هێما وه‌ك ناسنامه‌ی ده‌ق … سه‌روه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د
ده‌قی: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم ) ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك نموونه
( لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكارییه ) ……
ئاماژه‌ی باس:…
چه‌مكی شیعری نوێ بریتییه له گۆڕانكاری بنچینه‌یی له ڕوانین و هزری داهێنه‌ر و شێوازی مامه‌له‌كردنی له‌گه‌ڵ: زمان، به‌رجه‌سته‌كردنی میتۆدی ئێستێتیكا ته‌كنیك، ده‌ربڕینی شیعری، زه‌مینه‌سازی هه‌ڵوێست، به‌كارخستنی ڕوانگه، ڕه‌هه‌ند و جیهانبینی ئه‌زموونی هزری، سایكۆلۆژیای گۆڕاو. له گۆشه‌نیكای ئه‌م چه‌مكه و پێناسه‌یه‌وه شیعری نوێ پرسیارگه‌لێكی مه‌عریفییه، هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر: كۆی ستراكتۆری ڕوانین و هه‌ڵوێستی هزر و بیركردنه‌وه و و ڕایه‌ڵه‌ی ده‌ربڕین و سایكۆلۆژیای ده‌قی شیعری و شاعیر هاوسه‌نگ ده‌كات. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی شیعری نوێش په‌یوه‌ست بووه به یاخیبوون له كۆت و به‌ندی شێوازگه‌رایی، كه فه‌زای تێڕوانینی شیعر و شاعیریان له چوارچێوه‌یه‌كی ئاماژه‌ی باس به‌ند ده‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی داهێنه‌رانه‌ی شاعیر بۆ پرۆسێسی هزری گۆڕان و گۆڕانكاری له هه‌ست و ده‌روونی و هزری ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی كه پێی ده‌گوترێت شاعیر بكرێت، چونكه چه‌مكی گۆڕان ڕوانین و هه‌ڵوێستی ڕیشه‌ییه له بنیادی شیعری به پێوه‌ری چه‌مكی شیعری نوێ.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونیشانه وه‌ك بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی شیكاری، چه‌ند په‌یوه‌سته به ئاره‌زوو و حه‌زی لێكۆڵه‌ره‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به هۆكارگه‌لی كه‌ڵه‌كه‌بووی تێڕوانینه‌وه هه‌یه بۆ ڕه‌خنه و شیكاری ده‌قی نوێ، چونكه ئه‌م گه‌ڕانه شیكارییه په‌یوه‌ندی به ته‌كنیكی شیعرییه‌وه هه‌یه، جووڵه و هێز ده‌خاته سه‌ر كاریگه‌ری هێما له خوڵقاندنی ئێستێتیكای زمانی شیعری و وێنه‌ی هێمایی و به‌ستنه‌وه‌ی به فه‌رهه‌نگ و كولتوور و هه‌ست و ده‌روونی و زه‌مینه‌ی مه‌عریفی زیندووكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌م فه‌رهه‌نگه مێژوویییه، چونكه ئه‌م هێمایانه له نه‌ستی كۆی كۆمه‌ڵگادا بووه به به‌شێك له ڕوانینی چه‌سپاو ، كه دواجار له سایه‌ی ئه‌م چه‌مكه هونه‌ریه‌ی هێماكاندا ستراكتۆری مێژوو و یاده‌وه‌ری بابه‌تی ده‌رده‌بڕدرێ له ده‌قێكی فره ڕه‌هه‌ندی ئاوێزانبوو به ئه‌زموونی هه‌ستی داهێنانی شاعیر، چونكه هێماش دیاریكراوێكه، یان ڕوواداوێكی مێژوویی، یان نهتهوهیییه….. ئه‌وه به‌شێكه له هزری كۆ و ئاوێته بووه به ئه‌زموونی هه‌ستی و شێواز و ناوه‌رۆكی ده‌قه‌كه‌وه.
هێما له ده‌قی: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم )دا
زمان و ده‌ربڕینی شیعری زمانێكی سرووشكارییه، ده‌وڵه‌مه‌نده به وشه‌گه‌لی پڕ له واتا و مه‌به‌ستی هه‌مه‌چه‌شن، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه وشه‌كان ده‌ربڕینێكی تایبهبن و بۆ ئه‌وه شیاوبن له پرۆسیسی شیعرییه‌تدا، چونكه له سروشتی فه‌رهه‌نگی وشه‌دا، وشه‌گه‌لێك نین شیعری بن و ئه‌وانه‌ی تر ناشیعری، به‌ڵكو ئه‌و بوییهره له ڕێگه‌ی داهێنان و سروشتی ئه‌زموونی داهێنه‌ردا به دیدهكرێت، كه تا چ ڕاده‌یه‌ك و ئاستێك به‌كارهێنانێكی ئێستێتیكی تایبه‌تی به وشه‌كان به‌خشیوه، كه پێی ده‌گوترێت شیعرییه‌ت، كه ده‌بێته له‌مپه‌ر له نێوان ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تاكڕه‌وی بابه‌ت هه‌ڵبه‌ستنی خۆنهكر، یان له ئه‌گه‌ری پێكهاته‌ییدا له هه‌رێمی باو و ئاسایی‌دا، به‌ڵكو پێویسته ئه‌م وشانه ئه‌و هه‌رێمانه جێبهێڵن، له ناوه‌ند و پانتایی ده‌ربڕیندا ئه‌م واتا و مانایانه له‌سه‌ر به تاڵكردنه‌وه‌ی واتا و مانا به‌شه‌كی و گشتیدا ڕوا بن ، چونكه زمانی و ده‌ربڕینی شیعری دوور ده‌كه‌وێته‌وه له شێوازگه‌رایی و بابه‌تگه‌رایی باو و ئاسایی، ئاماده‌ده‌بێت به تێپه‌ڕاندنی ئاماژه‌یی بۆ هه‌ڵچوونی ده‌ربڕین بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ده‌ره‌كی وه‌ك وێنه‌یه‌كی بینراوی خۆی وه‌ربگرێ، له جیهانی ناوه‌كیش ڕه‌هه‌ندی هه‌ڵچوونی تێكه‌ڵاو و ئاوێته بێت ، كه تێیدا جیهانه‌كانی خه‌ون و ڕاسته‌قینه و سوریالیستی ئاوێته ده‌بن، هه‌وڵده‌دا بۆ پێكهێنانی داهێنراوێكی ئاوێته‌یی نوێ به ڕێگای نوێ له ده‌ربڕیندا ، لێره‌دا زمانی شیعری به وێنه‌ی شیعری پڕنابێته‌وه و تێر نابێ و كۆتایی پێنایه‌ت ، به‌ڵكو وێنه‌ی هونه‌ری تێده‌په‌ڕێنێ – له گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه‌یدا به دوای سرووشكاری و فره‌وانی و گشتگیریدا – بۆ هێما (Symbol ) ، بێگومان سروشتی هێماش سروشتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و كاریگه‌ره و ده‌خرێته سه‌ر سیاقه(Context) كه تێیدا فره‌وانی و قووڵی بۆ ده‌گێڕێته‌وه( )، چوارچێوه‌كه‌شی، یان گۆڕه‌پانه‌كه‌ی ((تاڕاده‌ی تێگه‌یشتنی واتا دژبه‌یه‌ك و پێچه‌وانه‌كانه))( )، زمانی شیعریش له ڕێگای هێماوه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئاره‌زووی شاعیره بۆ دۆزینه‌وه و داهێنانی شێوازێكی تایبه‌ت به خۆی، ئه‌و كه‌لێن و كه‌موكوڕییانه‌ش پڕ ده‌كاته‌وه كه له‌وانه‌یه له ئه‌نجامی هه‌ڵچوونی ئه‌زموونی هه‌ستكردنی شاعیر و ئاڵۆزی ئه‌م ئه‌زموونه سه‌رهه‌ڵبدات، له‌به‌ر ئه‌وه ناچار ده‌بێت هانا بۆ پێكهاته‌ی زمانه‌وانی دژیه‌ك و پێچه‌وانه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و پێكهاتهمیهش ببات، كه دوورن له پێكهاته‌ی باو و ئاسایی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌ستی تایبه‌تی و وردی ئه‌زموونی خۆی بگوازێته‌وه كه پێیوه ده‌ناڵینێ، بێگومان هێماش پشت ده‌به‌ستێ به لێكچوونێكی سوسیۆلۆژیانهی و نێوان شتگه‌لێك، ئه‌و لێكچوونه سوسیۆلۆژیهش به‌رێگای شاعیر له ڕێگای هه‌ستكردنی خه‌مڵێنراو له په‌یوه‌ندییه قووڵ و شاراوه‌كانی نێوان دیارده ماددییه‌كان و ئه‌و نهێنییانه‌ی كه له دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه شاردراونه‌ته‌وه ده‌یچنێته‌وه و ده‌یهۆنێته‌وه، ئینجا وزه‌یه‌كی سرووشكاری داهێنه‌رانه له به‌یه‌كگه‌یشتنی شتگه‌له‌كان بهكاردهخا بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییانه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه شعوورییانهی كه شاعیر تێڕوانینه‌كانی بۆ گه‌ردوون و بۆییهری ئهرینییهكه(واقیع) له به‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌ڵده‌چنێ كه كارامه‌یی و وشیاری دۆزه‌ره‌وه‌ی سروشتی شتگهلهكانی پێده‌به‌خشێ و گه‌وهه‌ری دیارده ماددییه‌كانیش په‌رش و بڵاو و ناڕێكن، لێكچوونی نێوانیان له ڕێگای هێماوه به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌ده‌ن كه له‌سه‌ر ڕۆشنایی تایبه‌ت له تایبه‌ت، یان گشتی له تایبه‌ت، یان گهردوونییهكی گشتگیر له گشتیدا : به‌ڵام له سه‌رووی ئه‌مانه‌شه‌وه ئه‌وه ڕۆشنی نه‌مریییه له چركه‌ساتی هه‌نووكه‌ییدا و ئه‌وه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕێ( ).
ده‌توانین بڵێین: هێماكان شتگه‌لێكی ئاماده‌یی و هه‌نووكه‌یین، یان شتگه‌لێكی نا ئاماده‌یی و نه‌بوون، یان شتگه‌لێكن بوونیان به مه‌حاڵ و گریمانه و خه‌مڵاندن ده‌كرێت، یان له‌وانه‌یه به‌كاربهێنرێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتگه‌لی نامۆ و نادیار و ون، به‌و شێوه‌یه‌ش هێماكان میكانیزمی ئهبسمۆلۆژین له پرۆسیسی یاده‌وه‌ری و پێشبینی و ناساندن و هه‌ستكردنی هه‌نووكه‌یی مێژووی شته‌كان و مێژووی به‌هاكان بۆ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگ و كولتوور و ژیاری مرۆیی ، كه ڕابینی و پێشبینی تێیدا ده‌بێته سروشێك، كاتێك ئه‌گه‌ر هێماكان ڕایاڵهی په‌یوه‌ندییه‌كان بگرێته‌وه كه خاوه‌نی چوارچێوه‌یه‌كی یه‌قینین( ).
سه‌باره‌ت به جیاوازی نێوان میتافۆر و هێماش ڕه‌خنه‌گرێك ده‌ڵێ: (ده‌وڵه‌مه‌ندی میتافۆر په‌یوه‌سته به نیشانه‌یه‌كی خودی تایبه‌ت ، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندی هێما چۆناییه‌تی و چهنداییهتییه په‌رش و بڵاویهك و پهرتهوازییهك له تاكه‌كان و دۆخه‌كان ده‌گرێته‌خۆ، ئێمه ده‌توانین له دوو پێگه‌دا جیایان بكه‌ینه‌وه ، یه‌كێكیان ئه‌ندێشه ده‌به‌ستێته‌وه به تێڕوانین و هه‌ست پێكراو ، به شێوه‌یه‌ك هه‌ست پێكراو وابه‌سته‌یه به ڕوانینی بیركردنه‌وه له‌ناو چوارچێوه‌یه‌ك پشت ده‌به‌ستێ به به‌سته‌رێك له نێوان دوو شت‌دا ، دووانهكهش له به‌رانبه‌رماندا خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵام هێما وێنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه ، بوونێكی خۆكردهییه ، جووڵانه‌وه‌شی ئازادانه‌یه ، خاوه‌نی ڕهسهناتییهكی نامۆیه و ناچێته ژێرباری چه‌مكه ده‌ره‌كییه‌كان، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌خشنامه، یان ڕیپۆرتی فیكرییه‌وه، یان وه‌سفكردنی جۆرێك له داهێنان و خولقاندنی ناخه‌وه كه پێده‌چێ نایابانهتربێ له‌و وێنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵیدا چوارچێوه‌ی گرتووه له هێما دووریان بخه‌ینه‌وه ، به‌و شێوه‌یه هێما لووتكهیهكه ، یه‌كگه‌یشتنی لێ كۆتایی پێدێت ؛ له میتافۆردا هاوبه‌ندییه‌كی، یان جووتكردنێكی نادیاره، له هێمادا یه‌كه‌یه‌كی خودییه و سه‌ربه‌خۆییه‌كی جێگیر و پته‌وه كه وای لێده‌كات سه‌روه‌رێكی باڵا بێت له ده‌قی شیعرییدا و یاخی دهبیًت له دووكهوتهییهكی به‌شكراو، یان به‌شه‌كی دیاریكراو، له پێكهاته‌ی به‌شه‌كانیدا.
دواتر ده‌بینی كه چڕی سرووشكاری نابێته جیاكارییه‌كی لهمپهرئاسا له تێكه‌ڵاوكردنی هه‌ردووكیان؛ میتافۆر وێنه‌یه‌كی سرووشكاری گشتییه و ڕواڵه‌تێكی پوختكراوی ڕوونه؛ به‌ڵام ئه‌مه به ته‌نیا میتافۆر ناگۆڕی بۆ هێما.)( ).
لێره‌دا گرینگه تیشك بخه‌ینه سه‌ر چه‌مكی هێما لای كارل گۆستاف یۆنگ كه ده‌ڵێ : (هێما ئامرازی تێگه‌یشتنه له شتێك كه ناتوانرێ ده‌رببڕێ ته‌نیا له ڕێگای هێماوه نه‌بێ ، هێما باشترین ڕێگایه بۆ ده‌ربڕینی شتێك كه هاوكێشه‌یه‌كی زمانه‌وانی ده‌ربڕینی نییه، هێما ئه‌لته‌رنه‌تیڤی شتێكه كه ئاسته‌نگیان مه‌حاڵه، ته‌نانه‌ت له خودی خۆشی‌دا ده‌رببڕێ( )) . لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كه هێما میكانیزمێكی هه‌ستی بایه‌خدار و گرینگه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شتێكی واتایی كه ناكه‌وێته ژێر هه‌سته‌وه‌ره‌كان ، ئه‌و بایه‌خ و گرینگییه‌ش له‌سه‌ر ڕووه‌كانی لێكچواندنی دووشت، یان به‌ها، یان نرخ وه‌ستاوه كه ئه‌ندێشه‌ی هێماگه‌ر هه‌ست پێكردووه، یان هه‌ستی پێكردووه( ). ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر توانای شاعیر ده‌وه‌ستێ له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی خودیی بێهاوتا و چه‌سپاو له‌سه‌ر ڕێسا ناوه‌كییه‌كانی ئه‌م لێكچوونه، بۆ ئه‌وه‌ی هێماكان توانا و كاریگه‌ری و توانای سرووتكاری له واتاكانی له ده‌ست نه‌دا. بێگومان ئه‌و پێشه‌كییه تیۆرییه گرینگه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی شیكاری پراكتیكی ده‌قه‌كانی: (حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم).
سه‌ره‌تای كاره‌كه به ده‌قی (بانگه‌وازی گۆڕهه‌ڵكه‌ن) ده‌ست پێده‌كا، وشه‌ی (گۆڕهه‌ڵكه‌ن) مانا و واتاییه‌كی فه‌رهه‌نگی سنوورداری هه‌یه ، به‌ڵام ڕه‌هه‌ند و ماوه‌یی ئاراسته‌كردنی بانگه‌واز و په‌یام و هه‌واڵی شاعیر ئه‌م وشه‌ییه‌ی كردووه به هێمایه‌ك كه به‌شێكه له پروسێسی جیگۆڕكێ و له دنیاده‌رچوون، بانگه‌وازێك كه پێكهاته‌كه‌ی سرووتكارانهیه وه‌ك په‌یامێكی پیرۆزی و باڵایی داهێنه‌رانه‌ی كه‌ساییه‌تییه‌كی ئه‌فسانه‌یی كه پیشه‌كه‌ی بریتییه له جێگۆڕكێ پێكردن له دۆخێكی سه‌رزه‌مینی بۆ له دنیاده‌رچوون، یان ئاڵوێركردنی جه‌سته له ژیانه‌وه بۆ دۆخی مردن. واته: (گۆڕهه‌ڵكه‌ن) ئامرازی یه‌كه‌می جێگۆڕكێ كردنه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه ژماره‌ی (0 = سفر = هیچ)ی بۆ دانراوه له كۆتیكستی (حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم)، ژماره (0) یش هێماییه‌كی نێوه‌ندگیرییه له نێوان ژماره نێگهتییڤهكان و پۆزهتییڤهكان و خاڵی وه‌رچه‌رخانه بۆ هه‌ردوو بواره‌كه و خه‌سڵه‌تی گونجاندن و جووڵه و كێشی هه‌یه( ). به واتایه‌كی تر ناونیشانی ئه‌م ده‌قه پنتی گونجاندنی له‌گه‌ڵ مه‌ودای جووڵه‌ی دیاریكراوی ده‌قه، كه تێیدا شاعیر و ده‌قه‌كه یه‌ك ته‌نی هاوكێش و هاوشێوه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك له نێوانیاندا به‌دیناكرێت.
(هه‌وڵی جێگۆڕكێی سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن
11/11/1965 – 18/11/2045
شادییه‌كان ده‌بیستێته‌وه
هه‌شتا ساڵ ده‌زووی به درزی وه‌كردنێكه
به سه‌ر ڕاوه‌شاندنی پڕ خه‌مه‌وه( )).
ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه بریتییه له هه‌واڵی جێگۆڕكێی خودی (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن)ه، بێگومان به‌كارهێنانی ناو لێره‌دا هێمایه‌كی خودییه و بریتییه له هاوه‌ڵی تاهه‌تایی شاعیر و ڕه‌هه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ساییه‌تی ئه‌به‌دی. واته: ناو وابه‌سته‌ی ناولێنراوه و مه‌ودای یه‌كگرتنی كه‌ساییه‌تی شاعیره، هه‌ردوو مێژووه‌كه 18/11/1965 مێژووی هاتنه دنیا و ژیان. واته: له دایكبوون، كه به ڕۆژ و مانگ و ساڵ دیاریكراوه، مێژووی دووه‌میان جێهێشتنی دنیا و ژیان. واته: مێژووی كۆچی دوایی و مردن له: 18/11/2045 مێژوویه‌ك كه حه‌ز و ئاره‌زووی و ویستی شاعیر بۆ ژیان و ماوه‌ی نێوان ئه‌م دوو مێژووه هه‌شتا ساڵه. واته: هه‌شت ده‌یه، كه ژماره (0 = سفر) به‌شێكه له‌م پێكهاته هێماییه ژماره‌ییه. شاعیر له‌باره‌ی ئه‌م دوو مێژووه ده‌ڵێ: ( له نێوان ئه‌م دوو مێژوودا 18/11/1965 – 18/11/2045 ، كه دراو و داواكراون مێژوویه‌كی تر نییه، یان هه‌وڵدان بۆ دروستكردن و قه‌واره‌پێدانی مێژوویه‌كی له‌م باره‌ییه‌وه نییه. بگره وه‌همێكی جوان و ناوه‌ندێكی چالاك هه‌یه، بڕوای به خۆشبه‌ختی و خه‌ڵاتی خودایی هه‌یه، ده‌شیه‌وێت ئاگر له خوداوه‌ند بدزێت، پاشان له پهرجوویهكدا بمێنێته‌وه، په‌ڕجووی حه‌زی ژیان و داهێنان و مانا و بوونی كه‌سایه‌تی خۆی تێدا بپارێزێت.)( ). واته: ئه‌م دوو مێژووه هێمان بۆ ویستی ژیان و حه‌زی داهێنان، مه‌ودای مێژوویی ڕه‌هه‌ندی كه‌ساییه‌تی و گونجاندن و كێش و جووڵه‌ی (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن)ه، كه چه‌ق و پنتی نێوان ژیان و مردنه، ئه‌م پنته‌ی نێوان ژیان و مردن كه داهێنان و حه‌زی ژیان به یه‌كیان ده‌به‌ستێته‌وه و جاوییدانیهك ده‌بێته ڕایه‌ڵه‌ی نێوانیان، (هه‌واڵی جێگۆڕكێی) هێمای په‌یامی دۆنادۆنی له دنیا ده‌رچوونه، وه‌ك ویستی شاعیر و حه‌زی ژیان كه ویستێكی په‌رجووه له ئێستای شاعیردا كه پێشبینی مێژووی به‌ر له دنیادهرچوونه كه له ساتی هاتنه دنیاوه تا له دنیاده‌رچوون (هه‌شتا ساڵ)ه، ئه‌مه‌ش حه‌زی ژیانه و ویستی داهێنانه و هیچیتر، له لایه‌كی تر ئه‌وه‌ی (جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌و خودبوونهوهی ئه‌م ده‌قه كه له ژیانی شاعیره‌وه وه‌كو له‌و پارچه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌یبینین كه شاعیر ناوی ته‌واوی خۆی خستۆته نێو ده‌قه‌كه‌وه. هاوكات ئه‌مه پێداگری ته‌واوه‌تی شاعیره له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له ده‌قه‌كانی تردا دووری له نێوان خۆی و ده‌قه‌كه‌دا مه‌ودایه‌كی دیاریكراو بێت، ئه‌وا له‌م ده‌قه‌كه‌دا تاڵهموویهكه و هیچی دیكه، هه‌ر بۆیه هه‌ست به توانه‌وه‌ی خودی شاعیر ده‌كه‌ین له نێو خوده شیعرییه‌كه‌دا..)( ). واته: ئه‌م په‌یامه موناجاتێكه ، كه تێیدا هێما و مه‌ودای دیاریكراو له ده‌قه‌كه‌دا هاوسه‌نگ و جێگیره له نێوان ناو و مێژوو و حه‌زی ژیان و په‌رۆشی به دیهێنانی ئاره‌زووی داهێنان به‌م شێوه‌یه:
هه‌شتا ساڵ ده‌زوو به ده‌رزی وه‌كردنێكه
به سه‌ر ڕاوه‌شاندنی پڕ خه‌مه‌وه
له به‌رده‌وامی ده‌قه‌كه‌دا شاعیر چه‌ند هێمایه‌كی سروشتی به كاردههێنێ كه مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه:
(مه‌لێكی كۆچه‌ری له‌سه‌ر لكی دره‌ختێك نیشته‌وه
خوێنی له‌سه‌ر لكهكهوه جێ‌ما
چووم ته‌واوی دره‌خته‌كه و خوێنه‌كه‌م ماچ كرد
وه‌ره خه‌ونم با ڕووگه‌نمام
خوێنی پێی باڵندهبێ و له ئاگر ڕابمێنم
له ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه پێده‌گه‌یه‌نێ
بسته خاكه ماندووه‌كه‌ش یه‌كپارچه ده‌بێته‌وه
مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ
له ئاكامدا هه‌ر ده‌گه‌م به باڵی باڵنده‌ی بریندار و دڵی خۆم
ئێستا چاوه‌ڕێی فه‌رمانم بفه‌رمووی
بۆ تاهه‌تایه سه‌رگه‌ردان به
ئا ئه‌وه‌تا من ئاماده‌م)( ).
له‌م نواندنه هێما ئامێز كه‌ناڵێك ده‌كاته‌وه له نێوان هه‌ست و نه‌ست، له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاوێته و تێكه‌ڵیان ده‌كا ، چونكه پشكۆی ڕووگه‌كانی فیكر و هه‌ست له‌نێو جۆشی بڵێسه‌یه‌كدا نقووم ده‌بێت، (باڵنده و دره‌خت) له (مه‌لێكی كۆچه‌ری له‌سه‌ر لكی دره‌ختێك نیشته‌وه) هێماگه‌لێكن له هه‌رێمی هه‌سته‌وه له دایكبوون (مه‌ل) هێمای ئازادی و دڵنه‌وایی و ئارامبه‌خشی ، ئامانجی ڕزگاربوون له كه‌وتن و ڕووخان ده‌گه‌ینێ ، (لكی دره‌خت) كه په‌لوپۆی مه‌عریفه‌ییه، چونكه دره‌خت هێمایه بۆ مه‌عریفه و ئه‌پستمۆلۆژیای گه‌شه‌كردن له ڕێگای پێشكه‌وتنی ژیاری و شارستانی، (خوێنیش) له‌سه‌ر لكه جێماوه‌كه، هێمای قوربانیدان و كۆشش ده‌به‌خشێ، بێگومان هه‌ر سێ هێما له پروسێسی پیرۆزی په‌یامی داهێنان به‌شدارن (چووم ته‌واوی دره‌خته‌كه و خوێنه‌كه‌م ماچ كرد).
(وه‌ره خه‌ونم با ڕووگه‌نمام
خوێنی پێی باڵنده بێ و له ئاگر ڕابمێنم
له ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه پێده‌گه‌ینێ
بسته حاكه ماندووه‌كه‌ش یه‌كپارچه ده‌بێته
مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ
له ئاكامدا هه‌رده‌گه‌م به باڵی بالنده‌ی برینداری دڵی خۆم)( ).
لێره‌دا هێما په‌یوه‌ندی نییه له‌گه‌ڵ جیهانی خه‌ونی و ئه‌وانه‌ی له بازنه‌ی خه‌وندا خولده‌خۆنه‌وه، وه‌ك وڕێنه و قسه لهبهرخۆكردن، به‌ڵكو هێمای كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ست و نه‌ست و نهێنییه قووڵ و نادیاره‌كانه، وه‌ك دیاره هه‌ندێك جار ئاڵۆز و دژیه‌كن، به‌ڵام هیچ ده‌رفه‌تێك نییه له‌م ململانێیه‌دا ته‌نیا گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌شه‌ی كۆدهقهكه (خوێنی پێی باڵنده) هێمای قوربانیدانه) ، (وه‌ره خه‌ونم با ڕووگه‌نمام) خه‌ون و ڕووگه‌نما (قیبله‌نما) هێمان بۆ هیوا و حه‌زی ژیان كه شاعیر وه‌ك سه‌یركه‌رێك ده‌چێته‌وه ناخی خۆی و به ئاگاییه‌وه حه‌زی ژیان، ده‌نه‌خشێنێ، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه شاعیر كارامه‌یی خۆی ده‌نوێنێ له به‌كارهێنانی هێمای ئاگر وه‌ك هێمای جۆشدان و جووڵهندن و پێكهاته‌ییه‌كی گرینگی بوون و ژیان (له ئاگر ڕامان ئاشق وه‌ك میوه پێده‌گه‌ینێ). واته: ڕامان له ئاگر ئاشق و میوه جۆشده‌دات و پێی ده‌گه‌ینێ، له‌و وێنه لێكچوونهیهدا (له ئاگر ڕامان) وه‌ك هێمای گه‌شه‌سه‌ندنی حه‌زی ژیان ده‌رده‌كه‌وێ و به هۆكاری لێكچواندنی به (ئاشق) به (میوه) و هاوبه‌شی كردنیان له گه‌ییندا و به به‌كارهێنانی ئامرازی (وه‌ك)، دوای جۆشدان و گه‌یینی حه‌زی ژیان و له دایكبوون ده‌بێته كهڕنهڤال (مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ) و ویستی شاعیر وه‌ك په‌یامێك سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و به سووربوون و به‌كارهێنانی كاری (هه‌ر ده‌گه‌م) له‌سه‌ر حه‌زی ژیان، به‌ڵام ئه‌و حه‌ز و ویسته ده‌بێته ڕێسا و پنتی پیرۆزییه‌كی مه‌عریفی، كه ئه‌نجامی تێكوشینێكی مه‌عریفی بووه و به قوربانی خودی شاعیر هاتووه‌ته دی (له ئاكامدا هه‌رده‌گه‌م به باڵی باڵنده‌ی بریندار و دڵی خۆم). شاعیر وشه‌ی به هێما كڵۆمداوه و ده‌روازه‌كانی به ڤیگه‌ری ئێسنێتیكی شیعری لۆككردووه و قفڵی داون. ئه‌م ده‌روزه كڵۆمدراوهش به كلیلی ڕۆشنی و سرووتكاری واڵا ده‌بێت، وه‌ك چۆن (حه‌كیم مه‌لا ساڵح) له شیكاری كۆشیعری: (خه‌ون وا خۆی گێڕایه‌وه ده‌ڵێ: (شیعره‌كان به قوفڵی هێما و ئاماژه داخراون و كلیلی تایبه‌تی خۆیان ده‌وێت بۆ ده‌رگا له‌سه‌ر واڵاكردنیان، ئه‌مه‌ش مه‌رجی شیعری تۆكمه و چه‌ند چین و قووڵه.)( )..
وه‌ك چۆن ئه‌و كێشمه‌كێشانه‌ی كه ڕه‌نجده‌ر له نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی بنیادی هێماگه‌رایی و هێماكان دایناوه و دایمه‌زراندووه به زاڵبوونی ڕۆشنی و بریقه‌داری بیركردنه‌وه ده‌ناسرێت كه له فه‌زا و ڕه‌هه‌ندی هه‌ستییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه ، به‌ڵام به هه‌مان شێوه مه‌ودا و قووڵی نه‌ستیشی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ له شێوازی چه‌ند دهستهواژهییهك كه قووڵی ناخ و خودیی شاعیر فراوانتر ده‌كا : (وه‌ره خه‌ونم با ڕووگه‌نمام ، مۆسیقا و گۆزه‌ی پڕ).
(هه‌تاو بۆم دوا
نابێ هیچ ڕازێك له تاریكی‌دا بمێنێته‌وه
شوێنه‌واری هه‌موو ڕێگاكانیش ده‌ربكه‌ون
ته‌رمه‌كه‌م له‌به‌ر هه‌یوانێك داندراوه
پووره‌ی شیعر ده‌وری گرتووم و ناوی شیعرم له‌سه‌ر لێوه
شیعر له دڵه‌وه نوێژم بۆ ده‌كات( )).
له‌م ده‌قه و له كه‌شوهه‌وایه‌كی سۆفیانه‌دا شاعیر كارامه‌ییه‌كی تر ده‌نوێنێ ئه‌ویش به‌كارخستنی ته‌كنیكی هێمایه و ئاویتهكردنیهتی به چه‌ند ئامراز و و ته‌كنیكێكی تری زمانی شیعری وه‌ك گیان به به‌رداخستنی هێما و میتافۆری (هه‌تاو بۆم دوا) و دژییه‌كی تاریكی و ڕووناكی و گه‌ڕانه‌وه بۆ باكگراوندی ئه‌بستمۆلۆژیای مێژوو به ڕه‌هه‌ندی دۆنادۆنی و مه‌ودای سۆفیگه‌رایی پیرۆزكراو و نواندنی ئه‌م تێرمه دیرۆكییه له دووتۆی وێنه‌ی شیعری ئاڵ و واڵا به شێوه‌یه‌كی ئێستێتیكی مه‌عریفی خودییه‌وه . (هه‌تاو بۆ دوا) مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه هه‌تاو، یان خۆر و ڕۆشنایی له بیروباوه‌ڕه كۆنه‌كان و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به باوه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌وه، به‌شێكه له ئه‌ده‌بیاتی پیرۆزكراوی ئه‌و پنته جوگرافیایه ، هێمایه بۆ ڕۆشنایی و ڕووناكی ژیان و ڕه‌نگی دره‌وشانه‌وه‌ی فریشته‌كانی خوداوه‌نده و زۆر جاریش سیمای ده‌ركه‌وتنی ڕووی خولقێنه‌ری ئاسمانه‌كان و زه‌وی مرۆڤ و سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌ره‌كانه، سه‌ره‌تا و سه‌رهه‌ڵدانی بوونه، ئه‌م هه‌تاوه‌ی ڕه‌نجده‌ر، ده‌ركه‌وتنی خۆری مه‌عریفه‌یه و حه‌ز و ویستی ژیانه. هیچ ڕازێك له لێڵی و تاریكی ناهێڵێته‌وه و به ڕۆشنایی مه‌عریفه‌ی تیشكی هه‌تاو شوێنه‌واری سه‌رجه‌م توله ڕێگاكانی ژیان ده‌رده‌كه‌ون. به واتایه‌كی تر، تاریكی ڕاده‌ماڵێ و ڕۆشنایی به حه‌ز و ویستی ژیاندۆستی شاعیر ده‌به‌خشێ و هیواكانی به‌م ڕۆشناییه دێته‌دی، ئه‌م هه‌تاوه هه‌تاوی پاكی و بێگه‌ردییه و ڕۆشناییه‌كی سۆفیگه‌رانه‌یه، لێره‌دا هێمای هه‌تاو كه واتای پیرۆزی ڕۆشنایی مه‌عریفه و بێگه‌ردی ده‌گه‌ینێ به‌كه‌س كراوه به ته‌كنیكی Personification و خه‌سڵه‌تی دواندن و ئاخافتنی خراوه‌ته پاڵ. له هه‌مان كاتدا میتافۆره ، ئه‌گه‌ر له ڕووی شێوازگهریشهوه سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین كاری ( نابێ ، ده‌ربكه‌ون ) :
نابێ هیچ ڕازێك له تاریكی‌دا بمێنێته‌وه
شوێنه‌واری هه‌موو ڕێگاكانیش ده‌ربكه‌ون
دوو كاری و ده‌لاله‌تی سووربوون و جه‌خت كردنه‌وه ده‌گه‌ینن بۆ به‌دیهێنانی حه‌ز و ویستی ژیان بۆ گه‌یشتن به هیوا و ئاوات و ئاره‌زووی و ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ : ئه‌وه ڕۆشنایی هیوایه كه ڕووناكی مه‌عریفه‌ی حه‌زی ژیان و ژیاندۆستی به شاعیر ده‌به‌خشێ و ڕازه‌كانی له تاریكی‌دا سه‌ر ده‌ردێنن، شوێنه‌واری تاریكی ڕێگاكانیش له ژێر چه‌پۆكی تاریكی‌دا به ڕۆشنایی هه‌تاوی مه‌عریفه به دیارده‌كه‌ون. ئه‌مه‌ش له دووتۆی نزایهكدا سه‌رچاوه ده‌گرێ نزایه‌ك له ناخی شاعیره‌وه ئاراسته‌ی (خودای سه‌د و یه‌ك ناو ) ده‌كرێ كه هێمایه بۆ خودای خولقێنه‌ر ی مرۆڤ و خاوه‌نداری باڵایی و مه‌زناییه‌تی و هێزی له ڕاده‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی ئارامی به ته‌رمی شاعیر ببه‌خشێ كه به پووره‌ی شیعر ده‌وردراوه. هێمایه بۆ پاكی داهێنان و بێگه‌ردی و جاویدانی و بیپارێزێ له خراپه‌كاری :
( خودای سه‌د و یه‌ك ناو
حیكمه‌تی وشه‌م تێدا بخرۆشێنه و له شاعیره
مه‌نگۆلی و
دڵڕه‌ش و
به‌دگۆ و
ده‌روونكلۆره‌كان بمانپارێزه( )).
له لایه‌كی تر گرینگه هه‌ڵوه‌سته له سه‌ر هێمای مردن بكه‌ین:
(ته‌رمه‌كه‌م له‌به‌ر هه‌یوانێك
پووره‌ی شیعر ده‌وری گرتووم و ناوی شیعرم له‌سه‌ر لێوه
شیعر له دڵه‌وه نوێژم له‌سه‌ر ده‌كات)
مردن لێره‌دا پێوه‌رێكی میتافزیكی نییه بۆ دابڕان له ژیان، به‌ڵكو پێوه‌رێكی سۆفیانه‌ی ئێستێتیكییه بۆ حه‌زی ژیان، چونكه ئه‌و ساته سۆفیگهراییهی مردن، جیهانبینی شاعیر له‌گه‌ڵ شیعره و شیعر ده‌وری شاعیر ده‌گرێ و ئه‌ویش پیرۆزترین وشه‌ی له‌سه‌ر لێوه كه (شیعره) ، شیعر لێره‌دا هێمای باوه‌ڕه له ناخی شاعیره‌وه ده‌بێته به‌ڵگه‌ی ئیمان و پیرۆزی و ….. تاد، بێگومان نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ شیعر لای سه‌باح ڕه‌نجده‌ر : ( له شیكلی جیهانێكدایه ، كه نه سه‌ره‌تای دیاره و نه كۆتایی، به‌ڵكو له په‌ڵه‌ی جوانیی، له ده‌نگی نامۆ، له بزاوتێك، له ئاماژه‌یه‌ك، له ساتمه‌یه‌ك، له بیره‌وه‌رییه‌ك پێكهاتووه؛ له كۆتاییدا ؛ هه‌موو شتێك لای شاعیر ده‌بێته مادده و مایه‌ی شیعر. ڕه‌نگه باسی له سه‌ره‌تایه‌ك بكات، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نی نییه، به‌ڵكو ئێستایه‌ك پێكدێت كه زه‌حمه‌تیشه ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرین.)( ).
ئه‌وه‌ی مایه‌ی ئاماژه پێكردنه بنیادی هێما له لای شاعیر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تایبه‌ت بنیاتنراوه له نێوان هه‌ندێك ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی هه‌ست پێكراو و ته‌وژمی بیر و ڕوانینی خودی له دواوییه‌تی و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕووخێ و داده‌ڕمێ، چونكه شاعیر به هێزی خه‌مڵاندن ده‌گاته دامه‌زراندنی ئه‌م ستراكتۆره هێماییه له دووتوێی هه‌ڵوێستێكی دیاریكراوی شعوریدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ستپێكراوه دیاریكراوه‌كانی واتا و كاریگه‌رییه‌كانیان له ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر خاڵی بكرێته‌وه له‌م هه‌ڵوێسته شعورییهی كه سرووتكاری لێ به ده‌ستهاتووه . له وانه‌یه شاعیرێك جگه له ڕه‌نجده‌ر هێمایێكی دیاریكراوه دابهێنێ، دواتر شاعیرێكی تر به كاریبهێنێ بۆ مانا و واتایه‌كی تر و واتای ڕه‌نجده‌ری پێنه‌به‌خشێ، له‌و كاته‌دا گرینگ‌ترین بنه‌ماكانی خۆی له ده‌ستده‌دا، كه بریتییه له سرووشی هه‌ڵوێسته نوێكراوه‌كه. (هه‌تاو) هێماییه‌كه ڕه‌نجده‌ر بۆ ڕۆشنایی ئه‌بستمۆلۆژیای هیوا و سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی حه‌زی ژیان به‌كاریهێناوه ، له‌وانه‌یه شاعیرێكی تر وه‌ك هێما بۆ زه‌نگی شۆڕش و به‌رخودان و هێمای ڕاپه‌ڕین به‌كاریبهێنێ. ڕه‌نجده‌ر به ڕێڕه‌وه پێچاوپێچه‌كانی مردن هه‌نگاوده‌نێ تا چاره‌نووسی خۆی به پیێ ڕیسا و به‌ها مه‌عریفییه‌كانی خۆی دیاری بكات. مه‌رگدۆستی به‌شێكه له ژیاندۆستی و ئێستێتیكی ئه‌زموونی هه‌ستی و ڕه‌هه‌ندیی باڵای ده‌ق كۆدی باڵا ده‌ست نیشان ده‌كات (كتێبی ئاسمانی) هێمای چاره‌نووسی ره‌نجده‌ره به‌های به‌ڵێنی حه‌زی ژیانی تێدا شیكراوهتهوه و خودی شاعیر یاسای لۆژیكی ئه‌م ژیانه ده‌نه‌خشێنێ. (دانانی ئه‌م سنووره خودیهی ڕه‌نجده‌ر بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و سنووره باو و ئیلاهییه بشكێنێت كه به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێكدا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌ویش دانانی خاڵی كۆتایی بوونه، شاعیر له‌م ده‌قه‌دا ده‌یه‌وێت له بری ئه‌و خاڵی نه‌بوو، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ده‌رچوونی له دنیای به خواستی خۆی بێت و خۆی( )). خۆی ڕێسا و یاسا و مردنی دیاری بكات بۆ ئه‌مه‌ش هێمای شوێن و كات و ڕه‌هه‌ندی مردنه‌كه‌ی دیاریكردووه.
(من پێوه‌ری ههستهكاتی زه‌ویم
به پێ ڕیگایه‌كی دوور و درێژم بڕیوه
میوانداری ئه‌وانه ده‌كه‌م پێیان گه‌یشتووم
ڕه‌گی میوه‌ی مه‌ی چهترمه و هه‌وڵمداوه
به تاو وه‌رن ئه‌ستێره شه‌وقدار و برای گیانی هه‌سته‌كانم( )).
(من) هێمایه بۆ باڵایی و به‌رزی خود، له دیدی ڕۆمانسیزمدا (من) چه‌قی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناخ و جیهانبینی مرۆڤ بۆ سروشت و كۆی پێكهاته‌كان، (من) ڕوانینه و ڕانانی جیهانی شاراوه‌ی ناخه، سایكۆلۆژیای یاریكه‌ری داڕشتنه‌وه‌ی جیهانه به‌پێی پێوه‌ری خودگه‌رایی، هه‌ر بۆیه شاعیر ئاشنایه به باڵانسی هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ر زه‌وی و سروشت و به پێچه‌وانه‌كه‌شی، (من) ی ڕه‌نجده‌ر ئاماده‌یی خوده بۆ گه‌یاندنی په‌یام و بانگه‌وازی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ و ئه‌ندێشه و ڕوانین به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی تاكگه‌رایی ده‌گه‌ینێ و ڕژده له‌سه‌ر جیاوازی به ڕێگای ئه‌زموون و به كه‌ساییه‌تی كردنی زمانی شیعری، (من) پنتێكی موته‌عالی سۆفیگرانهی عیرفانهیه كه له یه‌كێتیدایه له‌گه‌ڵ بوون و سروشت هه‌سته‌كانی زه‌وی ده‌پێوێ، كه زه‌وی پێرسۆنا كراوه و سیمایه‌كی مرۆڤاییه‌تی وه‌رگرتووه ، به‌و گڕه‌ی سۆزه به تینه و شه‌یداییه‌وه هاتووه تا میوانداری ئه‌وانه بكات، كه به‌شێكن له ڕوانین و یاده‌وه‌ری، به تینه‌وه هاتووه بۆ حه‌زی ژیان و ویستی ژیانكردن، كه هیچ ده‌رفه‌تێك ناهێڵێته‌وه له نێوان ژیان و مردن.
(ڕه‌گی میوه‌ی مه‌ی چهترمه ههڵمداوه).
(ڕه‌گ) هێمایه بۆ قوڵبوونه‌وه و یه‌كێتیی ناخ و هه‌ست و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه له‌سه‌ر ناحی شاعیر به‌رانبه‌ر ژیان/مردن ، (مه‌ی) هێماییه‌كی عیرفانی ده‌به‌خشێت و هێمای باڵایی رۆحه، هه‌ڵدانی چه‌تری ڕه‌گی مه‌ی ئاماژه‌یه بۆ به‌رگری له‌و باڵلییه كه له ئاسمانی دره‌وشانه‌وه و جیهانی به‌رزی بووندا له‌نگه‌ریان گرتووه و نزاكار و به دیهێنه‌ری حه‌زی ژیانی ڕه‌نجده‌رن و له كه‌شوهه‌وای ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه (مردن/ژیان و ئاسمانی/زه‌مینی) ده‌بن به ئامرازی پیرۆزی حه‌زی ژیان و ویستی بوون له چوارچێوه‌ی شه‌یدایی سۆفیگه‌رانه‌ی مانه‌وه‌دا.
(به تاو وه‌رن ئه‌ستێره‌ی شهوقداری و برای گیانی هه‌سته‌كانم
ئاسمانی ڕوون قووڵ و بێده‌نگ و گوێڕایه‌ڵ ماوه‌ته‌وه
تایبه‌ت دیدارمان ده‌بێت
ده‌بین به خاوه‌نی چاوه‌كانی
وه‌ك چاوی ئه‌و و دڵی خۆمان
به ڕێگادا یاری ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌ین
ماسوولكه‌كانی ڕێگا تونده‌بنه‌وه
كه‌پری پشوودان له‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ری ده‌به‌سترێ
هه‌ر كاتێك ته‌ماشای ڕێگا بكه‌ین
هه‌موو شتێكمان به بیر دێته‌وه و به ناو كاتێكی خۆشدا ڕێ ده‌كه‌ین( ) ).
ڕه‌نجده‌ر له ناو تین و تاوی ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێ و هێماكانی ڕژدتر ده‌كاته‌وه، له قووڵایی ناخیه‌وه بنیادی پێكهاته‌یی ئه‌و هێمایانه داده‌ڕێژێ و داخوازی هاتنی (ئه‌ستێره‌ی برای گیانی هه‌سته‌كان) ده‌كات ، كه هێمای به‌رزی و مه‌زناییه‌تی داهێنان و داهێنه‌رانه و هاوسه‌فه‌ری حه‌زی ژیانی ئه‌ون. (ئاسمانی ڕوون و قووڵ) هێمای باڵایی و فراوانی ده‌گه‌ینێ. دوو ڕه‌فتاری مرۆڤیان پێ به‌خشراوه و به میتافۆرێك به‌كه‌س كراوه. په‌یامه‌كه‌شی، یان بانگه‌وازه ههستیهكهی ئاراسته‌ی ئه‌ستێره‌ی ڕۆشتن و بریقه‌داره‌كانی داهێنان و برای گیانی هه‌سته‌كانی ده‌كات ، چونكه ئه‌و پێوه‌ری ژیاندۆستی هه‌سته‌كانی و هاوڕێی هه‌میشه‌یی هه‌ستی ئه‌ستێره، یان داهێنه‌ره‌كانی جوانی ژیانن ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه كه هێز و جووڵه له‌م ده‌قه‌دا هه‌میشه پاڵنه‌ر و خوڵقێنه‌ری هێمای مه‌عریفی و عیرفانی مه‌زنن كه دواجار سات و كاتی حه‌ز و ویستی شاعیر ده‌گه‌یێنن وه‌ك چۆن له‌م ده‌سته‌واژانه به دیارده‌كه‌ون (به تاو وه‌رن – تایبه‌ت دیدارمان ده‌بێت – ده‌بین به خاوه‌نی چاوه‌كانی – ماسوولكه‌كانی ڕێگا تونده‌بنه‌وه). “تایبه‌ت” هێمای هێزێكی پیرۆز و خولقێنه‌ره و جووڵێنه‌ره، خاوه‌ندارییه‌تی ڕوانینه بۆ پێكهاته‌كانی ژیاندۆستی و داهێنه‌ری ئاسوودیی و بهختهوهریێكی مه‌زنی په‌یوه‌ست به ڕێسای جوانیناسی و ئاكارناسیه له چوارچێوه‌یكی عیرفانیدا كه هێماكانی به‌م وێنانه ڕاڤهكراون، ڕێره‌وی دیداره‌كه شاعیر و ئه‌ستێره‌كان (كه‌پری پشوودان له‌مبه‌ر و ئه‌و به‌ری ده‌به‌سترێ – هه‌ر كاتێك ته‌ماشای ڕێگا بكه‌ین / هه‌موو شتێكمان به بیر دێته‌وه و به ناو كاتێكی خۆشدا ڕێ ده‌كه‌ین). واته: ئه‌و هێمای(تایبه‌ت)ه. بنیادی هێمایه‌كی سۆفیگه‌رانه شیته‌ڵ ده‌كات، كه بریتییه له شیكردنه‌وه‌ی مردن وه‌ك كۆچێكی ڕه‌مزی رۆح له مهجهڕاتی كهونییدا، هاوتای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی وه‌جد ئامێزی سۆفییه‌كه به تهعالییهوه به پێی بنه‌ما و ڕێسا بچێته‌وه ئاسمانی دیداری هێما بۆ كراوه‌كه كه هێما هێزی مه‌زن و پاك و بێگه‌رد ده‌گه‌ینێ، كه خولقێنه‌ر نهێنی هێز و جووڵه‌یه.
له زه‌مینه‌ی ئه‌زموونی شیعریدا، كه تێیدا ڕه‌گه‌زه‌كانی بنیادی هێمایی یه‌كده‌گرن و ده‌چنه‌پاڵ یه‌ك، یان پشتگیری یه‌كترده‌كه‌ن. هێزێكی سرووشكاری مه‌زن له دایك ده‌بێت ، وه‌رگر/خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات له پشت كۆته‌ڵی، یان په‌یكه‌ری هه‌ستدا جیهانێكی شاراوه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ست ده‌كات به هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی نهێنییه پهردهدراو و نادیاره‌كان، به‌ڵام ئه‌م مانایانه به سایه و سێبه‌ر و سرووشه شاراوه‌كان و ئه‌وه‌ی له ئه‌ندێشه‌ی شاعیر تێده‌په‌ڕێ و ده‌به‌زێنرێت بۆ شتگه‌لێك، كه ڕێكده‌كه‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌هه‌نده سایكۆلۆژیانه‌ی وه‌رگر/خوێنه‌ر ئاوێته‌یان بووه و كه‌ڵه‌كه ده‌بێت ، لێره‌شه‌وه توانای جۆراجۆری ئاسته‌كانی تێگه‌یشتن و شیكاری و ڕاڤه‌كردنی بۆ هێمای شیعری چه‌كه‌ره ده‌كات، له ڕێگای نقوومكردنی هێماكه له‌ناو ژینگه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی فه‌رهه‌نگی كولتووری و ژیاری وه‌رگر، چونكه هه‌ستپێكراوه سنوورداره‌كان به‌ند ناكرێن. له‌به‌ر ئه‌وه قه‌واره‌یه‌ك، یان ڕه‌نگێك، یان خودێكی باڵای نابێت، چونكه خه‌ڵك جیاوازیه‌كی هه‌ست پێكراو به‌دی ده‌كه‌ن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م هێمایانه جیاوازییه‌ك كه هه‌ندێك كات ده‌گاته ئاستێك كه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه. شاعیر له‌باره‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه ده‌ڵێ : ( له سه‌ره‌تاوه تا وه‌كو كۆتایی و هێڵ و هێمایدا ، شیعر ئاراسته و پرسیارێكی زمانه‌وانییه، خوێنه‌ر له سه‌رسوڕمان و سهرسامییاندا نیشته‌جێ و سه‌رگه‌ردانه، كه زمان وه‌ك فۆرمێك له خانه‌ی باڵادا دابینی ده‌كات، یان وه‌ك ڕووداوێك ئه‌نجامی ده‌ده‌ات و ده‌یهێنێته به‌ر زه‌ین و هه‌سته‌كانه‌وه. له‌م باره‌دا زمان به پێی وێنه له جووڵه و كاری خۆیدا ده‌بێت و وریایی و ئه‌مه‌كداری خۆی ڕاده‌گه‌ینێت. ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش په‌یوه‌سته به دۆزینه‌وه‌ی هێزی وشه له ئه‌زموونی زمانه‌وانیدا ، یان ناسینه‌وه‌ی تراژیدیای ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیان له فۆرمی زماندا )( ) . ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كه له ستراكتۆری هێماكانی ڕه‌نجده‌ردا هه‌یه، كه كارامه‌یی ئه‌زموونی هه‌ستی لێ به‌كارهێناوه.
(خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه
له‌م ڕێگا و بانه بۆنخۆشه‌دا تا بڵێی بێ دڵه‌ڕاوكێیه
فریشته‌كانی فریاكه‌وتن ناهێڵن گورگ نزیكی ببنه‌وه
گۆرانی تێیدا دێته سه‌ر ده‌م و له بیر ناچێته‌وه
شاعیری گه‌ڕاوه‌ی شه‌ڕی گورگیش
دوو دڵی خامۆش ده‌بێ و گوێ بۆ گۆرانی هۆگری ڕاده‌دێرێ
یاده‌وه‌رییه به‌خشنده‌كانی و به‌هره و سرووش و شیعر دێته فریای
به‌هره و
سرووش و
شیعرم
ماندووم ماندووم ماندووم)( ).
كاروانی گه‌شتی جاویدانی ژیاندۆستی شاعیر ڕێده‌كات، له ده‌ستپێكی ئه‌م ده‌قه موناجاتێك(soliloquy) ده‌بێته میكانیزم و پێكهاته‌ی ڕاڤه‌كاری خودی. ئه‌م نزایه به هێمایه‌ك خۆی په‌خش ده‌كات. (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) كه هێماییه‌كی ئایینی/سۆفیگه‌رییه، (خودا) خاوه‌نی هێڵی باڵای و مه‌زناییه‌تی ده‌گه‌ینێ، به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌كی كولتووری داڕێژراوه كه له ئامرازی مامه‌ڵكردنی ئیمان و باوه‌ڕی ناوچه‌یی وه‌رگیراوه (ته‌سبیحی سه‌د و یه‌ك دهنكۆڵهش هه‌یه) ، هه‌ڵبه‌ت له ده‌قه‌كه‌دا و به تایبه‌تی له ده‌سته‌واژه‌ی ژماره (سه‌د و یه‌ك = 101) به ناونیشانی ژماره‌یی ده‌قه‌كه‌شه‌وه ژماره (0) سفر (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) سێ‌جار دووباره‌كراوه‌ته‌وه، جاری یه‌كه‌م: بۆ خروشاندنی دانایی و حیكمه‌تی شیعر و وشه له ناخی شاعیر و پاراستنی له شاعیره مه‌نگۆلی و دڵڕه‌ق و بهدگۆكان، كه ئه‌مانه‌ش به شێوه‌یه‌كی گشتی هێمای بهشهكین بۆ وێناكردنی دژه حیكمه‌ت و نادانایی. جاری دووه‌م: بۆ به‌دیهێنانی جێگیری و هێز و كێش و حه‌زی ژیان و ئارامی و ئاسوودیی له گه‌شتی (ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه)، كه گه‌شتی ئاسووده‌یی دوور له دڵه‌ڕاوكێ و ترس، (فریشته‌كانی فریاكه‌وتن) هێمایه بۆ بوونه‌وه‌رێكی خودایی پاك و بێگه‌رد، كه ململانێكاری خراپه‌كارین و هێزی شاراوه و فریادڕه‌سی شاعیرن له به‌رانبه‌ر ناپاكی و تاریكی كه به (شه‌ڕی گورگ) هێمای بۆ كراوه. جاری یه‌كه‌م: ئه‌و هێزه ئه‌هریمه‌نییه خۆی له شاعیره (مه‌نگۆلی و به‌دگۆ و ده‌روونكلۆره‌كان) ئاماژه‌ی پێكرابوو. جاری دووه‌م: ته‌كنیكی دووباره بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان و هێماكان ڕێ خۆشكه‌رن بۆ چه‌كه‌ره‌كردنی هێمای گشتی و چه‌مكی ژیاندۆستی و ململانێی خراپه‌كاری. جاری سێیه‌م: ئه‌نجام و سه‌لمێنراوی داوا و داواكراوه . ئه‌گه‌ر به ڕه‌هه‌ندی هێمای ژماره‌یی (خودای سه‌د و یه‌ك ناو) ڕاڤه بكه‌ین (101) كه تێیدا (0) ناوه‌ند و ناوه‌ڕاستی دوو ژماره‌یه ، كه بریتییه له هێز و كێش و گونجاندن وه‌ك ئه‌و ئارامییه‌ی كه باوه‌ڕدارێك له هه‌مان ژماره‌ی ده‌نكۆڵه‌كانی ته‌سبیحێك ده‌یبینێ له زه‌مینه‌ی ماتماتیكی باوه‌ڕ و باوه‌ڕداریدا.
(خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه
له‌م ڕێگا و بانه بۆ نخۆشهدا تا بڵێی بێ دڵه‌ڕاوكێیه
فریشته‌كانی فریاكه‌وتن ناهێڵن گورگ نزیك ببنه‌وه).
ئه‌م شیكارییه سه‌ره‌ڕای جیاوازی ڕاڤه‌كردنیان له نێوان داهێنانی خودی و ئه‌زموونی شیعری ڕه‌نجده‌ر و سایكۆلۆژیای هه‌ستی له لایه‌ك و سنوورداری ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی سۆفیگه‌رییانه له لایه‌كی تر ده‌ڕژێنه نێو وێستگه‌یه‌كی یه‌كگرتوو ، كه چاره‌سه‌ری پێكهاته و ستراكتۆری هێمای شیعرین ، سه‌ره‌ڕای گه‌ڕان به دوای سێبه‌ری شوێنه‌واری ده‌لاله‌ت و ماناكان له گۆشه‌نیگای جۆراوجۆری فه‌رهه‌نگی و ئایینی، سنوورداری ڕۆشنبیری شاعیر سه‌باره‌ت به هێما سۆفیگه‌رییه‌كان، به‌ڵام به ورده‌كارییه ماددییه‌كان و ئه‌زموونی خودی ته‌ریبیان ده‌كات ، له‌م ته‌ریب كردنه‌شدا پرۆسێسی سه‌رهه‌ڵدانی سۆزی هه‌ڵچوو و ئه‌زموونی شیعری له‌ناو هێما بۆ كراوه‌كان فه‌راهه‌م ده‌بن ، هێماكانیش ده‌بنه هه‌وێنی ئاوێته‌بوونی جۆراییه‌تی ڕۆشنبیری و كولتووریی و سایكۆلۆژیای ئه‌زموونی خودی و ده‌رفه‌تێك ناهێڵێته‌وه بۆ شه‌قڵی مه‌عریفی له ئه‌زموونی شیعریدا، ژیاندۆستی و حه‌زی ژیان ئه‌نجامن و هێما گشتییه كه له دووباره‌كردنه‌وه‌ی هێما (خودای سه‌د و یه‌ك ناو)دا بۆ جاری سێیه‌م ده‌رده‌كه‌وێ .
(ئه‌ی خودای سه‌د و یه‌ك ناو ڕێبوارێكی ڕۆشنی
به‌هره و
سرووش و
شیعرم
ماندووم ماندووم ماندووم
ده‌ستم بگره با بچمه ماڵی ڕۆشن( )).
(ماڵی ڕۆشن) هێمایه بۆ ماڵی ئه‌به‌دی و ژیاندۆستی شاعیر و فه‌لسه‌فه‌ی و ئه‌نجامی ئه‌و كۆچه‌یه كه شاعیر ده‌ستی پێكردووه به پێی فه‌رهه‌نگی خودی پیرۆزكراو و ڕێساكانی ژیاندۆستی شاعیر، گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه تیشك بخه‌ینه سه‌ر جۆره‌كانی هێما و په‌یوه‌ندی نێوانیان، بێگومان هێماكان دوو جۆرن، جۆری یه‌كه‌م : هێمای به‌شه‌كی ( The Partial Symbols) : شێوازێكی هونه‌رییه‌كه تێیدا تاكه وشه‌یه‌ك، یان وێنه‌یه‌كی هونه‌ری به‌شه‌كی به‌هایه‌كی هونه‌ری و ئێستێتیكی ده‌نوێنێ له ڕێگای ئاوێته‌بوونی له‌گه‌ڵ هێما بۆكراو به ده‌ستی ده‌هێنێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكاری سرووشكاری و هه‌ژانی زۆرێك له واتا شاراوه‌كان. ئه‌م وێنه و وشانه‌ش ده‌بریسكێنه‌وه، یان ده‌دره‌وشێنه‌وه به هۆكاری په‌یوه‌ندییان، یان كۆنتاكتیان به ڕووداوێكی مێژوویی، یان ئه‌زموونێكی سۆَزداری ، یان به هۆكاری هه‌ڵوێسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دیارده سروشتییه‌كان ، یان شوێنگه‌لێك كه چه‌مكێكی هه‌ستی تایبه‌تیان هه‌یه، یان ئاماژه‌گه‌لێكی ئه‌فسانه‌یی دیاریكراو، یان كولتووری گشتییان هه‌یه ، شاعیر له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وشه و وێنه‌ی به‌شه‌كی به‌و مانا و ناوه‌رۆكه بچووكه به‌رز و بڵند ده‌بێته‌وه بۆ مانا و مه‌به‌ست و ناوه‌رۆكی هێمایهكهی.
هه‌ر یه‌كه له هێما به‌شه‌كییه‌كان كاری ئێستێتیكی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ته‌واوكاری هێمایی وێنا بكه‌ن، كه ئاماده‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی خودی به هاوڕێیه‌تیی هه‌سته‌كان ، وه‌ك چۆن ئه‌و هێمایانه ده‌بن به پاڵپشتی دوانه‌یی هونه‌ری به هۆكاری گه‌شه‌كردن و پێگه‌یاندنی پێكهاته و ستراكتۆری ئه‌زموونه‌كه . سروشتی خه‌ون و مۆتهكهش كه به‌سه‌ر خه‌وبین زاڵ ده‌بێ به سه‌ر وێنه‌ی هێماییدا ، ئه‌گه‌ر چی لێره‌دا خه‌ون ئاراسته‌كراوه.
جۆر دووه‌میش: هێمای گشتییه (The General Symbol) : بریتییه له واتای میحوه‌ری ته‌نك و به‌رجه‌سته له یه‌كێك له ڕواڵه‌ت و دیارده ماددییه‌كانه، له زه‌مینه‌ی هێمای گشتیدا سه‌رجه‌م وێنه به‌شه‌كییه‌كان كۆده‌بنه‌وه. واته: هێمای گشتی چه‌قی ئه‌نجام و لۆژیكی ڕاڤه‌كاری ده‌قه‌كه و سه‌رجه‌م وشه و وێنه هێماییهكانه، وێنه به‌شه‌كییه‌كان له ده‌وری ئه‌م پنته‌دا خولده‌خۆنه‌وه كه سه‌رچاوه‌ی دابه‌شكردنی كاری شیعرییه و به‌ره‌و ئه‌نجامی ئێستێتیكی بینراو ئاراسته ده‌كرێ( ) . بێگومان له ده‌قه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ڕهنجدهریشدا هێما و وێنه به‌شه‌كییه‌كان له تاكه وشه‌یه‌كه‌وه تا واتا و ده‌سته‌واژه‌ی هێمایی و وێنه‌ی به‌شه‌كی هێمایی ئاماژه‌یان پێكراوه ئامرازن بۆ پرۆسێسێكی میحوه‌ری چه‌قگرتووی مه‌عریفی، یان هێمایه‌كی گشتین، یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كین بۆ ژیاندۆستی به پێی ڕێسا و یاسا خودییه‌كانی شاعیر له چوارچیوه‌ی ململانێی لۆژیكی نێوان چاكه‌كاری و خراپه‌كاریدا.
(ماڵم له سێبه‌ری باڵنده‌یه‌ك دانا
گوتی له‌به‌ر خاتری تۆ بۆ ماوه‌یه‌ك فڕین دواده‌خه‌م
تا پشوو ده‌ده‌یت و تێر خه‌و ده‌بیت و خه‌ونێك ده‌بینیت
خه‌ونی
ته‌ورات
ئینجیل
قورئان
ئه‌ی شادی بێهووده خه‌ونه‌كانم چی لێ بكه‌م( )).
ئه‌م ده‌قه به قه‌باره و شێوازی ده‌ربڕینی هاوسه‌نگ و ئه‌زموونی شعوری له پێنچ شوێنی تری ئه‌و به‌رهه‌مه شیعریدا دووباره ده‌بێته‌وه ، له ده‌قی ژماره (0) و ده‌قه‌كانی تریش ئه‌م كتێبه ئاسمانییانه (ته‌ورات ، ئینجیل ، قورئان) سه‌رچاوه‌ی هێمایین بۆ كولتوورێكی ئایینی، ئه‌م كولتووره ئاینییهش وه‌ك به‌شێك له نه‌ستی كۆ، بێگومان ئه‌و هێمایانه پێكهاته‌ی تین و تاوی باوه‌ڕن، لێره‌دا شاعیر له سایه‌ی باڵی هێمای مه‌عریفه و جیهانبینی زه‌ینه‌وه، كه به باڵی باڵنده هێمای بۆ كردووه، ماڵی ژیاندۆستی داده‌نێ و حه‌زی ژیانی چێده‌كا، باڵنده‌یه‌ك، یان مه‌عریفه‌یه‌ك تین و توانا به شاعیر ده‌به‌خشێ. (گوتی له‌به‌ر خاتری تۆ بۆ ماوه‌یه‌ك فڕین دواده‌خه‌م) تا له سێبه‌ر و سایه‌ی باڵی ئه‌م باڵنده‌یه مه‌عریفه‌ی باوه‌ڕ و هیوای بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه ( تا پشوو ده‌ده‌یت و تێر خه‌و ده‌بیت و خه‌ونێك ده‌بینیت)، به‌ڵام خه‌ونێكی ئاگایی زه‌ینی ئاراسته‌كراو، ئه‌ویش خه‌ونی باوه‌ڕێكی ئاسمانی (خه‌ونی/ته‌ورات/ئینجیل/قورئان)، چونكه له‌م كتێبه ئاسمانییانه مه‌عریفه‌ی ئیمان گه‌ڵاڵه ده‌بێت و ژیاندۆستی و حه‌زی ژیان پیرۆز ده‌بێت ، دواجار پرسیارێكی مه‌عریفی دێته ئارا كه ئاراسته‌ی كه‌ساییه‌تی، یان دۆخێكی مه‌عریفی ده‌كرێ (شادی بێهووده) سه‌باره‌ت به خه‌ونی مه‌زنی ئیمان و ژیاندۆستی به پێی ڕێسای شاعیر خۆی.
(ئه‌رێ شادی بێهووده خه‌ونه‌كانم چی لێ بكه‌م).
ڕه‌نجده‌ر له ده‌قه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی په‌یوه‌ست نه‌بوو به ڕێساكانی خاڵبه‌ندی و یاساكانی دیسپلینكردنی ده‌قی نووسین، به‌ڵكو وه‌ك سوریالیستێك یاخی ده‌بێ له‌م یاسا و رێسایانه‌ی نووسین و ده‌ربڕینی شیعری، به‌ڵام وێنه خهونییهكانی، چونكه به‌شێكن له ئاگایی و ئه‌زموونی هه‌ستی و هێمای به‌شه‌كی له لۆژیك و هێمای میحوه‌ری و چه‌قگه‌رایی و گشتی پێكده‌هێنن، بۆیه سه‌رجه‌م وشه و وێنه هێماییه‌كان و خه‌ونییه‌كان له ده‌وری پنتی هێما گشتی و سه‌ره‌كییه‌كه ده‌سووڕێنه‌وه. ئه‌وه‌ی مایه‌ی ئاماژه پێكردنه یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م ده‌قه دووباره‌بوونه‌وه‌یه به تایبه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێماكان، كه وه‌ك ته‌كنیكی شیعری مهغزادار و به مه‌به‌ستی جوانیناسی و خولقاندنی وێنه‌ی هه‌ستی به‌كارهاتوون، ئه‌م دیارده‌یه، یان ته‌كنیكه مۆدێرنه‌ی شیعری نوی به‌شێكه له ئه‌ندازه‌ی ده‌ق و پێكهاته‌ی ئه‌زموونی ده‌ربڕینی شیعری ، هه‌ر بۆیه ڕه‌نجده‌ر سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌یه ده‌ڵێ: ( له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م ئه‌زموونه، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم، هه‌شت ده‌قی ئاستداره، هه‌ر ده‌قه‌ی ده جار خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. واته: به شاقووڵی دێته خواره‌وه و به ئاسۆیی بڵاوده‌بێته‌وه، خوێنه‌ر ده‌توانێت هه‌شت ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بدۆزێته‌وه و ئه‌وانی تر به چێژی دووباره‌بوونه‌وه، یان به هونه‌ری دووباره‌بوونه‌وه، بخوێنێته‌وه ئه‌م دیارده‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌یه ده‌بێته شوێنی تێبینی له دایكبوونه‌وه‌ی چێژ و هونه‌ر و بیرۆكه‌كان.
ده‌قه دووبارهبووهكانم به دوای یه‌كدا ڕێزبهندهی نه‌كردوون. وه‌ك ئامانج و مه‌به‌ست و تَێكهڵاو سه‌ره‌و ژێرم ڕێكخستوون و به‌ته‌واویی ڕووبه‌ری كتێبه‌كه‌دا په‌رتم كردوون. له دووبارهبوونهوهشیاندا له مانای ڕاسته‌قینه‌ی پێشوویاندا نامێننه‌وه)( ) ، به واتایكی تر شاعیر ئامانجی له دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی هێماكان بریتییه له چێژ به‌خشین و هونه‌ری به‌رز و خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی گۆڕانی واتا به گوێره‌ی پانتایی ده‌قه‌كه و هاوسه‌نگكردنی ئه‌م بوارانه و ئاوێته‌كردنیان به تیۆری ئه‌ندازه‌ی ئێستێتیكای ئه‌زموون و هه‌ڵوه‌سته و ڕوانین و بوونی فیكری قووڵ له لایه‌ك و تێڕامانی ته‌كتیكی هێمایی واتا و ده‌لاله‌تی هێمایی وێنه و ده‌ربڕینی شیعری و سایكۆلۆژیا و هاوسه‌نگی له لایه‌كی تر، چونكه دواجار دووباره‌بوونه‌وه هونه‌رێكی سایكۆلۆژی سه‌نگینه بۆ خستنه ڕووی ئه‌زموونی هه‌ستی شاعیر. له بوارێكی تریش (دووباره‌بوونه‌وه ژێر باری ئه‌و یاسا شاراوانه‌یه كه ده‌سته‌واژه‌یه‌ك جڵه‌و ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ش یاسای هاوسه‌نگییه، له سروشتی هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك جۆرێك له ورده‌كاری شاراوه‌ی هاوسه‌نگی هه‌یه كه پێویسته شاعیر له سه‌رجه‌م بارودۆخه‌كان بیپارێزێ ….. تاد، ده‌سته‌واژه‌ی كێشكراو سه‌ربه‌خۆیی و چه‌قی سه‌نگایی و لایهكانه و ده‌چێته ژێر باری جۆرێك له ئه‌ندازه‌ی وشه و ورده‌كاری كه پێویسته شاعیر گرینگی پێ بدات كاتێك ده‌چێته نێو ته‌كنیكی دووباره‌كردنه‌وه..( )) ، ئه‌گه‌ر نا بارودۆخی ده‌سته‌واژه و وێنه‌ی شیعری لاسه‌نگ و نامۆ ده‌بێت و هیچ به‌هایه‌كی ئێستێتیكی نانوێنێ، بۆیه دووباره‌كردنه‌وه هاوسه‌نگی بوونی ده‌قی شیعری ده‌پارێزێ و ئامرازی جوانیناسی و ده‌ربڕینی ئه‌زموونی شیعریشه، ڕه‌نجده‌ر له پێشه‌كی كۆ شیعری: (سه‌د و یه‌كشه‌وه) ده‌ڵێ : ( ئه‌فراندن له دووباره‌كردنه‌وی جوانییه‌كاندا په‌یوه‌سته به فره‌یی كولتوور و پاراوی ئه‌زموونی دووباره‌كه‌ره‌وه. دووباره كردنه‌وه جیاوازه له جووینه‌وه، چونكه جووینه‌وه و لاساییكردنه‌وه هیچ داهێنانێكی تێدا به‌رهه‌م نایه‌ت، به‌ڵام دووباره‌كردنه‌وه جیاكاری و داهێنانی لێوه به‌رهه‌م دێت.
( ) بێگومان جووینه‌وه و كاوێژكردنی ڕه‌ها و بێبهرابهری و ده‌قی شیعری ده‌شێوێنێ و لاسه‌نگی ده‌كات، چونكه ئه‌م جۆره جووینه‌وه و لاساییه دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌بستراكته و دووره له ڕه‌هه‌ندی ئه‌فراندن و داهێنان و جوانیناسی ده‌ق و ده‌ربڕینی شیعری ، له به‌رانبه‌ردا دووباره كردنه‌وه بۆ هاوسه‌نگی ته‌كنیكی شیعری و ده‌ربڕین داهێنان و ئه‌فراندن و جوانیناسی مه‌عریفی ئه‌زموونی هه‌ست ده‌خولقێنێ به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دووباره كردنه‌وی هێما و وێنه به‌شه‌كییه‌كان و وشه‌كان له جووڵه و خولانه‌وه‌دا بێت به ده‌وری هێما گشتییه‌كه، كه میحوه‌ری ده‌قه‌كه‌یه. شاعیر له وته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێ ده‌ڵێ : ( دووباره كردنه‌وه هه‌میشه جوانیی شێوه‌ی نوێ ده‌ڕژێنیته ناو واقیعی نووسین و جوانبه‌خشی …. له دووباره‌كردنه‌وه‌ی جوانیه‌كاندا دووباره‌كه‌ره‌وه ڕوانینێكی تراژیدی له‌باره‌ی ژیان لاپه‌یدا نابێت بۆ كاركردن، چونكه به ته‌نیا چاوگه‌ی جوانییه‌كان مشتوماڵ ده‌كاته‌وه و كاری به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كولتووری جوانی له‌ناو كولتووری جوانی به‌جێده‌هێنێ، هه‌روه‌ها دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ش هێزێكی دیكه ده‌به‌خشێت ، به جۆرێك له ناخڕا پێ ده‌گاته‌وه و دهردهپهڕێتهوه، وا ده‌زانی ئه‌م وشه‌یه سه‌رسوڕمانێكی دیكه ئاشكرا ده‌كات و ده‌یهێنێته بوون و پانتایی كارتێكردن.
وشه له شیعردا وزه‌ی ده‌بینرێت نه‌ك قه‌واره ( )، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه دووباره‌كردنه‌وه‌ی هێما، یان وشه‌ی هێما بۆ كرا‌و لای شاعیر وزه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه و بزوێنه‌ری په‌یوه‌ندی هێمای وێنه و ناوه‌رۆكی شیعرییه و به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌ش و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی كولتوور و فه‌رهه‌نگه، هه‌روه‌ها به‌شیكه له سه‌لمێنه‌ری ئه‌ندازیی هاوكێشه‌ی ده‌ق بۆ هاوسه‌نگی شێوازی ده‌ربڕینی هێما و وێنه به‌شه‌كییه‌كان. سه‌ره‌ڕای داڕشتنی لۆژیكی ئه‌زموونی هه‌ست و سایكۆلۆژیای ئه‌زموون، زه‌مینه‌یه‌كی شیكاری ده‌خولقێنی و توانستی فیزیكی و جووڵه‌یی واتا و مانای شیعری و جوانیناسیهكی مشتوماڵ و پوخت به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه شاعیر به لێزانی و كارامه‌یی ته‌كنیكی دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه و وێنه و هێمای به‌كارهێناوه و له ده‌قه شیعرییه‌كانی به‌كاری خستووه وه‌ك به‌شێك له ئێستێتیكای ده‌ربڕین، نووسین كاریگه‌ری ئه‌زموونی هه‌ستی سایكۆلۆژیای خودی ده‌ربڕ جا ئه‌م دووباره‌كردنه‌وه هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له شێوه‌كانی دووباره‌كردنه‌وه ، چونكه (دووباره‌كاری شیعری بنه‌ماییه‌كی سه‌ره‌كی بنیادی هۆنراوه‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره و كه‌وا به هۆنیار – شاعیرێكی نوێخواز له بواری زمانی شیعریدا ناسراوه( )). ئه‌وه‌ش تێڕوانیێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ڕاست و دروسته بۆ لێكۆڵینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی هونه‌ری دووباره‌كردنه‌وه له ده‌قه‌كانی ڕه‌نجده‌ردا، ده‌قه‌كانی ڕه‌نجده‌ر بنادێكی ئه‌ندازه‌یی و فه‌زایه‌كی نه‌رم و پهلكهزێڕینهییان هه‌یه.
پوخته‌ی باس:
1- هێما میكانیزمێكی هه‌ستیی سه‌نگین و به‌هاداره، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ شتگه‌لێكی مانایی، كه ناچێته ژێر هه‌سته‌وه‌ره‌كان، ئه‌و سه‌نگ و به‌هایه‌شی به‌نده به ڕووگه‌كانی لێكچواندنی دووشت. یه‌كه‌م: ئه‌ندێشه‌ی هێماگه‌ر هه‌ست پێكردووه. دووه‌م: هه‌ست پێكردووه.
2- شاعیر له نواندنه هێماگهرییهكهیدا كه‌ناڵێك ده‌كاته‌وه له نێوان هه‌ست و نه‌ستدا. له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاوێته و تێكه‌ڵیان ده‌كات، چونكه پشكۆی ڕووگه‌كانی فیكر و هه‌ست له‌نێو جۆشی بڵێسه‌یه‌كدا نقووم ده‌بن، لێره‌دا هێما په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی خه‌ونی نائاگایی و ئه‌وانه‌ی له بازنه‌ی خه‌وندا خولده‌خۆنه‌وه. وه‌ك وڕێنه و هه‌لوه‌سه، به‌ڵكو هێمای كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ست و نه‌ست و نهێنییه قووڵ و نادیاره‌كانه، وه‌ك دیاره هه‌ندێك جار ئاڵۆز و دژیه‌كن.
3- ئه‌و كێشمه‌كێشانه‌ی شاعیر له نێوان ڕه‌هه‌نده‌كانی ستراكتۆری هێماگه‌رایی و هێماكان دایناوه و دایمه‌زراندووه به زاڵبوونی ڕۆشنی و بریقه‌داری بیركردنه‌وه ده‌ناسرێت، كه له فه‌زا و ڕه‌هه‌ندی هه‌ستیه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه، به‌ڵام به هه‌مان شێوه مه‌ودا و قووڵی نه‌ستیشی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێ، له شێوازی چه‌ند دهستهواژهییهكدا قووڵی ناخ و خودیی شاعیر فره‌وانتر ده‌كات.
4- ستراكتۆری هێما له لای شاعیر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی تایبه‌ت بنیاتنراوه. له نێوان هه‌ندێك ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی هه‌ست پێكراو و ته‌وژمی بیر و ڕوانینی خودی له دواوییه‌تی و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕووخێ و داده‌ڕمێ. چونكه شاعیر به هێزی خه‌مڵاندن ده‌گاته دامه‌زراندنی ئه‌م ستراكتۆره هێمایییه له دووتۆی هه‌ڵوێستێكی دیاریكراوی هه‌ستیدا.
5- له ده‌قه‌كه‌دا، هێما و وێنه به‌شه‌كییه‌كان له تاكه وشه‌یه‌كه‌وه تا واتا و ده‌سته‌واژه‌ی هێمایی و وێنه‌ی به‌شه‌كی هێمایی كه ئاماژه‌یان پێكراوه ئامرازن بۆ پرۆسێسێكی میحوه‌ری چه‌قگرتووی مه‌عریفی، یان هێمایه‌كی گشتین، یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كین بۆ ژیاندۆستی به پێی ڕێسا و یاسا خودییه‌كانی شاعیر، له چوارچیوه‌ی ململانێی لۆژیكی نێَوان چاكه‌كاری و خراپه‌كاریدا.
6- شاعیر ئامانجی له دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی هێماكان بریتییه له چێژ به‌خشین و هونه‌ری به‌رز و خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی گۆڕان. واتا: به گوێره‌ی پانتایی ده‌قه‌كه و هاوسه‌نگكردنی ئه‌م بوارانه و ئاوێته‌كردنیان به تیۆری ئه‌ندازه‌ی ئێستێتیكای ئه‌زموون و هه‌ڵوه‌سته و ڕوانین و وجودی فیكری قووڵ له لایه‌ك و تێڕامانی ته‌كتیكی هێمایی واتا و ده‌لاله‌تی هێمایی وێنه و ده‌ربڕینی شیعری و سایكۆلۆژیای هاوسه‌نگی له لایه‌كی تر.
ئه‌یلوولی 2017 هه‌ولێر
سه‌رچاوه‌كان:
سه‌رچاوه‌كان به زمانی عه‌ره‌بی:
1- خالده سعید ، حركیه الإبداع دار العوده – بیروت ، لبنان ، الگبعه الپانیه ، 1982.
2- روز غریب ، تمهید فی النقد الحدیپ ، دار المكشوف – بیروت ، لبنان ، الگبعه اڵاولی – 1971.
3- عاگف جوده نصر (الدكتور) ، الرمز الشعری عند الصوفیه ، دار اڵاندلس – بیروت ، لبنان ، الگبعه الپالپه – 1983.
4- عدنان حسین قاسم (الدكتور) ، التصویر الشعری ، رۆیه نقدیه لبلاغتنا العربیه ، الدار العربیه للنشر و التوزیع – مصر ،2000.
5- محمد علی كندی ، الرمز و القناع فی الشعر العربی الحدیپ (السیاب و نازك و البیاتی) ، دار الكتاب الجدید المتحده – بیروت ، لبنان ، الگبعه اڵاولی – 2003.
6- مصگفی ناصف (الدكتور) ، الصوره اڵادبیه ، دار اڵاندلس – بیروت ، لبنان ، دون الإشاره إلی سنه الگبع.
7- نازك الملائكه ، قچایا الشعر المعاصر ، دار العلم للملایین – بیروت ، لبنان ، الگبعه الرابعه عشره ،2007.
سه‌رچاوه‌كانی به زمانی كوردی:
1- حه‌كیم مه‌لا ساڵح، زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری – هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2016.
2- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری _ هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2015.
3- سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، سه‌د و یه‌كشه‌وه، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس – هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م، 2008.
گۆڤاره‌كان به زمانی كوردی:
1- گۆڤاری 23، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بی. هزری. ڕه‌خنه‌یییه، ژماره (8)، هاوینی – 2012، چاپخانه ڕۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر .
2- گۆڤاری هه‌ڵمه‌ت، گۆڤارێكی تایبه‌ته به شیعر، ژماره (6)، به بێ دیاریكردنی ساڵ و شوێنی چاپ.
3- گۆڤاری هه‌نار، گۆڤارێكی ئه‌ده‌بیی، هونه‌ریی، رووناكبیرییه، ژماره (77)، پووشپه‌ڕ – 2712 ، یۆنیۆ – 2012، به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.
سه‌روه‌ر حه‌سه‌ن محه‌مه‌د
ماسته‌ر له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی هاوچه‌رخ
هه‌ولێر- ژماره‌ی مۆبیل : 07504613632
sarwarhassan09@gmail.com
———————-
– محمد علي الكندي ، الرمز و القناع في الشعر العربى الحديث ، ص:51.
– خالدة سعيد ، حركية الإبداع ، ص :125.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعري رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص:167.
4- روز غريب ، تمهيد في النقد الأدبى الحديث ، ص:228.
– مصطفى ناصف ، الصورة الأدبية ، ص:157.
– الدكتور عاطف جودة نصر ، الرمز الشعرى عند الصوفية ، ص:23.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعرى رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص:167.
– الدكتور عاطف جودة نصر ، الرمز الشعرى عند الصوفية ، ص: 391.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:11.
– هةمان سةرضاوة، لا:6.
– ئارام سديق ، لة طةمةى زمانةوة بؤ طةمةى تةكنيك خويَندنةوةيةك بؤ كتيَبى (حةزدةكةم ئةوةند بذيم) ى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى هةلَمةت ، ذمارة (6) ، بة بىَ سالَى ضاث ، لا: 45.
سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا: 12.
– سةباح رِةتجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:12.
– حةكيم مةلا سالَح ، زمان و بيركردمةوةى شيعرى ، لا:8.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 12 – 23.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا:13.
– ئةحمةدى مةلا ، باجى جيا نووسين ، ئةزموونى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى 23 ، ذمارة (8) هاوينى (2012) ، لا : 7.
– ئارام سديق ، لة طةمةى زمانةوة بؤ كتيَبى (حةزدةكةم ئةوةندة بذيم) ى سةباح رِةنجدةر ، طؤظارى هةلَمةت ، ذمارة (6) ، لا : 47.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 14.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 14.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 7-8 .
– هةمان سةرضاوة ، لا : 14- 15 .
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 15.
– عدنان حسين قاسم ، التصوير الشعرى ، رؤية نقدية لبلاغتنا العربية ، ص :192.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةندة بذيم ، لا : 16.
– سةباح رِةنجدةر ، حةزدةكةم ئةوةند بذيم ، لا :8 – 9 .
– نازك الملائكة ، قضايا الشعر المعاصر ، ص: 277.
– سةباح رِةنجدةر ، سةد و يةكشةوة ، لا : 6 .
– هةمان سةرضاوة ، لا : 6-7 .
– د. عادل طةرميانى ، تةكنيكى دووبارةكردنةوة لة هؤنراوةكانى سةباح رِةنجدةر (ليَكؤلَينةوةيةكى شيكار رِةخنةيية)، بةشى دووةم ، طؤظارى هةنار ، ذمارة (77) ، سالَى حةوتةم ، يؤنيؤى 2012، لا : 29.