
شتێک وەک دەروونزانیی.. نەوزاد بەندی
ژیان ، تەنها گەڕانەکەی خۆشە ..گەڕان بۆ کەسەکان ، بۆ شوێنەکان ، بۆ شتەکان ..گەڕان بۆ هاوڕێیەکی باش ، بۆ هاوسەرێک ، بۆ خێزان و مناڵ و ..گەڕان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و ئەمەریکا و ..گەڕان بۆ خانوو ، ئوتومبیل و هەموو شتەکانی تر ..
لە کاتی دۆزینەوەی ئەو کەس و شوێن و شتانەدا ، ئیتر سیحری جوانی و خەون و خەیاڵەکانت کۆتاییان دێت ..ئیتر فوتۆکۆپی ڕۆژەکانت لەگەڵ ئەو هاوڕێ و شوێن و شتانەدا دەست پێ دەکەیت و ..ڕۆتین و دووبارەکردنەوە دەست ئەخەنە بەربینگتەوە ..
هەربۆیە ووتراوە ڕێوییەکی گەڕاو لە شێرێکی نەگەڕاو باشترە ..
بەشێک لە هۆکاری پێشکەوتنی ئەوروپیەکان لەوەدایە ، کە هەمیشە ئەگەڕێن و شتێک نیە کۆنکرێتیان بکات ، و بە هیچ شتێ ڕازی نین و ..بۆ شتێکی باشتر ..بۆ کەسێکی باشتر ئەگەڕێن ..بە ئومێدی ئەوەی سیحری گەڕان و خەوبینینەکانیان بەتاڵ نەبێتەوە ..
هەر بۆیە ئەلێکساندەر پۆشکین ئەڵێ : بەختەوەر بوو ئەو شاعیرەی مرد و یەک شیعری نەخستە سەرکاغەز ..
گۆران ئەڵێ : لێکدانەوەی دەروون قسەی زمانم
بۆچی وەها دوورن لە یەک ..؟ نازانم ..
هەوڵ بدە گەڕانەکانت بەردەوام بن و دەستکەوتەکانت کەم .. هەوڵ بدە هیچ شتێ لەسەر خۆت نەکەیت بە ماڵ ..و بەردەوام خەون بە ماڵێکی تایبەت و فراوان و ناوازەوە ببینیت،کە بەدیهاتنی قورس بێ ، بۆ ئەوەی گەڕانەکانت بەردەوام بن و ..خەون و هیواکانت بەردەوام بن .. ئازادی بە دیوێکی تریدا واتا بەردەوامبوونی گەڕانەکان ….بەهەشت ئەو ماڵە گەورەیەیە کە جوانییەکەی لەوەدایە بە درێژایی ژیانت خەونی پێوە ئەبینیت و بۆی ئەگەڕێیت و کاری بۆ ئەکەیت و نوێژ و ڕۆژووی بۆ جێبەجێ ئەکەی ، ئەمریت و هێشتا نایبینیت ..