Skip to Content

ئەو شەمەندەفەرەی هەرگیز ناگاتە جێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ئەو شەمەندەفەرەی هەرگیز ناگاتە جێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ئازار 14, 2021 General, Poems


ڕۆژە بابردوەکان،،
خەمەکانی پێچایەوە،،
تا بیباتە ویستگەیەک،
چۆڵ و وێرانە..
شوێنێک لە تابلۆی چاوەڕوانی،،
هەرگیز نە خەیاڵێک..
خەونێک،،
هیوایەک،،
ئەو جێی ناهێڵی..
بەڵکو ساتەوەختێ..
شەمەندەفەرێ،،
درەنگانێ،،
تا دوا مەنزڵگەی..
عیشقی بەرێ،،
مەلە وەرزیەکانیش..
لە دوا شەقەی باڵێ،،
دێڕە شیعرێکی کۆچیان
کێشا لە ئاسمانێ،،
هەڵواسراو ،،
بە تابلۆی ئازارێ،،
نە فرمێسکی پێڵوی هەورێ،،
نە پاشماوەی جێماوی ..
کازیوەیەکی درەنگانێ،،
نە گەڵا وەریوەکانی …
پەلو باڵی دارستانی پایزێ،،
ئەندێشەی گەڕانەوەی..
کۆچەرێ دێنێ،،،،
چرپەیەک ،،
وەک زەنگێکی دووری کەنارێ،
بە گوێیدا ئەزرنگێنێ،،
شەمەندەفەرەکان،،
هەر گیزا و هەرگیز،،
ناگەنە جێ…
تۆش لە ژوری خۆتا،،
وەک پاڵەوانی ئەفسانەی …
عیشقی ناکام،،
با خەوێکی دوور،
چاوەکانت لێکنێ،،
تێبڕوانە،
ژیان هێڵە ئاسنینێکی چؤڵە،،
تەماوی و دوور،،
دڵەکانیش شیعری پەرشو پڵاون..
بایەکی بێهودە،،
دەیانباو دەیانهێنێ،،
مرۆڤەکانیش..
فارگۆنی چۆڵن..
بێ سەرەتاو کۆتا ،
گێژەنەی کات،،
بەرەو تونێلی نادیار،،
ئەیانهێنێ،،
لەم چۆڵەوانی ژینە، ئازیز،،
هیچ شەمەندەفەرێ،،
ناگاتە جێ،،
باشترە تۆ ، ڕێیەکی تر..
بگریتە بەر،
دارستانێکی تەنیا..
هەناو تەم و مژ،،
جەستەی تەزیوت..
لە ئامێز بگرێ،،
شەمەندەفەرەکانی زەمەنێکی ،،
بەسەرچوو،،
هەرگیزاو هەرگیز ..
ناگەنە ویستگەی…
هیچ ڕۆحێ…
با لەم تەنیاییە ئەبەدیە،ئازیز…
کزە بایەکی ئێوارە،،،
دڵت بلاوێنێ،،
جانتا سەوز و کڵاوە سپیەکەت ،،
هەڵگرە ،ئازیز،،
چونکە هیچ شەمەندەفەرێ،،
ناگاتە جێ،،
با هەنگاوە جێماوەکانت،،
بەرەو ژورە تاریک وتەزیوەکەت ،،
پێهەڵگرێ،،
چونکە نە ئەمشەو،،
نە سبەی شەو،،
نە شەوانی دواتر،،
هیچ شەمەندەفەرێ،،
ناگاتە جێ،،
دڵنیابە ئازیز،،
نە شنەبایەکی دڵشکاوی پایز،.،
نە هەورە چاو تەڕەکانی..
کازیوەیەکی ئەرخەوانی درەنگانە،،
هەواڵی کۆچەڕێکت ..
بۆ ناهێنێ،،
دوا نامەی ماڵئاواییش بدڕێنە، ئازیز..
زۆر دڵنیابە،
نە سبەینێ،،
نە وەرزێکی سەرابی تر..
نە ساڵانی تەنیایی تر،،
هیچ شەمەندەفەرێ،،
ناگاتە جێ
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری نەمساوی
( Martin Winkler)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish