Skip to Content

گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر ئیمان یادەوەر.. هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر ئیمان یادەوەر.. هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Literature

ئیمان یادەوەر: مەرج نییە هەمووكات ناونیشان وەك ناوەوەی دەق بێت
ئیمان یادەوەر: هەندێكجار ناونیشانی شیعر شیعرێكی تەواوە بۆخۆی


ئیمان یادەوەر: بەخت، ئەستێرەیەكە سرووشت دەینێرێت و خۆت ئاسمانی بۆ دروست دەكەیت
خاتوونی شاعیر ئیمان فواد فەخرەدین ناسراو بە ( ئیمان یادەوەر ) دەنگێكی دیاری نێو شیعری كوردییە
لە دایك بووی شاری كەركووكە،لە ئێستادا نیشتەجێی شاری هەولێر بەهۆی شیعرە ناسكە كانییەوە تائێستا بەشداری چەندین فیستیڤاڵی شیعر و ئەدەب كردووە براوەی چەندین خەڵاتی شیعری بووە لەوانە:
براوەی خەڵاتی دووەمی فیستیڤاڵی شەن بۆ شیعر 2022 ،براوەی خەڵاتی یەكەمی هاوبەشی، فیستیڤاڵی مەلای جەباری 2023 ، براوەی خەڵاتی دووەمی دەزگای ڕوانگە 2023 هەروەها خاوەن نۆ بڕوانامەی ڕێزلێنانە ئێمە بۆ زیاتر ئاشانا بوون بە دونیای شیعری خاتوو ئیمان یادەوەر ،لەنزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.

*سەرەتا بابزانین چۆن جیهانی شیعرت ناسی؟

  • ناسینی من بۆ شیعر و ئەدەب لەڕێگەی خوێندنەوەوە بوو، كاتێك دەستم بەخوێندنەوە كرد هەموو جۆرێكم دەخوێندەوە دواتر تەماشم كرد ئەوەی لەگەڵ دونیا و ڕۆحی مندا دێتەوە شیعرە بۆیە شیعر هۆگرییەكی سەیری بۆ دروستكردم. باوەڕناكەم هیچ كەسێك هەبێت دیوانی شاعیرانی كورد بخوێنێتەوە و هەستی نووسین و خۆشەویستی زمان و نەتەوەكەی تێدا نەچێنێت .
  • نازناوی (ئیمان یادەوەر) هیچ چیرۆكێكی لەپشتە؟
  • چیرۆكی ناسناوەكەم بۆ شیعر جێهێشتووە، وە ناوێكە دەتوانم بڵێم وەكوو شیعرێكی تەواو لەگەڵ بوونی مندا گونجاوە و بۆیە خۆشم ویستووەو .

    *چۆن شیعر پێناسە دەكەیت ؟
  • ڕەنگە سەخت بێت بۆ نووسیارێك ،كە لەسەرەتای دونیای گەورەی نوسین دایەپێناسەیەكی تەواوی بۆ شیعر هەبێت، بەڵام ئەوەی پێیگەشتووم شیعر لای من ماناكردنەوەی هەموو ئەو شتانەیە كەوەختە لە بێمانایدا ون ببن. شیعر دۆزینەوەی ئەو جوانییانەیە كە ڕۆژگار ونیكردوون، لەم پرسیارەوە شیعرێكی مامۆستای گەورە (شێركۆ بێكەس)م بیركەوتەوە دەڵێت:
    ئاوی شیعر
    من هەندێ جار
    كە ئاو لە وشەم ئەبڕدرێ و
    ئەبمە كاغەزێكی قاقڕ
    كارێزكەنی خەیاڵم
    دائەھێڵمە ناو قووڵایی مێژوومەوە،
    خەم ھەڵكەنێ و
    خەم ھەڵكەنێ
    تا ئەگاتە ئاوی شیعر.
  • كاتێكی دیاركراوت هەیە بۆ شیعر نووسین؟
  • بۆ شاعیر پێویستە هەمووكاتێكی پڕ بێت لە خوێندنەوە و ڕوانینی قووڵ بۆ شیعر بۆیە ناگونجێت وەك كایەكانیتر كات بۆ شیعر تەرخان بكرێت كاتێك شیعر هەمووكاتێك ئامادەگی هەیە ناكرێت ئێمە نائاگابین، هەركات شیعر هەموو بوون و بیركردنەوەی داگیر كردیت ئەوكات هەركات بێت كاتی شیعرە.
  • چۆنە دەڕوانیتە ئاستی رەخنەی شیعری لە كوردستان؟
  • من بابەت و ڕەخنەكاری بەشێكی زۆری ڕەخنەگرانی كوردی لەسەر شیعر و ئەدەب بەگشتی دەخوێنمەوە هەرلە (بەختیار عەلی، عبدولخالق یعوقبی ،حەمەسعید ،حەسەن كاروان، كاكە سوور .. ناڵە حەسەن، ئارام صدیق ، پێشڕەو عەبدوڵڵا ، پەری عومەر ئەسعەد..)،زۆر نووسیار و ڕەخنەگرانی كورد بەگشتی ئەم دواییانە هەوڵی باش و جددی هەیە بۆ دۆزینەوەی شیعر و ئەدەبی باشی كوردی، بەشێوەیەك كەڕەخنەی كوردی ئێستا قۆناغی وەسف و ستایشی تێپەڕاندووە.
  • ئەو بابەتانە چین كە لە شیعرەكانت رەنگی داوەتەوە؟
  • شیعر زادەی بوونە، ئەو كەتوارەی منی تێدا دەژیم و ئەوپرسیارانەی لەناوەوەم دروستدەبن سیمای گشتی دەقە شیعرییەكانمن، ئەمە جگە لە زمان و خاك و نەتەوەم كە هەمیشە لەشیعرەكانم دا ئامادەییان هەیە.
  • مەرجە ناونیشانی شیعر گوزارشت لە ناوەرۆك بكات؟
  • وای نابینم هەندێكجار ناونیشانی شیعر شیعرێكی تەواوە بۆخۆی، من هەمووكات شیعر دەنوسم دوای تەواوبوون و پوختەكردنی ئەوكات بیر لەناونیشان دەكەمەوە، لام وایە سەرەتا دروستبوونی ناونیشان دەقەكە لەقاڵب دەدات كەناهێڵێت لەو هێڵە بترازێت كەناوی شیعرەكە دیاری كردووە. بۆیە مەرج نییە هەمووكات ناونیشان وەك ناوەوەی دەقەكە بێتەوە.
  • بەكورتی لەسەر ئەم وشانە دەڵێت چی؟
    دایك: پیرۆزترین فریشتە لەبەرگی مرۆڤدا
    دابڕان: دۆزینەوەی خۆت لەناو ئەوانەی، لەخۆیاندا ونیانكردین.
    خۆشەویستی: هەناسەی ڕۆحە
    ژیان : كێڵگەیەكە مرۆڤ خۆی تێدا دەچێنێت
    بەخت: ئەستێرەیەكە سرووشت دەینێرێت و خۆت ئاسمانی بۆ دروستدەكەیت.

  • هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

Previous
Next
Kurdish