Skip to Content

نوستالژیا/ فیلمی ھیندیی..5.. ستیڤان شەمزینی

نوستالژیا/ فیلمی ھیندیی..5.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 7, 2024 General, Opinion


بەشی پێنحەم

فیلمی ھیندیی
لە دەیەی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، سەیرکردنی فیلمی ھیندیی لەلای ھەموو خەڵکی باشووری کوردستان ببووە نەریت. ھەموو کەس دەیزانی شەوانی سێشەممە لە تەلەفزیۆنی کوردیی کەرکوک لە دوای دەنگوباسی کاتژمێر “١٠”، دوا بابەتی شەو فیلمێکی ھیندییە. دوا بەدوای ئەوەش بەرنامەکانی تیڤی کۆتایی دەھات و خشەخشەکە دەستی پێدەکرد. ئێمە ئەوسا منداڵ بووین، ھەموو ھیوامان ئەوە بوو شەو خەومان لێ نەکەوێت، یان ماڵەوە ناچارمان نەکەن بە سەعیکردن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕ بە دڵ تەماشای ئەو فیلمە ھیندییە ساکارانە بکەین، کە لەلای ئێمە زۆر قووڵ و کاریگەر بوون. ئێمە منداڵ بووین، واماندەزانی ھیندستان خۆشترین وڵاتی سەرزەمینە، وەھا تێدەگەیشتین ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتە ھەر سەرقاڵی فیلم و گۆرانی گووتنن. بیرمان دەکردەوە رەنگە ھیندستان ھێندە دوور بێت، ھەرگیز نەتوانین بیگەینێ، نەک وەک ئێستا کە ھەندێک کەس بۆ چارەسەری ھەڵامەتیش سەردانی ھیندستان دەکەن. بیرم دێتەوە جارێکیان “رێبوار”ی برام، لە ماڵەوە تووڕەبوو، پڕ جانتایەک جل و پێداویستی خۆی ھەڵگرت، وتی دەڕۆم بۆ ھیندستان و قەت نامبیننەوە، مەگەر لە تەلەفزیۆندا بمبیننەوە. ئاخر ئەو برایەم ھیوایەتی پلە یەکی فیلمی ھیندیی بوو، ناوی ھەموو ئەکتەر و فیلمەکانی وەک ئاو و دۆ لەبەربوو، ئەوەندەی گۆرانی ھیندیی لەبەربوو، بە قەدەر ئەوە وانەکانی قوتابخانەی لەبەر بکردایە ئێستا دوو سێ دکتۆرای ھەبوو.
من یەکێک بووم لە تەماشاکارە ھەرە سەرسەختەکانی فیلمی ھیندیی، بڕوا ناکەم شەوبژێرم لە بینینی ھیچ فیلمێک کردبێت لە ھەشتاکاندا. ئەو شەوەی بڕیاربوو فیلمی ھیندیی بکات، سەر لە ئێوارەکەی زۆر باش بۆی دەخەوتم. بە خوشکە گەورەکەمم دەوت ٢٠ خولەک پێش فیلمەکە لە خەو ھەڵمبستێنە. ئەویش ھەروای دەکرد. کاتێک لە خەو ھەڵدەستام، دەمبینی دیسان چا لێنراوەتەوە، نان و ماست، یان گوێز و ھەنگوین، زۆر جاریش ھێلکە و رۆن ئامادە کرابووەوە، چونکە ئەوە ببووە ژەمی چوارەم. لەگەڵ سەیری فیلمەکە نانیشمان دەخوارد، پاشان چەرەس، ئەمەش وای لێدەکردیت گەدەت پڕ بێت و بە ئاسانی خەوت لێنەکەوێت، بۆیە تا کۆتایی بەدیار تەماشاکردنی فیلمەکانەوە دەماینەوە. تێکڕای گەنجان خولیای لاساییکردنەوەی ئەکتەرە ھیندەکانیان ھەبوو، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵایەتی رێگربوو لەوەی بتوانن لە شێوەی خۆگۆڕین لاساییان بکەنەوە. “رێبوار”ی برام وەک وتم زۆر سەرسام بوو، بە ئەکتەرە ھیندەکان. ئێوارەیەک بە قاتێک چاکەت و پانتۆڵی سپی و قۆنەرەیەکی رەشی لەمەعەوە، عەینەکێکی رەشی گەورەشی لە چاودا بوو، خۆی کردەوە بە ماڵدا، بێ ھیچ قسەیەک رووی کردە داپیرەم و گووتی لە “ئەمیتاب” دەچم؟، خوشکێکم زۆر لێی تووڕە بوو وتی، نەخێر جەنابت لە شێرە دەچیت، سەروپۆتەڵاکت ھەروەک ئەوە. ئاخر شێرە “ئەمریش پوری”ی داماو لە ھەموو فیلمێکدا رۆڵی ستەمکار و مافیا و جەلادی دەبینی، لە کۆتایی ھەموو فیلمەکانیشدا دەکوژرا. ئەو شێرە داماوە زیاتر لە ھەزار جار بە دەستی میسۆن و ئەمیتاب کوژراوە، وەک پشیلەی حەوت رۆح وابوو، ھەر دەکوژرا و لە فیلمێکی نوێتردا زیندوو دەبووەوە.
ئەو ئەکتەرانەی لای من زۆر خۆشەویست بوون، بریتیبوون لە “ئەمیتاب، میسۆن، شاشی کاپور، دار مەندرا”، ئەو فیلمانەشی ھەمیشە پێیان سەرسام بووم، بریتیبوون لە فیلمەکانی “شوعلە، سەنگام، لوھا، دیکسۆ دانسا، شاھنشا، گرفتار، مەرد، تۆفان”. زۆرتر ئەو فیلمانە رەواجیان ھەبوو ئەمیتاب و میسۆن و ماڵباتی کاپور رۆڵیان تێدا دەبینی. ئەو ئەکتەرانە ھێندە خۆشەویست بوون، وێنەکانیان لە زۆرێک لە ماڵەکاندا ھەبوون، یان دەنران بە بەرگی دەفتەرەکانەوە. لە بەرامبەر قوتابخانەی خوشکە بچووکەکەم “بەرانان”، دوکانێک ھەبوو بە ناوی دوکانی “بۆتان” ئەم دوکانە تەنیا وێنەی ئەکتەرە ھیندەکانی دەفرۆشت، تەنانەت خاوەنەکەشی “بۆتان” یەکێک بوو لە سەرسامەکان بە فیلمی ھیندیی. دەیان جار رۆژانەکەی خۆم کە بۆ قوتابخانە وەرم دەگرت، دەمدا بە وێنەی ئەکتەرە ھیندەکان لە ژن و پیاو. وا بزانم جارێک وێنەکانم ژمارد زیاتر لە ٦٠ وێنە بوو، کە ھەر یەکێکیان ھێندەی لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ قەبارەیان گەورە بوو.
وەک وتم تەلەفزیۆنی کەرکوک لە ھەفتەیەکدا تەنیا یەک شەو، فیلمی ھیندیی پەخش دەکرد، بەڵام بڕوا ناکەم من شەوبژێرم لێکردبێت. ھەندێک جار بە رۆژ ھێندەی ھیلاک دەبووم بەھۆی فوتبۆڵ و قوتابخانە و سەعیکردنەوە، بە دیار سەیرکردنی فیلمەکەوە خەوم لێدەکەوت، بەڵام ھێندە فیلمەکانم خۆشدەویست و تامەزرۆیان بووم، ئەو بەشەی فیلمەکە کە من نەمبینیبوو بە خەون تەواوم دەکرد، رووداوەکان لە خەونەکانمدا بە ریتمی ئەو بەشە دەڕۆیشتن بەواقیعی بینیبووم. جاریش ھەبووە، خۆم چوومەتە ناو رووداوەکانی فیلمەکەوە، لە خەونمدا ھەستم بەوپەڕی شادیی دەکرد، بوومەتە ئەکتەر و لە پەنا ئەمیتاب و میسۆن بەشداریی فیلم دەکەم. ھەر کە سبەینێ لە خەو رادەبورام، زۆر خەفەتم دەخوارد، خوشکەکانم ناچار دەکرد، رووداوەکانی فیلمەکەم بۆ بگێڕننەوە، چونکە لە قوتابخانە باس ھەر باسی فیلمەکەی شەو بوو، نەدەکرا بڵێم نەمبینیوە، بە تایبەت “شەڕی ئەخیر” چونکە ئەوسا زاراوەی “شەڕی ئەخیر” لە ھەموو زاراوەیەکی تر زیاتر دەھاتە سەر زاران.
ئەوە نەبوو، بە بینینی یەک فیلمی ھیندیی لە ھەفتەیەکدا، تینووێتیمان لەو فیلمانە بشکێت. ئێمە لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، دەچووین کاسێتی فیلمەکانمان دەھێنا و لێماندەدایەوە، بۆ ئەوانەشی لە رووی تەمەنەوە لە ئێمە گەورەتربوون دەچوونە سینەما بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. ھەندێکجاریش بۆ فیلمەکانی “ترنتی”. ئێمە یەکێک بووین لە ماڵە شانسدارەکان بەوەی لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، چونکە ئەو ئامێرە لە کەم ماڵدا ھەبوو، بۆیە ھەر کاتێک کاسێتێکمان بھێنابایەتەوە بۆ ماڵەوە، ماڵەکەمان جمەی دەھات لە گەنج و پیر بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. چونکە ئەوسا خەڵک ھەموو بێزارببوون لە وتارە دوور و درێژ و بێزارەکەرەکانی سەدام کە ھەمووی قەوانێکی دووبارە بوو، ئەوەی کەمێک ئاسوودەیی دەدا بە خەڵک فیلمی ھیندیی و بڕگە کۆمیدییەکانی “دی دی” و “ماوەی بیانی” بوو.
ئەوێ رۆژێ ھێندە عاشقی فیلمی ھیندیی بووین، ھیچ دەرفەتێکمان بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان بەفیڕۆ نەدا. لە ھەشتاکان لە رۆژانی جەژندا لە ھەر گەڕەکێدا، یەک دوو ڤیدیۆخانە دەکەوتنە کار، ئەم ڤیدیۆخانانە ھەر یەک سەعات جارێک، فیلمێکیان پەخش دەکرد، بۆ نموونە فیلمی ھیندیی و فیلمەکانی بروسلی و جاکیشان. ھەر کاتێک دەگەیشتە سەر گرتەیەکی پۆرۆنۆ یان ئیغرا، بە پەلەپەل کاکی ڤیدیۆچی، گرتەکەی پێشدەخست. ئێمەش وەک منداڵە چەقاوەسووەکان ھاوارمان دەکرد “پەڕانی، پەڕانی”. جگە لەوەش کەم فیلم ھەبوو بە یەک کاتژمێر تەواو بێت، بۆیە ناچاربوون زۆرێک لە گرتەکان پێشبخەن، ئێمەش بەلامانەوە ئاسایی بوو، ھەر حەزمان لە کوشتنی “شێرە و جەبار” بوو. لە فیلمەکانی “بروسیلی”شدا، تەنیا چێژمان لە شەڕەدەستەکان دەبینی و شادومان دەبووین بە کوشتنی “حەکیمە درێژ”. جا ئەو حەکیمە ھەر خۆی ناوی حەکیم بوو یان ئێمە ئەو ناوەمان لێنابوو، ئەوەیان نازانم. ئێوارەیەک میوانمان ھەبوو، خزمەکانمان لە بەغدادەوە ھاتبوون. بڕیارماندا دوو کاسێتی فیلمی ھیندیی بھێنینەوە تاکو وەک شەوچەرە، میوان و خزمەکانی پێ دڵخۆش بکەین. چووینە یەکێک لە دوکانەکانی بەکرێدانی کاسێتی ڤیدیۆ، داوای دوو فیلمی ھیندیمان کرد، ئەویش دوو کاسێتی دا بە ئێمە و گووتی ئەوە ئەو دوو فیلمەیە کە داواتان کردووە. ئێمەش بردمانەوە بۆ ماڵەوە، ھەموو دڵخۆش بوون و پەلەپەلی دونیایان لێکردین. ئەوەبوو فیلمی یەکەممان خستە سەر ڤیدیۆکە، ھەر نەیخوێندەوە. ناچار کاسێتی دووەممان خستە سەری، ئەویش یەکێک بوو لە فیلمە ئیباحییەکانی ئەکتەری تورک “بانو ئەلکان”, بەمەش “رێبوار”ی برام زۆر تەریق بووەوە. بە تایبەت میوانەکانمان خەڵکی بەتەمەنیان تێدابوو.
براکەم تووڕە بوو، وتی مادام ئەو دوکاندارە بە منی رابواردووە، دەبێت پێی رابوێرمەوە. بۆیە بۆ رۆژی دوایی چووبووەوە بۆ لای دوکاندارەکە و پێی وتبوو، دەستخۆش فیلمەکانی ئەمشەوم زۆر بەدڵ بوو، بەڵام پێویستم بە فیلمێکی ھیندییە، گۆرانی و بارانبارینی تێدا نەبێت. کابرای دووکاندار دوو کاتژمێر گەڕابوو بە دوای فیلمێکی وەھادا بەڵام دەستی نەکەوتبوو. دوای ئەوە براکەم وتبووی تۆ دوێنێ بە منت رابوارد، منیش ئەمڕۆ پێم رابواردیتەوە، ئاخر ھەی مەغۆل فیلمی ھیندیت بینیوە باران و گۆرانی تێدا نەبێت؟. بەمەش کابرا دەمی ببوو بە تەڵەی تەقیو و ھیچی پێنەکرا. بەھەرحاڵ ئەمە حاڵی ئێمە بوو لە دەیەی ھەشتاکاندا، کاتێک دەیەی نەوەدەکان ھات، راپەڕین و ئازادیی کوردستان، بووە سەرەتایەکی نوێ و ھەموو ئەو شتانەی پێشووی لەگەڵ خۆیدا راپێچا. من لەوساوە تائێستا سەیری فیلمی ھیندیم نەکردووە، بەڵام لەم رۆژانەدا لە ماڵی ناسیاوێک بووم، بە ھەمان شەوق و تامەزرۆیی ھەشتاکانەوە، سەیری کەناڵی “زی ئەفلام”ی دەکرد کە چەناڵێکی عەرەبی- ھیندییە و رۆژانە چەندان فیلمی بۆلیۆد پەخش دەکات. منیش کەمێک لە خۆم رامام، ھەموو ئەو یادەوەرییانە بە خێرایی گەڕانەوە ناو مێشکم کە لێرەدا یادداشتم کردوون.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 524-528بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish