Skip to Content

ئێران دوای سێ مانگ ڕاپەڕینی جەماوەری!.. نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران دوای سێ مانگ ڕاپەڕینی جەماوەری!.. نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 12, 2022 General


خەڵکی ئێران بە ڕاپەڕینی سەرکەوتووانەی ئەم دواییەیان دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری، هەنگاوێکی گرینگیان بەرەو پێشەوە ناوە و خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییان تۆمار کرد.
عەلی خامنەیی ڕۆژی شەممە ٥ی سەرماوەز هاتە مەیدان، تا بۆ سەرکوتکردنی راپەڕین، هێزە تازە پێگەیشتووەکانی خۆی هان بدات. چونکە لە “کۆنە بەسیج”ییەکان خەمساردە و، ئەوان هیچیان لەدەست نەهاتووە بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵات و بەرانبەر بە شەپۆلی راپەڕین دۆڕاون! هەربۆیە لە وتارەکەیدا، هێزەکانی خۆی بە “ستەملێکراو” و، راپەڕینکارانی بە “ئاژاوەگێڕ” و “بەکرێگیراو” وەسف کرد، تا ڕاپەڕینەکە بە “بێ بایەخ” نیشان بدات. خامنەیی هەروەها بە نوێنەرایەتیی (خومەینی)، “دەست و پەنجەی هێزەکانی خۆی (هەڵبەت بە شێوەی زارەکی) ماچ کرد و داوای لێکردن “دڵسارد” و “خەمبار” و “نائومێد” نەبن!
وتارەکەی خامنەیی کە بەر لە هەر شتێک، “بێ دەرەتان”ی دەسەڵاتی نیشان دا له ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاپەڕینی جەماوەرییەکاندا، له لایەک دڕندایەتیی دەسەڵات و له لایەکیتریش، ڕەوایەتی راپەڕینی دەرخست کە تا چەند جێگە و پێگەی بە دەسەلات لەق کردووە!
لە ڕوانگەیەکی واقیعی و تا ڕادەیەک قووڵتر لە پێشوو، وتارەکەی خامنەیی باسی لە هەڵوەرینی هێزەکانی دەسەڵات لە “جەستە”دا و ئەگەری دابەشبوون لە “لوتکە”ی سیستەمدا نیشان دا، کە (عەلی خامنەیی)یش وەک حەمەڕەزاشای پەهلەوی، لە دواقۆناغی دەسەڵاتیدا تۆقاوە. بە تایبەتی ترسی نەگەڕانەوەی دۆخەکە بۆ ڕابردوو و دەرکەوتنی ئاسەواری ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی ئایینی کە دەربازبوونی بۆ نیە!
باری بێهێزبوونی دەسەڵات!
بێ هۆ نییە کە خامنەیی لە هەوڵ دایە دەسەڵاتی خۆی “بەهێز” نیشان بدات. وەک چۆن بینیمان، (شیاع سودانی)، سەرۆک وەزیرانی بووکەڵەی عێراقی، (کە بەکرێگیراوێکی زەق و دیاری دەسەڵاتی مەلاکانی ئێرانە) بانگهێشتی تاران کرد بۆ ئەوەی بە کۆبوونەوە لەگەڵیدا بێدەسەڵاتی و لەرزۆکبوونی حکومەتەکەی پێ پەردەپۆش بکات.
شیاع سودانی لە ٨ی سەرماوەزدا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی و عەلی خامنەیی کۆبووەوە و بەوانی راگەیاندووە کە ڕێگە نادەن خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکار بهێنرێت! وەک ئەوەی کە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، لەو “ئاڕاستەیە”ەوە هاتبێتە ناو ئێرانەوە! خامنەیی لەبیری چووەتەوە کە پێش خۆی، واتە خومەینی، گوتبووی “دوژمنمان هەر لێرەیە. لە بن گوێمان. لە تاران!
خومەینی لە ٤ی پووشپەڕی ١٣٥٩ (1980) لە وتارێکی گشتیدا روو لە پاسداران وتبووی: “دوژمنمان نە لە ڕۆژهەڵاتە، نە لە ڕۆژئاوا و نە لە کوردستان، دوژمنمان هەر لێرەدایە، لە بناگوێمان، لە تاراندا” دوای مردنی خومەینی، پاشماوەکانی، دانیان بەوەدا ناو کە سەر تا پێی دەسەڵات تۆقابوون لە دوژمنی سەرەکی و هێزی رووخێنەر و دەیانگوت: “ئێستا موجاهیدین وڵات تووشی ئاژاوە دەکەن و خەڵک دەهێننە سەر شەقامەکان” (ئاخوند جەننەتی، سەرۆکی دەزگای شارەزایان 14 خەرمانانی 1399).
ئێستا کە خامنەیی و ڕژێمەکە، حکومەتە بوکەڵەکەیان لە عێراق راسپاردووە بۆ داماڵینی چەک لە لایەنە کوردییەکانی ئێران و کۆکردنەوەیان لە ئۆردوگاکانی ئاوارەکاندا، هەنگاوێکی نزۆکانەیە بۆ بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە لەسەر ڕاپەڕینە جەماوەەرییەکان.
دەسەڵات بێ فریادڕەس!
رەوتی ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی بەشێوەیەک لە ئێران خێرا کراوە کە نە کەسانی وەک سەرۆک وەزیرانی بوکەڵە و، نە هەڕەشەی هێرشکردن و، نە فێڵ و تاکتیکەکانی ڕابردوو، ناتوانن ئازارە بێ چارەسەرییەکانی دەسەڵات چار بکەن. چوون سەردەم گۆڕاوە و ئەمجۆرە پەلەقاژەیە کاتی بەسەر چووە!
دۆخەکە بەجۆرێک گۆڕاوە و خێرا کراوە کە تەنانەت یارمەتیدەرانی رۆژئاواییش توانای پاراستنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهیان نییە. چونکە ئێستا باس، باسی جێگرەوەی رژێمی ئیران و بەدیلی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیە لە ئێران، نەک گرەوکردن لەسەر ئەسپی دۆڕاو، کە ڕۆژانی مانەوە لە دەسەڵاتی بەرەو کۆتایی دەچێت.
لەم ناوەدا ئەگەر خامنەیی “مرد”، پڕۆسەی ڕووخاندنی دەسەڵات، خێراتر دەکریت و ئەگەر پێش مردنیشی “شەقبوون” و لێکترازان ڕووبدات، دیسانیش خێرایی پێشهاتەکان زیاتر دەبێت.
وتە و قسە و گفتی نوێ!
ئێستا باسی سەر زارەکان، باسی ڕووخاندنی دەسەڵات نیە لە ئێران، باسی “خێراترکردن”ی ڕووخاندنیەتی. ئەم دەسەڵاتە لە لێواری رووخاندندایە و خەڵک و نوێنەری ڕاستەقینەی گەل، بە گەلێک ئەزموون و دەستکەوتەوە، خۆیان بۆ چوونە ناو “ئێرانی ئازادی دواڕۆژ” ئامادە دەکەن و شەپۆلی سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن و چاوسوورکردنەوە لە خەڵک و چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و لە سێدارەدانی قارەمانانی راپەڕینکاری وەک (مەجیدرەزا رەهنەوەرد) و (موحسین شکاری)ی ناتوانێت بەر بە سەرکەوتنی راپەڕێنی جەماوەر بگرێت.
چەند ئەرکێکی بەردەم!
پێویستە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێی ئێران سەرنجی لەسەر بدەن، خۆئامادەکردنە بۆ سەردەمێکی نوێی تایبەت بە ئێران. ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وا دەخوازێت ئەمریکا و ئەورووپا (چەخماخەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە) لێ بدەن و هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژ بە دەسەڵاتی ئێران چالاک بکەن و سزاکان بخەنەوە سەر حکومەتی ئێران و دان بە مافە رەواکانی خەڵكی ئێراندا بنێن و گوێ بۆ داخوازیی سەرەکیی خەڵکی ئێران، واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و هاتنە سەرکاری (بەدیلی دێموکراتیک)ی شل بکەن.
هەروەها پێویستە دەوڵەتانی جیهان لە (بێ کردە)یی لە شەرەمەزارکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران لا بدەن و (بە کردار)، رێگەی هەناسەدانی دەسەڵاتی ئێران و باڵوێزخانە و نووسینگەکانی حکومەتی ئێران لە وڵاتان دابخەن و هات و چۆی کاربەدەستانی ئەم حکومەتە قەدەغە و چڵکاوخۆران و کرێگرتەکانی حکومەتی ئێران لە وڵاتان دەربکەن. نابێ ئەوە لە بیر بکرێت کە تەنیا رێگەی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکە و بگرە جیهانیش، هەڵوێستی زبر و بڕەڕە بەرانبەر بە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران.
دوا وتە!
ئێستا “جەنگاوەرانی شۆڕش و راپەڕین” لە ناو ئێران بە “زمانی زبر و ئاگرین” دەسەڵاتی خامنەیی و هێزەکانی دەسەڵاتیان لە هەموو ئێراندا ماندوو کردووە و دەهۆڵی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆر دەژەنن. بێ بنەمابوونی ئەو دەنگۆیانە کە دەسەڵاتی ئێران بێ (بەدیل)ە و گەر دەسەڵاتی مەلاکان نەمێنێت، ئەوە ئێران (دابەش) دەبێت و ئێران دەبێتە (سووریا)یەکیتر و … هتد، بۆ هەموو لایەک دەرکەوتووە. ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران بە تەواوی بەردەستە و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتی لە هەموو کاتێکێتر نزیکتر بۆتەوە. ئەو خەڵکەی بڕیاری داوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، مافی خۆیەتی ببێتە خاوەن دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی. کێشەکان، پەنجەی(چارە)یان خستۆتە سەر نەمانی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و دواکەوتووی ئێران.


کۆتایی

نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next