Skip to Content

كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:.. شێرکۆ کرمانج

كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:.. شێرکۆ کرمانج

Closed
by شوبات 15, 2022 General, Opinion

كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:
بەسیاسییکردنی ئیسلام و بەئیسلامییکردنی منداڵان
شێرکۆ کرمانج


لەم بابەتەدا بە وردبوونەوە لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دەگاتە پۆلی دوازدەی ئامادەیی هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەوەی چۆن لە ڕێگەی ئەم کتێبانە ئیسلام وەک ئایین بەسیاسییدەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەم بابەتە بەشی سێیەمیشە لەو زنجیرە بابەتانەی کە لەم ماوەیەدا بڵاومکردۆتەوە لە پەیوەند بە کاریگەریی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە بەرهەمهێنانی مرۆڤی داعشئاسا.
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بەرپرسی یەکەم لە برەودان بە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەت ‌و سەرۆکی هەرێمن کە بەرپرسیارەتی یەکەمیان لەم کارە دەکەوێتە ئەستۆ، لەدوای ئەمانە ئەو ئیسلامییانەن کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە جومگەکانی وەزارەت جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لەو ڕێگەیەوەش پەیامەکانی خۆیان خزاندۆتە نێو توێی کتێبەکان.
مەبەستمان لە ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردن چییە؟ تێگەیشتن لەم دوو چەمک و زاراوەیە زۆر گرنگە پێش ئەوەی باس لە دەقەکانی کتێبەکان بکەین کە بە ئاراستەی ئەم دوو بیرۆکە و زاراوەیە ئیشدەکەن.
ئیسلامیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی ‏کەسێک (وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‏‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏‏ئیخوان موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش ‏بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ‏ئیسلامیزم دیدێکە کە ئایین‌ و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ‏ئیسلام ‏تەنیا وەک ئایینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ‏بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏خواپەرستی، وەک نوێژ و ‏ڕۆژو یان کۆمەڵێک بەهای مرۆیی، بەڵكو ئیسلام وەک ئایدیۆلۆجیا و سەرچاوە‌ و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ ‏تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەبینێت‌ و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی ‏لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان ‏دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە” و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی‌ ‏و کۆمەڵایەتی‌ و ئابورییەکان.‏
بەئیسلامیکردن، چاکتر بڵێین بەئیسلامییکردنی منداڵان لە بەرنامەکانی خوێندن، واتە نووسینەوەی بابەتەکان‌ و چیرۆکەکان ‌و دەقەکان لە دیدی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو کە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسییە، کە بە ئیسلامیزم ناسراوە. ئیسلامیزم و داعشیزمیش لە ڕەگوڕیشەدا هاوبەشن. بە دەربڕینێکی دیکە هەر هەوڵێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان واتە هەوڵە بۆ بەرهەمهێنانی داعش لە قوتابخانەکان.
ئێستا بابێینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە تا دوازدەی ئامادەیی تەرخانکراون بۆئەوەی وا نیشانبدرێت کە ئایینی ئیسلام ئایینێکی سیاسییە، واتە ئیسلام لە توێی کتێبەکانی قوتابخانە نەک وەک ئایین نیشاندراوە بەڵکو وەک ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی بە خوێندکاران ناسێنراوە. ئەمەش، وەک زۆربەمان دەیزانن و پێشوتر ئاماژەی پێکرا، بانگەشەیەکە کە هێزە ئیسلامییەکان لە دنیای ئیسلام بە داعشیشەوە دەیکەن. لە خوارەوە ئاماژە بە چەند نمونەیەک دەکەین:
یەکەم، لە لاپەڕە ٣١-٣٢ هەردوو چاپی ٢٠١١ و ٢٠١٥ (تەماشای هاوپێچ بکە) لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی لە یەکێک لە وانەکان دەڵێت قورئان پەڕتوکی یاساگوزاریی ‌و ئەحکامە، خوا بۆیە ڕەوانی کردوە تا ببێتە دەستور. ئەمە ڕاست ئەو ئارگیومێنتەیە کە حەسەن بەننا و ئەبوئەعلای مەودودی‌ و سەید قوتب ‌و یوسف قەرەزاوی‌ و هەموو ئیسلامییەکانی دنیا و کوردستان بەکاریدەهێنن بۆ بەسیاسییکردنی ئایینی ئیسلام (بۆ زانیاری زیاتر تەماشای کتێبی بەسیاسییکردنی ئیسلام کە لە نووسینی نووسەری ئەم بابەتەیە بکە). دانانی قورئان وەک دەستور و بەرنامەی ژیان بانگەشەیەکە ئیسلامییەکان نەک موسڵمانەکان ‏دەیکەن وەک ئەوەی کە دەڵێن “ئیسلام چارەسەرە” (الاسلام هو الحل). ئەوان، مەبەست ئیسلامییەکانە، بۆیە دەڵێن ئیسلام ‏چارەسەرە چونکە پێیانوایە ئیسلام بەرنامەی ژیانە و باسی لە ورد و درشتی کێشەکانی مرۆڤ کردوە.
دووەم، لە لاپەڕە ٦٦ ی هەمان کتێب، هەوڵێکدراوە کە درێژکراوەی هەوڵی ئیسلامییەکانە بۆ ناساندنی پێغەمبەری موسڵمانان نەک وەک پەیامبەرێک و ڕابەرێکی ئایینی بەڵکو وەک سیاسییەک و دامەزرێنەری دەوڵەتێکی ئیسلامیی. لە کتێبەکەدا هاتووە کە پێغەمبەر لە قۆناغی مەککەدا بانگهێشتەکەی تەنها بواری بیر و باوەڕی گرتبۆوە، بەڵام لە مەدینە دا زەمنیەساز و لەبار بوو بۆ پەیامی ئیسلام و بناغەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی دانا (تەماشای هاوپێچ بکەن). ئەمەش دیسان هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە ئیسلامییەکانی ئیخوان موسلمین و داعشییەکان دەیکەن. بۆ نموونە یوسف قەرەزاوی، یەکێک لە ئیسلامییە هەرە ناسراوەکانی دنیا و باوکی ڕۆحی ئێستای ئیخوانییەکان لە جیهان، پێغەمبەری موسڵمانان بە سەرۆک‌ و دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی ئیسلامی دادەنێت. قەرەزاوی دەڵێت “حاکم لە ئیسلامدا “بریکار” (وەکیل)ـە لەسەر ئۆممەت”ی موسڵمانان (تەماشای یوسف القرضاوی، من فقه الدولة في الإسلام،‎‎‏ بکە، لاپەڕە ٣٥). ئەو ‏بانگەشەیەی قەرەزاوی و کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە پێغەمبەر دامەزرێنەری دەوڵەت بووە بەتەواوی لەگەڵ دەیان ئایەتی قورئان ڕاستەوخۆ دژایەتی دەکەن. بۆ نموونە، لە ‏سورەتی ئەنعام هاتووە “ولو شاء اللە ما أشرکوا وما جعلناک علیهم حفیظا وما أنت علیهم بوکیل”، واتە “ئەگەر خوا‏‏ مەیلی ‏لێبا،‎‎‏ شەریکیان پەیدا نەدەکرد،‎‎‏ ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان (حەرەس) بەسەریانەوە‌ و نەبویتە هەمەکارەیان (وەکیل ‏بەسەریانەوە)” (قورئان ٦: ١٠٧)،‎‎‏ هەروەها لە سورەتی ئەنعام هاتووە “قل یا أیها الناس قد جاءکم الحق من ‏ربکم فمن اهتدی فإنما یهتدي لنفسە ومن ضل فإنما یضل علیها وما أنا علیکم بوکیل”، واتە “بێژە،‎‎‏ خەڵکینە! واڕاستیو ‏لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ هات. هەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدیکا،‎‎‏ شارەزابوون بۆ خۆیەسی،‎‎‏ هەرکەسێکیش گومڕا ببێ،‎‎‏ ‏گومڕایی دژی خۆیەسی. من (پێغەمبەر) وەکیلی کەستان نیم” (قورئان ١٠: ١٠٨)،‎‎‏ یان ئەوەی لە شوێنێکی دیکە ‏سورەتی ئەنعام دەڵێت: “وکذب بە قومک وهو الحق قل لست علیکم بوکیل”، واتە “هۆزەکەی تۆ ئەم قورئانی واڕاستیشیان ‏پێ درۆیە. بێژە خۆ من نەبوومە وەکیل بەسەرتانەوە” (قورئان ٦: ٦٦). ‏لەپاڵ ئەمانە، لە زیاتر لە پەنجا ئایەت لە قورئاندا پێغەمبەری موسڵمانان وەک “شاهید”،‎‎‏ “مژدەدەر”،‎‎‏ “پەیامبەر”،‎‎‏ ‏‏”گەیەنەری پەیام”،‎‎‏ “ڕێنیشاندەر”،‎‎‏ “ئاگادارکەرەوە” یان “وەبیرهێنەرەوە” ناویبراوە. بەپێچەوانەوە‎‎‏ لەهیچ شوێنێک ‏پێغەمبەری موسڵمانان وەک حاکم یان وەکیل ناوی لە قورئاندا نەهاتووە.

سێیەم، کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەتەواوی تەرخانکراوە بۆ ڕونکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیایەی کە پێیدەگوترێت ئیسلامی سیاسیی، ئیسلامیزم/داعشیزم. بە مانایەکی دیکە ژوورەکانی قوتابخانە لە کوردستان کراون بە ژووری پەروەردەکردنی کادیری ئیسلامیی-سیاسیی. دانەرانی کتێبەکە هێندە سەرەڕۆییان کردوە کە ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکەیان لە چاپی ٢٠١١ ناونابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی”، بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە کتێبەکانی پێشوتر لە بن پەردە و بە ناڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم کردبێت ئیدی لە پۆلی دوازدە بێپەردە قسە لە ئیسلامی سیاسیی دەکەن. لە چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکە ئەم ناونیشانە گۆڕاوە، پێدەچێت ڕەخنەکانی ئێمە ئەوکات کاریگەریی هەبووبێت، کە من لێرەوە بۆ ئەو شتە دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم. بەڵام کتێبەکە هێشتان کێڵگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی منداڵی ئیسلامیی/ئیسلامگەرا، منداڵێک کە پێیوابێت ئیسلام ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسییە وەک ئەوەی کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. لەپەیوەند بە کتێبی پۆلی دوازدە ناکرێت ئاماژە بە نمونە بکەین چونکە تەواوی بەشی دووەم و سێیەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان ئیسلام و سیاسەت و دەسەڵات. لێرە تەنیا ئاماژە بە ناونیشانی وانەکان و بڕگەکان دەدەین:
١. لە لاپەڕە ١٩، ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکە خراوەتەڕوو کە نووسراوە: “ئیسلام و بەڕێوەبردنی ژیان”، واتە هەمان مانای ناونیشانی بەشی دووەم لە چاپی ٢٠١١ دەبەخشێت کە نوسرابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی” چونکە بەڕێوەبردنی ژیان پرۆسەیەکی سیاسییە خۆ ئایینی نیە. هاوکات هاوماناشە لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان کە دەڵێن “ئیسلام بەرنامەی ژیانە”. خۆ ئەگەر دانەرانی کتێبەکەش دەڵێن نەخێر مەبەستمان سیاسەت نیە، ئەدی بۆ یەکەم وێنە لەو بڕگەیەدا وێنەی دەنگدانی کەسێکە لە هەڵبژاردنەکان لەگەڵ وێنەی باڵەخانەی دادگایەک. ئەگەر دەنگدان و دادگا سیاسەت نەبن چی سیاسەتە.
٢. لاپەڕە ٢١ تا ٢٣ قسە لەسەر دادپەروەری و ئیسلام لە بواری سیاسی و ئابوری دا دەکات. لە پەیوەند بەم بڕگانە دەبێت ئەوە بگوترێت کە لە چاپە نوێکەی ٢٠١٥ دا وەک چاپە کۆنەکەی ٢٠١١ هەست بە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە بەئیسلامییکردنی منداڵان دەکرێت، بەڵام تۆزێک کەمتر چونکە زۆر بڕگە لادراوە. سەرەڕای ئەمە تەواوی بەشی دووەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت، ئایین و دەسەڵات، کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. بە مانایەکی دیکە کتێبەکە کراوە بە پلاتفۆرمێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان (تەماشای تەواوی بەشی دووەم بکە لە لاپەڕە ١٩ تا ٤٣).
٣. لە لاپەڕە ٤٧ هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسلام و دیموکراسی دراوە. دواتر لە لاپەڕە ٤٩ باس لە یەکسانی گەل و نەتەوەکان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە دەکات. لێرەش وەک بڕگەکانی پێشتوتر مەبەستەکە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە ئیسلامییکردنی منداڵانە.
٤. بەشی سێیەمی کتێبەکە کە لە لاپەڕە ٥٣ وە دەستپێدەکات، تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی ئەوەی دانەرانی کتێبەکە ناویان ناوە “هێڵە گشتییەکانی تێڕوانینی ئیسلام بۆ سیستمی ئابوری”. دوای ئەمە قسە لەسەر “ڕێسا گشتییەکانی یاسادانانی ئیسلامی لە مەسەلە ئابوریەکاندا” دەکەن. بەهەمانشێوە، لێرەش هەر مەبەست دروستکردنی ئەو پەیوەندییەیە لەنێوان ئیسلام و سیاسەت کە ئیسلامییەکان پێداگری لەسەر دەکەن و دەڵێن ئیسلام و سیاسەت، یان ئیسلام و دەوڵەت لێک جیاناکرێنەوە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ ئیمام غەزالی (١٠٥٨-١١١١)‏ لە کتێبی ‏‏”إحیاء علوم‌ الدین”، لاپەڕە ٢٦، دەڵێت “سوڵتان ‌و دین جمکن،‎‎‏ دین ئەسڵە ‌و سوڵتانیش پاسەوان،‎‎‏ ‏هەرشتێک ئەسڵی نەبێ ڕووخاوە،‎‎‏ هەرشتێکیش پاسەوانی نەبێ بزرە”. بەهەمانشێوە‏،‎‎‏ ئیبن تەیمیە ‏‏(١٢٦٣-١٣٢٨)،‎‎‏ کە ئیسلامییە نوێکان بە شێخ ‌و ڕابەری خۆیانی دادەنێن،‎‎‏ پێیوایە کە دین‌ و دەوڵەت دوو شتی ‏لێک جیانەکراوەن. ئەو لە کتێبی “السیاسة الشرعیة” دەڵێت “ئەگەر ‏دین لە سوڵتان جیا بۆوە،‎‎‏ یان سوڵتان دینی وەلانا، ئەوا کاروباری خەڵک تێکدەچێت”. ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمەش هەمان بۆچوونیان هەیە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ مەلا کرێکار (ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام) لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی،‎‎‏ ژمارە ٦٠، ١١\٢\٢٠٠٢،‎‎‏ جەخت لەسەر جیانەکردنەوەی ئیسلام ‌و سیاسەت دەکات ‌و دەڵێت ‏ئێمە ناتوانین بڵێین “ئیسلامی سیاسی‌ و ئیسلامی ئابوریی ‌و ئیسلامی عیبادەت… ئیسلام یەک ئیسلامە”‎‎‏.
بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانە و ئەو ڕاستییانەی خرانەڕوو دەتوانین بڵێین کە دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بەو کارانەیان پێداگری لەسەر هەمان ئەو تێگەیشتنە دەکەن کە ئیسلامییەکانی وەک قەرەزاوی و سەید قوتب و مەلا کرێکار و فوقەهاکانی وەک ئیمام غەزالی و ئیبن تەیمیە کردویانە لە بەیەکەوەگرێدانی ئیسلام و سیاسەت. ئامانجی دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی دانی ڕەنگێکی سیاسییە بە ئایینی ئیسلام، ئەمەش هەم بەسیاسییکردنی ئیسلام هەم بەئیسلامییکردنی منداڵان بەرهەمدێنێت، کە خۆی لە خۆیدا بەرهەمهێنانی داعشیزم وەک ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤی داعشئاسای لێدەکەوێتەوە.
بۆیە ‏واچاکە کتێبەکانی قوتابخانەکان لەم جۆرە ‏بانگەشە ئایدیۆلۆجیانە پاکبکرێنەوە چونکە ڕیکلام بۆ ڕەوتێکی سیاسی بە هیچ ‏شێوەیەک ئەرکی قوتابخانە و سیستمی ‏پەروەردە نیە. ‏

Previous
Next
Kurdish