
كێ بڕیار له چاره‌نوسمان ده‌دا؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف
چۆن ده‌كرێ هێزگه‌لێك بێن بڕیار له چاره‌نوس و ئێستا و ئاینده‌مان بده‌ن؟ چۆن ده‌كرێت گه‌لێك برسی بكرێت و كه‌رامه‌تی بشكێت و دواجار داواشی لێ بكرێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن و ڕیفراندۆم بكات، له‌كاتێكدا هه‌ر خۆشیان قفڵێك له ده‌رگای پارله‌مان بده‌ن؟ كێشه به ناشه‌رعی ده‌توانێت ئه‌م ئازایه‌تیه بنوێنێت و كاتی هه‌ڵبژاردن و ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری بكات؟ هه‌موو ئه‌م ڕوقایمیه سیاسیه له‌و بێده‌نگیه كوشتندهیهوه هاتووه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئولفه‌تی گرتووه و نان و ژیانی لێسه‌ندوینه‌ته‌وه و ئێستا له بۆسه‌دایه كه چاره‌نوسی منداڵه‌كانیشمان دیاری بكات.
چه‌ند ڕۆژێك پێش ئیستا هه‌موو گوڵیان له‌سه‌ر گۆڕی كاك نه‌وشیروان داده‌نا و ئهسهفیان بۆ مه‌رگی ئه‌م پیاوه ده‌خواست و ئێستاش له فه‌راغی كاك نه‌وشیرواندا فرسه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌هێنن و به ئاره‌زووی خۆیان ساحه‌كه‌یان بۆ چۆڵ بووه ده‌یانه‌وێت چاره‌نوسی خۆمان و منداڵه‌كانیشمان دیاری ده‌كه‌ن و ئه‌م ئه‌زموونه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن و له قه‌یرانێكه‌وه بۆ قه‌یرانێكی تر ده‌مانگوازنه‌وه.
هیچ نه‌ما زه‌وتی نه‌كه‌ن، داهاتی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌وی، هیچ نه‌ما نابووتی نه‌كه‌ن، كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا و كۆی دامه‌زراوه‌كان و كۆی موقه‌ده‌ساتی كۆمه‌ڵگه‌یان پێشێل كرد و ئێستاش به‌ناوی درۆی ڕیفراندۆمه‌وه ده‌یانه‌وێت شه‌رعیه‌ت به‌و هه‌موو خواری و خێچیه بده‌ن كه بیست و شه‌ش ساڵه دروستیان كردووه و نه ته‌ماشای ئاوێنه ده‌كه‌ن و نه ئه‌زموون له هێزه‌كانی ناوچه‌كه و نه ده‌رسێك له مه‌رگی به‌رپرسی یه‌كێك له هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان وه‌رده‌گرن.
ئێشتاش له دیوه‌خانێكی سیاسیه‌وه، دیوه‌خانێك پلانی دنیای تێدا داڕێژراوه بۆ نابووتكرنی ئه‌م ئه‌زموونه و دادۆشینی داهاته‌كه‌ی و قه‌رزاركردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌وتیه‌كانی ئاغاكانی نێو دیوه‌خانه‌كه هه‌ر ڕۆژه‌ی به پاڵپشتی ده‌وڵه‌تێكی بێگانه، ئێستاش به‌م هه‌موو خوارو خێچیه‌وه به درۆی هه‌ڵبژاردن و ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵك و خۆیان و ههوادارهكانیشیان سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن.
ئێستاش سیاسیه به‌تاڵ و حهتاڵهكان و سه‌ركرده‌ی ناشه‌رعی و ئه‌و حزبه بچوكانه‌ی كه ده‌بوو له‌مێژ بوایه ده‌ڕابه‌ی دوكانه‌كانیان دابخه‌ن، ناتوانن ئاینده بۆ ئێمه دیاری بكه‌ن. سه‌ركرده‌ی نه‌خۆش و قاچاخچی چه‌ك و نه‌وت نه ده‌توانن چاره‌نوسمان دیاری بكه‌ن، نه هی ئه‌وه‌ن ئایندهی میلله‌تێكیان پێ بسپێرین. له ئێستاوه له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئایندهی منداڵه‌كانمان ده‌بێت ئه‌م گاڵته‌جاڕییه ڕت بكه‌ینه‌وه و ناكرێت ناشرینیه‌كان و خیانه‌ت و گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان و فرۆشتن و تاڵانكردنی نیشتمانمان به هه‌ڵبژاردن و ڕیفراندۆم بیر به‌رنه‌وه. ئیشی ئێمه‌یه هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه به پێكهنینێكیش بێت دژ به‌م گاڵته‌جاڕییه بوه‌ستێته‌وه.