Skip to Content

ئێوارانە ٤.. سەردار جاف

ئێوارانە ٤.. سەردار جاف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 12, 2022 General, Poems



ئێوارەیە و پەنجە تەزیوەکانم ، لە بن عیشقی بێ مەیلی دەڕچێن……
لەو دیو دەرگای خەراباتەوە …..
لە تەک کاوڵاشی ئەوینێکی پڕ برینەوە….
پێڵوەکان بە تامەزرۆی ژوانەوە سەر دەنێنەوە ..
ناخەکان لە پەرۆشییەوە گیرۆدەی عەبا و مانتۆی رابردوون ..
لە ژێر پرچە خورماییەکانییەوە، دییەی بە ئەشکەوە ماڵئاوایی ماچ دەکا …
ئەم ئێوارە پەژارەدارە یار
لە پەژارەیی گوڵێوە، گوڵەوەچنێی خەممە
لە پەژارەیی دڵییەوە، چۆڕاوگەی خوێنمە
لە پەژارەیی ھەستییەوە، پەژموردەی دونیایەکی سەرەو لێژمە
لە پەژارەیی سیماوە، ئەندێشەکان دەفڕنەوە بۆ ھەڵوەرینی گەڵا و سەمای نیگا شەھلاوییە پڕ خەمەکان
لە پەژارەیی دیدارەوە، دەرگاکان کڵۆم و داخراو
دەڕوانمە ئەو دیو دەرگا و یار لە بن عابایەکی ڕەش ئاڵاوە …
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و لە نێو خوناوەی خومدا نغرۆمە
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و نا ئاگا لە ھەستی پڕ لە ھەڵپەڕکێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و شیوەن بۆ ساتە،وەختە کورتەکان دەقوڵپێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و بە یادی ئامبازی ئاوێزانەوە دەدوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و نیگاکانی ڕێگا وشکەڵانەکانی پاش بارانی خۆر دەپێوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم داڕوانێ و بۆ چرکەیەک ڕووەو ژوانی تەخت دەڕوا و واق وڕما و نانوێ
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و پەنجەی شایەتمانی نەفرەت دەکا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و حەزێکی کەفوکوڵ دنەی دەدا و بە عیبرەتی دەکا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و تاریکی شەو دادێت و بە یادی کۆن ڕێ دەرنابا
لەو دیو دەرگاوە لێم دەڕوانێ و بە ھەنسکی میلۆدییەوە پرچی بە شنەی سەراب دا ئەدا
ئاااای لەو غوربەتەی من لە کەنگێوە بووە نامۆیی ڕۆح
بووە بەفری سپی ناخ و چۆڕاوگەی خوێنی ئاخ
ئەو ساتە دیدارانەمان کەم کەمن و تۆخن
ئیدی ھەمیشە لە،داڵانی بەختەوە دەگەڕێمە ئامێزی نیشتیمان و جێ دێڵم غوربەتی
ئەرێ بیرت چوو شیرینترین کەس و گشت کەسمی ئەی یار

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress