بڕیار سەبارەت بە شەڕی غەززە.. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
ئیسرائیل سوودی لەو تاوانە وەرگرت کە حەماس و گروپە ئیسلامییەکان لە دژی خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل ئەنجامیان دا، ١٢٠٠ کەسیان کوشت و ٢٥٠ هاوڵاتی لە ئاهەنگێکی مۆسیقادا بەبارمتە گرت و ڕفاند و تاوانی دڕدناکی ئەنجامدا. هێرشی ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورەکانی لە یاساکانی جەنگدا بەزاند و لە ئاسمان و زەویەوە ناوچەیەکی بەرفراوانی دانیشتووانی بۆردومان کرد بە ملیۆنان هاوڵاتی لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە کرد، هەموو باڵەخانەو و نەخۆشخانەکانی وێران کرد، بێبەشیانی کرد لە ئاوی خواردنەوە و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان، تەنانەت خۆراکی ڕۆژانە و دەرمان. داسەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی لە هەموو لایەکەوە و تاوانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان ئەنجامدا و زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس کوژران کە نیوەیان منداڵن.
ئیسرائیل ئامانجی سەپاندنی کارەساتێکی ( نكبة ) نوێیە بەسەر خەڵکی فەلەستیندا، کە مەترسیدارترە لە کارەساتی پێشوو و دەیەوێت تەواوی خەڵکێک لە ماڵ و ناوچەکانی خۆیان دەربکات بۆ وڵاتانی دراوسێ. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێستا ئیسرائیل بەدەست گۆشەگیری جیهانی و ناڕەزایەتی بەربڵاوی دەرەکی و ناوخۆوە دەناڵێنێت تەنانەت لە ئاستی سەرکردایەتی جەنگیشدا دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەتی نەتانیاهۆ هەیە.
فاشیزمی ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی حەماس و دەوڵەتی فاشیستی جوولەکە بە سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ تاوانباری جەنگن. نە حەماس و بەرەنگاری ئیسلامی نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین دەکات، نە دەوڵەتی ئیسرائیل نوێنەرایەتی گەلی ئیسرائیل دەکات پێویستە سەرکردەکانی هەردوو لایەن لە دادگا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن.
ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بەدی نایەت بەبێ پێکهێنانی دوو دەوڵەتی یەکسان لە تەنیشت یەکترەوە، هەروەها بە بڕینی دەستی بزووتنەوە ڕاستڕەوە ئیسلامی و جوولەکەکان کە ناوچەکەیان کردووە بە ناوچەی شەڕ، برسێتی ، هەژاری، و شەڕی تائیفی و ئایینی. لابردنی فاشیزمی ئیسرائیل و فاشیزمی ئیسلامی و پێکهێنانی دوو دەوڵەتی یەکسان و عەلمانی گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات و کۆتایی بەو نادادپەروەرییانەی بەرامبەر خەڵکی فەلەستین دەهێنێت.
بۆ هەنگاونان بەرەو ئەم چارەسەرە، پێویستە دەستبەجێ شەڕەکە ڕابگیرێت و هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان و دەستگیرکراوەکانی فەلەستین ئازاد بکرێن و دەروازەکانیش بکرێتەوە بۆ بردنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و بریندارەکان چارەسەر بکرێن و گێڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان.
لە پەسەندکراوەکانی پلینۆمی ١٦ی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق
٢٣\٦\٢٠٢٤