Skip to Content

شەپۆلێکی شین یا سور: هە ڵبژاردنەكانى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا ساڵی ٢٠١٨….لەلایەن/ قارەمان مەمەند

شەپۆلێکی شین یا سور: هە ڵبژاردنەكانى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا ساڵی ٢٠١٨….لەلایەن/ قارەمان مەمەند

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2018 General, Opinion

هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا- دەکرێ بە شەپۆلی شین یان سوور ناوبنرێ لەسەر بنەمانی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەوە. هەڵبژاردنەکە، بۆ ٣٥ ئەندامى سينات- ئەنجومەنی پیران، ٣٩ حاكمى ويلايەتەكان و ٤٣٥ ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران. هەروەها لە کۆی ٩٩ ئەنجومەنی یاسادان- نوێنەران و سینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان ٨٩ دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە شەش هەزار و شەست و نۆ کورسی. هەروەها ١٥٧ پڕۆژەی یاسایی لە ٣٤ ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لە بوارەکانی باج، ماددە هۆشبەرەکان، بیمەوی تەندروستی، پەروەردەو مافە مەدەنی و سیاسیەکان و..هتد.

دیموکراتەکان دەیانەوێ كۆنتڕۆلى، سينات ( ئەنجوومەنى پيرانى ئەمريكا) بكەن، بە بەدەستهێنانى تەنها دوو كورسى تر بۆ ئەوەى ژمارەى كورسييەكانيان ببێت بە ٥١ كورسى، لە ڕووی مێژوویەوە لە ئەمريكا ڕوودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوارساڵە ئەوە ڕووينەداووە و هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبونە لەکۆنترۆلکردنی سینات. دیموکراتەکان دەیانەوێ بە کۆنتڕۆلکردنی ئەنجوومەنى پيرانى ئەمریکا، ئاڵۆزى بۆ تڕمپ لە ماوەى دوو كۆتا ساڵى داهاتووى لە ئۆفيسەكەى دروست بكەن؛ چونکە ئەنجوومەنى پيرانى بۆ سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرینگە- لە پڕۆسەی پیادەکردنی سیاسەتی دەرەوەیدا، بە تایبەتی لە ڕێگای لیژنە گرینگەکانی، وەک لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و لیژنەی هەواڵگری – ئەم دوو لیژنەیە لە ئێستادا نزیکو هاریکاری ترەمپن لە سیاسەتەکانیدا.

سەرەڕای هەموو ئەم ووردەکاری وپرسانەی کە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ لە سەرئاستی فیدڕالی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا، دواجار ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفراندۆم لەسەر کارو و ڕیژەی دەنگەکانی سەرۆکی ئەمریاکا دادەنرێ. هەروەک چۆن لە قوتابخانەکاندا خویندکاران هەڵسەندگاندن و تاقیکردنەوەی وەرزی و نیوەی ساڵیان بۆ ئەنجامدەدرێ، بەم چەشنە سەرۆکی ئەمریکا ش لەبەردەوم تاقیکردەنەوەیەکی گەورەدایە لە هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكای ساڵی ٢٠١٨دا.

ئەمريكييكان، پێيان وايە کە کۆمەڵگای ئەمریکی دووچاری کێشەیەکی قوڵ بووە و دابڕاون لە یەکتری و کەوتونەتە ناو ململانەیەکی سیاسی و ڕەگەزی و چینایەتی وەها کە مەترسی لە سەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکانی ئەمریکا دروستکردووە. پرسە سياسييەكان لە ئەنجامى ململانێى كۆمارى و ديموكراتەكان بە چەق بەستن گەيشتووە. بۆيە هەموو پێشهاتەكان بەرەو ئەوەیە، كە ئەمريكييەكان زياتربەلای دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەکانی وەرزییەدا دەنگبدەن، بە ئاراستەىى ئەوەى شڵەژان لە واشينتۆن دروستبكەن و تەكان بەر بە پڕۆسەى سياسى بدەن.
سەرەڕای ئەوەی لە كاتێكدا دەرفەتى كار هێشتا لە ئاستێكى بەرزدایەو ئابوورى بە شێوەيەكى بەرچاو گەشەى كردووە كە لە بەرژەوەندى هەموو چينەکان دایە.
لە ڕووی جۆگرافییەوە، دیموکراتەکان چاویان بڕیوەتە ئەوەی کە سەرجەم ئەو ٢٥ ناوچە کە لە ڕووی مێژوویەوە کۆماری بوون بەڵام دەنگیان بە هیلاری دا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦، جارێكی تر دەنگ بدەنەوە بە دیموکراتەکان. هەروەها لە ناوچە دوورە دەست و شوێنەکانی دوور لە سەنتەری شارە گەوەرەکان، ژمارەی ئافرەتی خوێندەوار و پێشکەوتن خواز بەڕێژەیەکی بەرچاوە زیادیکردووە- ئەوان گرینگی بەو پرسانە دەدەن کە دیموکراتەکان کاری لەسەر دەکەن،وەک پەروەردە، کۆچبەران، پرسی لە باربردنی منداڵو بیمەی تەندروستی..هتد.

هەروەها ژمارەی ئەو ئافرەتانی لە هەموو ئاستەکانی فیدڕالی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا خۆیان هەڵبژاردووە، ژمارەیەکی پێوانەیی و مەزنە لە ڕووی مێژوویەوە، یەکەم جارە ئەوە ڕووبدا- ئەمە هەر لە قازانجی دیموکراتەکانە. چونکە بۆ یەکەم جار ڕەگەز و نەتەوەکانی تری ناو ئەمریکا ڕیژەیەکی بەرچآو لە نوێنەریان هەیە بۆ ئەو هەلبژاردەنە، بەتایبەتی دانیشتوانی ڕەشپێستکان، لاتین، ئاسیایی- تەنانەت بەجۆرێک، چاوەڕواندەکرێ بۆ یەکەم جار خانمێکی موسڵمانی ئەمریکی ببێتە ئەندامی کۆنگرێس لە مێژووی ئەمریکا.
لە ئۆهایۆ. جۆن کایسکی حاکمی ویلایەتەکە گۆڕەپانەکەی جێهێشتووە. لە تەکساس بیتۆی دیموکرات بووە بە ڕکابەرێكی سەرەکی تێد کرۆز-بەهێزترین سیاسەتمەداری کۆمارییەکان لە ئەمریکادا، ئومێدی بردەنەوەی لای دیموکراتەکان دروستکردووە- هەرچەندە لە ڕووی مێژوویەوە، لە تەکساس، ئەمە مەحاڵە ڕووبدا. لە ویلایەتی ئیندیانا- هەڵبژاردنەکان دوو کاژێر زووتر تەواودەبێ؛ دیموکراتەکان لە هەواڵی ئەوە دان لەو ویلایەتەوە یەکەم تەپلێ سەرکەوتن لێبدەن.

لە پەنسلڤانییا، دیموکراتەکان لە هەوڵی بەدەستخستنی چوار تا شەش کورسیدان. هەروەها لە ویلایەتی نێوجەرسی بە ئومێدی بەدەستهێنانی چوار کورسی ترن. هەرچەندە لە ویلایەتی وێسکانس- کۆمارییەکان زۆر بە هێزن لە ڕووی ڕیکخراوەی، پارە، دەنگ و چالاکی سیاسیەوە، بەڵام هێشتا چآوەڕێدەکرێ کە شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕووبدا بۆ هەڵکشانی دەنگی دیموکراتەکان. سەرەرای کاریگەری سکۆت واڵکەری کۆماری وحاکمی ویلایەتەکە لە سەر پرسی هەڵبژارن. لە ویلایەتی نیوهامشایەر، ململانییەکی سەخت هەیە لەنێوان کرێس پاپێسی دیموکرات و ئەدی ئەدوارسی کۆماری.

لە ویلایەتی ڤێرجینییا، ململانێکە بەشیوەیکەی ترە، باربرای کۆماری و جێنێفەری دیموکراتی بەشیوەیەیکی زۆر جوان و پەسەندکراو کامپەین دەکەن و جیاوازییەکانییان بەڕێزە دەخەنە ڕوو، بەشێوەیەک بۆتە جێگای تێڕامانو پێزانین لە ئەمریکا.
ویلایەتی فلۆریدا، لە ئێستادا خاوەنی ٢٧ کورسیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە. ژمارەی دانیشتوانو هەروەها فرە ڕەگەزی پێکهاتە و دانیشتوانەکەی بایەخێکی یەکجار گەورەو ویەکلاکەرەوەی هەیە، بەجۆرێک ململانێییەکی یەکجار سەخت هەیە، لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی ئەو ویلایەتە.

کالیفۆرنیای ویلایەتە زەبەلاح و هەرە دەوڵەمەندەکە، ٥٣ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە ٣٩ کورسی لەلایەن دیموکراتەکانەوەیە- ویلایەتێکی یەکلابوویەوە بۆ دیموکراتەکان. بەڵام کالیفۆرنیا، سێ کاژێر جیاوازی کاتی هەیە لەگەڵ واشینتۆنی پایتەخت، هەروەها ڕیژەیەکی یەکجار زۆر بە ڕیگای پۆست دەنگدەدەن لە کالیفۆرنیا، بۆیە دەکرێ ئەم شەوی هەڵبژاردنە، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا سەربنێنە سەر جێگای و بخەون، بەر لەوەی دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بزانن، یاخود دەبێ قاوەیەکی زۆر بخۆن بۆ ئەوەی شەونخونی بکەن بۆ ئەنجامەن بەراییەکان. لەوانەیە ئەنجامی کۆتایی لەوانەیە چەند ڕۆژێکی پێبچێ.

پێدەچێ، لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەمە هەڵبژاردنێکی پێوانەیی و بێوێنەبێ؛ لە ڕووی ڕێژەی بەشداریکردنەوە- پێشبینی دەکرێ ڕیژەی بەشداربوون لە نێوان سەدا چل و پێنج بۆ پەنجا و پێنج بێ. بەڵام، خەڵک نیگەرانی زۆریان هەیە سەبارەت بە شیوازی کامپەینی هەڵبژاردنەکە، بەجۆریک پرسە گرینگەکان لەبیرکراوە، تەنها باس و خواستی ململانێی کۆماری و دیموکراتەکان دەبیسرێ. لەوەش زیاتر دۆناڵد ترەمپ توانیوەتی کە کلێچەکەی خۆی باش سوربکاتەوە لە فڕنەکەدا، پەیامی هەڵبژاردن لەوە کورتبکاتەوە کە ئەو هەڵبژاردنە سەبارەت “بەمنە منیش واتا ئەمریکا”.


لەلایەن/ قارەمان مەمەند

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish