Skip to Content

خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێنن!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێنن!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by ئه‌یلول 24, 2023 General


لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی


لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی ئەمجارەدا، خەڵکی ئێران خۆیان بۆ راپەڕینێکی گەورەتر لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی ئامادە کردووە. لە بەرانبەردا، دەسەڵاتیش، جگە لە زیادکردنی سەرکوت و درێژەدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پیلانگێڕی لە دژی هێزی رووخێنەر لە ئاستی جیهانیدا، بە باجدانی شاراوە و ئاشکرا بە زلهێزانی سازشکاری جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە، دەیەوێت خۆی لە “دادپەروەری” و “چارەنووس” بشارێتەوە و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
ئایا دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە یان دەڕوخێنرێت؟ ئەگەر بکەوێت، کەی و چۆن؟
چاوخشانێک بەسەر دەستکەوتەکانی راپەڕین یەکساڵی رابردوو!
لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکی ئەو راپەڕینەداین کە بە شەهیدکردنی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە رۆژی 25ی خەرمانانی ٢٠٢٢ لە تاران دەستی پێکرد. لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ساڵی رابردوودا، چەندین راستی بنەڕەتی سەبارەت بە ئێران سەلمێنران:
دەسەڵاتی ئێران دیکتاتۆری و ناشەرعییە و خەڵک نایەوێت. هەربۆیە خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتیک دابمەزرێت.
• سەردەم گۆڕاوە و بوون و مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناچارە کۆتایی خۆی قبووڵ بکات. ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دواقۆناغی ئەم دەسەڵاتە، لە لایەن خەڵکی ئێران و گەلانی جیهانەوە پشت راست کراوەتەوە و هەموو لایەک کۆدەنگن لەسەر رووخاندی ئەم دەسەڵاتە!
• بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بە نەفرەت کراوە. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)یان رووخاند، ئێستا لە رووخاندنی دەسەلاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی نزیک بوونەتەوە و هەموو لایەک کۆکن لەسەر سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا.
• سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران گەیشتووەتە کۆتایی و بەدیلە دەستکردەکانی سەر بە ئەم و ئەو!، یەک لە دوای یەک شکستیان هێناوە و هەر تیروپشکێکی نوێ لەم بوارەدا هەر لە ئێستاوە مەحکوومە بە شکست. خەڵکی ئێران چیتر سیستەمێکی دیکتاتۆری و بە تایبەت لە ژێر ناوی (پاشایەتی) یان (مەزهەبی)یان پێ قبووڵ ناکرێت و رەتی دەکەنەوە!
• ئەوانەی بە درۆ لافی شۆڕش و راپەڕینیان لێدەدا و هەلپەرستان و مشەخۆرانی جۆراوجۆر، کە لە “گۆڕەپانی سیاسی”دا وەک رووەکی بەهار سەوز ببوون، بە خێرایی لە گۆڕەپانەکەدا ون بوون و نەمان!
• بەدیلی دیکتاتۆرییەت بە گشتی و بەدیلی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بە تایبەتی، ئەو هێزەیە کە “رێکخراو” و “جەنگاوەرە” و لە گۆڕەپانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکاندا ئامادەیە و خاوەن رەگ و ریشەیە لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا. بەدیلێکی لەو شێوەیە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت و داواکاری و دروشمەکانیشی، نەک داواکاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت، بەڵکو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە بە هەموو باڵ و بۆندەکانیەوە. هێزێک کە باوەڕی پتەوی هەیە بە سیستەمی “کۆماری”، “دیموکراسی”، “پلۆرالیزم” و “فرەچەشنی” و خاوەن پێشینەیەکی روون و حاشاهەڵنەگرە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت.
• بە لەبەرچاوگرتنی چوار دەیەی رابردوو و بەتایبەتی یەک ساڵی رابردوو، هیچ بەدیلێکی جددی و راستەقینە نەبووە و نیە لە بەرانبەر “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بەرانبەر بە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” لە ئێراندا. ئەم ئەڵتەرناتیڤە بە دروشمی “راپەڕین بۆ رووخاندن” و “مەرگ بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی” و “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت” و “نا بۆ شا و نا بۆ ئاخوند”، نەک هەر دێرینترین هاوپەیمانیی سیاسییە لە مێژووی ئێراندا، بەڵکۆ هەروەها، ئاڵاهەڵگری “ئازادی و سەربەخۆیی”شە لە ئێران. دروشمەکانیتری یەکساڵی رابردوو، نەک ناتەواو و ناڕوون بوون، بەڵکو تەنانەت هەندێکیان لەلایەن بەشێک لە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەی مەزهەبییەوە بە هەند وەرگیراون!
• “تاکە نەخشەڕێگای مومکین” و تاکە رێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک و جێی پەسندی خەڵکی ئێران، “درێژەدان و گڕدانی راپەڕین”ە لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و لەوانە، بە ئامانجگرتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکتاتۆرییەت لە هەموو ناوچەکانی ئێران. هەرجۆرە شێواندن و شلبوونەوە و ماندووبوون لەم ئاراستەیەدا، دەتوانێ دەرفەت و وزەبەخش بێت بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، کە هەناسەی بێتەوە بەر خۆی و (کات) بۆ مانەوەی خۆی بکڕێت.
• وە دوایین و گرینگترین دەستکەوتیش ئەوەیە کە، “دەسەڵاتی گەل” زۆر باڵاتر و بەهیزترە لە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت”. واتا ئەو هێزەی کە بتوانێت بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکە بهێنێت و رێگاکە بەڕووی سازان و لایەنگرانی دەرەکیی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دابخات و، رێگا بۆ “ئێران ئازادی دواڕۆژ” خۆش بکات. ئەو هێزەی کە دەتوانێ ریزەکانی خەباتکارانی سیاسی لە دژی بەرەی دیکتاتۆر بەهێز بکات و لە لادان و خاوبوونەوە بیانپارێزێت و خۆیشی، هەڵقوڵاوی یەکڕیزی و هاوخەباتی بێت بۆ هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، بە هەموو ئاڕاستەیەکی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی جیاوازەوە.
ئازادی بێ تێچوو و فیداکاری نایەتە دی. هیچ خاکێک بە بێ نرخ و بە بێ تێچوو و خەبات رزگار نابێت. هەربۆیە هیچ دڵۆپێکی خوێن بەفیڕۆ نەچووە و بەفیڕۆ ناچێت و نابێ رێگە بدرێت بە فیڕۆ بچێت. باشترین و شایستەترین هەنگاوی وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، درێژەپێدانی رێبازەکەیان و گرتنەبەری رێگا و ئاڕمانجی واڵایانە. دەبێ ئەو ئاڵایەی بە خوێن هەڵیاندا، بە شەکاوەیی بپارێزرێت و ترس نەبێت لە رێگای چەوت و دژوار. رزگارکردنی ئێران لە دیکتاتۆرییەت بە تەواوی لە بەردەستدایە!
تێڕوانینێک بۆ ئەمڕۆ و نەخشەی رێگای داهاتووی ئێران!
ئێستا لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت، شاهیدی شەپۆلێکیتری هەوڵەکانی دوژمنانی خەڵكی ئێرانین. دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بە هاوکاریی لایەنگرانی و پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو، دەیەوێت خۆی بە براوەی گۆڕەپانەکە نیشان بدات و وابنوێنێت کە “ڕاپەڕینی گەل” شکستی هێناوە و کۆتایی پێهاتووە. بۆ ئەم مەبەستە لە ناوخۆی ئێران، شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان و سەرکوت و ئەشکەنجەدان و، دەرەوەی ئێرانیش، سات و سەودای پشت پەردەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە و لە هەمانکاتدا و لە ساڵیادی دەسپێکی راپەڕیندا، رێگەی خۆش کردووە بۆ هەڵبەز و دابەزی کرێگرتە و دەست و پێوەندەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم و، بەمجۆرە پاشخانێکی بۆ دیمەنەکە دروست کردووە.
بەڵام سەرباری ئەمانە، خەڵکی ئێران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە خەبات و رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران. وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لە پێناو گەیشتن بە رزگاری. نەک هەر لە ئێران و بۆ ئێران، بەڵکو مۆدێلێکە بۆ خەڵکانیتر. کەوایە راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە. خەڵکی ئێران تاکە رێگای بەرەو پێشەوەچوونیان، لەوەدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام بن لە راپەڕین و توندترکردنی هەوڵەکانیان. خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە توانست و پوتانیسیەلی ئەوەیان هەیە. هەربۆیە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بە هیچ شتێکێتر رازی نەبوون و نابن و بە ئیرادەن و لەسەر داواکارییەکەیان چەقبەستوون!
دیکتاتۆرییەت و دژایەتیکردنی بەدیلی جەماوەری!
بەپێچەوانەی بانگەشەی باوی ناو بازنەی فیکریی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، بە لای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە شاراوە نییە کە هەڕەشەی سەرەکی لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ە کە سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران هێزی سەرەکییە تیایدا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە، هەمیشە بە دوای ئەوەوە بووە کە بە شێوازی جۆراوجۆر، بە سات و سەودا لەگەڵ لایەنانی زلهێزی نێودەوڵەتی و بە تەرخانکردنی تێچوویەکی زۆر، هەر چۆنێک بێت پێش بەم “هێزە رووخێنەرە” سەرەکییە بگرێت و لە جووڵەی بخات، بۆ کڕینی “کات” بە مەبەستی لەسەر پێ مانەوەی دەسەڵات.
بەدیلێکی دیموکراتیک و جەماوەری!
هەرچەند کە چالاکی نێودەوڵەتی و هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماتیک لە دەرەوەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە بۆ موقاومەتی ئێران زۆر گرنگ بووە، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەت لە “ناوخۆی وڵات” نەبووە و ناتوانێت کە ببێت! هەر لەبەر ئەمەشە کە دیارترین تایبەتمەندی موقاومەتی ئێران لە چاو هێزەکانیتر، هەبوونی چالاکانە و بەرفراوانیەتی لە ناو خەڵک و لە ناو شارەکانی ئێراندا. بە واتایەکیتر، توانیویەتی رۆڵی بەرچاو و بێ بەدیلی خۆی لە راپەڕینە جەماوەرییەکانی رابردوو و بەتایبەتی لەم راپەڕینەی ئێستادا، کە لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢)وە دەستی پێکردووە، نیشان بدات و راپەڕینەکە لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیدا پێش بخات.
موقاومەتی ئێران، بە خاوەندارێتیی “ئۆرگانی بەکۆمەڵی سەرکردایەتیی راپەڕین” و “هێڵی دیپلۆماسیی شۆڕشگێڕانە”، جگە لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەر دوو لایەنی (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی) و (پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)، بۆ پەراوێزخستنی موقاومەت و کپ کردنی راپەڕینی گەل، توانیویەتی دروشمی لادەرانە و گوماناوی و ناتەواوی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان ریسوا بکات و، خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران بپارێزێت کە بریتییە لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بەم شێوەیە، پاڵنەری جیهانی هێنایە سەر خەت بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەل و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت.
موقاومەتی ئێران لەو باوەڕەدایە کە ئەم راپەڕینەی ئێستاکە، ئەگەرچی تازەترین هەڵکشانە لە زنجیرە راپەڕینەکانی دژە دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەڵام لە راستیدا بەرهەمی راپەڕینەکانیتری چوار دەیەی رابردووی ئێرانە و تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە بۆ گەل و موقاومەتی گەل. بە تایبەتی پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1367 (1988) بکرێت کە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی، بە فەتوای خومەینی و لەسەر دەستی کەسانی وەک ئیبراهیم رەئیسی (سەرۆکی ئێستای رژێمی ئێران) کۆمەڵکوژ کران و دوابەدوای ئەم تاوانەیش، بزووتنەوەی دادخوازی راگەیاندرا بۆ خوێنی ئەم شەهیدانە لەلایەن رێبەری موقاومەت، بەڕێز مەسعود رەجەوییەوە.
بزووتنەوەی دادخوازی
مەسعوود رەجەوی هەر لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژییەدا، شەپۆلێکی بەرێخست بۆ هەڵوێستەکردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی رژێم و دادخوازیی خوێنی شەهیدان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و بە ناردنی چەندین نامە و تەلەگرام بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکی زۆری لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە خستەڕوو.
لە هاوینی ساڵی 2016 خانمی مریەم رەجەوی، لە پەیامێکدا، دەربارەی بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی کۆمەڵکوژکراوی ساڵی 1367 (1988) وتی: “بزووتنەوەی دادخوازی، لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لەسەر هەموو نهێنییە شاراوەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە”. خانمی رەجەوی لەم دواییانەدا رایگەیاند: “تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا و شاردنەوە یان لەناوبردنی گۆڕی قوربانییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە، نەیتوانی وا بکات ئەو قارەمانانە فەرامۆش بکرێن. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆتایی بە پارێزبەندی ٤٠ ساڵەی سەرانی رژێمی ئاخوندی بهێنرێت. دەبێ خامنەیی، رەئیسی، ئێژەیی، و فەرماندەرانی کوشتاری لاوانی ئێران لە راپەڕینەکاندا و بە تایبەتی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێن”.
خانمی مریەم رەجەوی هەروەها رایگەیاند: بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەیەکە کە تیایدا، خوێنی شەهیدانی 1367 (1988)، ١٥٠٠ شەهیدی راپەڕینی 1398 و ٧٥٠ شەهیدی راپەڕینی ١٤٠١ بەردەوام لە جۆش و خرۆشدایە و خەڵک هان دەدات بۆ بەرخۆدان و راپەڕین و رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، کە تا رووخاندنی رژێمی ئاخوندی بەردەوام دەبێت”.
تاکە رێگا!
خەڵکی ئێران بە کردەیی گەیشتوونەتە ئەو راستییە کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و سەرکەوتن لە درێژەدانە بە راپەڕین و بەرەوپێشەوچوون بۆ رووخاندنی دەسەڵات. هەر سستی و وەستانێک، دیکتاتۆرییەت لە ئێران هارتر و دڕندەتر دەکات. بۆیە رەمزی خێراکردنی بزووتنەوەکە و گەیشتن بە سەرکەوتن، بەرەنگاربوونەوەی زیاترە لە دژی دیکتاتۆرییەت.
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم!
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم دەیانەوێت بازنەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران لە نێوان خۆیاندا رابگرن و هیچ بژاردەیەک بۆ گەل و موقاومەتی ئێران نەهێڵنەوە. ئەمە وێنەیەکە لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا زۆر جار بینیومانە. ئەگینا دەبوو زۆرجار کەیسی رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێران دابخرابا و دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران دامەزرابا.
هەر لە گەڕاندنەوەی خومەینی بۆ ئێران، تا سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆمەڵکوژکردنی ئازادیخوازان و رێگەخۆشکردن بۆ هێنانەسەرکاری خومەینی لە ئێران.
هەر لە بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی لەدژی دڕندەیی و شەڕخوازییەکانی خومەینی لە ناوچەکە، تا ئاگربەستی دەستکرد و رواڵەتی لە ژێر ناوی بڕیارنامەی ٥٩٨ لە ساڵی ١٣٦٧ (1988).
هەر لە چاوپۆشیکردن لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە هەمان ساڵدا لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتی قەزایی ویلایەتی فەقیهیەوە، تا دەگاتە سات و سەودای ئابوری و مامەڵەکردنی بێشەرمانە لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە لە چوار دەیەی رابردوودا.
هەر لە ناوزەدکردنی تیرۆریستی موقاومەتی ئێران لە وڵاتانی جیهان، تا گەمارۆدان و کۆمەڵکوژکردنی موجاهدینی خەلق لە ئەشرەف (لە عێراق) و پشتگوێ خستنی تاوانەکانی رژێمی ئێران و لایەنە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە عێراق لە دژی موقاومەتی ئێران.
هەر لە پشتگوێخستنی کارنامەی قورسی رژێمی ئێران لە بواری پێشێلکارییە زەقەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، تا کردەوەکانی ئەمدواییەیانەی رژیم لە سەردەمی راپەڕینی گەل بۆ بێدەنگکردنی راپەڕینی و داتاشینی بەدیل! لە پێناو سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا، بە رێگەی پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (شا) و بە مەبەستی کاڵکردنەوەی جێگە و پێگەی موقاومەتی ئێران و (ئۆرگانی سەرکردایەتی راپەڕین) و پەراوێزخستنی تاکە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک و جەماوەری و، بەڕێخستنی شەپۆلی بەهێزی پڕوپاگەندە و سانسۆر لە دژی موقاومەتی ئێران، لەژێر ناوی درۆزنانە و بێ بنەمای (دادوەری) و (یاسا) لە وڵاتانی ئەوروپا و…!
هەر لەبەر ئەمەشە کە موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە ئێمە هەرگیز چاومان نەبڕیوەتە کەسێک بێت و دیکتاتۆرییەت لە ئێرانمان بۆ بڕوخێنێت. داواکاری ئێمە وەک موقاومەتی ئێران ئەوە بووە بە ئێستایشەوە کە، هاوکاریی دیکتاتۆرییەت مەکەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات! رووخاندنی ئەم رژێمە، ئەرک و کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە!

دوا وشە!
کلیلی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران لە دەستی خەڵکی ئێراندایە. کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بۆ دژایەتیکردنی داخوازییەکانی گەل، بە پێچەوانی کردەی رواڵەتی و درۆزنانەیان، هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو و هاوکاری یەکتر بوون. هەربۆیە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی راست و دروست لەم پرسەدا، پێویستە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بە بینینی راستییەکان یەکڕیزی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و، لە کۆسپ و دژوارییەکانی رێگاکە نەترسن. راستییەکان زۆر لەوە دڵڕقتر و سەختترن کە هێز و لایەنەکان لە پشت بەربەستەکاندا سەنگەر لە یەکتر بگرن و کات بە فیڕۆ بدەن. چونکە راستییەکان رەحم بە هیچ هێزێک ناکەن!


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish