
مه‌رگ وشوناسی نه‌مریبوون … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
ڕانانێك بۆ كتێبی دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی
زۆرن ئه‌و مرۆڤانه‌ی،كه‌له دوای مه‌رگیان نه‌مر ده‌بن وشوناسی مانه‌وه و نه‌مری وه‌رده‌گرن.ئه‌م جۆره مرۆڤانه، له بری ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌یان له ژیان نه‌مریان بكات،ئه‌وا چیڕۆكی مه‌رگ و مردنیان ده‌بێته شوناسێك بۆ هه‌میشه مانه‌وه‌یان به زیندوویی له یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا.ئه‌مه به‌و مانایه نییه، هه‌موو مردنێك وێستگه‌یه‌ك بێت بۆ نه‌مریبوون، چونكه كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له ژیان و دوای ژیانیش، له په‌راوێزی مێژوودان.به‌ڵكو نه‌مریبوون به‌و مانایه‌ی ژیانی ئه‌وان له مه‌رگییانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.ئیدی ئه‌وان به ڕوح، به مێژوو، به داهێنانه‌كانییان هه‌میشه له نێو ئێمه‌دان، با به جه‌سته‌ش ونبن.یه‌كێكیش له‌و مرۆڤه نه‌مرانه، نووسه‌ری شه‌هید(دڵشاد مه‌ریوانی)یه.
بێگومان ئه‌م ناوه، ناوێكی دیار‌و ئاشنایه له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی ولای هه‌موومان. نووسه‌رێك كه ژیان و نووسینه‌كانی، یاخیبوون بوون له دژی ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕان به دوای سه‌ربه‌ستی و ئازادی. مرۆڤێك، تینووی ئازادی وسه‌ربه‌خۆیی، هه‌ربۆیه‌شه دواجار به‌ده‌ستی فاشییه به‌عسییه‌كانه‌وه، له سێداره ده‌درێت. چیڕۆكی ژیانی ئه‌م نه‌مره، لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات.كتێبی(دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی) هه‌وڵێكی دیكه‌یه، له پێناو ناساندنی ئه‌زموونی ئه‌م نووسه‌ره شه‌هیده، كه نووسه‌رێكی فره به‌هره بووه‌وه له چه‌ندین ژانری ئه‌ده‌بییه‌وه، ده‌قی نووسیوه. ئه‌م كتێبه، له چه‌ند باسێكی سه‌ربه‌خۆ پێكهاتووه. له باسی یه‌كه‌مدا، نووسه‌ری كتێبه‌كه دیدو هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسه‌رانی كوردی له باره‌ی ئه‌زموونی نووسینی مه‌ریوانییه‌وه خستۆته ڕوو. كه هه‌موویان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه مه‌ریوانی، نووسه‌رێكی فره به‌هره بووه‌وه له‌یه‌ك كاتدا، شیعر‌و چیڕۆك و ڕۆمان و شانۆنامه و لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیشی نووسیوه. به تایبه‌تیش تێڕوانینی خۆی له باره‌ی چیڕۆكی كوردییه‌وه خستۆته روو له ڕووی مێژووییه‌وه. باسی دووه‌م، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه له باره‌ی ڕه‌گه‌زی ناونیشان له چیڕۆكه‌كانی مه‌ریوانیدا. كه له یه‌ك كاتدا، ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی جۆراوجۆرن و هه‌ندێكییان نوێن و هه‌ندێكیشیان ئاسایی و كۆن. وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كه مه‌ریوانی هه‌موو جۆره‌كانی ناونیشانی كردۆته تایتلی ده‌قه‌كانی.ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا ناونیشانی(پیشه‌ییگیانه‌وه‌رانئامێردره‌ختناوكاتشوێن)ی كردۆته ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی. ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی كه ناونیشان، وه‌ك ده‌سپێك و یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی به یه‌كه‌وه گرێدانی خوێنه‌ر به ده‌قه‌وه، بایه‌خێكی زۆری لای ئه‌و هه‌بووه.بۆ هه‌ریه‌ك له‌و ناونیشانانه‌ش، نووسه‌ری كتێبه‌كه، نموونه‌یه‌كی ڕاڤه‌كراوی هێناوه‌ته‌وه. ئه‌م هه‌مه جۆریه له ناونیشان، ئاماژه‌یه‌كه بۆ دنیابینی فراوانی مه‌ریوانی له بواری نووسینی چیڕۆكدا. كه مه‌به‌ستی بووه، هه‌موو بابه‌تێك له چیڕۆكدا به‌رجه‌سته بكات. له باسێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر ئاماژه به سیماكانی نوێخوازی چیڕۆك لای ئه‌و نووسه‌ره شه‌هیده ده‌كات و بڕوای وایه،كه چیڕۆكنووس له میانه‌ی ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی له چیڕۆكه‌كانیدا به‌كاری هێناون،توانیویه‌تی چیڕۆكی كوردی له فۆڕمی مۆپاسانی ده‌ربهێنێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه گرنگی زۆری به كورتبڕی و چڕكردنه‌وه‌ی وێنه و زمان، ڕه‌مزو زمانی ناڕاسته وخۆ،كۆتایی كراوه داوه. كه ئه‌م سیما هونه‌رییانه،به‌شێكن له هونه‌ری چیڕۆكی نوێی كوردی. وێرای ئه‌مه‌ش مه‌ریوانی، دووجۆر له ته‌كنیكی دیكه‌ی له چیڕۆكه‌كانیدا خستۆته كه ڕوو كه پێشتر نه‌بوونه، ئه‌وانیش تێكهه‌ڵكێشكردنی شیعر‌و چیڕۆك به‌یه‌كه‌وه، هاوكات ته‌كنیكی دانانی بۆشایی، كه هزری خوێنه‌ر له به‌رده‌م پرسیار‌و ڕامان ڕاده‌گرێت.
مه‌ریوانی مه‌به‌ستی بووه چیڕۆكه‌كانی پرسیار لای خوێنه‌ر دروست بكه‌ن وبچێته نێو دنیابینی شاراوه‌ی چیڕۆكه‌كانه‌وه. به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كتێبه، كه به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ی سێزده چیڕۆكی ئه‌و نووسه‌ره‌یه كه له كۆبه‌رهه‌می چیڕۆكه‌كانیدا نین. به‌مه‌ش ده‌كرێ بڵێین ئه‌وه‌ی پێشتر كۆكراونه‌ته‌وه له چیڕۆكه‌كانی، ناتوانرێت ناوی كۆچیڕۆكی لێ بنرێت. چونكه ناكرێت كۆ به‌رهه‌م بێت و به‌ڵام چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی تێدا نه‌بێت. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌م سێزده چیڕۆكه، له چیڕۆكه هه‌ره جوان و پڕماناكانی دڵشاد مه‌ریوانین، كه‌ناكرێت له كۆچیڕۆكه‌كانیدا نه‌بن. ئه‌م چیڕۆكانه، دنیابینییه‌ك كۆیان ده‌كاته كه ئه‌ویش مرۆڤدۆستی و هاتنه‌وه به‌گژ جیاوازی چینایه‌تی و كاركردنه له پێناو دنیایێكی یه‌كساندا. كه مرۆڤه‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌ك هاوماف و هاوژیان و هاو سه‌ربه‌ستی بن.
خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و چیڕۆكانه ده‌خوێنێته‌وه، كه زۆرینه‌یان له دوای شكستی شۆڕشی كورد له هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسراون، ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌م نووسه‌ره شه‌هیده، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕوای به مردن و له سێداره‌دان له پێناو وشه‌ی ئازاد و مرۆڤی ئازاد و نه‌ته‌وه‌ی ئازاد هه‌بووه. چونكه له ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چیڕۆكانه‌دا، زۆر به ڕاشكاویی، به‌گژ ئه‌قڵی فاشییانه‌ی به‌عس و ئه‌وسته‌مه سیاسییه دادێته‌وه،كه له مرۆڤ ده‌كرێت. مه‌ریوانی، چونكه هه‌ڵگری بیرێكی سۆسیالیزمی بووه، ئیدی مرۆڤ ده‌كاته چه‌قی چیڕۆكه‌كان و له خه‌م و ئازاره‌كانی ده‌دوێت. له چیڕۆكی ڕۆژانی ژیانمدا،كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه له شێوه‌ی شووشه عه‌ترێك خۆی ده‌رده‌خات. هه‌موو ڕۆژێك قوتابییه‌كی ته‌مه‌ن هه‌ڤده ساڵی هه‌ژار دێت و به‌دیار جامخانه‌كه‌وه ده‌ڕوانێته (پاترا)، وه‌لێ پاره‌ی نێو گیرفانی، به‌شی ئه‌وه ناكات عه‌تره‌كه بكڕێت.عه‌تره‌كه‌ش نایه‌وێت كه‌سانێك بیكڕن كه زه‌نگینن.ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری له نێوان مرۆڤه‌كاندا، كه مه‌ریوانی ڕه‌خنه‌ی ده‌كات.
له چیڕۆكی گره‌وه‌ی ئینجانه ده‌ڵێت:(نانه‌واكانی هه‌موولایه‌ك یه‌ك بگرن،با ته‌نووره‌كان دابه‌ش بكه‌ین). بێگومان هه‌موومان ده‌زانین كه نانه‌واچییه‌كان، له چ چینێكی كۆمه‌ڵگه‌ن، هاوكات، ته‌نوور كه ئامرازی دروست كردنی نانه، كاتێ دابه‌ش ده‌كرێت، به مانای ئه‌وه دێت هه‌مووان وه‌ك یه‌ك ده‌بین و یه‌كسان ده‌بین. نانه‌واكان یه‌كگرن،دروست ئه‌و دروشمه‌یه كه ده‌ڵێت_(كرێكارانی جیهان یه‌كگرن!).له چیڕۆكی ڤاڵیۆمدا، چیڕۆكنووس له چاوه‌ڕوانی هاتنی فریادره‌سێكدایه، كه كارگه‌ی نارنجۆكه‌كان بكات به كارگه‌ی بووكه شووشه، ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌كه بۆ نه‌مانی شه‌ڕو ئاشووب له ژیانی مرۆڤدا.له چیڕۆكی چونكه‌كانیشدا، مه‌ریوانی زۆر به‌ڕاشكاویی، به زمانێكی ڕه‌مزئامێز، ڕه‌خنه له ڕژێم و كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌گرێت. جارێكی دیكه به گژ ئه‌قڵی جیاوازیی چینایه‌تی و پله‌به‌ندی مرۆڤدا دێته‌وه، له ژێر ناوی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی.
كاتێ داوا له مامۆستایان ده‌كرێت، كه هێمای زانست و فێربوونن، ڕێزی پێشه‌وه بۆ پیاوه گه‌وره‌كان چۆڵبكه‌ن. لێره‌وه‌ش نووسه‌ر ڕه‌خنه له‌و ئه‌قڵه دواكه‌وتووه ده‌گرێت، كه پێی وایه شتێك هه‌یه به ناوی مرۆڤی گه‌وره و مرۆڤی بچووك.پێگه‌ی مامۆستا‌و په‌روه‌رده، لای ده‌سه‌ڵاتێك نیشان ده‌دات، كه بڕوای به مرۆڤی گه‌وره و مرۆڤی بچووك هه‌یه.كه ڕێزی زانست و خوێنده‌واری لا نییه. به‌ڵكو ته‌نها،ئه‌وانه‌ی به‌لاوه گرنگن، كه‌له خزمه‌ت ئایدیا فاشییه‌كه‌ی دایه. له چیڕۆكی هه‌ڵوێستی جوتیارێكیشدا، باس له‌و هه‌ڵوێسته مرۆڤدۆستییه ده‌كات،كاتێ جوتیاره‌كه ده‌ینوێنێت. شوفێرێك كوڕی جوتیاره‌كه ده‌شێلێت و ده‌یكوژێت، كه‌چی باوكی منداڵه‌كه، له هه‌ڵوێستێكی جوان و مرۆڤدۆستانه‌دا، شوفێره‌كه ده‌به‌خشێت و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر نابێت.لێره‌وه‌ش چیڕۆكنووس ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ده‌بێ لێبوورده و به‌خشنده بین. هه‌رگیز بیرله تۆڵه سه‌ندنه‌وه نه‌كه‌ینه‌وه، چونكه دواجار هه‌موومان هه‌ر مرۆڤین. ناكرێت وه‌ڵامی خوێن به خوێن بده‌ینه‌وه.
به‌گشتی فه‌زای ئه‌و سیانزه چیڕۆكه،فه‌زایه‌كه كه تیایدا مرۆڤ چه‌قی باسه‌كانه.چیڕۆكه‌كان ڕه‌هه‌ندێكی مرۆڤدۆستییان هه‌یه، كه باس له جیاوازی چینایه‌تی وپێگه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ن. ڕه‌خنه له‌و ئه‌قڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدۆلۆژییه ده‌گرێت، كه بڕوای به پله به‌ندی مرۆڤ و جیاوازی چینایه‌تی هه‌یه. دژی ئه‌و تێڕوانینه ده‌وستێته‌وه، كه مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتی پله یه‌ك و پله دوو ده‌بینێت. له‌و چیڕۆكانه‌دا، ڕه‌خنه له‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌گرێت، كه ئازادی وسه‌ربه‌ستی،ژیانێكی شكۆمه‌ندانه و مرۆڤانه به مرۆڤ ڕه‌وا نابینێت. ڕه‌خنه‌گرتنێك كه دواجار له پێناویدا ژیانی خۆی كرده قوربانی و ته‌رمه‌كه‌شی نه‌دۆزرایه‌وه. به‌مه‌ش ئه‌و مرۆڤه كه‌ڵه‌گه‌ته، به جه‌سته ونبوو، وه‌لێ به ڕوح ، به مێژوو، به نووسینه‌كانی هه‌میشه له نێوماندایه.له كۆتاییدا ده‌ست خۆشانه له نووسه‌ری كتێبه‌كه برای چیڕۆكنووس و لێكۆڵه‌ر(سابیرڕه‌شید) ده‌كه‌م. ئه‌م نووسه‌ره، چه‌ند ساڵێكه وه‌ك سه‌ربازێكی ون، شانی داوه‌ته به‌ر كۆكردنه‌وه و نووسینه‌وه و به ئه‌رشیفكردنی مێژووی چیڕۆكی كوردی. كارێك كه له ڕاستیدا ئه‌ركی ده‌زگاو ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ییه، وه‌لێ له غیابی ئه‌واندا، بێگومان ده‌بێ كه‌سانی وه‌ك ئه‌و بیكه‌ن. كه دواجار كاره‌كه‌یان و خۆشیان ناویان ده‌چێته مێژوو، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین شانازییه بۆ خۆیان و ئه‌ده‌به‌كه‌شیان…
*په‌راوێز:ناوی كتێب،دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی،نووسینی:سابیر ڕه‌شید،پڕۆژه‌ی كتێبخانه‌ی چیڕۆكی كوردی_زنجیره 4،ساڵی چاپ 2019….
*ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی(ڕێگای كوردستان)ژماره(1210)ی ڕۆژی 3/3/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه…