Skip to Content

چیرۆک\ وەرگێڕ.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

چیرۆک\ وەرگێڕ.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by نیسان 8, 2024 General, Literature



لە پێش پێشی پاسەکە دانیشتبوو و سەیری ئەو چیایە سەرکەشانەی دەوری خۆی دەکرد. هەر دوو سێ خولەک جارێک ئاوڕی لە نیکۆڵاسی هاوڕێگەی دەداوە و چیرۆکێک، بەسەرهاتێک، شتێکی بۆ دەگێڕاوە. (ئەو ئەشکەوتەی ئەولا دەبینیت؟ چەندین ئێسقانی مرۆڤی کۆنیان تیادا دۆزیوەتەوە). (ئەو تاشەبەردە گەورەی دەبینیت؟ مەزاری شێخێکی لێیە، هەتا ئێستاش خەڵکی ئەو گوندانەی دەوروبەری دەچن بۆ لای، بۆ ئەوەی داوای کوڕێکی لێ بکەن). (ئەو شاخەت دیوە، ئەو شاخە؟ دەگێڕنەوە دەڵێن کاتی خۆی پێشمەرگە زیاتر لە دوو سێ فڕۆکەیان لەسەری تێکشکاندبوو). نیکۆڵاسیش گوێی خۆی قوڵاخ کردبوو و لەگەڵ هەر زانیارییەک یان بەسەرهاتێک سەری خۆی دەلەقاند و شتێکی لە پەڕاوەکەی بەر دەستی دەنووسی.
لەو ڕۆژەوەی کە کوردۆ بۆکانی گفتی بە نیکۆڵاس داوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوەڵی و لەگەڵی بێت بۆ باشووری کوردستان، حەجمانی تێدا نەماوە. نە شەوانی لێ دەبێتە ڕۆژ و نە ڕۆژیشی بۆ دەچێتە سەر. هەر لە ڕۆژی یەکەمینەوە نەخشەیەکی تۆکمەی بۆ گەشتەکەی داڕێژتبوو. (هەر کە گەیشتمە شەقڵاوەی، تێر تێر لیچاڵی گەرازی دەخۆم). (کە گەیشتمە ڕەواندز، چەندین وێنەی دڵڕفێن لە لێواری ئەو خەرەندەی دەگرم). (ئاخ، بەس بگەمە ئەو پیرە قەڵاتەی هەولێرێ. ڕۆژ هەتا ئێوارێ لێی ڕادەمینێم. هەموو بەیانیانیش لە چایخانەی مەچکۆ، لەبن دیواری قەراتێ، تێر تێر نان و ماست و سەرتووی دەخۆم). (وەی دەنا بچووبامە بازاڕی قەیسەریی کۆیە، ڕۆژ هەتا ئێوارێ کولێرانم لێ دەخوارد). (لە سلێمانی، شاری هەڵمەت و قوربانی، یەکسەر دەچوومە سەردانی گردی سەیوانی). تا دەهات خەونەکانی کوردۆ مەخمەڵیتر و شیرینتر دەبوون.
ئەو نەیدەزانی نیکۆڵاس بۆ نیازی ئەو گەشتە دوورودرێژەی هەیە، هەر ئەوەندەی دەزانی کە ئەو کابرایە نووسەرێکی ئەوڕووپییە و چەندین چیرۆک و ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە. هەر بە ئاستەم دێتەوە یادی، کە ڕەنگە جارێک چیرۆکێکی وەرگێڕدراوی وی خوێندبێتەوە. بەڵام چەندی دەیکات و دەیکات، بیری نایەتەوە کە کەی و چی بوو. بانگەوازەکەی نیکۆڵاسی لە ماڵپەڕێک بینیبوو و سەرنجی ڕاکێشابوو. (نووسەرێکی ئەوڕووپی پێویستی بە کوردیزانێک هەیە کە لە گەشتەکەی بۆ باشووری کوردستان یاوەری بێت، نەک هەر تێچووی گەشتەکەی دەگرێتە خۆی، بەڵکوو پارەیەکی باشیشی پێ دەدات. تەنها شتێک کە لەو چاوساخەی داوای دەکات، ئەوەیە کە ببێتە وەرگێڕ و ڕێنمای).
کوردۆ هەرگیز هەلێکی وا زێڕینی لە دەست خۆی نەدەدا، هەر کە ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، پەیوەندی بە نیکۆڵاس کرد و دەستی لە کارەکەی خۆی کێشاوە. هەردەم خەونی ئەوە بوو کە سەردانی باشووری کوردستان بکات. ئەو هەرێمەی کە کوردان تیایدا میری خۆیانن. لە هەموو قوژبنێکی ئەو هەرێمە دەتوانێت کورد بێت و بە کوردی بدوێت. بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا، پێویست ناکات لەگەڵ ئەفسەرێک بە فارسی بدوێت، یان دۆسییەیەکی فەرمی بە فارسی بنووسێت. هیچ‌ گومانی لەوە نەبوو کە ئەگەر پارەی هەبووایە، ئەوا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا سەری خۆی هەڵدەگرت و لە باشوور دەگیرسایەوە.
کوردۆ نیازی گەڕانەوەی نەبوو، باولە فشەڵەکەی هەموو سەروماڵی وی تێدابوو: بڕوانامەکەی، تێزی ماستەرەکەی کە لەسەر زمانی کوردی و بنزاراوەکانی بوو، تاریک و ڕوونی هێمنی، دوو جلی نووستن، پێنج دەرپێکورت، شەش جووت گۆرەوی، دوو دەستە جلی کوردی و گیزدانێک. وای دانابوو کە سێ مانگی یەکەم لە هەولێرێ بمینێتەوە، دوایێش بیرێکی لێ بکاتەوە، ڕەنگە بچێتە دهۆکێ دەلال و چەند مانگێکیش لەوێ بەسەر ببات.
پاسەکەیان گەیشتە هەولێرێ، و لە نزیک مێوانخانەکەیان دابەزین. لەسەر داخوازی نیکۆڵاس، بەر لەوەی بچنە سەرەوە بۆ ژوورەکەی خۆیان، بەرەو چێشتخانەی مێوانخانەکە ڕۆیشتن. کوردۆ بە متمانە بەخۆبوونێکەوە چووە پێش و پرسیاری لە شاگردەکە کرد:

  • ئەرێ ناندینتان کرایتەوە؟
  • کوردی نزانی.
  • ناندین، نان، خواردن، هەیە؟
  • کوردی نزانی، عەرەبی، عەرەبی؟
  • ئەمن عەرەبی نازانم، نان، نان، عەمنەم، هەیە؟
  • عەرەبی، عەرەبی؟
  • کەسێکتان هەیە لێرە ئیش بکات و کوردی بزانێت؟
  • عەرەبی، ئینگلیش؟
    نیکۆڵاس، کە گوێی لە ئینگلیش بوو، بە ئینگلیزی پێی گوت کە هاتوون نانی بخۆن. شاگردەکەش ئەوانی دانیشاند، و دوو لیستی خواردنی لەپێش دانان. کوردۆ سەیری لیستەکەی بەردەمی کرد، و هیچی لێ تێنەگەیشت، نیوەی بە عەرەبی، و نیوەکەی تریش بە ئینگلیزی بوو. ڕووی لە نیکۆڵاس کرد و بەشەرمەوە داوای لێ کرد تا بۆی وەربگێڕێتە سەر زمانی فارسی.

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی


1- لیچاڵ:‌ مڕەبا – مربی
2- مێوانخانە: هۆتێل، فندق
3- ناندین:‌ مەتبەخ

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish