Skip to Content

شیعر/ گرەو .. ستار ئەحمەد

شیعر/ گرەو .. ستار ئەحمەد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 29, 2020 General, Poems


بەناوی وشەی کوردەوە
گرەوتان لێمان بردەوە
سکتان تێرو
زارتان گێڕو
گیرفانتان موڵکی قارون و
پشتتان تیاتوورەو باڕخانە
دەتانەوێ
ئینجا لنگی ئاوەژوومان
بکەنە پارووی ڕۆژانە
تۆ ماسی تورکی و
گۆشتی بەرخ و
ویسکی ڕووسی و
بیرەو تلیاکی ئێرانی
نۆش دەکەیت و
منیش ئێسقانی لا ڕان و
گۆشتی ناو گەڵی خۆم بخۆم
بەناوی کوردەوە
ئێمەتان کردە تیاتوورە
سوزانی و
برسی بۆ نانێ
ئێوە کوردستانتان فرۆشت
بە دوژمن و هیچ نەزانێ
کامە باوەڕو بیرتانە
لەخوا ترسین و دینتانە
کوا سیاسی و
خاک پەروەری
بەهاری سروشت و
جوانی خاکمان
سەرجەم سووتا
بەگڕی ئێوە هەڵوەری
هەموو شتێک
هەر سنووری خۆی هەبووە
دزی .. تاڵانی ..ڕاوو ڕووت
هەر تێر نەبوون
کوردستانتان
کردە دۆزەخی ئەم خەڵکە
خاکتان کردە قەرەبرووت
یەکێکتان نەبوو بۆ جارێک
بەڕاستی ڕوو بکاتە خوا
ئەمیان نۆکەری تورکستان
ئەویان کۆیلەی ئێران و
سوخرە کێشی دەریای پاشا
هەتاکوو کەی
ئەم کوردە دەمرێنن
نەمروود نیوەی ئێوەی نەکرد
برایم هاشای لەبوون و
قەومەکەی خۆی زوو ڕاگەیاند
ڕووتان ڕەش بێت
ملتان ورد بێ
ئەگەر ئەوەی ئێوە دەیکەن
یەک تۆزقاڵێک
لەپێناوی خاک و کورد بێ.

ستار ئەحمەد

Previous
Next
Kurdish