
کورتە چیرۆك: جاسووس.. نووسینی: کۆڕش وەحید
لەدەرگاوە نەچوبوومە ژوور، بسکەی سمبێڵی دەهات، دەیویست یەکێك لە ئازایەتی و سەروەرییەکانی خۆیم نیشان بدات، لەڕێوە پرسی: باوەڕ دەکەیت مام وەسمان لە دوکانەکەیدا ماچی کیژی قەد زراڤی ئەلمۆدە بکات و دەستلەملانی بێت و پێکەوە بتریقێنەوە؟
وتم: جامن چ کارم بە عالەم داوە؟
وتی: ئاخر من کارم پێیانەوە داوە، خۆ ئیش و کار قاتیی بووەو بازاڕ وەکو جاران نییە، مەجبوور خۆم بەم و بەوەوە مەشغوڵ بکەم. خەمت نەبێت کامێرەم بۆ هەموویان داناوە، لەوان وایە بۆ دوکانەکەی خۆمم داناوە. هەر ئەوە نا، لەسەربانی ماڵەوەش وەکو ڕادار بە چواردەوردا دامناوە، هەر بێتاقەت بووم بۆ خۆم لەو تۆمارانە ورد دەبمەوە. هەر من نا، ئەوە بووەتە مۆد، دراوسێکانی تریش زۆربەیان دایان ناوە. یاخوا شتێك نەبێتە مۆد.. هەمووی چاوی لێدەکات.
ماڵ ئاوەدان، لەماڵەوە لە ژووری نووستن کونی دیوار نەماوە نەیگرم، ئەو بەچە فێڵبازەم کامێرای لێ دادەنێت، نازانم ئەو کامێرە عەنتیکانەی چۆن دەدەنێ؟ هێندەی سەرەپەنجەیەکن، بەکۆنترۆڵ ئیش دەکەن. خۆ ئەوەش ئیشی دایەرە نییە دەیکات، بەس بووەتە خووی، تازە بۆی تەرك ناکرێت. مانگی ملیۆنێکی هەیەو شەشی ئامادەییشی تەواو نەکردووە، هەر ڕۆژەوە لەگەڵ هاوپیشە هەرزەکارەکانیدا بە مۆدێلێکی نوێی سەیارەی جام ڕەش لە بەردەرگا دادەبەزێت. هەر کە قسەش دەکەم دەڵێت: منیش موچەی خۆمم هەیە، درێژەی پێ مەدە، زەرەر دەکەی. لێم بووەتە هەژدەها. باسی داماوی وام بۆ دەکات مێش میوانی نییە و ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نییە، دیارە ئەمانیش بێکارن، بەوانەوە مەشغوڵیان دەکەن. ئیتر ئاوها ئەو زەمینەی ئێمە لەسەری دەژین بووەتە حەقلی ئەزمونگەریی و ئەو عالەمەش موشکی ناو موختەبەر.
منیش وتم: مەگەر پێشینان نەیانگوتووە: گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە؟
وتی: ئێمە کە لەو تەمەنەدا بووین کەی ئەوەندە زۆرزان بووین، ئەم جیلە گەمەیان بە تەکنەلۆژیا دێت، ماڵئاوەدان کێ گرەویان لێ دەباتەوە؟
لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوان لە سەر شەقام و جادەو فەرمانگەو شاخ و کیو ومەکتەب و مزگەوت و ماشێن وهۆڵ و مۆڵ و تەنانەت ئاودەستیش دایدەنێن بێ ئەوەی حسابی چڵەپوشێك بۆ تایبەتمەندی خەڵکی بکەن، ئەوە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان هەر باس مەکە، لەوێ قاچیان خستۆتە سەر قاچ و کەچی دەزانن تۆ بەیانی چی دەخۆیت و لە ماڵەوە چ میوانێكت دێت. هەشە باوەڕ دەکات کە دەڵێن جنۆکەیان هەیە. داهاتێکی زۆر بۆ ئەو بەدگەرییە تەرخان دەکرێت، ئەوەکەی تریشی ڕۆژانە بە مۆڵی دەچیتە بەردەستی سەرپانەکان.
وتی: ماڵئاوەدان دەبەسە بیرکردنەوە لە ئاخردا شێت دەبیت، ئەڵێی خەیاڵیت، وەرە سەیری مام وەسمان بکە.
وتم: ئەزانم گەر نوێژیش بکەیت بێ دەستنوێژ دەیکەیت، بەس تێناگەم ئەو بەرماڵەت بۆ لەسەر ئەو تاقە داناوە؟