دوو هۆنراوە بۆ باوکم و کۆترەکانی پاییز.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
پاییزوکۆترەکانم
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لای من جوانن وەرزەکان
هەریەک ڕەنگێک دەهێێنن
بەبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان
چەند جوان؟خۆیان دەنوێنن..
من پاییزم لاجوانە
هەرچەند وەرزی خەزانە
فەرشی گەڵا ڕادەخات
لەژێر ئەو درەختانە.
پاییز دنیا سارد دەبێت
چاوم لە کۆترەکانە
چیلکەو گەڵا دەهێنن
بۆ گەرمیی ناو هێلانە
منیش دانیان بۆدەبەم
دەفڕن دێنە سەرشانم
گەنمیان بۆ ڕۆ دەکەم
تا تێربن کۆترەکانم ..
۲۳ـ۱۰ـ ۲۰۲٤چوارشەممە
بیرتدەکەم.. بۆ باوکم..
بو بەساڵێک ، تۆ بێدەنگی و
منیش گوێی خۆم هەڵخستووە.
زۆر تامەزرۆی وشەیەکم
لەزارتەوە ، نەمبیستووە.
بو بەساڵێک هەرنەهاتی
چاوەڕوانیت بەئازارە
بیرتدەکەم ،بەڵام چیبکەم؟
کۆچت ، مەرگەو دوادیدارە..
بو بە ساڵێک ،حەزمدەکرد
چاوم کەوێت بەڕوخسارت
گوێم کەیلکەی بەدەنگی خۆت
شاگەشکەبم ،بەدیدارت.
تۆ کەی وا بوی ؟ کەی دڵڕەقبوی؟
وابڕۆیت و نەیەیتەوە.؟؟!
دڵم دەڵێ بۆیە واتکرد .
تا خۆتم لەبیربەیتەوە..
نا..ئازیزم،سیما و شێوەت
بۆهەمیشە لەچاومایە
دەنگ و سۆزی میهرەبانیت
لەگەڵ شنەی ڕۆحمدایە.
بەڕۆشتنت ،لەیادناچیت
من بیر لەتۆ دەکەمەوە
بەیادەکانت ،سەبوری
ئەم دڵەی خۆم دەدەمەوە..
۲۹ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ هەینی

