Skip to Content

کورد لە نێوان زەبری دەوڵەت و گرێی بێدەوڵەتیدا … نەبەز سەمەد

کورد لە نێوان زەبری دەوڵەت و گرێی بێدەوڵەتیدا … نەبەز سەمەد

Closed
by ته‌مموز 1, 2017 General, Opinion, Slider

دەوڵەت بۆ کورد چ واتایەک دەگەیەنێت؟ داخۆ کورد چ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە؟ دەوڵەت بۆ کورد بووە بە کێشەیەکی گەورە، لە لایەکەوە کورد لەژێر زەبری دەوڵەتدایە، چونکە بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی پاشکۆلۆنیالیزم دابەشکراوە و لە لایەن ئەم دەوڵەتانەوە دەچەوسێنرێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، کورد خۆی وەک قوربانییەکی بێدەوڵەت نیشان دەدات. وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت خۆی بە ئەویدی دەناسێنێت، واتا کورد شوناسی خۆی وەک بێدەوڵەتێک دیاری دەکات. ئەمە بریتییە لە دیلێمای دەوڵەت لە لای کورد. دیلێما (dilemma) واتا دۆخێکی ناچاری، تۆ ناچاری لە نێوان دوو شت یان دوو حاڵەتی نالەباردا بڕیار بدەیت و خۆت یەکاڵابکەیتەوە. لە خوارەوە ئەم دیلێمایە پتر ڕوون دەکەمەوە.

کورد لە لایەن دەوڵەتەوە داگیرکراوە، ئازاردراوە، چەوسێندراوەتەوە، ستەمی لێکراوە، زیندانی کراوە، ڕاگوێزراوە، بەعەرەب، بەتورک و بەفارسکراوە، لە لایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و زەبروزەنگ بۆتەوە، مافی یاسایی لێ سەندراوەتەوە، کەسی مۆڕاڵی لێ داماڵێنراوە، سەرەنجام لە لایەن دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکانەوە کۆمەڵکوژی، ئەنفال و جینۆسایدکراوە. هەموو ئەمانە بریتین لە زەبری دەوڵەت بەسەر کوردەوە. لە ئەنجامی ئەم زەبرەوە کورد کاردانەوەیەکی نەرێیی، تێڕوانینێکی نەرێیی، هەڵوێستێکی دژە دەوڵەت، دژە سیستەم، دژە دامەزراوەیی لە لا دروست بووە. بۆیە دەبینین وەک کاردانەوە و پەرچەکردارێک کورد لە بەرانبەر دەوڵەتدا چەکی هەڵگرتووە و بووە بە پێشمەرگە، لە دژی دەوڵەت شەڕی کردووە، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکوومەتی کردووە بە ئامانج، … هتد. ئەم هەستە دژە دەوڵەتییە لەکاتی شاخەوە لەنێو خەباتگێڕانی کورد دروست بووە و پاش ئەوەی دێنەوە نێو شار لە دوای ڕاپەڕین هەر بە هەمان هەست و مێنتاڵێتی شاخ لە دامەزراوە حوکوومی و دەوڵەتییەکان دەڕوانن، بۆیە ئەو دەزگا و دامەزراوانەی حوکوومەتی بەعس کە بەجێماون لەبری ئەوەی سوودیان لێوەربگیرێت، وێران و تاڵان دەکرێن.

ئەو ژێرخانە دەوڵەتییەی کە هەشبووە لەناودەبرێت. حیزبی کوردی دوای ڕاپەڕین تاکوو هەنووکەش نەیتوانیوە ئەم تێڕوانینە بۆ دامەزراوە دەوڵەتی و حوکوومییەکان، بۆ موڵکی گشتی، بۆ شوێنە گشتییەکان لە لای تاکی کورد بگۆڕێت، بەڵکو لە هەندێ ڕووەوە ئەو ڕک و کینە، توڕەیی و تێڕوانییە نەرێییەی تۆخترکردۆتەوە و پتر ڕەوایەتی پێداوە، لەبەرئەوەی حیزبی کوردی شکستی هێناوە لە حوکوومڕانی و لە پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوان بۆ هاووڵاتیانی کورد، چونکە جارێکی دیکە تاکی کورد لە لایەن حیزبی کوردییەوە کەوتۆتەوە ژێر زەبری دامەزراوە حوکوومییەکانەوە هەر لە نەبوونی خزمەتگوزارییەوە تا ترس، تۆقاندن و تیرۆر. بۆیە کورد ئەزموونێکی زۆر خراپ و تراژیدی لەگەڵ دەوڵەت و دامەزراوە حوکوومییەکاندا هەیە، جا چ دەوڵەتە داگیرکەرەکان بێت یان دەسەڵاتی حوکوومەتی حیزبیی کوردی بێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەشەکەی دی دیلێماکە، کورد گرێی بێدەوڵەتی و دەردی نەبوون بە دەوڵەتی هەیە. زۆرینەی کورد ئەم ئازاری بێدەوڵەتییەی چەشتووە، بەتایبەتی لە دەرەوە کاتێک لێت دەپرسن خەڵکی کوێی، یان دەبێ یەکێک لە دەوڵەتە پێوەلکێنراو و داگیرکەرەکان بڵێی (تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران) یان بڵێی کوردستان، ئیدی لێرەوە پرسیارەکان دەست پێدەکەن، چی؟ کوردستان لە کوێیە؟ دەتوانی لەسەر نەخشە پیشانم بدەی؟ … هتد ئەمە چەندین جار ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە. لێرەوە ئازارچەشتنەکە دەست پێدەکات، بێشوناسی، بێماڵی، هەستکردن بە شەرمەزاری، هەستی خۆبەکەمزانی، هەستی دەردی بێدەوڵەتی هەموو ئەوانە ئازارت دەدەن و بیریندارت دەکەن. بۆیە کورد وەک قوربانییەکی بێدەوڵەت لەخۆی دەڕوانێت، لەنێو ئەم دۆخی قوربانیبوونە گینگڵ دەدات و لێی دەربازنابێت. بۆی بووە بە گرێیەکی ئاڵۆسکاو و بۆی ناکرێتەوە، بۆی چارەسەرنابێت، هێندە لەنێو دەردی بێدەوڵەتیدا دەتلێتەوە ناتوانێت تێی بپەڕێنێت. ئەم دەردە، ئەم گرێیە سەرکردەکانی کوردیشی گرتۆتەوە، لە دیارترین نموونەیدا لەنێو کەسێتی مەسعود بارزانیدا خۆی نمایش دەکات. ئەگەر بەوردی سەرنجی لێدوان و قسەکانی بارزانی بدەین، بە ڕوون و ئاشکرایی ئەم گرێی بێدەوڵەتییە لەودا خۆی مانیفێست دەکات. لە هەمان کاتدا، ناتوانێ لەم گرێیە دەربازببێت، ئەو خۆی باش دەزانێت کە ناتوانێت دەوڵەت (ی کوردی) دابمەزرێنێت و دروستی بکات، بۆیە دەیەوێ ڕایبگەیەنێت. ئەو دەیەوێت هەرچۆنێک بێت لەسەر دەستی خۆی دەوڵەتەکە ڕابگەیەنرێ. ئەم ویستە پەیوەندی بە مێنتاڵێتی خێڵەکی و پیاوسالاری (پاتریارکی)یانەی بارزانییەوە هەیە، ئەو وەک پیاوێک، وەک سەرۆک خێڵێک دەیەوێ ئەم شەرفە بۆ ئەو بێت، ئەوجا بۆ بارزانییەکان بێت. ئەم مێنتاڵێتییە پتر لەسەر هەست و سۆز ئیش دەکات، بۆیە بارزانی پتر بە شێوەیەکی سۆزەکی باس لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکات، نەک لە بڕیارێکی هۆشەکی دروستەوە بئاخڤێت. لەبەرئەوە بارزانی پتر جەخت لەسەر ڕاگەیاندنەکە دەکات، ئاخر بۆ ئەو دوای ڕاگەیاندنەکە هەرچییەک ڕووبدات گرنگ نییە.

کورد ئەم تێڕوانینەی لە لا دروستبووە، گوایە کێشە، نەهامەتی و هەژەندەکانی بەهۆی بێدەوڵەتییەوەیە. بۆیە کورد ئەگەر دەوڵەتی هەبوایە ئەوا زۆرینەی کێشەکانی چارەسەردەبوون و ڕووبەڕووی ئەو هەموو هەژەند و جینۆسایدەش نەدەبووەوە، ئەمە ڕەنگە بەشێکی ڕاست بێت. ئێستاش هەمان بۆچوون هەیە و دەیەوێ سەرجەم کێشەکان، قەیرانەکان، کەمایەسییەکان، گەندەڵییەکان و ناکۆکییەکان بەبێ چارەسەر هەڵبگرێت تاکو دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەمە تێڕوانینێکی کێشەئامێزە، ئاخر تۆ بەبێ چارەسەری کێشەکان و یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکییەکان ئەگەر سەربەخۆش بیت، لەرزۆک دەبیت. هەروەها تۆ دوای سەربەخۆیی ڕووبەڕووی چەندین قەیران، کێشەی ناوەکی و دەرەکی دەبیتەوە، بەم هەموو کێشەیەوە چۆن دەتوانیت بەرگەبگریت و سەربەخۆبیت. بۆیە دەبێت لایەنی کەم زۆرینەی کێشە و قەیرانەکان بەر لە ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی چارەسەربکرێن. ئەگینا تەمەنی کۆمارەکەی ئەم هەرێمەش لە کۆمارەکەی مەهاباد زیاتر نابێت.

کێشەی حیزبی کوردی ئەوەیە پتر ئیشی لەسەر حیزباندنی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، لەبری ئەوەی وێنای دەوڵەت، خەونی دەوڵەت، ڕێزمەندی و خۆشەویستی بۆ دەوڵەت لە لای تاکەکان دروست بکات. هەروەها ترس لە زەبری دەوڵەت، تێگەیشتن و ڕوانینی دژە دەوڵەتی، دژە دامەزراوەیی، دژە حوکوومەت و دژە موڵکی گشتی لەنێو تاکەکاندا چارەسەر بکات، لە لایەکی دیکەشەوە لە گرێی بێدەوڵەتی دەربازیان بکات و بە پراکتیک ئیش لەسەر بونیادنان و دروستکردنی دەوڵەت بکات. کورد بەهۆی داگیرکردنی لە لایەن دەوڵەتەکانەوە و دابەشکردنی بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوەی پاشکۆلۆنیالیزم بووە بە بوونەوەرێکی دژە دەوڵەت، دژە، حوکوومەت، دژە دامەزراوە و دژە سیستەم؛ بەڵام حیزبی کوردی، دەسەڵاتی کوردی ئیشی لەسەر کاڵکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە نەکردووە و هەوڵی نەداوە کورد لەگەڵ دەوڵەت ئاشت بکاتەوە بەڕێی پیشاندانی نموونەیەکی جوانی حوکوومڕانی کوردی، بەڵکو ئەم ڕک و کینە و دژێتییەی زیاتر کردووە و تۆختر کردۆتەوە، چونکە نموونەیەکی جیاواز لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو پتر لاسایی ئەوانی کردۆتەوە و وەک مۆدێل لێی ڕوانیون. ئاخر حیزبی کوردی نازانێت سیاسەت بکات، خۆی ئایدیای سەربەخۆیی و دەوڵەتداری نییە، بۆیە پتر لە ٢٥ ساڵە هیچ بناغەیەکی دەوڵەتیان دروست نەکردووە، ئەو ژێرخانەی هەبوو ئەویشیان وێران و تاڵانکردووە. ئەمە زۆر ئایرۆنییە تۆ ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵ هیچ ئیشێکت بۆ بونیادنانی دەوڵەت نەکردبێت، پێت وابووبێ خەونی شاعیرانەیە! ئێستاش لەپڕ بێیت بانگەشە بکەیت و بڵێی دەوڵەت ڕادەگەیەنم! بێئاگا لەوەی کە دەوڵەت دروست دەکرێت، بونیاد دەنێرێت، دادەمەزرێنرێت، ئەوجا ڕادەگەیەندرێت.
لە کۆتاییدا، کورد بەر لەوەی ڕیفراندۆم بکات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت! دەبێت ئەم دیلێمایە چارەسەر بکات. واتا لە لایەکەوە، دەبێت خۆی لە زەبر و ستەمی دەوڵەت دەرباز بکات و لە لایەکی دیکەشەوە، خۆی لە گرێی بێدەوڵەتی ڕزگار بکات.

Previous
Next
Kurdish