Skip to Content

شیعر/ فەهرەستی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

شیعر/ فەهرەستی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by تشرینی دووه‌م 21, 2021 General, Poems

– پێشکێشەبەهەموو ژنێکی چەوساوەی نیشتمانەکەم..

هاتووم
بە پیاسەیەکی پڕلە بەرائەتی کچانەم
بەناو کوچەتاریکەکانی کۆماری نێرسالاریدا گوزەر بکەم

دەستێکم پڕە لەسەبەتەی سێوی عەیبەو
دەستەکەی ترم
جەنتایەک یاخی بوون

سەراپام یەکسانی جێندەرو
پڕ بەباڵام ڕەهابوونم هەڵگرتووە

هاتووم مەمکەکانم
بکەم بە تابلۆی فیمێنستی
و
پەنجەکانم پۆرترێتی ئازادی

لێرەبوو
بەبیانووی لادان
لەسنوری نەریت
دەفتەری کچێنی کچێکیان دڕاند

لێرەبوو
بە پاساوی شکاندنی تابوو
دەنگی کچێکیتریان
خنکاند

لێرەبوو
ژن بوون حەرام کرا

لێرەبوو
کچ بوون وردو خاشکرا

هەر لێرەبوو
کچێکیان لەناو ئاپۆڕادا
لەخوێن گــەوزاند

کچێکی تریشیان بەبێ دەنگی
فـڕاند

هێشتا لە ئەزەلدابووم
کاتێک ژن بوونم سفرکراو
لەناو دڵۆپێک شەڕەف و گۆزەیەک نەفرەت
تەعمیدکرام

هێشتا لەمنداڵدانی قەدەر دابووم
بە قەترەیەک خەجاڵەتی
تەهارەتی بێدەنگیان پێگرتم

دنیای ژنبوونمیان لەناو دەنگی پیاو ناشت
و
بە تۆپەڵێک تاریکی تەڵقینیان دام

هێشتا لەژێر عەرشی خوداوەند دابووم
ڕەوتێکی فێندەمێنتالیست و ڕەوێک خەنجەر
پەڵاماریاندام

خەونە ئەرخەوانەکانمیان
لەناو دەیجوردا بێ سەروشوێنکرد
و
شادەماری ئینشای ژن بوونمیان
بڕاند

هێشتا
لەپەراسووی ئادەم دروست نەکرابووم
نازناوی خوارییان پێدام

ئارشیفی حەزەکانیان دزیم
و
بەکەم ئاوەزو پەتی ئەهریمەن
مەحکوم کرام

هێشتا لەسێوەکەی بەهەشتم نەخواردبوو
بە نیو هێندەی نێرینەیەک ئەژمارکرام

دۆسیەی ژنبوونیان پڕکردم لەهیـــــــچ و
بۆ کەنارەکانی سەراب فڕێدرام

هێشتا پێم نەخستبوویە
سەر زەمینی مەملەکەتی ژن کوژان
خرامە نێو ڕیوایەتی ئاشوب
و
لەگەڵ تاوان هاوتاکرام

هێشتا درەختی ژن
هێشووی وشەی نەگرتبوو
و
هەنگاوەکانی ژنبوون پێ نەگەیبوون

هێشتا ژن لە عەدەم بوو
فەهرەستی ژنبوونیان
بە لەکی عار چنی
هەرچی گەڵای خەندەی ژنبوو
هەموویان لەژێر قاقای پێڵاوەکانی
پیاودا پلیشاندو
ئینجانەی پێکەنینی ژنیان
پڕکرد لە گریان

هێشتا سەمای ژیانم دانەبەستابوو
وەرزی پایزیان بۆ مەوسمی تەمەنم دووری
و
فرسەخێک یەئسیان
لەدەروازەی ئێوارەی ژنبوونم ڕوواند

نەزیفییان موتوربەی هەناسەکانم کرد
و
وەرزی ژنبوونیان هەڵوەراند.

Previous
Next
Kurdish