پەڵەهەورێکی بەهاری و سووکەڵەبەفرێکی زستانە.. هۆمەر نۆریاوی
(مەنووچەر کەیخسرەوپوور لە خەیاڵدانی مندا)
پاش ئەوەی لە نەوەدەکانی هەتاوی(2011)بەملاوە ڕووم لە شاری سنە نا،ئاشنا بە زۆر سیما و کەسایەتی پەرۆش و خەمخۆری نێو ڕووبەری وێژە و ئەدەب بووم.
ڕۆژێک دەگەڵ نووسەر و شاعیری هاوڕێم “ئیرەج عیبادی”(1949)لە تەک مرۆیەکی ڕۆحسووک و وریای نێو ڕووبەری ئەدەب شارەزایەتیم پەیدا کرد. کاک ئیرەج وتی،چیرۆکنووسە و کرماشانییە و زۆر دەمێکە لە شاری سنەدا دەژیت.
بەو ڕۆژانە دەگەڵ کاک ئیرەج پێکەوە بە فارسی قسەیان دەکرد،خۆم دە قسەیان تێهەڵقورتاند و وەبەر لۆمەم دان. عەرزی چیرۆکنووسە خاکەڕاکەم کرد،هاوڕێ گیان،کەڵهوڕی،دیالێکت و زاراووەیەکی دەوڵەمەند و زەنگینی زمانی کوردییە و “ئەڕا وەگەرد یەک وە کوردی قسە نییەکەن”؟
ڕوخساری میهرەبانی پێدەکەنی و شۆقێکی سەیر دایگرت. ڕاست وەبیر چیرۆکنووسی پێشڕەو و مرۆدۆست”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”(2017-1941)کەوتمەوە. ڕەنگە ڕۆژبەرەکەی ئەم ڕووداوە کە ئێستا ئاماژەی پێدەدەم،بۆ پتر 25ساڵ لەمەوپێش بگەڕێتەوە. دەستم دابووە وەرگێڕانی کۆمەڵەچیرۆکێکی ئەم نووسەرە. کاتێک کورتەچیرۆکەکانم بۆ دەخوێندەوە،بە دەستێکی چاویلکەکەی دادەگرت و نەرمە ئەسرینێک بە ڕوومەتە پڕ میهرەکەیدا دەتکایە خوار. دەمبینی چەندە بە کوردییەکەی خەنی دەبوو و بزەیەک دەزایە نێو نیگایەوە.
ئەم ڕووداوە پاش 20ساڵ،جارێکی دی بەڵام ئەم جارەیان لە شاری سنەدا پاتە بووەوە کە ئەویش ئاشنابوون بە مەنووچەر کەیخسرەوپوور بوو. ئیدی لەو دەمەوە ئاشنایەتییەکەمان ڕووی لە هۆبەی نزیکتر نا و پێکەوە بەردەوام لەسەر ئەدەبی دوێنێ و ئەمڕۆی کوردی و گەلێک تۆرەوانی کورد قسە و باسمان دەکرد و بیر و ڕامان دەگۆڕییەوە.
مەنووچەر کەیخسرەوپوور،لە کۆتایی چلەکانی هەتاوی(کۆتایی شەستەکانی زایینی)دەبێتە مامۆستای قوتابخانە. قوتابییەکی ئەمەکناسی نووسەری گەلپەروەری کوردی فارسینووس”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”بوو. ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان سووکە پێوەندییەکی دەگەڵ نووسەری مرۆدۆست”ئەلی ئەشرەف دەروێشیان”بووبێت،دەزانێت چەندە خاوەنی ویژدانێکی بێدار و ڕۆحێکی یاخی بووە. دەروێشیان،هەرگیز لە بەرانبەر ملهوڕ و ستەمکاردا بێدەنگ نەبووە و لە ڕێی پێنووسەکەیەوە هاواری بڵند دەکردەوە. مەنووچەر کەیخسرەوپووریش سەردەمێک لەم نووسەرەوە نزیک دەبێتەوە کە لە قۆناخێکی هەستیاری ژیاندایە و تازە دەبێتە مامۆستای قوتابخانە و لە بن ڕاوێژ و ڕێنمونییەکانی مرۆی پێشڕەوی وەک دەروێشیان دا دیدەی زێتر بەرەوڕووی جیهانی چوارتەنیشت دەکرێتەوە و دواتر ئەم هەموو وانەیە بۆ ژیان دەکار دەگرێت و درێژە بە ڕێبازە مرۆیییەکەی ئەم جۆرە سیما درەوشاوانە دەدات.
مەنووچەری مامۆستای قوتابخانە،نامەیەک بۆ ئەم نووسەرە پێشەنگ و جوایەزنووسە دەنێرێت و ئەویش وەرامی نامەکەی دەداتەوە و چەند پەڕتووکێکیشی بۆ دەنێرێت. نامەکەی دەروێشیان ئەوەندە کارتێکەری قووڵ لەسەر مەنووچەر کەیخسرەوپوور دادەنێت کە هەم درێژە بە خوێندنی باڵا و خوێندنەوە دەدات و هەمیش هەر بە ڕێبازەکەیدا دەڕوات.
لە بەشێکی نامەکەی مامۆستا ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دا هاتووە:” مەنووچەری ئازیز،نامەکەتم وەرگرت. بوویت بە مامۆستای قوتابخانە،ئەرکێکی گەلێک چەتوون و گرانە. بەڕێوەبردنی ئەرکی دیتران(خەڵکانی دی)بەرپرسیاریەتییەکی پڕ گرانە. پەروەردەکردنی مرۆ، ئەرک و کارێکە لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە. ئەگەر ئەرکێکی دیکەت لە ئەستۆ بووایە ئەوە دەکەوتەوە سەر خۆت چلۆن هەڵسوکەوت بکەیت لێ،مامۆستایەتی ئەرچی لەم وڵاتەدا ئەوەندە بایەخی پێنادرێت،ئەرک و کارێکی گرینگ و مایەی شانازییە. مەڵێ ئیدی بوومە مامۆستای قوتابخانە. ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردنە بە پێگەی ئەرەستوو(322-384ی پێش زایین). هاوڕێی ئازیزم،کاتێک لە پێناو ڕۆشنگەریدا خەبات دەکەیت،گەرەک ئاگات لە شێوەی ئاخاوتن و قسەکردنت بێت. سەرەڕای خوێندنەوەی بەردەوام،پێویستە درێژە بە خوێندنەکەت بدەیت. هیچ پێویست ناکات تەنێ لە بەشی پزیشکیدا وەربگیردرێیت و درێژە بە خوێندن بدەیت. ڕوو لە بەشی ئەدەب و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بکە،کۆمەڵناسی بخوێنە،زانستی پەروەردە بخوێنە. فێرە زمانیش ببە.
سەمەد(1968-1939)(مەبەست،سەمەد بێهڕەنگییە کە بە چیرۆکنووس و نووسەرێکی پێشڕەو لە ئەدەب و وێژەی فارسیدا دادەنرێت. وەرگێڕ)جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانە بوو،فێرە زمانی ئینگلیزییش بوو بوو و ئەو هەموو کتێب و پەڕتووکەیشی نووسی”.(ژیوار،ل64)
پێویستە ئیشارەتیش بەم خاڵە بدرێت کە مێژووی نامەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1348ی هەتاوی(1969).
مەنووچەر کەیخسرەوپوور ئیدی بە دید و ڕوانگەیەکی تازە و جیاوازەوە دەڕوانێتە پیشە و کاری وانەوتنەوە و تەمەنێک بەوپەڕی پەرۆشییەوە وانە بە قوتابییان دەڵێتەوە. کەچی بەشێکی کات و ساتەکەیشی بۆ ڕۆچوون بە دنیای ئەدەب خاسما خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان و دواتر چیرۆکنووسین تەرخان دەکات.
سەردەمێک لە تەورێز دەبێت و درێژە بە خوێندنی باڵای دەدات و ئەزموونی خۆی لەو شارەدا دەوڵەمەندتر دەکات و ئاشنا بە گەلێک کەسایەتی ڕووناکبیر دەبێت. دواتر بە زۆر شار و شارۆچکەی کوردستاندا دەگەڕێت و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ئەزموونی ساڵانی خوێندنەوەی خۆی دەخاتە بەردەم.
ئیرەج عیبادی،لە کتێبی”ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەولەوی،لقی سنە”دەنووسێت:” کات،کاتی وتار و ئاخاوتنی مەنووچەر کەیخسرەوپوورە،ئارام و هێمن لەسەر مێزەکەی دانیشتووە. نووسەرێکی کرماشانی دانیشتەی سنە. زنجیرە وتارەکانی لە بن سەردێڕی”لێکدانەوەی ئەدەبی چیرۆکنووسی”گەلێک باڵکێشە؛پێشتریش نووسینەکانی لە چەندان گۆڤار و بڵاڤۆکدا چاپ و بڵاو بوونەتەوە. لە گلێرکردنەوەی ئەفسانە و فۆلکلۆر،پەندی بەرینان و بەیت و مەتەڵە کوردییەکاندا دەگەڵ ئەلی ئەشرەف دەروێشیان هاوکاری کردووە”.(ئەنجوومەنی مەولەوی،ل71)
ئیرەج عیبادی هەروەها لەسەر ئەم چیرۆکنووسە دەڵێ:”مەنووچەر لە ڕێی منەوە پێی بە ئەنجوومەن کرایەوە و بوون بە ئەندام”.(سەرچاوەی پێشوو،ل138)
بەرهەمەکانی مەنووچەر کەیخسرەوپوور سەلمێنەری ئەوەن ئەم نووسەرە تا چەندە لەسەر چیرۆک و ڕۆمان قووڵ بووە. لە ڕاستیدا چیرۆکنووسێکی وریا و بلیمەت بوو. مەنووچەر کەسخسرەوپوور چونکە خوێنەرێکی وریا و وشیاری شیعریش بوو،لەم بوارەیشدا توانای خۆی تاقی کردووەتەوە و خاوەنی زۆر شیعری ناسک و پاراویشە. ڕەنگە شیعری مەنووچەر وەک چیرۆکەکانی قووڵ نەبن بەڵام زمانە شیعرییەکەی سادە و ساکار و پڕ واتایە. تۆ بنۆڕە چەندە ساکار لێ قووڵ چاو لەم چەند چەمکە(ژیان،مردن،ئەڤین،دابڕان،یاد)دەکات:
ناچاریت هەر دەبێ بژیت..
چەمەڕای مردن بمێنیت،
ئەڤین هەر تاقە جارێکە،
دابڕان پڕپڕ ئەستەمە،
یادت،پاتە دەبێتەوە و
ناوی تۆش،.(…..)..!؟..
مەنووچەر،تا دەهات پتر شەیدای ئەدەبی کوردی دەبوو و لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا بە پێی توانا بە کەڵهوڕی قسەی دەکرد و هەر جارە و گۆشەیەک لە زانستە بەرفرەوانەکەی بۆ ئامادەبوو و بەشدارانی کۆڕەکان دەخستە ڕوو.
ڕاستیت گەرەکە ئەو سەردەمەی مەنووچەر دەست بە نووسین دەکات،زمانی کوردی دەرفەتی وەک ئێستای لەبەردەم نەبووە کە ئەوەند گشتگر بووبێت؛هەر بۆیە وەک سەدان نووسەری کوردی دی، بە فارسی دەنووسێت و بەری هزر و ئەندێشەی دەخاتە نێو چوارچێوەی ڕووپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامان.
ڕۆچوونی من بە دنیا گچکە و پڕمیهرەکەی ئەم نووسەرەدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە مەنووچەر، دەورێکی کارا لە ئەنجوومەن و بنکە ئەدەبییەکانی شاری سنەدا هەر وەک ئەنجوومەنی مەولەوی،بێسارانی،ئاوێنەی کوردستان،لووتکە و هتددا دەبینێت. گەلێک کورتە چیرۆک و نووسینی لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی سنەدا هەروەک ئاسۆ،تاڤگە،(دیار کهن)،ژیوار،لووتکە و…چاپ و بڵاو بوونەتەوە.
شاعیر و تۆرەوان،”غەریب کوردستانی”(1967)کوڵی دڵەکەی بۆ دواکۆچەکەی ئەم نووسەرە بەم چەشنە دەردەبڕێت :
کزەی وەفر لویل وە ڕێی ڕاخەوە
دەنگ دووس ناتێ وە ئێڵاخەوە
چەوم کەفتە زێد کوێنە هەواران
زێد هەر ئەو زێدە و نەمەنیە یاران
مەنووچەر کەیخسرەوپوور بەشێکی فرەی تەمەن و ژیانی لە شاری سنە و خوێندنگەکانیدا تێدەپەڕێنێت،بە واتایەکی دی،لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ڕوو لەم شارە دەکات و تا دوادەمی ژینیش هەر لە سنەدا دەمێنێتەوە و هەر سنەیش دەبێتە دواهەواری؛هەر بۆیە لەم سۆنگەوە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و بگرە دەزگای پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە گەلێک قەرزباری ئەم مرۆ ڕۆحسووکەیە. بە سەدان کوڕ و کەنیشکی ئەم شارە لە ڕێی وانەکانی مەنووچەر کەیخسرەوپوورەوە هەر لە خوێندنگەوە تا بنکە و ناوەندە ئەدەبیی و چاندییەکان گەشەیان کردووە و دواتر بۆ خۆ بوونەتە مامۆستا،نووسەر،تۆرەوان،ئەندازیار و پزیشک. مەنووچەر،نموونەی هەرە باڵای مامۆستایەکی ڕاستینەی قوتابخانە بوو. وەک مامۆستا “شەریف حوسێن پەناهی”(1954)دەڵێ:
دەنگی بەرزی دەرسی جوان
ئەڕوا بەرەو ئاسمان
(ملوانکەی شین،ل25)
ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە بە جوانترین شێواز لە لای ئەم مەنووچەری مامۆستای خوێندنگە خۆی دەردەخست.
شیاوی ئاماژەپێدانە چیرۆکنووس و شاعیر”مەنووچەر کەیخسرەوپوور”ساڵی 1326ی هەتاوی(1947)لە شاری شائاباد(ئیسلامئاوای ئێستا)سەر بە ستان و پارێزگەی کرماشان،لەدایک دەبێت. لە تەورێزدا بڕوانامەی بکالۆریوسی زەویناسی وەردەگرێت و دواتر لە خوێندنگەکانی شاری سنەدا دەبێتە مامۆستای قوتابخانە و لەم بوارەدا درێژە بە ڕاژە و خزمەتەکەی بە قوتابییانی کورد دەدات.
تا ئێستا سێ بەرهەم لەم نووسەرە چاپ و بڵاو بووەتەوە کە بریتین لە:نهێنی ئەو چیرۆکە کۆنە،نووسراوە پەرش و بڵاوەکانم و گێتی لە زمان منەوە.
سەد مخابن ڕۆژی سێشەممە،8ی ڕەشەممەی2723(27ی فێبریوەری 2024) دڵە میهرەبانەکەی ئەم چیرۆکنووسە لە شاری سنە لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا بۆ هەمیشە لە خاکی نیشتماندا ئارامی گرت.
پەڵەهەورێکی باراناوی
لە هەورێکی باراناویی بەهار دەچوو،
نەرمێ دەهات،دادەباری و
وەکوو بزەش،
تەنێ سێبەرێکی نەخشین،
لە خەیاڵدان دا جێ دەما.
کە دەپەیڤی،
خودی خۆی زەردەخەنە بوو،
شیرین شیرین،
لەسەر دڵان ڕۆ دەنیشت و
بۆ هەمیشەش
لە ئەلبۆمی یادگاردا
نەخشی دەبەست.
ئەم ڕێبوارە چاوبەفرینە،
لە ڕەشەممەی چاوکاڵەوە،
چاوی هەر چاوەنۆڕی بەهار و
نەرمە بارانێ وەک خۆی بوو،
کەچی دڵە نەرمۆڵەکەی دەیگوت:
“مەنوو”گیان،بەسیەتی لێدان،
ئارام بگرە و بۆ هەمیشە
بگرە وچان.
سنە
9ی ڕەشەممەی 2723
ژێدەر:
1 – گۆڤاری ژیوار،ژمارە 3،ساڵی حەوتەم،بەفرانباری 1394ی هەتاوی،نامە مێژوویییەکەی ئەلی ئەشرەف دەروێشیان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی مامۆستا
2- ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەولەوی،لقی سنە،ئیرەج عیبادی،پەخشکاری تەوەکولی،تاران،چاپی یەکەم،1400ی هەتاوی
3 – ڕووپەڕی غەریب کوردستانی لە تۆڕە جڤاکییەکاندا
4 – ملوانکەی شین،شەریف،چاپی پێنجەم،چاپخانەی پەیام،مەهاباد،1979(1358ی هەتاوی)