Skip to Content

بەنێو تاریکیدا هاتن!.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەنێو تاریکیدا هاتن!.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ته‌مموز 11, 2023 General, Poems

نامۆ بە ترووسکە و جوانی
شەپۆڵ شەپۆڵ، شەمشەمەکوێرەکان هاتن
بەنێو تاریکیدا هاتن!
بەنێو توولەڕێگەکانی نووتەکستانی ژین هاتن
بە شمشێری نەزانین و بە فیشەکی ناوشیاری
سەری ترووسکەی ئومێدی چراکانی داهاتوو ڕووناک ئەبڕن
بەنێو توونێڵی تاریکی مێشک شۆرینەوە هاتن
هیچ کەسێکیان ئامادە نین ببن بە گوڵ
ببن بە خەون
ببن بە ڕەنگی بەهار و
ببن بە شادی ژیان و
ببن بە سێبەری جوانی
هیچ کەسێکیان ئامادە نین بێن لەڕاستەڕێی عەقڵدا
ببن بە گۆرانی و ئاوازیان لێبڕژێ
ببن بە خەندە و ژیانیان تیا شەپۆڵدا
ببن بە خۆشەویستی نێوان مرۆڤ و
بەفڕینی باڵندەکانی بەشمەینەتی و ستەم و ژان.
هاتن بەنێو تاریکیدا؛ دەم بەهاوار، مەرگهێنەر پەلە هاتن
جوانی ژینیان لەژێر کەوشی نەزانی؛ پلیشانەوە
ژنیان لە ڕەگی ئینسانی خۆی سەندەوە
داریان خستە ژێرباڵی خەونە جوانەکان
بزە و پێکەنینەکانیان شاربەدەر کرد
پیاسەکانی ئێوارانیشیان خستە نێو تەلبەندی حەرام و حەڵاڵی دەم ئیمام و بانگخوازەکان.
هاتن دوو هێڵی یەکتربڕ (X) وەکو نیشانەی مورتەدی
دایان بەسەر وێنە و شانۆ و
گۆرانی و هەڵپەڕکێ و
کاری ژن و کچ و
دایان بەسەر زانست و پێشڕەوفتی و
هەرچی زەوق و سەفا و ئاهەنگ هەیە
هەر بە قولابی حەرام و حەڵاڵی دەم بانگخوازەکان
ماسی خەون و ئومێدەکان ڕاو دەکەن و
هەتاوەکان لە خمخانە هەڵدەکێشن و
گۆی زەوی باڵا پۆش دەکەن
سێبەرەکانی خۆشنوودی و کامەرانی دەسووتێنن
گەر بتوانن ژیان یەکپارچە دەکەنە تاریکوڵسەڵاتی غەدر و
شیعر و سەما لە دار دەدەن
هاتن هەتا ژیان بگێڕنەوە دوواوە
بێئاگا لەوەی باوەڕی ئێکسپایەری تاریکی
چواردە سەدەیەیە سوواوە

٢٨-٦-٢٠٢٣

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish