم کاتێک دەیانەوێت بیکەن بە کورد و روحی کوردبوونی بکەن بەبەردا لە کاتێکدا بە هەموو پێدانگە مرۆیی و نەتەوەیی و مۆراڵیەکان ئەو هیچ بەلای کورد و دۆزی کورددا نەچووە. ئایا داکۆکیکردن و هاتنە دەنگ لەسەر میللەتی داگیرکراو و سەرکوتکراو بەشێک نیە لە هەر بیروباوەڕێکی مرۆڤدۆستی و چەپیانە؟ ئایا سەید رەزا زیاتر لە حەمەدۆک دژی جەور و ستەمی دەسەڵاتکاران نەوەستایەوە؟ یەشار لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا تورکیای بجێهێشت و بۆ نزیکەی دوو ساڵان لە سوید ژیا ئایا یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی بیروباوەڕی چەپ بوون بەتایبەت لەو دەمەدا مافی چارەی خۆنوسین نەبوو؟ ئایا بۆ لە پێناو چارەی خۆنوسین و مافی کورددا بۆ تورکیای بەجێنەهێشت؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە. ئەویش ئەوەیە کە یەشار کەمال مرۆڤێک و نوسەرێکی تورک بووە و تەواو. بۆیە دەبێ وەک ئەو مرۆڤە و ئەو نوسەر ریزی لێبگیرێ و با دەستبەرداری وەهم و سۆزی نەتەوەیی خۆمان ببین لەبەرامبەریدا.

تێڕوانینی سیاسی یەشار کەمال بۆ کورد و دۆزەکەی
لە تەمەنی حەفتا و دوو ساڵیدا بۆ یەکەم جار یەشار کەمال هاتە دەنگ لەسەر مەسەلەی کورد، بەڵام چۆن هاتنە دەنگ و بە کام نوسین و بەرهەم و کام جیهانبینیەوە هاتە گۆ. تا ئەو ساتەی لە ژیاندا بوو هیچ بەرهەمێکی خۆی نەکردە بابەتێک لەسەر کورد، ئەوەی یەشار کەمال لەسەر کورد وتی و کردی نوسینی وتارێکی بوو لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا
یەشار کەمال هیچ کات نە هەڵویست و نە بابەتێکی هەیە لەسەر دۆزی سیاسی کورد. ئەو لە قسەکانی بەردەم دادگا و چاوپێكەوتنەکانی و نوسینەکانی کورد و کێشەکەی لە روانگەیەکی سیاسیەوە سەیر ناکات بەڵکو وەک کێشەیەکی مرۆڤدۆستی و دیموکراسی دەیبینیت. ئەو دەلێت: “من هەموو ژیانم بۆ زمانی تورکی و کەلتوری تورکی تەرخان کردووە، چۆن داوای جیابوونەوەی دەولەتی کوردی دەکەم لە تورکیا، کەس داوای ئەمە ناکات. من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” (٢) ئەم هەڵویست وەرگرتنەی دوای لە حەفتاودووساڵ ژیانی دەرکەوت ئەویش زۆرتر لەو ژینگە سیاسی جیهانیەوە لە دایک بوو کە تازە دنیای دوو قوتبی کۆتایی پێهاتبوو، هەروەها سیاسەتی بێرستروێکای دنیا بە رووی کرانەوەیەکی سیاسیدا کردبۆووە لە هەموو جێگەیەکی ئەم دونیایەدا. پیش ئەم رووداوە، یەشار کەمال هەڵویستێکی ئاوها و ئاشکرای نەبووە لەسەر مافە فەرهەنگی و دیموکراسیەکانی کورد.
لە لایەکی تر، گەر لە باری فەلسەفی و زانستی کۆمەلناسیشەوە لێکی بدەینەوە ئەو دوو چەمکەی یەشار کەمال ئاماژەی پێدەکات (زمان و کەلتور) ئەو دوو چەمکەن کە بونیادی نەتەوەیەکی پێ لەسەر دروست دەکرێ؛ زمان و کەلتور هەموو ئەو نیهادە سەرەکیانە لە خۆ دەگرێ کە بوونی پێگە نەتەوەییەکان بەهێزتر و چەسپاوتر و مەحکەمتر دەکات وەک بیروباوەڕ، داب و نەریت، هونەرە رەنگاڵەییەکان، ئاین و تقوسەکانی، خواردن، جلوبەرگ، پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان بە خێزان و خۆشەویستی و هاوسەری و تقوسەکانی لە پەیوەند بەوەوە، لێک تێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان لە یەکتر لە ئاخاوتن و نوسیندا، جەنگ و ئاشتی، زەمینێک بۆ ژیان،… بە کورتی: زمان و کەلتور کۆکردنەوە و یەکانگیرکردنی ی هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندیانەی تەواوی کۆمەڵگەیەکی میللی و نەتەوەیی پێ دەناسرێتەوە. پرسیار لێرەدایە ئایا یەشار کەمال نابێتە بەشداریکەرێکی بێ وینە و کاراکتەرێکی چالاک و مێژوویی میللی تورک و کۆمەڵەگەی تورکی نەک کوردی؟
هۆکارێکی تر، مەسەلەی چەپ بوونی یەشار کەمال بووە. بیروباوەڕی چەپ بوون لە دەمانی دوای جەنگی جیهانیەوە لە تورکیا، وەک هەر جێگەیەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، لە پەرەسەندندابوو. لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی ئەو دەمە و مارکسیزم لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنوسینی میللەتەکان بوو، بەڵام چەپێک بوو کەمتر دانولەی لەگەڵ مەسەلە نەتەوایەتیەکاندا دەکوڵا و زۆرتر لە مەسەلە چینایەتیەکاندا قاڵ ببۆیەوە. حەمەدۆک نموونەی ئەو دیدەیە لە چەپ بەتایبەت چەپی ناو میللەتە سەردەستەکان. لەو دەمەدا یەشار کەمال لە بواری سیاسیدا چالاک بوو. ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بوو کە خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی چەپرەوێتی بوو. لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵێک لە ترسی گرتن هەڵات بۆ سوید و ماوەیەک لەوێ ژیا تاکو بارودۆخی تورکیا باش بوو ئینجا گەڕایەوە . تەنها وەک پرسیار دەیکەم ئایا گەر یەشار کەمال ئەو نوسەرە بێت کە ژیان و بەرهەمەکانی بۆ دۆزی کورد بێت و ویژدانی عەزیەتی داوە بۆ ئەو پرسە و خەونی ئەوەی کە هەموو بەرهەمەکانی بکرێنە کوردی و خۆی هەر لە منداڵیەوە شاهیدی ئەو هەموو زوڵم و چەوسانەوە و کوشتارگە و سەرکوتکردن و تێکشکانەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و کاولکاریەکانی کوردەستان بوو لە تورکیا، ئایا دۆزێکی ئاوها نەدەکرا وای لێ بکات جارێ لە جاران لە پێناو ئەو دۆزەدا هەڵبێت و لە هەندەران بژی و قوربانی بە ژیانی تورکیا بدات و وەک سەلیم بەرەکات وڵات بەجێ بهێڵێ و لەوێ بە ئازادانە دڵی خۆی هەڵڕێژێ و ویژدانی خۆی ئاسودە بکات؟! ئایا ئەو هەموو داستانە پڕ ئێش و ئزار و چارەنوسسازانەی بەسەر کورددا نەدەکرا بیکاتە بەرهەمێک و وەک چۆن لە پێناوی ئادیۆلۆجیاکەیدا رایکرد و دەستبەرداری تورکیا بوو، ئاوهاش لە پێناوی میللەتەکەیدا دەستبەردای تورکیا بوایە گەر بۆ ماوەیەکیش بێت؟
دیدی یونیڤەرساڵی بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی بوون بەشێکی ترە لە جیهانبینی سیاسی یەشار کەمال بە تایبەت کاتێک دەلێت “من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافە کانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” گەر دەورانی پێش بیرستروێکای گۆرباتچۆڤ و دونیای سۆشیالیستی مەسەلەی نەتەوایەتی کاڵکردبێتەوە لە کار و بەرهەم و هەڵویستی یەشار کەمال ئەوا لە دوای دەرکەوتنی دونیای دیموکراسی رۆژئاواوە دیدی یونیڤەرساڵی کە مافی هاوڵاتی بوون لە زمان و کەلتور و ئایندا دەبینێتەوە زاڵ دەبێ بەسەر بیری یەشار کەمالدا و مەسەلەی نەتەوەیی جێگەیەکی گرنگی نابێ لە گوتار و بەرهەمەکانیدا. دیدی یونیڤێرساڵی لە قوتابخانەی لیبرال دیموکراسی رۆژئاوە سەری دەرهێناوە کە لە بنەڕەتدا کاڵکردنەوە و نەهێشتنی هەر ماکێکی نەتەوایەتی و میللیە چونکە رۆژئاوا بۆخۆی بە دەست جەندان کێشەیی نەتەوە و میللەتە ژێردەستەکانی خۆیەوە دەناڵێنێ و سیستەمە سەرمایەداریەکەی ئەوەی لێ دەخوازێ کە هەر چەمکێک گەر بێتە سەر رێی گەشەکردنی ەئوا دەبێ کاڵ بکرێتەوە لە ژیر هەر ناوێک و مانایەک و بزاوتێکدابێت. ئەو هەڵویسەتی یەشار کەمال وەک هەر هەڵویستێکی تری رۆشنبیرانی دنیای تورکە کە کوردبوون لە پەراوێزدا دەبینن نەک لە سەردێری هەواڵی سیاسی و فکری خۆیاندا وەک چۆن لە رۆمانەکانی ئۆرهان پامۆک و ئە شەفەقدا دەبینین. دیارە خوێنەری کورد زۆر خۆشحاڵن کە ئەو نوسەرانە ناوی کورد دەهێنن بەڵام ناوهێنانی کورد لای ئەوان لە عەقڵیەتێکی پەروازێخراویدایە کە ئەو کەمینە نەتەوەییانەی لە تورکیادا دەژین دەبێ لە پەراویزێکی ماقوڵدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە نەک ەئوەی کە کاراکتەرێکی سەرەکی وڵات بن و دەوری ئەوەڵیان هەبێ لە ژیانی سیاسی دەوڵەتدا بە ناسنامەی میللی خۆیانەوە. گەر کەسێک پامۆک و شەفەق بخوێنێتەوە بە وردی دەزانێ کورد لە کوێی ئەو عەقڵیەتانەدا وەستاوە. دیارە رۆماننوسی تر هەن لە نەتوەکانی عەرەب و فارس کە هەمان دیدیان هەیە بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بەم دوو نوسەرە تورکە دەدەم.
یەشار کەمال وەک سیاسیەک ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو ولاتە هەبووە بەڵام کە بێدەنگ بووە بەرامبەر بە هەموو ئەو ناعەدالەتی و چەوسانەوە میللی و کوشتارگایانەی دەولەتی تورکیا دژ بە کورد ئەوە پرسیارەیە کە دەبێ بکرێ و هیچ بیانویەکیش نیە ئەم حوکمە بەتاڵ بکاتەوە. مەسەلەی ژیانی شەخسی خۆی و چەپ بوونی و ناجەسارەتیەکەی ئەو بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیەیان پێ بەخشی کە حەفتاودوو ساڵی کیشا تا بێتە گۆ لەسەر کورد ئەویش بە وتارێک کە زۆرتر گوزارشت بوولە بارە مرۆڤدۆستیەکەی، مافی مرۆڤ و فەرهەنگی و دیموکراسیەکەی نەک بارە سیاسیەکەی. تەنانەت زۆربەی بەرهەمەکانی بە تایبەت حەمەدۆک کە بە ناوبانگترینیانە باس لە کێشەیەکی چینایەتی دەکات لە دەورانی فیئوداڵیدا و دوورونزیک پەیوەندی بە کورد و دۆزەکەیەوە نیە هەرچەندە رووداوەکان لە ناوجەیەکی کوردنشین رووبدەن.
دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێمەوە کە لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە بڵێم دەبوو یەشار کەمال وای بکردایە و وای نەکردایە، بەڵکو من دەلێم گەر ئەو ئیدیعایانەی دەکرێ گوایە هەموو ژیان و بەرهەمەکانی بۆ کورد و دۆزی کورد تەرخان کردبێ ئەوا وامان لێدەکات ئەو پرسیار و باسانە بوروژین کە لەم نوسینەدا ئاماژەی پێدەکەین.

یەشار کەمالی کورد زوبان یان تورک زوبان
” بە رەچەڵەک کوردم، بەڵام من نوسەرێکی تورکم.” (س٣). ئەمە قسەی یەشار کەمال خۆیەتی. کاتێکیش نوسەرێکی تورک دەبی ئەوا دەبێ لە زمانەکەدا ئێجگار شارەزابی و یەشار کەمال لە زمانی تورکیدا هێندە شارەزایە فەرهەنگێکی بەناوەوە کراوە بە ناوی فەرهەنگی تورکی یەشار کەمال. هیچ نەنگیەک لەوەدا نیە کە یەشار کەمال بە زمانی تورکی نوسیویەتی بەڵام ئەو زمانی تورکی بەکارنەهێناوە چ “ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا.” بەڵکو ئەو کە بە زمانی تورکی نوسیوێتی لەبەر ئەو دەستورەیە کە لە تورکیادا هەیە و تەنها زمان زمانی تورکیە. گەر مەسەلەکە بریتی بێ لە گەیاندنی ئێش و ئازارەکانی کورد بە تورکیا و جیهان ئەوا لە راستیدا هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال تایبەت نین بە کورد و دۆزەکەی، بەڵکو رۆمانەکانی ئەو بە شێوەیەکی هێندە ئەدەبی و تورکی نوسراون هەر مرۆڤێکی تورک دەتوانێ بیخوێنێتەوە بێ ئەوەی بزانێ ئەم رۆمانە تایبەت بەو و ولاتەکەی ئەو نیە. گریمان “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە” (١) دا هەیە بەڵام هیچ بۆن و بەرامەیەک نابینی دەربارەی دۆزی کورد. دۆز واتە قەزیە، پرسی کورد، گەر هەبوایە ئەوا یەشار کەمال نەدەبووە جێگەی ستایش و ریزی بێ پایانی خوێنەرێی زۆری تورک بەتایبەت کەسانی سیاسی و دەوڵەتمەداری تورکیا، وەک ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە ئەو دەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتە ئیخوانیەکەی ئەردۆغان بوو کاتێک یەشار کەمال کۆچی دوایی کرد. ئەم رێز و ستایشە لەوەوەیە کە یەشار کەمال بە رەسمی و لە مینبەری جیهانیەوە دەڵێ من نوسەرێکی تورکم و هەموو ژیانی خۆم تەرخان کردووە بۆ زمان و فەرهەنگی تورکی. گەر یەشار کەمال لەمە زیاتر بوایە واتە بەرهەمەکانی ئیش و ئازاری کورد و دۆزەکەی بەیان بکردایە ئەوا یەشار کەمال تەمەنی نەدەگەیشتە نەوەت و دوو ساڵ یاخود دەبوو تورکیای بەجێهێشتایە بۆ هەتایە وەک چۆن بەسەر سەلیم بەرەکاتدا هات. من لێرەدا لە یەشار کەمال کەم ناکەمەوە وەک نوسەرێکی تورکی بە توانای ئەدەب، بەڵکو من وەک کەسێکی کورد و بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزەکەی بێت رەت دەکەمەوە لەسەر بنەمای ئەو راستیە بابەتیانەی ئاماژەیان پێدەکەم، چونکە:
یەشار کەمال خۆدی خۆی شاهیدی مەرگەسات و کارەساتەکانی میللەتەکەی خۆیەتی بگرە ئەو لەو دونیایەدا ئیشی کردووە، رۆژنامەنووس بووە، کە تەنانەت وەک هەواڵیش رۆژانە هاتۆتە بەردەمی کە لە بەشی باشوری وڵات چی گوزەراوە. تەنانەت یەشار کەمال هەندی لەو کەسانەی دیتووە کە بوونەتە قوربانی دەستی سەرباز و سوپا فاشیەکەی تورکیا. ئەو چیرۆکانەی دوای چەندان ساڵی ویژدانی ئەو تورکە سەربازانەی هەژاند کە ئەنجامیانداوە و بە ئاشکرا و دوور لەهەر ترس و عاقیبەتێک کە حکومەتی تورکیا بەسەریاندا بهێنێ، هاتن و دڵ و ویژدانی خۆیان خاڵی کردەوە لەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە لە مێژووی خۆیاندا. یانیزی سەربازی دێرینی تورک و چالاکوانی سیاسی کە ئیستە لە یۆنان پەنابەرە و تەنها لەسەر ئەوە راونرا کە دەردە دڵی خۆی خاڵی کردەوە و ویژدانی ئازاری دابوو بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی سەرباز بووە چۆن دەشت و لادێ کوردیەکانیان سوتاندووە و دێهاتیەکانیان چۆن کوشتوون و بەرووبوومەکانیان چۆن سوتاندوون. ئەو سەربازە ئێستە کە لە دەرەوەی تورکیاش دەژی یەکبینە هەڕەشەی کوشتن و گرتنی لەسەرە لەلایەن خەڵک و حکومەتی تورکیاوە، بەڵام ئەو پێی وایە کە ەئوەی کردویەتی راستە و لە پێناو حەق و ئازادی و مافخوراواندا قسەی هەبووە. دۆزی کورد و کوشتارگەی کوردان و بە قەرەبرووت کردنی ناوجەی کوردان ویژدانی چەندان تورکی ئاسایی و قەلەم بەدەست و نوسەر و رۆشنبیری تورکی هەژاند بەوەی هەڵوێستی ئاشکرا و نوسین و قسەی راستەوخۆیان لەسەر گوت بەڵام یەشار کەمال لە هیچ بەرهەمێکیدا نە هیچی گوت و نە هیچی نوسی.

ئایا بۆ نەیکردووە ئەوە وەڵامەکەی لای هەر کەسێکە گەر بێتوو دوور لە هەستی سۆزداری بۆ یەشار کەمال، بابەتیانە رەخنەی لێ بگرێ بەوەی یان کەسێکی چاونەترس یا ئازا نەبووە یاخود مەسەلەی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردبوونی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بۆ گرنگ نەبووە. رۆمانە بە ناوبانگەکانی حەمەدۆک و تەنەکە هەردوو باس لە ململانێی چینایەتی بەتایبەت لە پەراوێزی قۆناغی فیئوداڵی تورکیادا دەکەن بێ ئەوەی ناسنامەی رەگەزی خەڵکەکەی ئەو شوێنانە بەیان بکات. بە کوردی کردنی یەشار کەمال و گۆڕینی لە نوسەرێکی تورکەوە بۆ نوسەرێکی کورد هەڵەیەکی گەورەیە و دەبی خۆمانی لێ لابدەین. با یەشار کەمال وەک خۆی بناسین. وەک خۆی دەڵێ من نوسەریکی تورکم. ئەگەر مەسەلەکە کورد بوون بێ بەو رادەیەی پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال بەڕێ بخرێت لە رێگەی وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانیەوە، ئەوا ئەفزەڵیەت دەبوو بۆ سەلیم بەرەکات بێت. ئەو زۆربەی بەرهەمەکانی راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزەکەیەتی؛ زمانی دایکی خۆی نازانێ بەڵام بە عەرەبی توانیویەتی مێژوو و خەم و ئازار و ئێش و پرسی کورد گوزارشت لێ بکات. کوردانی باشور لە عێراقدا دەژین و زمانی عيرەبی یەکەم زمانە و سەلیم بەرەکاتیش بە عەرەبی دەنوسێ و لە تەمەنی پەنجا ساڵیەوە لە سوید دەژی. بەڵام، کە بەلای سەلیم بەرەکاتدا نەهاتوون ئەوا ئاریشەیەکی تری هزر و ئەزمونی رۆشنبیری ئێمەیە کە ئەوەندەی سۆزدارانە و باوخوازیانە دەچی بۆ شتەکان ئەوەندە بەرەو راستیەکان هەنگاو نانێت.

خەڵاتی نۆبڵ و یەشار کەمال
خەڵاتی نۆبڵ بە هیچ کلۆجێک پێوەر نیە بۆ ئەدەبی باش و نوسەری گەورە و پێم وابێ ئەم بابەتە وەک ئەلف و بێ وایە هەر قەلەم بەدەست و چاودێرێکیش دەزانی ئەو راستیە دەزانێ کە نۆبڵ هەندێ پێوەری خۆی هەیە چ کەم یا زۆر پەیوەندی بە بەهێزی و لاوازی بەرهەمی ئەدەبیەوە نیە. من هەڵویستی ئەو نوسەر و ئەدیب و کەسانە بەرزدەنرخێنم کە رەخنە لە خەڵاتی نۆبڵ دەگرن بەتایبەی ئەو کەسانەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیان رەتکردۆتەوە، وەک ژان پۆل سارتەر ساڵی ١٩٦٤ و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری ڤێتنامی لی دوک ثۆ ساڵی ١٩٧٤. خەڵاتی نوبڵ خەڵاتێکی سەر بە جیهانبینی ئیرۆسەنتریکە کە پرە لە ناکۆکی و ناعەدالەتی و گەندەڵی. گەندەڵی لێرەدا بە مانای ناشایستەیی و دوو روویی بەکاردەهێنم. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا مەیلێکی سەرنج راکێش هەیە لەو کەسە و لە بەرهەمەی هەڵدەبژێردرێ جا جێگەی رەخنەمان بیت یان نا، دروست بیت یان نادروست، جوان یان انشیرین، مەعقول یا نامەعقوڵ بێت. بۆ نموونە، کاتێک نۆبڵ دەدرێ بە باراک ئۆباما ئەو مەیلە سەیرەی تیدایە کە رەشپێستێک ببێت بە سەرۆکی راسیسترین وڵات لە جیهاندا کە راسیستیەکەی لەسەر مرۆڤی رەش پیست بونیاد نابوو. کاتێک ئۆرهان پامۆک نۆبڵی پیدەدرێ هەر لەبەر خاتری یەک بەرهەم نیە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئەو بە راشکاوای و چاونەترسیەوە قسەی کردووە لەسەر کێشە سیاسیەکانی ناو تورکیا لەوانە کێشەی کەمینەکان. هەڵویستی ئۆرهان پامۆک لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن و کوشتارگەی کوردەکان دوو شتی گرنگ و سەرنج راکێشن بۆ رای جیهانی کە لە ولاتێکی وەک تورکیادا و هاوڵاتیەکی تورک بە وشەکانی لە بنی هەمانەکە بدات لە کاتێکدا یەشار کەمال کە خۆی کوڕی پرسەکەیە هیچ نەڵێ و نەنوسێ لەو بارەیەوە. لە بەرامبەردا یەشار کەمال نوسەرێکە پەنجەی بۆ هیچ حەرامکراوێکی ئەو وڵاتە نەبردووە لە کاتێکدا یەشار کەمال هەموو رەگەزەکانی ئەو بەهێزی و هێرشەی تێدا بووە کە دەیتوانی پەلاماری حەرامکراوەکانی بدات نەک هەر لەسەر کورد بەڵکو کەمینەکانی رەگەزی و ئاینیەکانی تریش. ئەگەر یەشار کەمال یەک رۆمان گەر بە نهێنیش بوایە لەسەر کورد هەبوایە ئەوا مێژووییەکی ئێجگار پڕ سەرەوەری لە ناو کورد و میللەتانی تردا تۆمار دەکرد. بە کوردی کردنی یەشار کەمال، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر دروست دەبێ لەهەر کونجێکی ئەم دونیایەدا وەک چۆن دروست بووە لە لای من و چەندانی تریش.
جێگە و رێگەی یەشار کەمال گونجاوتر و بەهێتر بوو لە پامۆک گەر بهاتبایە ئەو بابەتە گەورە و لە مێژینەی کوردی بە راستەوخۆ لە رۆمانەکانیدا رەنگی بدایەتەوە. کورد و دۆزەکەی و مێژووە پڕ جەسارەتی و خوێناویەکەی یەکێک بوو لە شتە گرنگ و سەرنج راکێشانەی کە دەیتوانی نەک هەر نۆبڵی سوێد و دەزگای نۆبڵی نەرویجی بەڵکو نۆبڵی هەموو دڵانی ئازادیخوازی کورد و جیهان وەربگرێ. من ناڵێم گەر ئەمەی بکردایە لە سەدا سەد نۆبڵی وەردەگرت و وەرنەگرتنی نۆبڵ هیچ لە بایەخی ئەو کەم ناکاتەوە بەڵام وەک گوتم شتێکی حەرامکراو نابینم یەشار کەمال دەستی لیدابێ تاکو لە لیستی پاڵێوراوەوە بۆ ناوی هەڵبژێردراو بچێ. بۆیە من باوەڕم وایە کە وەرنەگرتنی خەڵاتی نوبڵ بە یەشار کەمال کەمتر پەیوەندی بە رەچەلەک کوردبوونی یەشار کەمالەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندی بەو شەمەندەنەفەرەی ژیان و بەرهەمەکانیەوە هەیە. کاتێک رەخنەگری تورک سدیق ئاکبایر بەرواوردێک لە نیوان یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆکدا دەکات و هیچ ئاماژەیەک بە کوردبوونی یەشار کەمال نادات لەبەر ئەوەیە کە یەشار کەمال نوسەرێکی کورد نیە. ئێمە غەدر لە یەشار کەمال و خۆشمان دەکەین گەر بێتوو یەشار کەمال بکەین بە کورد و نوسەرێکی کورد کە هەموومبەرهەمکانی بۆن و بەرامەی وڵاتی کوردەواری لی بێت.
بۆیە، سەرباری بە توانایی نوسینی وێژەیی، نوسینەکانی یەشار تەقینەوەی قەزیەیەکی گەورەی تێدا نیە و بگرە دەلێم گەر یەکێک لە بەرهەمەکانی گەر رەندگانەوەی ئەو کوشتارگە و کارەساتنەی کورد بوایە ئەوا گەر نۆبڵی وەک خەڵاتە نەرویجیەکە پێ نەدرایە ئەوا نۆبڵی نەوە میللەتەکەی خۆی و تەواوی ئازادیخوازانی جیهانی وەردەگرت. ئەو بابەتانەی لە بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا هەیە بابەتی گشگیری زۆربەی کۆمەگەکانن. بەرامبەرکێی چینایەتی و مەسەلەی بێ دادی کۆمەڵایەتی ئەو ڕکێشە و گرفتەکاندا و رۆژانەش دووبارە دەبنەوە و بگرە رەورەوەی ژیان دەبەنە ڕیوە. رۆمانی حەمەدۆک، گەر سەبارەت بە کورد بوایە و بۆن و بۆن و بەرامەی کوردەواری لێبهاتایە ئەوا لە تورکیا توشی تەنگ و چەلەمە دەبوو، یا قەدەغە دەکرا یاخود هەرگیز لە تورکیا نەدەکرا بە فلیم. یاساغ کردنی فلیمی “رێگا”ی یەڵماس گونەی بەڵەگەیەکە کە حەمەدۆک باس لە کورد و کۆمەڵگەی کوردەواری ناکات هەرچەندە باس لە جوگرافیایەک بکات کە دەکەوێتە ناوچە کوردیەکانی تورکیاوە.

ئایا ئێمە حاشامان لە یەشار کەمال کردووە؟
ئەمە پەرەگرافێکی کاک ناسری حسامیە لەمەڕ کوردبوونی یەشار کەمال کە لە واڵی فەیسبوکەکەی خۆیدا دایگرتووە: (ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیادی نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی “طب” و قانون” و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان “مێڤلانا جێلالەتتین”ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ کتێبی بێ نووسەری بێ دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەماڵمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین…) وەک زانیاری تاکو ئێستا هیچ دەنگێک بەو رادەیە لە ناو کورددا پەیدا نەبووە کە یەشار کەمالیان پێ زیاد بێ یاخود حاشای لێ بکەن. رەخنەی ئەوەی تاکو چەند بەرهەمەکانی لەسەر کورد و کێشەکەی بووە ئەوا دەنگێکە دەبێ نەک هەموو کوردێک بەلکو هەر ئازایخوازێک بەرزی بکاتەوە و بپرسێت: نوسەرێک کە بە رەچەڵەک کوردە و هەر لەو تەمەنەی خۆی تێیدا ژیاوە چەندان کوشتارگە و کارەسات بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری میللەتەکەی یەکبینە لە ژێر سڕینەوەدا بووە، بۆچی هیچ نوسینێک یاخود بەرهەمێکی لەسەریان نەنوسیوە. فەیلەسوفی ئەلمانی تیودۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) لە بارەی ئاتەشگەی ئاشڤێتز کە جووەکانی تێدا دەسوتێنرا بە زویندوویی و مردوویی دەلێت: “نوسینی هۆنراوە دوای ئاشڤیتز باربەریەتە.” واتە کاتێک ئەو رووداوە روودەدات یاخود کاتێک باس لەو رووداوە دەکرێت دەبێ خامە بوەستێ.
گرنگ ئەوە نیە نوسەرێک بە رەچەڵەک سەر بە چ نەتەوەیەکە گرنگ ئەوەیە چی بۆ نەتەوەکەی خۆی کردووە بە نوسین. سۆزداری نەتەوەیی بەو شێوەیەی بۆ یەشار کەمال دەردەبڕدرێت ئێجگار نابینایانەیە چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە نابینایی لە کوێدایە. بە کورد چی ئەحمەد شەوقی کورد بووبێ؛ سەلاحەدینی ئەیوبی کورد بووبێ؛ ئیبن خەلەکان کورد بووبێ؛ بە رەشپێستێکی ئەمریکی چی باراک ئۆباما دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا کە جگە لە ئارایشپیدان بە دیمەکراسی ئەمریکایی هیچی تر نەبوو چونکە هیچ شتێکی نەگۆڕی لە سیستەمی رەگەزپەرستی ئەمریکادا؛ و… چەندان نموونەی تری لەو جۆرە هیچ لە مەسەلەی رەچەڵەک ناگۆڕی. پەنابردنە بەر چەمکی رەچەڵەک بوون ئیشی میللەتانی لاواز و خەفەکراوە. ڕەچەڵەک بوون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو کەسەدایە و ئەوەی لە نێو دەستی ئیرادەی کەسەکەدایە ئێستا و داهاتووەکەیەتی. ئیرادەی یەشار کەمال لە هەڵبژاردنی خۆیەتی بەوەی بە تورکی بنوسێ و خۆی بە نوسەرێکی تورکی لە قەلەم بدات و هەموو ژیانی خۆیشی بە خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگی تەرخان بکات.

سەلیم بەرەکات لە بەرامبەر یەشار کەمالدا
لە یەک چوون و لە یەک نەچوونەکانی یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات لە دوو شتدایە. هەردووکیان بە رەجەلەک کوردن بەڵام ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بنوسن؛ هەروەها هەوردوکیان لەو زمانە غەیرە دایکیانەی خۆیان کە پێی دەنوسن ئاستی فەرهەنگی وشە و نوسینیان ئێجگار بەرزە؛ گەر یەشار کەمال فەرهەنگی تورکی یەشار کەمالی بە ناوەوە کرابێ ئەوا سەلیم بەرەکات بە یەکێک لەو نوسەر و شاعیرانە داندەنرێت کە داهێنانیان کردووە لە مێژووی زمانی عەرەبیدا. لە یەک شتدا بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن ئەوەیە کە سەلیم بەرەکات زۆربەی بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزی کوردە. سەلیم بەرەکات دەلێ “لەوانەبوو خۆم فێری کوردی بکەم و بنوسم بەڵام چەندە خۆم فیربکردایە هەرگیز وەک عەرەبیەکە نەمدەتوانی گوزارشت لە ناسنامە و تایبەتەمدندێتی کەسێتی کوردبوونی خۆم بکەم.” (س٧)
سەلیم بەرەکات (ساڵی ١٩٥١) لە دایک بووە و کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە ئەو ولاتەی پێی دەلێن سوریا، لە هەمان زمان و هەمان چارەنوس و هەمان میللەتەوە هاتووە کە پێی دەلێن کورد، سەلیم بەرەکات ئەم بە عەرەبی دەنوسێ بەڵام بە عەقڵ و ویژدانێکی کوردانەوە بۆ کوردەکەی خۆی و کەمینەکانی تری دراوسێی. سەلیم بەرەکات بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵنەبژارد بەڵکو ویژدانی زیندووی چاونەترسیەکی پیدا کە داستانی ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەی خۆی بنوسێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چارەنوسی بێکەسی و نەهامەتیە مرۆیی و پرسە سیاسیەکانیاندا رێ بکا و هەر نرکە و ناڵەیەکیان بکات بە بەرهەمێک.
رۆمانی “کەنیزکەکانی شەنگال” ساڵی ٢٠١٦ نوسیویەتی کە دەربارەی چەند کچێکی کوردانی ئێزیدین کاتێک بە دیلی دەگیرین لە لایەن داعشەوە. تازەیترین رۆمانی بە ناوی “دەربارەی خانم راحیل ی جوو؟” کە سەربوردەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کۆمەڵەگەی کوردیە لە سوریا لە دەمانی رژێمی بەعسدا, وەک کەمینەی ئاینی جووە کوردەکان و مەسیحیەکان و کەمینەی نەتەوەیی ئەرمەن. ئەم بەرهەمانەی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ باسی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکات کە لە مرۆڤی کورد و کەمینەکانی تری کە پێکەوە دەژین؛ باسی زەوتکردنی مافی خوێندن و نوسین دەکات بە زمانی دایکی غەیرە عەرەب.
ئایا هیچ بەرهەمێکی یەشار کەمال راستەوخۆ باسی مرۆڤی کورد و دۆزەکەی دەکات؟ دڵنیام گەر وابوایە ئەوا بەر نەفرەتی خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوت گەر بە تەواوی لە تورکیا دەربەدەر نەکرایە. دیارە هەرگیز وانەبووە بۆیە یەشار کەمال بە هەموو ژیانی پەلامارێک نەدرواوە وەک ئەحمەد قایە، گێچەڵی پێنەکراوە وەک ئیسماعێل بێشکچی، دەربەدەر نەدەبوو وەک ئەو سەربازە تورکانەی ویژدانیان جوڵا و خۆیان پێ نەگیرا و باسی تاوانەکانی خۆیان و دەولەتەکەیان کرد، یاخود جارەنوسی وەک موسا عەنتەر دەبوو. یەشار کەمال هەر وەک چۆن چ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ هیچ بەرهەمێکی بەڵای کورد و دۆزەکەیدا نەچوو ئاوهاش بەلای کەمینە نەتەوەیی وئاینیەکانی تریشدا نەچوو کە بوون و ناسنامەیان لە تورکیادا تا رادەی سڕینەوە چووە وەک یۆنانی و نوستۆری و شەرکەس و ئەرمەنی و جوو.
پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت باشە بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ئەو خەم و هەوڵی وەرگێڕان و سۆزداری و ستایشە نیە وەک بۆ یەشار کەمال هەیە، لە کاتێکدا، بەو پێودانگە سۆزداریە نەتەوەییە کوردییە بێت سەلیم بەرەکات لە پێشترە؟ گەر خۆشەویستی بۆ یەشار کەمال کورد بوون بێ خۆ سەلیم بەرەکاتیش کوردە. گەر بەرهەمەکانی یەشار کەمال بۆن و بەرامەی کوردەواری لێوەبێت خۆ بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزی کورد و کۆمەڵگە رەنگاڵییەکەیەتی. ئەی بۆچی پرۆژەی ئاوها بۆ سەلیم بەرەکات بەڕێ ناخرێت؟ بۆچی ئەو هەست و سۆزە نەتەوەییە بۆ سەلیم بەرەکات هەڵناڕێژرێت؟ ئایا سەلیم بەرەکاتیش وەک یەشار کەمال نزیک نیە و دەست نایگاتێ؟ ئایا کەس دەتوانێ لە شان و شەوکەتی سەلیم بەرەکات کەمبکاتەوە گوایە ئەو لە یەشار کەمال کەمتر بێت یان نزمتر بێت؟ بێگومان، ئاستای نوسینی سەلیم بەرەکات لەهەر سێ ئاستەکەیدا وەک وێژە، زمان و بابەت لە ئاست یەشار کەمالدایە و بگرە گەر بێتە سەر مەسەلەی ئیلتیزام بوون بە ناسنامەی کوردبوونی و لە کۆڵ خەم هەڵگرتنی کورد و دۆزەکەی بێت ئەوا سەلیم بەرەکات زۆر باڵاترە لە یەشار کەمال. پرسیارێک کە دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی ئەوەی بۆ یەشار کەمال دەکرێ بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ناکرێ؟ وەلامی من لە ئارێشە رۆشنبیری کورددایە کە لێرەدا دەیخەمە روو لە پەیوەند بەم بابەتەوە.

ئارێشەی رۆشنبیری کورد لە پەیوەند بەم بابەتەوە
دیارە ئارێشەت رۆشنبیری کوردی باسێکی فراوانترە و دەکرێ لە جێگەیەکی تر باس و خواسی جدی لەسەر بکرێ بەڵام بۆ ئەم بابەتە تەنها ئاماژەم بەم دوو سی خاڵە دەکەم لێرەدا. لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە بەشی ناسینی یەشار کەمال باسم کردووە، ئاماژە بە هەندێ شتی تر دەدەم کە تەواو ئەسەری خۆی داناوە لە نێو دونیای رۆشنبیران و خوێنەوارانی ئێمەدا لە باشور و رۆژهەڵات. دەستبردن بۆ یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک بەو یاستە گەرم و گوڕەی لە کوردستان هەیە لەو تەوژمە فەرهەنگیە عوسمانیەوە دێت کە تورکیا بە دواوەیەتی. تورکیا و سوریا دوو وڵاتن وەک ناو و شوێنەگی جوگرافییان بەڵام تورکیا قوتبێکە بۆخۆی کە پاوانخوازیە سیاسی و سەربازیەکانی و دەرکەوتە ئابوریەکەی لە ناوجەکە و جیهاندا ئەوەیان پێ بەخشیوە هەر بە تەنها وڵاتێک نەبێ وەک سوریا. پاوانخوازی و سیاسی و ئابوری لە ناوچەی بەڵکان و وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، پەلهاویشتنیێکی فروانی فەرهەنگی و کەلتوری و هونەری بەدوای خۆیدا هیناوە. وڵات نیە لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدان بەر قۆشەنی زنجیرە تەمسیلی تورکیەکان نەکەوتبێ. ناوەندی رۆشنبیری نیە بە نوسین و رۆماننوسە زمان تورکەکان مەست نەکرابن. کاریگەریەکەی بە رادەیەکە هەر ئەوەندەی، بۆ نموونە ئۆرهان پامۆک، لە نوسنی رۆمانێک دەبێتەوە هێشتا خامەکەی دەستی دانەناوە وەردەگێدرێتە سەر زمانی کوردی. کتیبخانەکانی کوردستان پرن لە هەڵواسینی ویەی پامۆک. کەم خوێنەری کورد هەیە رۆمانێکی پامۆکی نەخوێندبێتەوە. یەشار کەمال لە مێژە ئەو بایەخەی پی دەدرێ و تازەترینیان ئەم پرۆژەی بە کوردی کردنی زمانی یەشار کەمالەیە. ئەم بایەخادانە بە بەرهەمی تورکی لەو پاوانخوازی و پەلهاویشتنەی تورکیاوەیە ئەگەرنا رۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بۆ ئەو بایەخەی نیە لە کاتێکدا وەک وتم بە هەموو ماناکان و پێودانگەکانی ئەم لە پێشتر یەشار کەمالەوەیە گەر مەسەلەکە کوردبوون و سۆزی کوردبوون بێ.
ئەو بێ بایەخیەی سوریا وەک وڵاتێک لە ناوجەکەدا هەیەتی کە بەهەموو شتێک لێ کەوتووە، بایەخ نەدان بە سلیم بەرەکات لەوێوە سەرچآوە دەگرێ نەک گوایە بەهێزی بەرهەمی تورکی و لاوازی ئەوانی دی. بۆیە لێرەدا ئەو هەستە نەتەوەییە کوردیە بە نابینا دەبینم کە بایەخ بە یەشار کەمال دەدات گوایە کوردە و نەیتوانیوە بە کوردی بنوسێ بەڵام سەلیم بەرەکات یاخو وردتر بڵێم سەلم بەرەکاتەکان وێڵ دەکرێن لە کاتێکدا دەست راگەیشتن پێیان زۆر ئاسان ترە لە یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک. دڵنیان گەر ئەو دەعوەتنامەیەی بۆ یەشار کەمال کرا لە ئاستێکی بەرز کە بیتە کوردستانی باشوور گەر بۆ سەلیم بەرەکات بکرایە ئەوا لەسەر ئەژنۆ دەهاتە کوردستان. بەڵام چونکە ئارێشە رۆشنبیریەکە لە هەمان ئارێشەی سیاسیەکەی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە دەبینین سەلیم بەرەکات و سەلیم بەرەکاتەکان وەلا دەنرێن و کتێبەکانیان بەو شەوق و زەوقەوە سەیر ناکرێت و بایەخی پێ نادرێت.

نوسینی: ئیدریس مستەفا
رەشەمێ ی ٢٠٢٢

—————————————————

سەرچاوەکان
س١:
https://apnews.com/article/28b918d892014bf68e41d8a6bf56d766 One of Turkey’s best-known novelists, Yasar Kemal, dies
س٢:
بەکر شوانی لەسەر یەشار کەمال
س٣:
Taylor & Francis Group (2004). “KEMAL, Yashar”. In Elizabeth Sleeman (ed.). International Who’s Who of Authors and Writers. Routledge. p. 290.
س٤:
https://www.hawaii.edu/powerkills/SOD.CHAP5.HTM
Statistics of Democide
س٥:
McDowall, David (2007). A Modern History of the Kurds. London: Tauris & Co.
س٦:
baran-4.pdf23.pdf (ideafoundation.co) یەشار کەمال لە سوڵتانی فیلدا.. ئازاد ئەحمەد عەلی
س٧:
https://daraj.com/35011/ سلیم برکات حولت اللغة العربیة الی هویة کردیة
س٨:
https://www.thoughtco.com/what-is-historical-context-185706
س٩:
https://alarab.co.uk/%D9%8A%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D8%B6%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D
9%88%D9%84

س١٠: https://www.khaktv.net/alldetail.aspx?jimare=15579&type=farhang

Previous
Next
Kurdish