داگیرکاریی بێ دەنگ: چۆن ڕای گشتی ئەلیکترۆنی دەکەوێتە ژێر جڵەوی چەواشەکردنی میدیاییەوە؟.. کارزان عزیز
لە سەردەمێکدا دەژین کە سنوورە فیزیاییەکان کاڵ بوونەتەوە و گۆی زەوی بە تۆرێکی مەزنی دیجیتاڵی پێك بەستراوە، مرۆڤی سەردەم بەردەوام لە ژێر بۆردومانی زانیاریدایە. لێشاوی زانیاری، کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە ڕۆژانە دەگاتە دەستمان، تەنها ئامرازێک نییە بۆ زانیاری گەیاندن، بەڵکو بووەتە گەورەترین ئامرازی ئاراستەکردن، شێواندن و کۆنتڕۆڵکردنی مێشکەکان. لەم ناوەندەدا، ڕای گشتی ئەلیکترۆنی و چەواشەکردنی میدیایی بوونەتە دوو چەمکی پێکەوەبەستراو کە چارەنووسی کۆمەڵگەکان، ئاراستەی سیاسەت و تەنانەت بڕیارە تاکەکەسییەکانیش یەکلا دەکەنەوە، بە جۆرێک کە تێگەیشتن لەم دیاردەیە بۆ هەر کەسێک کە بکوێتە ناو جیهانی نووسین و ڕاگەیاندنەوە گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە.
پێشتر ڕای گشتی بریتی بوو لە کۆمەڵێک بۆچوون کە لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەکان، چاپەمەنی کلاسیکی و ناوەندە فەرمییەکانەوە دروست دەبوون و پرۆسەیەکی خاو و سنووردار بوون کە کاتی دەویست تاوەکو بابەتێک گەرم دەبغ یان سارد دەبووەوە. بەڵام لە جیهانی ئێستادا، ڕای گشتی ئەلیکترۆنی لە چرکەساتێکدا لەدایک دەبێت، گەشە دەکات و دەگۆڕێت و لە پڕێکدا دەبێتە بابەتێکی ڕۆژ. پلاتفۆرمەکانی وەکو فەیسبوک، تێلگرام، ئێکس و تیکتۆک ئەمڕۆ بوونەتە مەیدانی سەرەکی کە تێیدا بڕیار لەسەر ڕووداوەکان دەدرێت و کێبڕکێ لەسەر سەرنجی بەکاربەران دەکرێت. ئەم جۆرە لە ڕای گشتی خاوەنی خێراییەکی سەرسوڕهێنەرە و هیچ سنوورێکی جوگرافی شک نابات، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر ناسک و خێرا هەڵخەڵەتێنەریشە. لەبەر ئەوەی بە هاوکێشەی سۆزداری و خێرایی بەڕێوەدەچێت نەک عەقڵانییەت و لێکۆڵینەوەی قووڵ، زۆر جار دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ئاراستەی گشتی کۆمەڵگە بەرەو لایەنێکی دیاریکراو ڕابکێشن.
چەواشەکردنی میدیایی پرۆسەیەکی هەڕەمەکی و بێ مەبەست نییە، بەڵکو زانستێکی پێشکەوتووە کە پشت بە دەروونناسی جەماوەری، داتای گەورە و تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەبەستێت. ئامانجی سەرەکی لەم کارە، شێواندنی ڕاستییەکانە بۆ بەرژەوەندی گرووپێک، پارتێک یان هێزێکی سیاسی و ئابوری. لە فضای ئەلیکترۆنیدا، ئەمە بە چەند ڕێگەباسێک ئەنجام دەدرێت؛ لەوانە بەکارهێنانی سوپاکانی فیت و ئەکاونتی وەهمی بۆ گەورەکردنی بابەتی لاوەکی یان سەرکوتکردنی ڕاستییەکان، دروستکردنی ژینگەی قەفەسی زانیاری و ئەلگۆریتمە داخراوەکان کە تەنها باوەڕەکانی پێشووت ئاراستە دەکەن بۆ ئەوەی هەرگیز ڕای جیاواز نەبینیت، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و دیپفەیک بۆ دروستکردنی لێدوان و ڤیدیۆی ساختە کە جیاکردنەوەی ڕاستی لە درۆ زەحمەت دەکات و وای لێدەکات مرۆڤ لە ڕاستیەکان گومانی هەبێت.
کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە تەنها لە سنووری هەواڵێکی هەڵەدا نەماونەتەوە، بەڵکو قووڵایی کۆمەڵگەیان تەنیوە و دەبنە هۆی شکستی متمانەی گشتی بە دامەزراوە و میدیا پیشەیییەکان. کاتێک هاووڵاتی بۆی دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو شتانەی وەک ڕاستی پێیان فرۆشراون فێڵ بوون، دەرگا بۆ بێسەروبەری فکری و جەمسەرگیرکردنی توندی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە. کۆمەڵگەکان دابەش دەبن بۆ بەرەی دژبەیەکی توندڕەو، کە تیایدا گفتوگۆی لۆژیکی جێگەی سووکایەتی و ڕق و کینەی ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە، و لە ئەنجامدا سیاسەت و بڕیارە ئابورییەکان لەژێر کاریگەریی هەڵمەتی دروستکراوی ئەلیکترۆنیدا دەسووڕێنەوە نەک زانیاری ڕاست و بەرژەوەندی گشتی.
بۆ ئەوەی ڕای گشتی نەبێتە دیلی دەستی فێڵبازە میدیاییەکان، کۆمەڵگە پێویستی بە هەنگاوی جددی و هۆشیارییەکی فراوان هەیە، وەک گەشەپێدانی هۆشیاری میدیایی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەیی و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە تاکوو تاکەکان فێر ببن سەرچاوەی هەواڵ هەڵسەنگێنن. هاوکات پشتبەستن بە دەزگا تایبەتمەندەکانی پشکنینی ڕاستییەکان و پابەندبوونی میدیاکارە ڕاستەقینەکان بە بنەما و ئەخلاقیاتی پیشەییەوە، تاکە ڕێگەن بۆ ڕێگریکردن لە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکدا.
لە جیهانێکدا کە زانیاری بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەگۆڕێت و مێشکەکان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی شێواندندان، زانست، دیراسەتە وردەکان و بەهێزکردنی بنەماکانی لۆژیک دەبنە قەڵایەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی ماف و ئازادییە مرۆییەکان. هەر بۆیە پێویستە دامەزراوە پەروەردەیییەکان پلانێکی تۆکمە دابڕێژن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەک کە نەک تەنها بەکارهێنەری ئاسایی تەکنەلۆژیا بن، بەڵکو ڕەخنەگر و لێکۆڵەری کارای ناو پلاتفۆرمەکان بن، بە جۆرێک توانای هەڵسەنگاندن و فلتەرکردنی زانیارییە ژەهراوییەکانیان هەبێت، چونکە بێدەنگبوون یان پشتگوێخستنی ئەم مەترسییە مانای ڕادەستکردنی چارەنووسی گشتییە بە گروپ و هێزگەلێک کە تەنها بەرژەوەندی تەسک لە بەرچاو دەگرن و بنەماکانی پێکەوەژیان و ئارامی کۆمەڵایەتی لەکەدار دەکەن.
ئەنجام
ڕای گشتی ئەلیکترۆنی هێزێکی بێوێنەیە، ئەگەر بە هۆشیارییەوە ئاراستە بکرێت دەبێتە پردی گەشەپێدان و چاودێریکردنی دەسەڵاتەکان، بەڵام ئەگەر بکەوێتە ژێر جڵەوی چەواشەکردنی میدیاییەوە، دەگۆڕێت بۆ چەکێکی کوشندە کە بنەمای پێکەوەژیان و متمانەی کۆمەڵایەتی وێران دەکات. هۆشیاری تاک و ڕەتکردنەوەی بەدواداچوونی کوێرانەی پەیامەکان، تاکە قەڵایە بۆ پاراستنی مێشک و ئازادییەکانمان لەم سەردەمە دیجیتاڵییەدا کە تێیدا زانیاری بووەتە کاڵایەکی خێرا بۆ گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە، و پاراستنی سەربەخۆیی فکری کۆمەڵگە لەسەر شانی تاک بە تاکی ڕۆشنبیران و ناوەندە زانستییەکان هەڵوەستەیەکی مێژوویی و نیشتمانییە.
کارزان عزیز

