Skip to Content

دوکانەکەی تاڵب خەیات.. ستیڤان شەمزینی

دوکانەکەی تاڵب خەیات.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 22, 2024 General, Opinion

نوستالیژیا
بەشی دووەم

دوکانەکەی تاڵب خەیات

من بە درێژایی نەوەدەکان، کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بووم. لە حزبدا ھەر کارێک پێم درابێت، بێ سێ و دوو، بە ئەنجامم گەیاندووە. ھەرچەندە دەروێش نەبووم و بەردەوام رەخنە و بۆچوونی جیاوازم ھەبووە، تەنانەت بە بۆڵە بۆڵکار ناوزەد دەکرام، بەڵام لەو بڕوایەدام زۆربەی ھاوڕێیان گەواھیی ئەوەم بۆ دەدەن، زۆر دڵسۆزانە، ئەوەی لە توانامدا بووبێت درێغیم لە بردنە پێشەوەی ئەرکە حزبییەکاندا نەدەکرد. بەم بۆنەوە توانیبووم پێگەیەک بۆ خۆم دروست بکەم. لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ژێر فشاری ئێران، زنجیرەیەک گووشاری بۆ سەر حزبی کۆمۆنیست دروستکرد. یەکێک لەوانە ھەوڵدان بوو بۆ دادگاییکردنی حزبی کۆمۆنیست، بە چەند پاساوێکی سەیر، لەوانە: داوای سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کوردستان. ھەر لەو سەوبەندەدا بزووتنەوەی ریفراندۆم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چالاکیی زۆری ئەنجامدابوو، دەتوانم بڵێم بە پلەی یەکەم، “ئاسۆ کەمال” ببووە سیمای بزووتنەوەکە.
حزبی کۆمۆنیست توانی لە رێگەی ھاوپشتیوانی رێکخراوە چەپەکان و سەرنجڕاکێشانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان، دژە گووشارێک بۆ سەر یەکێتی دروست بکات. ئەمەش تاراددەیەک پاشەکشەی بە ویستی یەکێتی کرد بۆ دادگاییکردنی حزب و سەرەنجام ھەڵوەشاندنەوەی. لە کۆتایی مانگی حوزەیران گووشارەکانی یەکێتی فۆرمێکی تری بە خۆوە گرت، ئەویش لە ژێر بیانووی بردنە دەرەوەی بارەگای حزبەکاندا، گووشار خرایە سەر حزبی کۆمۆنیست، تەنانەت ئاو و کارەبای بارەگاکان بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا بڕدران. حزب زنجیرەیەک کاردانەوەی ھەبوو، چەند خۆپیشاندان و پرۆتێستێکمان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام یەکێتی بە تەقەکردن و لێدان و توندوتیژیی وەڵامی خۆپیشاندانی ھێمنانەی ئێمەی دایەوە. من خۆم یەکێک بووم لە خۆپیشاندەران و شایەتم لەسەر کۆی رووداوەکان. لە چەند رۆژی یەکەمی مانگی تەمووزی ٢٠٠٠ بە روونی ئەوە دەبینرا، یەکێتی نیازێکی خراپی ھەیە و رەنگە پەلاماری بارەگاکان بدات بە ھێزی سەربازیی، ئەم بۆچوونە راست دەرچوو، چونکە رۆژی چواردەی تەمووز ھێزەکانی یەکێتی پەلاماری ئۆتۆمبیلێکی حزبی کۆمۆنیستیان دا و پێنج کادری تێکۆشەر لەو پەلامارەدا گیانیان بەختکرد. پاشان بە ھێزی ئاسایش و میلیشیاکانی تری یەکێتی گەمارۆی کۆی بارەگاکان درا، کە لەو کاتەدا لە ناو بینای رادیۆی حزب بووم لە گردەکەی نێوان گەڕەکی بەختیاری و زەرگەتە “سلێمانی”.
بەم شێوەیە و بە زەبری ھێز یەکێتی بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگریی منداڵان و یەکێتی خوێندکار و لاوانی ئازادی لە شاری سلێمانی دەستبەسەردا گرت. ئیدی ئەو ماوەیە زیندانەکانی ئاسایش و بنکەکانی پۆلیس لە ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جمەیان دەھات. ئێمەش کەوتینە خۆشاردنەوە. من لە شەوی ١٨ی تەمووز لە خواردنگەیەکی سەھۆڵەکە لەلایەن ئاسایشی رزگاری دەستگیرکرام بە فەرمانی ملازم “بەرزان”. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ھەر بەردەوام بووین لەسەر کار و چالاکیی خۆمان بەشێوەی نھێنی. لە سەرەتای مانگی ئاب، شەوێک بە بۆیاخ سەر دیواری شوێنە گشتییەکانی شارمان نووسی، زۆربەشیان دروشم بوون لە دژی تیرۆرکردنی ئەو پێنج کادرە و قەدەغەکردنی حزبی کۆمۆنیست. جگە لەمەش بەردەوام بە نھێنی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکانی حزبمان بڵاودەکردەوە بە تایبەت لەناو ئەو کەسانەی جێگەی متمانە بوون. لەو سەروەختەدا، دوکانەکەی ھاوڕێ “تاڵب” کە دوکانێکی بچووکی بەرگدروو بوو، لە پشتی بازاڕی گەورەی سلێمانی لەسەر شەقامی کاکە ئەحمەدی شێخ، ببووە مەکۆی سەرەکی بینینی ھاوڕێیان و ھەروەھا زۆربەی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکان لە دوکانەکەی ئەودا دەشاردرانەوە و لە بەرەوە لێیان دەبرا و دابەش دەکران.
ھاوڕێ تاڵب، مرۆڤێکی روح سووکە، لە رووی تەمەنەوە، لەم گرووپە گەنجەی وەک ئێمە بەتەمەنتر بوو، زۆر رێزی ھەبوو لە قەیسەرییەکەدا، زۆرێک دوکاندارەکانی گوزەرەکە بەوەیان زانیبوو دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب، بووەتە مەکۆی یەکتر بینین و گەنجینەی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حزب، تەنانەت بڵاوکراوەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانیش، لە چەشنی “ئەنتەرناسیۆنال” لە دوکانەکەی ئەو دەستدەکەوتن، بەڵام ئەو دوکاندارانە ھێندە رێز و خۆشەویستیان بۆ تاڵب خەیات ھەبوو، نەک بێدەنگ ببوون، بەڵکو زۆربەی جار دەبوونە ھاوکارمان و ھەواڵیان دەداینێ لەسەر بوونی ئاسایش یان پۆلیس لە نزیک گوزەرەکە. من لەو بارودۆخەدا، ھەمیشە پێیەکم لە ماڵەوە و پێیەکی ترم لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو. رۆژانە دەچوومە ئەوێ، ھەر بڵاوکراوەیەکی تازە ھەبوایە وەرمدەگرت، ھەروەھا دەیان نوسخەی ترم بۆ دۆست و ھاوڕێکانم وەردەگرت، کە دەیانویست ئاگایان لە سیاسەتی ئێمە بێت، چونکە ئاسایشی یەکێتی، رۆژنامەی بۆپێشەوە، دواتریش ئۆکتۆبەری لە ریزی تریاک و حەشیشە دانابوو، بەدەستی ھەر کەسەوە بگیرابایە، بێ سێ و دوو، بەرەو فەلاقاخانەکەی ئاسایش دەبرا. بۆیە کەم کەس ھەبوو ئازایەتی ئەوەی ھەبێت تەنانەت بە نھێنیش بڵاوکراوە و بەیاننامەکانمان وەربگرێت، مەگەر ئەو کەسانەی زۆر لێمانەوە نزیک بوون.
ئێستا بیرم دێتەوە، ھەمیشە ٥-٦ کەس لە ھاوڕێیان لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب ئامادەبوون، زۆرجار قسە و دیالۆگ ئەوەندە درێژەی دەکێشا، رۆژ ئاوا دەبوو. بەھۆی ئەو قەرەباڵغییەشەوە ھیچ کەس بە تایبەت ئافرەتان روویان نەدەکردە دوکانەکەی. بەکورتییەکەی لە کار و کاسبیمان کردبوو. ھەندێک جاریش تووڕە دەبووین و دەنگمان بەرز دەکردەوە و قسەمان بە دەسەڵات دەوت، کاک تاڵب بە لەسەرخۆییەکەوە دەیووت، ھاوڕێیانی ئازیز کەمێک دەنگتان نزم بکەنەوە، ھەر ئەم کونەمان ھەیە، با ئەویش لە دەست نەدەیت. قسەکەشی راستبوو، چونکە دوکانەکەی ئەو ببووە بارەگایەکی نافەرمی حزبی کۆمۆنیست لە چەقی بازاڕدا. بەدرێژایی ساڵی ٢٠٠٠ ئەوە حاڵی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو، من دوای ئەوە سەفەرم کرد، ئاگام لەو رەوشە نەما، بەڵام دەمزانی دواتریش رەوشی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بە بەراوورد بە ئەوکاتەی لە ناوەوەی وڵات بووم، عەینەن تاس و حەمام بوو. پێموایە ئەوە ماوەی دوو ساڵێک زیاتر درێژەی کێشا. پاشان من لە ٢٠٠٤ بە تەواوەتی وازم لە حزبی کۆمۆنیست ھێنا، ئیدی ئاگام لە چالاکی حزب و دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبیش نەما، بەڵام دوای دوو ساڵ لە وازھێنانم لە حزب “٢٠٠٦” کاتێک ویستم گوزەرێک بەناو ئەو قەیسەرییەدا بکەم کە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبی تێدابوو، زۆر شت گۆڕابوو، ھەم قەیسەرییەکە گۆڕابوو، ھەم دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب نەمابوو، تەنانەت لەم ماوەیە جارێکی دیکە رێگەم کەوتەوە ئەو قەیسەرییە تەنانەت نەمتوانی دوکانەکەشی بدۆزمەوە، ئاخر ھەموو شتێک لە گۆڕاندایە.
ئێستاش بیر لەو قۆناغە دەکەمەوە، کە ١٢ ساڵێک پێش ھەنووکەیە، ھەستێکی سەیرم لا دروست دەبێت، جگە لەوەش درک بە ماندووبوونی خۆم دەکەم،. ھەم بێزارییەکی گەورە سەرتاپا دامدەپۆشێت کە ھەمیشە مەحکوم بووم بە یارییەکی سیزیفی و ھێشتاش لەو بڕوایەدام ھیچم نەبووە بە ھیچ. ھەم بیر لە مرۆڤێکی وەک ھاوڕێ تاڵب دەکەمەوە، ھەوایەکی فێنک بە دڵمدا گووزەر دەکات. ئەگەرچی ئەو زەمەنە بۆ ئێمە زۆر تاڵ بوو، کەچی وەختێک دێتەوە ناو یادەوەرییم، ھەست بە شادییەکی سەرسوڕھێنەر دەکەم.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا لی بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٠-٥٤٣ بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish