Skip to Content

ئارامی لە لوتکەی تووڕەبووندا لە شیعری (لە دەستم دێی) عەبدوڵا پەشێودا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئارامی لە لوتکەی تووڕەبووندا لە شیعری (لە دەستم دێی) عەبدوڵا پەشێودا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 28, 2023 General, Literature

لە دەستم دێ، یەکێکە لە شیعرە هەرە دیار و جوان و بە ناوبانگەکانی پەشێو، کە وەک خۆشی لە پێشەکی شیعرەکەدا ئاماژەی پێداوەـ ئەو کاتە ئەو شیعرە نووسراوە، کە مرۆڤ دەبێتە پارچەیەک لە ڕق و تووڕەیی. بەمەش مۆتیڤێکی دەروونی لە پشت نووسینی ئەو شیعرەوەیە. ئاماژە زمانەوانی و دەروونییەکانی شیعرەکە، کاردانەوەن لە هەنبەر کارێک کە کراوە و پەشێوی لە ناخەوە ئازارداوە و تووڕەی کردووە، کە ئەویش ناپاکی خۆشەویستەکەیەتی و پشتکردنە ئەو خۆشەویستییە بووە لەلایەن ئەویترەوە، کە چوار ساڵی خایاندووە، وەک ئەوەی لە دێڕی بەڵگەی ئاشکراو ڕووندا باسی دەکات. زمانی ئەو شیعرە، زمانێکی تووڕە و داخوزاییانەیە، بەڵام زمانی سڕینەوە نییە. لە ئاستی وشە و وێنەدا، زمانێکە بارگاوییە بە ڕق، بەڵام ئەو ڕقە، پانتایی زمان جێناهێڵێت و نابێتە هۆکار، بۆ ئاشکراکردنی هەموو شتێک، لە پەراوێزی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی لەگەڵ کچەکەدا هەیبووە، بە پێچەوانەوە بەڵکو لە دوا دێڕی شیعرەکەدا، ئارام دەبێتەوە و جارێکی دیکە خۆشەویستی ئەو، بە سەر ئەو هەموو هەستە لە ڕق و تووڕەیی زاڵدەبێت، کە لە سەرەتای خوێنەوەی شیعرەکە هەستی پێ دەکەین. بە درێژایی ئەو شیعرە، شاعیرلە حاڵەتێکی نێوان گومان و دڵنیایی، خۆشەویستی و ڕق دایە. گومان لەوەی ئەو کارە بکات کە مەبەستیەتی ئەویش ئاشکراکردنی هەموو شتێک و پەردەلادانە لە سەر ئەو پەیوەندییە نهێنییەی خۆشەویستی نێوان خۆی و ئەو، یاخود نەکردنی، دڵنیاشە لەوەی کە ئەو بە سەدان بەڵگەی ئاشکرا و ڕوونی پێیە، کە جەخت لەو پەیوەندییە ڕاستەقینە و دوولایەنەی نێوان هەردووکییان دەکاتەوە. کە بە داخەوە سەرەنجام لەلایەن ئەوی بەرامبەرەوە ( کچەکە) کۆتایی پێهێنراوە و چووەتە ئامێزی پیاوێکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شیعرەکە، پەشێو لە نێوان ئەو دوو دڵیە دایە، تا لە کۆتایی شیعرەکە و لە دوا دێڕدا، خۆی یەکلایی دەکاتەوە کە ناتوانێت کارێکی وا بکات و لە دەستی دێ، بەڵام نایکات. زمانی ئەو شیعرە وەک ئەتمۆسفیرێک بە خێرایی لە ژێر هەستی ئەو تووڕەییەی شاعیر هەیەتی، بەرز دەبێتەوە، پاشان بە خێراییش دادەبەزێت. لە دەسپێکی شیعرەکەدا، پەشێو لە ئەنجامی کردەیەک کە هێشتا نەکراوە، ئاگادارمان دەکاتەوە، سەرەتا، ئێمە نازانین پەشێو بۆچی و لە بەرچی دەیەوێت کەسێک لە خۆشاوی شەوی پەردە بێ بەش بکات و ئەڵقەی پەنجەی پێ فڕێ بدات؟ پەشێو دەڵێت:_
لە دەستم دێ کاتژمێری کامەرانیت بووەستێنم
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ بدەم
نامەی بەختت بسووتێنم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە پف لە چرا کەم
لەدەستم دێ، کە فرمانی ڕانەبڕدووی ڕانەگەیێندراوە، ئاماژەیە بۆ کردنی کارێک کە هێشتا ڕووینەداوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بیکات، پەشێو تا کۆتایی شیعرەکەی، ئێمە لەبەردەم ئەو دووڵییە دەهێڵێتەوە، کە کارەکە دەکات یان نا؟ تا لە کۆتاییدا خۆی یەکلاییدەکانەوە، کە ئەوە ناکات و بە پێچەوانەوە خۆشەویستی پەنگخواردووی ئەو، ڕێگە بەوە نادات ئەو کەسەی تا دوێنێ خۆشەویستی بووەو، ئەمڕۆ لە ئامێزی یەکێکی دیکەدا شەوە ئەرخەوانییەکانی بە ڕێ دەکات، لە خۆشاوی پەردەی ژیان بێ بەشی بکات. ئەمەش جەختکردنەوەیە لەوەی شاعیر وێرای تووڕەبوونێکی زۆر لەو، بەڵام لە لوتکەی تووڕەبووندا، ئارام دەبێت و دان بە خۆی دادەگرێت و وەڵامی هەڵەو ناپاکییەکەی خۆشەویستەکەی ناداتەوە. شاعیر دوای ئەوەی ئەوە بەیان دەکات کە دەتوانێت مرۆڤێک و ژنێک بۆ ئەبەد لە چارەنووسی بوون و ژیان بێ بەش بکات و ژیانی بکاتە تاڵاوێک، ئەمجارەیان بۆ ئەوەی هۆکارەکانی ئەو (لە دەستم) دێیە، بۆ هەمووان بخاتە ڕوو، دێتە سەر بەڵگەی بەیەکەوە بوونی خۆی و ئەو، لێرەوەش پەشێو جۆرێک لە ڕەوایەتی بەو کردەیە دەدات کە چۆن ئەم پشتیکردۆتە پەیوەندییەکی سۆزداری چوار ساڵە و پەشێوی جێهێشتووە.هەروەک دەڵێت:_
بەڵگەم پێیە
هەزار بەڵگەی ئاشاکراو ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ بە یەکەوە بوون
پەشێو هەر لە درێژەی شیعرەکەیدا، دوای ئەوەی باس لە بەڵگەی بەیەکەوە بوون دەکات، ئەمجارەیان دڵنیایانەتر ئەو بەڵگانە دەخاتە ڕوو. یەک بەیەک باسی بەڵگەکان و ئەو ماوە زەمەنیەش دەکات، کە ئەو بەڵگانەی تیادا ئالوگۆڕکراون، وەک دڵنیایەک لەوەی کە دەتوانێت ئەوەی مەبەستیەتی بیکات، یاخود بەڵگەکان خۆیان دێنە دەنگ و لە ئاست ئەو ناپاکییە قسە دەکەن. بەڵگەکانی پەشێو هێندە ڕوون و ئاشکران، کە تەنانەت پەیوەندیان بە جەستەی ئەویترەوە هەیە، واتا لەوە دەرچووە پەیوەندییەکی زمانی و ڕووکەشی، کە تەنها لە گۆڕینەوەی ڕاز و نیاز لە ڕێی زمانەوە دەبەسترێت، بەرجەستە بێت ، بەڵکو سنوورە سوورەکانی بەزاندووەوە جەستەی ئەوەی، وەک نیشتمانی ئازادی خۆی بینیوە و جۆرێک لە خاوەنداریەتی هەبووە، کە ئەمەش ئەوپەڕی دوا سنووری هەبوونی پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزە، چونکە مەحاڵە بە بێ خواستی ئەو، شاعیر بتوانێت پەنجە بە سنگی برسی و تێنووی خۆشەویستی ئەوەوە بنێت. بۆیە ئمجارەیان دەڵێت:_

تاڵێکی پرچت نەماوە تێر تێر بۆنم نەکردبێً
جێی دەرزییەک
لە سنگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ
گەواهی دەدەن لەسەرت دارتێلەکانی شەقام
گەواهی دەدەن ئەوانەی نامەی تۆیان بۆ دەهێنام
نامەکان لێرەدا، ڕۆڵی گەواهیدەرێک بە سەر تاوانێکەوە دەبینن. دیارییەکان ونامەکان، ئامادەن گەواهی ئەوە بدەن کە شاعیر پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەبووە و ئەو پەیوەندییەش، تا سنووری ڕامووسان و گاڵتە و گەمەی عەشق و سۆزداری ڕۆیشتووە. پەشێو هەریەک لە نامەکان و دیارییەکان، دەکاتە گەواهیدەر، وەک ئەوەی لە گەواهیداندا، دەبێ دوو کەس ئامادەیان هەبێ و پشتڕاستی بکەنەوە، کە ئەم، ئەمکارەی کردووە و دواتریش شایەنی سزادانە. بۆیەشە نامەکان و دیارییەکان، وەک بەڵگەی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو دەخاتە ڕوو، بەڵام لێرەدا هەر تەنها ئەوانە بەس نین، بەڵکو دارتێلەکانی سەر شەقام و ئەوانەی نامەی ئەویشیان بۆ هێناوە، گەواهی دەدەن و بێگومان چەند گەواهیدەریش زۆرتر بن، ئەوا هیچ گومان کردنێک لە کردەکە نامێنێتەوە، تەنانەت پەشێو بەوانەشەوە ناوەستێت، بەڵکو پەردە لە سەر ئەو پەیوەنییەی نێوان خۆی و ئەو، بە بێ ڕتووشی هەڵدەماڵێت و باسی قژ و سنگ دەکات، کە دوا سنووری ئەو پەیوەندییە نیشان دەات و بەمەش نەک هەر بەڵگەیەکی دیکە پێویست نییە، بەڵکو ئەوی بەرانبەریشی کە خۆشەویستەکەیەتی، دەخاتە بەردەم پرسیار و شەرمەزاری ئەوەی کە چۆن وازی لەو پەیوەندییە هێناوە و شەوی سووری کەسێکی دیکەی ڕازاندۆتەوە؟ پەشێو لەمەدا، توند و ڕقاوی بەرانبەر ژن نادوێت وەک ئەوەی کەسانێک لەو شیعرەدا تێیگەیشتوون و وێنای دەکەن، بە پێچەوانەوە، بەڵکو ڕەخنە و سەرزەنشتی ئەوەیان دەکات، کە چۆن دەبێت بە ئاسانی پشت بکەنە عەشق و خۆشەویستی و لەبەر هەر جیاوازیی و تایبەتمەندییەک بێت، واز لە خۆشەویستەکەیان بێنن؟ پەشێو هەر لە سەرەتای ئەو شیعرەوە وەک وتمان لە نێوان دووڵییەکی گەورەدایە و دەیەوێت بە جۆرە هەستێکی تۆڵە سەننەوە، تۆڵە لە ئەو بکاتەوە، بگرە لە سەرەتای شیعرەکەدا، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە، کە شاعیر بوون و مێژووی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە بسڕێتەوە و نەفرەتی لێ بکات و ئەمیش وەک ئەو بێ وەفا و بێباک بێت، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو چاوەڕوانییانەوە، لە دواین دێڕی شیعرەکەدا، پەشێو نەک هەر دەستبەراری ئەو نابێت و ڕقی لێ نابێتەوە، بگرە هێشتا خۆشەویستی بۆ ئەو ماوەو ئەو خۆشەویستییەش ڕێگەی ئەوەی لێ دەگرێت، هەر جۆرە کردەوە و ڕەفتارێکی ڕقاویانە بەرانبەر بە ئەوی کۆنە خۆشەویستی بنوێنێت. بۆیە لە کۆتاییدا خۆی یەکلایی دەکاتەوەوە دەڵێت:_
بەڵام چیبکەم؟ خۆشەویستیت نەهەنگێکە
خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێکە
قینی ڕەشم دەشواتەوە
تووڕەیی پەشێو، کە لە سەرەتاوە بە ئەتمۆسفیرێکی بەرز دەست پێ دەکات، دواجار وەک لافاوێک، بێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆی ڕابماڵێت، دەنیشێتەوە. پەشێو نەک هەر ناتوانێت، ئەمانە بەرانبەر بەو بکات، بەڵکو دواجار خۆشەویستی ئەو، بەسەر هەموو ئەو نیگەرانی و تووڕەیی و خەمە زاڵ دەبێت و لە بەر وەفا بۆ ئەو خۆشەویستییە ئەوە ناکات کە لەدەستیشی دێت. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، پەشێو بۆچی لە نێوان کردن و نەکردنی ئەو کارانە و دەرخستنی بەڵگەکان، سەرەنجام هیچ شتێک ناکات؟ مەبەستی چییە، لەو هەموو باسانە و دواتریش، جارێکی دیکە خۆشەویستی بێ سنووری خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێتەوە؟ بە بڕوای من پەشێو مەبەستی ئەوە بووە، کە هیچ گومانێک لە ڕاستی هەبوونی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو نەهێڵێتەوە، بەڵکو هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن ئەو خۆشەویستییە، بوونی هەبووەو ئەو ناپاکییەش کراوە، کە تیایدا خۆشەویستەکەی جێیهێشتوە و لە ژێر ڕووناکی چرای سووری ئامێزی گەرمی پیاوێکی دیکەدا، شەوانی سووری بە ڕێ دەکات. بەدرێژایی ئەم شیعرە، پەشێو نیگەران و تووڕەیە، بەڵام ئەگەر تووڕەبوون ببێتە فاکتی کردنی کارێکی هەڵە و کاردانەوەی تووند دروست بکات، وەک ئەو یاسا فیزیکییەی کە دەڵێت هێزی کاردانەوەی کارێک، لە هێزی کارەکە بە گوڕترە، ئەوا پەشێو ئەوە ناکات، بەڵکو لە لوتکەی تووڕەبووندا، وێرای جەختکردنەوە لە سەدان بەڵگە، کە ئاماژەن بۆ هەبوونی ئەو پەیوەندییە، ئارامی دەنوێنێت و دان بە خۆ دادەگرێت. گەر بە قووڵی بچینە نێوەڕۆکی ئەو شیعرە، هەست بەوە دەکەین کە ئێمە بێ ئەوەی ئەو کەسە بناسین و بینیبێتمان، ڕقمان لێی دەبێتەوە. من هەر کاتێک ئەو شیعرە لە بەرخۆم دەڵێمەوە، لە شاعیر زیاتر، هەستی ڕق و تۆڵە سەندنەوە دامدەگرێت بەرانبەر بە وانەی کە پشت دەکەنە خۆشەویستەکانییان. هەرچییەک و هەر چۆنێک بێت، ئەم شیعرە، یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی پەشێو، شیعرێک نییە لە شکۆی ژن بدات وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو ڕەخنەی دەکات، سەر زەنشتی دەکات، بۆ ئەوەی هیچ کاتێک عەشق و خۆشەویستی نێوان خۆیان و خۆشەویستەکانییان، بە هەر شتێک بێت نەگۆڕنەوە، بەڵکو بە وەفا و سۆزدار، خاوەن بەڵێن و پەیمانی خۆیان بن. دواجار دەڵێم زمانی پەشێو لەم شیعرەدا، زمانی نێر سالاریی و زمانی شکانەوەی ژن نییە، وەک ئەوەی کەسانێک تێی گەیشتوون، بەڵکو زمانی ڕەتکردنەوە و ڕەخنەگرتنە، بە ئاراستەیکی توندو تووڕە، ئەویش لە دەرەنجامی هەبوونی کردەیەک کە بەلای هەموومانەوە نەک هەر ئاسایی نییە، بەڵکو مایەی خەم و نیگەرانییەکی قووڵیشە. بڕواناکەم کەسمان هەبێت، بەو تاقیکردنەوە تراژیدیە ڕەت نەبووبێت و نەبێتە هاودەمی خەمێکی بێ کۆتایی، کە تا مردن وەک سێبەر، پێمانەوە نووساوە.

*سەرنج/ ئەم وتارە، بەشێکە لە پڕۆژەی نووسینێک لە بارەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، کە خوا یاربێت لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

*ئەم بابەتە لە (هزرو هونەری ) ڕۆژنامەی خەبات ، ژمارە (146) ی ڕۆژی 26 /10/ 2023 بڵاوکراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish