پشیلە کەمانچەژەنەکە.. نوسینی/ خالد حەیدەر.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
پشیلەکە دارستانەکەی بەجێهێشت و بەرەو پارکێکی نزیک بەڕێکەوت . کاتێک گەیشتە ئەوێ، دەستیکرد بە پیاسەکردن، لەپڕ چاوی بە کەمانچەیەک کەوت کە خاوەنەکەی لەسەر یەکێک لە کورسییەکان بەجێی هێشتبوو.
پشیلەکە زۆردڵی خۆشبوو، کەمانچەکەی هەڵگرت و بە سەرسامییەوە سەیریدەکرد؛ جارێک بە دەستەکانی یاری بە ژێیەکانی دەکرد و جارێکیتر کەوانەکەی بەسەردا دەهێنا. لەبەر زۆری سەرسامبوونی بە ئامێرەکە، بە خێرایی هەڵیگرت و گەڕایەوە بۆ ناو دارستانەکە.
پاش ئەوەی گەیشتەوە، دەستیکرد بە ژەنین لەبەردەم پڵنگەکەدا . پڵنگەکە توڕە بوو کەمانچەکەی لێ دوور خستەوە. پاشان پشیلەکە خۆی لەبەردەم کەروێشکێکدا بینییەوە و بۆی ژەنی، بەڵام کەروێشکەکە گوێچکەکانی خۆی گرت!
پشیلەکە خەمبار بوو چونکە کەس بە ژەنینەکەی سەرسام نەبوو. پاشان بەرەو شوێنێکی ئارام ڕۆیشت کە دارێکی گەورەی لێبوو و چەندین باڵندەی وەک بولبول و کەناری و فنس و خورماخۆرەی لەسەر نیشتبووەوە. ئەم باڵندانە دەستیان کرد بە خوێندن بە دەنگە خۆشەکانیان، سەرەتا بە تەنیا و دواتر بە کۆمەڵ.
ئاوازەکەیان زۆر دڵنشین بوو و سەرنجی پشیلەکەی ڕاکێشا، ئەویش لای خۆیەوە هەوڵیدا ئەو نەغمە ناسکانەی کە دەیبیست بیژەنێتەوە. لە ئەنجامدا پارچە مۆسیقایەکی زۆر جوان و نایابی لێدەرچوو. هەر کە تەواو بوو، گوێی لە چەپڵەڕێزانی ئاژەڵەکان بوو کە داوایان لێ دەکرد جارێکی تر بۆیان بژەنێتەوە.
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

