Skip to Content

چەمەرییەکانی من … فەرەیدوون سامان

چەمەرییەکانی من … فەرەیدوون سامان

Closed
by ته‌مموز 15, 2020 General, Poems

زیخەڵانە ھەواری ئەم پیرە درەختە کڵۆڵە
کە لە بەری وشکبووی پەلکە گیاکان
چەندین وەرز
چەندین ساڵ
ھەر خوێنە بەرگی گەڵاکان،
درەختەو سێبەری بۆ خۆی نییە
لە ڕِەگەکانی ھەڵگەڕِاوەتەوە
من نەمزانی
ئاخۆ رەگەکان لە رەگەزی بەرد بوون
تا گەڵاکانی
تەرم ئاسا بێناز ھەڵوەرن…
لە پاڵ ئەو سێبەرە سوورانەش
چەندین خەرمانەی تەرمی زیندوو
لە نێو شەپۆلی گڕِێکی ھەڵچوودا
لە ئاویلکەدان بێ…
ِِِِ
درەختەکان چوونەوە نێو ئینجانەی فەرامۆشی
پردەکان بەسەر رووبارەکانەوە رووخان
کۆترەکان مۆمیاکران
لە نێو ھێلانەی دڕِکندا
خەونی فڕینیان
بۆ باڵندەکانی دارستان شیکردەوە
لە نێو قەدی کلۆری ئەو درەختانە
ھێلکە زێڕینەکان
بێچووە ماری لێ ترووکا
مارەکانیش باڵی داڵیان لێ ڕوا،

ئەو شەوانەی قەَلای ئەو مێردانە بوون
تەمەنی درێژی نامۆبوونیان
لە بەردەم ھەتاوی خۆشبەختی راکشاند…
لە خولانەوە و
ھەڵاتن
ئاوابوونی خۆر
شەربەتی جاویدانیان نۆشی و
بە دیداری تیشکەکان
شاد نەبوون…

قودسییەتی مردن بوو
گۆرانییان بۆ پێشوازی تەڕِیِ باران چڕِی و
بەر لە داکردن
وشکبوونەوە،

بەرەبەیانی وڵاتی زیخەڵانە
یان واڵاکردنی گرێ ئاڵۆزەکانی دەروونی
ئەو مێردانەی
بە چاوی خۆیان
مەرگی درەخت و
کۆترو
سووتانی
ھێلانەکانیان بینی
بە سۆزی گۆرانییەکی ئاوارە
لە گەرووی خوێناوی ئاواز
بە ماچی ژەھر
زەردەخەنەی سەراب
چەمەرییان گێڕا
بۆ سەفەری
سەختی ئەو رێبوارانەی
کە لە زنار و لوتکەکان یاخی بوون
لە سۆزی ئەو عیشقە نامۆییەی
توڕەیی تەورەکانی ھێور دەکردەوە
سروودیان بۆ قات و قڕی باران دەچڕی
گڕە ھەڵایساوەکانی ئاگرستانی کینەیان
خامۆش دەکرد
بوون بە ھەتوانی برینی ئاوێنە شکاوەکانی ئاسۆ
سیمای تەڵخی رۆژگاریان سڕییەوە،

نزاو پاڕانەوەی دەستێکی شەکەت بوون
بەدوورایی و
پانتایی
تکای نیگاکان
چەمەرییان گێڕا…

چەمەری وڵاتی زیخەڵانە
بەدرێژایی راکشانی
لە سەر شۆستەی ئازارەکان
سێبەری پیرۆزی
بە سەر ھەواری ئەو درەختە کڵۆلە پەرت کردەوە
رۆیشتن
ئەوانیش
سێبەریان نەبوو…

فەرەیدوون سامان
ئابی ١٩٩٦
کەمپی قەمتەران-پیرانشار

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish