
ڕۆمانی تاجه گوڵینه و چه‌ندسه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
یه‌كێك له‌وهۆكارانه‌ی له پشت به‌دیارده‌بوونی نووسینه‌وه‌یه،له ئه‌مڕۆی دنیای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا، به تایبه‌تیش ڕۆمان نووسین،نه‌بوونی ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كانه. بێگومان ئه‌گه‌ردیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌یی نه‌بێت كه ده‌قی داهێنه‌رانه و جوان له ده‌قی كرچ و كاڵ و ناهونه‌ری جیابكاته‌وه، ئه‌وا ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م لێشاوێك له بنووسان دروست ده‌بێت كه به ئاره‌زووی خۆیان بنووسن و دواجاریش هه‌رشوناسێك مه‌به‌ستییان بێت بیده‌نه پاڵ نووسینه‌كانیان.ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێت ئه‌و تێكستانه ڕه‌تنه‌كاته‌وه، ئه‌وا نووسین ده‌بێته دیارده. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ڕه‌خنه و دیدی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بابه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام كاتێ ئه‌و هه‌موو نووسینه به‌راورد ده‌كه‌ین به هه‌بوونی ڕه‌خنه، ئه‌وا بێگومان ناتوانرێت هه‌موویان به‌سه‌ر بكرێنه‌وه. له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه خه‌ریكه ڕۆمان نووسین وده‌ست بردن بۆ نووسینی ڕۆمان، ده‌بێته دیارده.بێ ئاگا له‌وه‌ی جیاواز له هه‌موو ژانره‌كانی تر، ڕۆمان پاشخانێكی هزری گه‌وره و ڕۆشنبیرییه‌كی فراوانی ده‌وێت. خوێنه‌ر كه ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ر ته‌نها بۆ چێژ و جوانی نییه بگره بۆ ئه‌وه‌شیه‌تی له په‌راوێزی ئه‌و ڕۆمانه‌وه، به ژیانی سیاسی و كولتووری كۆمه‌ڵگاكانیش ئاشنابێت . ڕۆمان ڕۆشنبیرییه، زانینی زمانه، به‌رجه‌سته‌كردنی هونه‌رێكی باڵایه له گێڕانه‌وه و گوزارشتكردن.به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له به‌شێكی زۆری به ناو ڕۆمانی ئێستا ده‌ده‌ین، ده‌بینین ئه‌و ئستاتیكا و هونه‌ركارییه نییه كه ده‌بێ ڕۆمان هه‌ڵگریبێت. زۆرجار كه ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌ین وتارێك ده‌خوێنینه‌وه.به‌شێكی زۆری ئه‌م ناهونه‌ریی بوونه په‌یوه‌سته به نه‌بوونی ئه‌زموونی ڕۆمانه‌وه. واته نووسه‌رله بنه‌ڕه‌تدا شاعیره، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ده‌روونناسه به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.
شانۆكارو ده‌رهێنه‌ری شانۆییه، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.چاودێری سیاسییه به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ئه‌مانه و زۆر بواری دیكه‌ش. كاتێ نووسه‌رێكیش ڕۆمان شوناسی سه‌ره‌كی و نووسه‌ر بوونی نه‌بوو، یاخود هه‌ر بۆخۆده‌رخستن ڕۆمانی نووسی، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به ناو ڕۆمانه. ڕۆمانی( تاجه گوڵینه تاجی دڕك) یه‌كێكه له‌وجۆره ڕۆمانانه.ئه‌و ڕۆمانه كه ماوه‌یه‌كی كه‌مه بڵاو بۆته‌وه، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی تر، به ئاراسته‌ی ستاییشكردن،لای خوێنه‌ره هه‌مووه‌كی و بێ پاشخانه‌كانی شاره‌زا له ده‌قی ڕۆمان.كه‌چی خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه ده‌خوێنێته‌وه، وا هه‌ست ده‌كات وتارێك،یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی میللی ده‌خوێنێته‌وه، كه ته‌نها بۆ گێڕانه‌وه ده‌گێردرێنه‌وه نه‌ك ته‌نها بۆچێژو مانا و جوانی.نووسه‌ر هه‌رچی به خه‌یاڵی داهاتبێتت ئاخنیویه‌ته نێو كتێبه‌كه‌ی و ناویشی ناوه ڕۆمان.ئه‌و له‌وكتێبه‌دا، باسی(سۆسیالیزم ودونیای دووجه‌مسه‌ری ، هیتله‌رو نازی و گه‌لی جووله‌كه، دیواری به‌رلین و و ئه‌لمانیای ڕۆژهه‌ڵات، تره‌مپ و جه‌نگی سوریا، خه‌باتی شاخ و زیندان،یاساكانی به‌هه‌شت كۆرۆنا، ئاوارایی و ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی، زیندان و گرتن، كه‌ره‌نتینه و ته‌كنه‌لۆژیا،حه‌وا و ئاده‌م، عیسا و مه‌ریه‌م،مه‌حه‌مه‌د ودابه‌زینی سرووش بۆی،كلێسای نۆتردام، به هه‌شت و دۆزه‌خ، كریستیان و ئیسلام و بوودییه‌كان،خۆشه‌ویستی و عه‌شقبازیی، ، میدیای ڕۆژئاوا،هه‌ژاریی و خه‌باتی چینایه‌تی،)وده‌یان شتی دیكه ده‌كات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆمان، جیكایه‌ت بێت، هه‌رشتێك نووسه‌ر مه‌به‌ستی بوو، به دوای یه‌كدیدا ڕێزیان بكات. كه ڕه‌نگه هیچ په‌یوه‌ندیان به یه‌كتریشه‌وه نه‌بێت.ئه‌مه هه‌رته‌نها بۆ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانه‌و هیچی تر. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هه‌مان ئه‌و زمانه گشتی و جه‌ماوه‌ریه‌یه كه تاكه‌كان پێی ده‌دوێن. ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی ده‌قێكیش هه‌مان زمانی خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه بوو، نازانم ڕۆمان نووسین هونه‌ره‌كه‌ی له كوێدایه؟.
زمانی ئه‌و ڕۆمانه زمانێكی ڕووت، واقیعی، ساده و سواو له گێڕانه‌وه، نائستاتیكییه. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هیچ هونه‌ركارییه‌كی تێدانییه له وه‌سفی جوان، له شیعرییه‌ت، له‌چێژ، له ده‌ربرین و گوزارشتكردن. بگره هه‌مان ئه‌و زمانه‌یه كه ڕۆژانه له بازاڕوشوێنه گشتییه‌كان به‌ریده‌كه‌وین. به‌رله‌وه‌ی گۆشه نیگایه‌ك له‌و زمانه‌وه ده‌ربخه‌ین، ده‌مانه‌وێت ناساندنێكی كورتی ڕووداوی ڕۆمانه‌كه بكه‌ین. ئه‌م ڕۆمانه، كه به‌شێوه‌ی به‌ش به‌ش و له‌ڕێگه‌ی مۆنتاژه‌وه دیمه‌نكانی ده‌بردرێن و به یه‌كه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه.هه‌ر دیمه‌نه و باسی ڕووداوێك ده‌كات، كه هیچ په‌یوه‌ندییان به یه‌كترییه‌وه نییه.به‌ڵام به‌شی زۆری ڕووداوه‌كه‌ی له په‌یوه‌ندی نێوان له‌یلاو ئه‌و كاره‌كته‌ره په‌ككه‌وته‌یه ده‌دوێت كه له‌یلای خۆشده‌وێت. ڕۆمانه‌كه كه له سه‌رده‌می كۆڕۆناو پێ ده‌چێت ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی نووسرابێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی وجه‌ماوه‌ریه‌یه، كه به هۆی كۆرۆناوه جیهانی گرته‌وه و لێكه‌وته‌ی له سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی ژیان دروست كرد.ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕۆمانه، باس له‌و واقیعه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌كات، كه ئه‌و ڤایرۆسه هێنایه ئاراوه، وه‌لێ نووسه‌ری ڕۆمان به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، ئاماژه‌ی به هه‌ندێك ڕووداو داوه، كه هیچ په‌یوه‌ندییان به‌و دۆخه‌وه نییه. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه نه له ئاستی بینای هونه‌ری، نه له ئاستی گێڕانه‌وه و گرێچندا، ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه په‌یوه‌ندییان به یه‌كترییه‌وه نییه، به‌ڵكو پتر له چیڕۆكی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژانه و ئاسایی ده‌چن، نه‌ك گێڕانه‌وه له ڕۆماندا، كه هونه‌ركارییه‌كی زۆری ده‌وێت. بێگومان ئه‌مه ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی ئه‌زموونی نووسینی ڕۆمانه‌وه هه‌بێت لای نووسه‌ر.چونكه كاتێ سه‌رنج له زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌مان باشتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت لێره‌دا، له سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی هونه‌ری ئه‌و ڕۆمانه ده‌وه‌ستین.
زمان و گێڕانه‌وه:
گێڕانه‌وه یه‌كێكه له كرداره سه‌ره‌كییه‌كانی زمان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و كرداره له ڕۆماندا جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌و ڕه‌هه‌نده ئستاتیكی و هونه‌ریه‌یه كه به‌شێكه له هونه‌ری گێڕانه‌وه. واتا ڕۆماننووس چه‌ند ده‌توانێت له ڕێی گێڕانه‌وه خوێنه‌ر بباته نێو قووڵایی ڕۆمانه‌كه. له تاجه گوڵینه‌دا، زمانی گێڕانه‌وه، زمانێكی ساده و دووباره‌یه و نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه نه‌یتوانیوه وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوان له ڕێی زمانه‌وه به‌رجه‌سته بكات. بۆنموونه:_
*له لا (9) تاكو لا(23)، واتا به درێژایی نزیكه‌ی سیانزه لاپه‌ڕه، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه ته‌نها ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه((چی ڕوویداوه، دنیا بۆ چۆڵ بوو، خودایه قیامه‌ت هه‌ستاوه، به‌یه‌ك شه‌و قیامه‌ت هه‌لده‌ستێت،چی ڕوویداوه؟.تد)).
*لا(48)نووسیویه‌تی:((هیچ گومانم له‌وه نییه كه ئه‌و چركه‌ساته‌ی ده‌گاته‌وه به سنگی دایكی،ئیدی ناسینی بۆنی سنگی دایكی،تامی یه‌كه‌م مژینی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وته‌ی ڕوخساری له‌گه‌ڵ سنگی دایكی،په‌نجه هیچ نه‌زان و تۆقیوه‌كانی له‌گه‌ڵ پێستی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ ترپه‌كانی دڵی دایكی،ئه‌وكاته‌ی گوێی ناوه به‌سنگی دایكی)). ته‌نها به سه‌رنجدانمان بۆ ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌گرافه، ده‌زانین نووسه‌ری ڕۆمان تا چه‌ند شاره‌زایی له زمانی نووسینی ڕۆمانی هه‌یه. دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو وشه سواوانه، نیشانه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی زمانێكی تۆكمه و به برشتی نووسینی ڕۆمانه كه یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینی ڕۆمان. نازانم ئه‌وانه‌ی له به‌رگی دواوه‌ی ئه‌و ڕۆمانه، په‌سنی نووسه‌رو ڕۆمانه‌كه‌یان داوه، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌یان خوێندۆته‌وه؟!.
*لا (54)نووسیویه‌تی:((ده‌ستم دایه لاپتۆپه‌كه كه‌لای سه‌رمه‌وه دانرابوو،فایلێكی وۆردم كرده‌وه و كه‌وتمه نووسین)). ئه‌م شێوازه له زمانی ده‌ربڕین، له زمانی ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی ده‌چێت نه‌ك ڕۆماننووس.
*لا(61)نووسیویه‌تی:((ئه‌وه دڕنده‌ترین جه‌لادی دوژمنیش ئه‌و داوایه‌م لێ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت، له جیاتی ته‌سلیمبوونم به داواكه‌ی، خستمیه به‌رده‌م ته حه‌دایه‌كی هێنده گه‌وره، كه ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی هه‌بوو)).ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له زمانی ڕۆژانه ده‌چێت نه‌ك ڕۆمان.
*لا(74)نووسیویه‌تی:(( جه‌نابی كاك ئاده‌م له سه‌ر قبولكردنی موساره‌حه‌ی له‌لایه‌ن حه‌واوه له به‌هه‌شت ده‌ركرا)). با له‌وه گه‌ڕێین كه نووسه‌ر چۆن تێگه‌یشتووه كه حه‌واو ئاده‌م بۆ له به‌هه‌شت ده‌ركران، له كاتێكدا خودا له قورئانی پیرۆز ڕوونیكردۆته‌وه كه ئه‌وان بۆچی ده‌ركران.ته‌نها ده‌پرسین كه‌سێك ئه‌مه زمانی ده‌ربڕینی بێت، نازانم چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕۆمان بنووسێت!.كه‌س تا ئێستا به حه‌زره‌تی ئاده‌می گوتووه:( جه‌نابی كاك ئاده‌م)!!.
*لا (77)نووسیویه‌تی:(( به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسته ترسناكه‌ی ته‌نیاییه‌ش نه‌بێت،مومكین نییه به‌و شێوازه ده‌گمه‌ن وداهێنه‌رانه‌یه بهێنرێته بوون).
ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌یه‌كن، له زمانی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه، كه بێگومان نموونی دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌گه‌ر باسییان بكه‌ین.گێڕانه‌وه‌كان پتر له زمانی ڕۆژ ده‌چن،نه‌ك زمانی هونه‌ری ڕۆمان.
هه‌ڵه له گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:
له ڕۆمانه‌كه دا نووسه‌ر له زۆر شوێن كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه، كه ئاماژه به هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین:_
*لا(12)نوسیویه‌تی:((جیهانی دوێنێ ئێواره له جێی خۆی دابوو،هیچی تازه ڕووینه‌دابوو، نه جه‌نگی سووریا،نه خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان،نه تویته‌كانی تره‌مپ)).سه‌رنج بده‌ن،چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه جه‌نگی سوریا كه ده ساڵ له‌مه‌و به‌ر هه‌ڵگیرسا، له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان ، كه له چه‌ند مانگی ڕابردوو ڕوویاندا،تێكه‌ڵ ده‌كات. ئه‌مه ده‌ریده‌خات كه نووسه‌ر بێ ئاگایه له مێژووی ڕووداوه‌كان. *لا(16)نووسیویه‌تی:(تا هه‌زار ساڵی دیكه توند له باوه‌شی ده‌كه‌م).ئه‌مه زێده‌گۆیه له گوتن و وه‌سفێك كه نه‌بابه‌تییه، نه‌لۆژیكی!
*لا(39)نووسیویه‌تی:(مامۆستا ئایدن باوكی شیرین و مامۆستای یوسفی هاوپۆلی شیرین، كاری كرێكاری بۆ یوسف دۆزییه‌وه). سه‌رنج له‌و نه‌گونجاندن و بێ ئاگایه بده‌ن. مامۆستا چۆن هانی قوتابییه‌كی بچووك ده‌دات كار بكات، مه‌گه‌ر مامۆستا كاری په‌روه‌رده‌كردنه، یان به‌ڵێنده‌رایه‌تی؟!.
*لاپه‌ڕه(38)نووسیویه‌تی:((یوسف هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له‌گه‌ڵ وه‌ستا خورشید ده‌چووه كاری كرێكاریی)). نووسه‌ری ڕۆمان لێره‌دا، شاره‌زایی له پاشخانی ئایینی و میللی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نییه. چونكه ده‌بوو ئه‌وه بزانێت، ڕۆژانی هه‌ینی، ڕۆژی پشووی موسڵمانانه و هیچ كه‌سێك ناچێت بۆ سه‌ر كار. كه‌سانی وه‌ك یوسفی كاره‌كته‌ری به ناو ئه‌و ڕۆمانه،به ڕۆژ كار ده‌كه‌ن و به‌شه‌و ده‌خوێنن. *لا (40)نووسیویه‌تی:((دایكم به توندی په‌تای سیلی گرت و له ژێر چاودێری ته‌ندروستی دابوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه به یه‌كه‌وه سه‌فه‌رمان كرد)). نازانم كه‌سێك له ژێر چاودێری ورد دابێت و نه‌خۆشی سیلیشی به توندی گرتبێت، كه نه‌خۆشییه‌كی گوازراوه‌یه و بڵاوده‌بێته‌وه، ئیدی چۆن سووك و ئاسان ده‌چێته گه‌شت و سه‌فه‌ر؟. ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێین((له چله‌ی تممووز به‌فرێكی ئه‌ستوور باری بوو)).
*لا (77)نووسیویه‌تی:((دیمه‌نێكی ده‌گمه‌ن و دێرین)).نازانم كه ده‌گمه‌نه چۆن دێرینه، یاخود كه دێرینه چۆن ده‌گمه‌نه؟! *ڵا (86)نووسیویه‌تی:((من ده‌زانم به پێی یاساكانی به‌هه‌شت،هه‌موو مه‌لاو قه‌شه و حاخام و مۆنگه‌كانی ئایینی بوودیش سێوه‌كه‌یان لێ حه‌ڕام كردووم). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، وا ده‌زانێت بوودییه‌كانیش وه‌ك موسڵمانه‌كان باوه‌ڕیان به به‌هه‌شت و زیندووبوونه‌وه هه‌یه، له‌كاتێكدا لای ئه‌وان، مرۆڤ كه مرد ڕوحی به پێی كرده‌وه‌كانی ده‌چێته جه‌سته‌ی كه‌سێكی دیكه. واتا لای ئه‌وان(دۆنا دۆن)هه‌یه.
*لا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاسمان شینی شه‌فافی پۆشیوه)).شینی شه‌فاف هیچ جوانییه‌كی تێدایه؟! *ڵا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاگره‌كه له گیانه‌لادایه)) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر مرۆڤ بێت، ئاوزینگ بدات. ئایا ئه‌مه واتاییه؟.
*لا(116)نووسه‌ر بیری چۆته‌وه كه ئه‌وه ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوون به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار كۆرۆنایان تێدابڵاوبۆوه،نه‌ك فه‌ره‌نسا، كه‌چی ئه‌و له‌و په‌ڕه‌یه‌دا واده‌زانێت ئه‌وه فه‌ره‌نسا بوو كۆرۆنا سه‌دان هه‌زاری كوشت.
*لا(117)نووسیویه‌تی:((سه‌یركه كه‌نیسه سووتاوه‌كه‌ی نۆتردام چی لێهاتووه،ئه‌و شاكاره گه‌وره‌یه چۆن سووتا،ئاخر هه‌ر ئه‌و كاته‌ی سووتا ده‌بوو ئاماژه‌كانی ئه‌م ڤایرۆسی كۆرۆنایه ببینین)).لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه نووسه‌ری ئه‌و كتێبه، بێ ئاگایه له زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كان. چونكه كلێسه‌ی نۆتردام له پاریس، له 15/4/2019 سووتا، به‌ڵام كۆرۆنا له مانگی 12/2019 سه‌ریهه‌ڵدا.ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه،هه‌شت مانگ پێشووتر زانیویه‌تی كۆرۆنا سه‌ر هه‌ڵده‌دات؟!. *لا(112)نووسیویه‌تی:(مۆبایله‌كه‌شم شه‌وی پیاسه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خودا‌و باران و شه‌یتان پڕ ئاو ببوو)).به‌ستنه‌وه‌ی(خودا)و(شه‌یتان)و (مۆبایل) و (باران)له‌ڕسته‌یه‌كدا به‌یه‌كه‌وه، ئاماژه‌یه بۆ هه‌ژاریی زمان. چونكه ئه‌م وشانه، نه‌په‌یوه‌ندیی واتایی، نه‌په‌یوه‌نیی بابه‌تی و زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگییان به یه‌كترییه‌وه نییه، ته‌نها بۆ درێژ دادڕییه..
*لا(130)نووسیویه‌تی:_((له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا، نووسه‌ر باسی منداڵێكی بچووك ده‌كات. ته‌مه‌نی ئه‌ومنداڵه هێنده بچووكه كه له نێو عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ست ده‌یگێڕن، كه‌چی سه‌یر له‌وه دایه ئه‌و منداڵه، وه‌ك ئه‌وه‌ی قوتابی فرۆید بێت به‌وشێوه‌یه بیر ده‌كاته‌وه!. ئه‌ومنداڵه له‌لایه‌كه‌وه بۆشیری دایكی ده‌گریت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، باسی سێكسی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. له‌لایه‌كه‌وه باسی گریانه‌كانی ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه باسی ڕامووسانی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. واتا ئه‌و منداڵه ته‌مه‌ن و تێگه‌یشتنی نه‌ك هه‌ر یه‌ك ناگریته‌وه، بگره نیشانه‌ن بۆ دوو كه‌سی جیا). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه كاره‌كته‌رێكی منداڵ دێنێت، به‌ڵام وه‌ك فه‌یله‌سوفێك وازی پێ ئه‌كات. له‌وه سه‌یرتریش له‌م به‌شه‌دا گوایا به زمانی منداڵه‌كه ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام زمانێكی بێ مانا‌و دوور له جیهانی منداڵه، ئه‌گه‌رچی له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵ هه‌ر قسه‌ش نازانێت، چ جای ئه‌و قسه فه‌لسه‌فییانه‌ش بكات!ئه‌م نه‌شاره‌زایی و نه‌زانینه له پێدانی ڕۆڵ به كاره‌كته‌ره‌كان، سیمای دیاری ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه هیچ شاره‌زاییان له هونه‌ری نووسینی ڕۆمان نییه و به داخه‌وه ڕۆمانیش ده‌نووسن. له‌وه كاره‌ساتریش، چه‌ند قه‌ڵم به ده‌ستێك كه نازانن بنه‌ماكانی ڕۆمان چین، ده‌كه‌ونه په‌سنی نووسه‌رو به ناو ڕۆمانه‌كه‌شی.ئه‌گه‌رچی ئه‌مه به‌شێكی كورت بوو له سه‌رنجه‌كانی ئێمه له باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه، كه‌چی سه‌یر له‌وه دایه نووسه‌ر به شانازیی و خۆگه‌وره‌یه‌وه له‌لاپه‌ڕه(170)ی كتێبه‌كه‌ی ده‌نووسێت:(له‌و ڕۆمانه‌دا باسی مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م).سه‌یره نووسه‌رێك له به ناو ڕۆمانێكی سه‌دوو هه‌فتا لاپه‌ڕه‌ییدا، لافی ئه‌وه لێ بدات كه مێژووی مرۆڤایه‌تی باس كردووه، كه به ده‌یان نووسه‌رو به‌سه‌دان به‌رگ له كتێبیش باس ناكرێت؟!دوا جار وه‌ك خوێنه‌رێك هیوادارم نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، سه‌رقاڵی دنیای تایبه‌تی خۆی بێت كه سیاسه‌ته، چونكه ڕۆمان و سیاسه‌ت دوودنیای لێك جیاوازن،ئاخۆ هیچ سیاسییه‌كی دنیا هێنده‌ی ماركیز ناو ناوبانگی هه‌یه؟!.
——————————————————————————–
په‌راوێز:_
*تاجه گوڵینه تاجی دڕك، ڕۆمان، نووسینی:سه‌ردار عه‌بدوڵا، ساڵی چاپ 2020،بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای جه‌مال عیرفان.
*ئه‌م بابه‌ته له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره(1137)ی ڕۆژی 22/7/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه…