Skip to Content

مانیفێستی عەشق… بەشی دەیەم …تێکست: ستیڤان شەمزینی

مانیفێستی عەشق… بەشی دەیەم …تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 15, 2020 General, Poems

لەو دووری دوورەوە گۆرانییەکی نامۆ بچڕە
تا من لە نزیکی عەشقی خۆمی تیا ببینمەوە


حکایەتێک هەیە نەنکم لە مناڵیا بۆی گێڕاومەتەوە
تۆ دەبیت بە مرواری و لە دڵی دەریادا ئەتدۆزمەوە


جارێک بە بەردەم چاڵە دۆزەخییەکانی دڵما گوزەر بکە
تاکو بە یەک نەرمە نیگات ببێتە باخچەکانی عەدەن


ئێوارەیەک لە دوورگەی ئەوین بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێت دەبم
بۆ ئەوەی شەوێکی بەهەشتی لە باخەکانی عەشق بەسەر ببەین


لەم خامۆشیی و کپبوونەی مەملەکەتی دڵتا
هاتووم وەک کەنارییەک گۆرانی ئەوینت بۆ بڵێم


هەمیشە لێم دڵنیابە بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆم
تەنها شارەزای ئەو رێیەم بۆ لای تۆم دەهێنێتەوە


تۆ هەر تەنها بۆ یەک جار بڵێ خۆشم ئەوێی
من لە قامووسا هەزاران مانای بۆ ئەدۆزمەوە


هەر چەند دەریایەکی بێ ئۆقرە و نائارامیت
بە کەشتییە چارۆگەدارەکانەوە خۆمت لێ ئەدەم


کاتێک من و تۆ لە کوچەی ئەویندا بە یەک دەگەین
سەراپای گیانی یەکتر لە شیلەی ماچ هەڵدەکێشین


یەک کاس شەراب لە مەرکانەی عەشقی من بنۆشە
بزانە چ مەستییەکی جاویدانی ئەتگرێتە خۆی


هەر لەم چرکەوە دوو باڵ بۆ فڕین ئامادە بکە
ئەوەتا ئاسمانی خۆشەویستی هاتۆتە پێشوازیمان


قومێ ئاوی سازگار لە تاڤگەی ئەوینت ئەخۆمەوە
تاکو زمانم لە شیعرێکی تردا بۆ جوانیت بپژێ


ئەزانی دەنگت وەک گمەی کۆتر لە گوێمایە؟
کەچی باوەڕت نەئەکرد، هێلانەکەت لە دڵمایە


دڵنیابە دوو هێندەی ژمارەی تاڵەکانی قژت
شیعرم لە گەنجینەی هەستما بۆ ئامادە کردووی


فنجانێک لە قاوەی شیرینی عەشقم بخۆرەوە
تا قوفڵە ژەنگگرتووەکەی دەرگای دڵم بکرێتەوە


ستۆکهۆڵم – سۆلنا

Previous
Next
Kurdish