Skip to Content

کورد و بۆقە بچوکەکەی ناو بیرەکە.. ئامادەکرن و وەرگێڕانی: ڕەوەند سەباح ئەحمەد

کورد و بۆقە بچوکەکەی ناو بیرەکە.. ئامادەکرن و وەرگێڕانی: ڕەوەند سەباح ئەحمەد

Closed
by نیسان 16, 2021 General


ڕەنگە زۆربەتان ئاشنابن بە چیرۆکی بۆقە بچوکەکەی ناو بیرەکە, ئەوەی من لێرە مەبەستمە وێکچونێک لە نێوان تاکی کورد و بۆقە بچوکەکەی ناو بیرەکە بکەم. بە لای من هەندێک جار تاکی کورد لە گۆشەنیگایەکی زۆر داخراو و بچوک خوێندنەوە و تێڕوانی خۆی بۆ ئاریشە و جموجۆڵە هەنوکەییەکان دەردەبڕێت, هەر بۆیە ویستم خوێندنەوەیەکی سادە بۆ کورتیلە چیرۆکی بۆقە بچوکەکە بکەم و, دووبارە بە چیرۆکی ئەم بۆقە داماوە ئاشناتان بکەمەوە.
تۆ وەرە بیرکەرەوە, ژیان لە بنی بنەوەی بیرێکی قوڵ ببەیتە سەر. زۆر دەمێکە وەکو بۆقە بچوکەکە ئاڵودەی دونیای تەنگەبەری خۆمان بوین, وادەزانین هەرخۆمانین, هیچ کەسێک شەریکی دونیا و خەون و خەیاڵی ئێمە نییە, ئیتر خۆمان بە پاڵەوانی ژین و ژیاری ئەو مەنجەڵە تەسکە دەزانین.
دەگێڕنەوە دەڵێن بۆقێک هەبوو لە نێو بیرێکی قوڵی تاریک دەژیا, دیوارەکانی بیرەکە بە قەوزەی تەڕ و شێدار تەنرابون. هەرکاتێک بۆقەکە تینو دەبوو, نەختێک لە ئاوی بیرەکەی دەخواردەوە, کاتێکیش برسی دەبوو, پێشکە و مێشولەی بیرەکەی دەخوارد. بۆقی داماو هەرکاتێک ماندوو دەبوو لەسەر بەردێکی بچووکی بنی بیرەکە پاڵدەکەوت و پشوی دەدا و سەیری ئاسمانی سەرەوەی خۆی دەکرد. هەندێک جار هەورە گەڕۆکەکانی دەدیت, بەم گوزەرانەی زۆر دڵخۆش و دڵشاد بوو. بۆقی بۆقان هەر لە منداڵییەوە لەو بیرە دەژیا, هەرگیز ئاشنای جیهانی دەرەوە نەبوو, هەرکاتێک باڵندە و تەیر و تواڵە بەوێدا تێدەپەڕین و لە ڕۆخ بیرەکە لایان دەدا و وچانیان دەدا, بۆقی بچوک لاف و گەزافی لێدەدا و دەیگوت, ” ئێوە چۆنن, ئەری بۆ نایەنە خوارەوە یارم لەگەڵ بکەن, ئێرە زۆر دڵگیر و خۆشە, سەیرکەن ئاوێکی سازگاری لێیە و مێشولەیەکی بێ شوماری لێیە, وەرنە خوارەوە, شەوانە سەیری بریسکایی ئەستێرەکان دەکەم, هەندێک جار تریفەی مانگی درەوشاوەش دەبینم.”
جارجارە چۆلەکە و پاسارییەکان دەیانگوت, ” بۆقی بچوک, دەزانی, جیهانی دەرەوە زۆر گەورەتر و جوانترە, زۆر خۆشترە لە جیهانی بنی ئەو بیرە”. کەچی بۆقی بچوک باوەڕی بەو قسانە نەبوو, دەیگوت,” درۆم لەگەڵ مەکەن, باوەڕناکەم هیچ شوێنێک لێرە خۆشتر و باشتر هەبێت.”
هێدی هێدی تاوای لێهات هەموو چۆلەکە و باڵندەکان ڕقیان لێدەبۆوە و قسەیان لەگەڵ نەدەکرد چونکە بە خۆپەرست دایان دەنا.
بۆقی بچۆکەڵە لەمە نەدەگەیشت بۆچی کەس نایەتە خوارەوە و ئەو دیمە جوانانەی ئێڕە ببینێ.
ڕۆژێکیان چۆلەکەیەکی ڕەنگ زەرد لە ڕۆخی بیرەکە ڕاوەستا بوو, بۆقی بچوک بەگەرمی سڵاوی لێکرد, بانگهێشتی کرد, پێی گوت, ” چۆلەکەی ڕەنگ زەرد, تکایە وەرە خوارەوە, بزانە چەند جوانە ماڵەکەم.”
چۆلەکە بێ ئەوەی وەڵام داتەوە, لەشەقەی باڵی دا و ڕۆیشت, ڕۆژی دواتر چۆلەکەکە هاتەوە و هەمان شت ڕوویدا, ئەم جرت و فرتە تا شەش ڕۆژ درێژەی کێشا, ڕۆژی حەوتەم, لە کۆتایی دا چۆلەکەی ڕەنگ زەرد گوتی, ” بۆقی بچوک دەکرێت جیهانی دەرەوەت نیشان بدەم؟” کەچی بۆقە بچوکەکە ئەمەی ڕەت کردەوە, تاوای لێهات چۆلەکە زۆر ڕقی هەستا و توڕە بوو, فڕییە خوارەوەی بیرەکە, بۆقەکەی بڵند کرد و لەسەر پشتی خۆی دانا, لە بیرەکە چوەدەرەوە.
لەدەرەوە, بۆقەکە ئەوەندە سەرسام بوو, لەبەرخۆیەوە دەیگوت ئەی خودایە جیهانی دەرەوە چەند گەورەیە. لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو ژیانی لەبنی ئەو بیرە تاریکە بەسەر دەبرد, لەبەر تیشکی خۆر چاوەکانی پرتەپرتیان دەکرد و هەڵنەدەهاتن. دواتر هەرچۆنێک بێت چاوەکانی کردەوە, زۆر شتی جوان و سەرنجڕاکێشی بینی, لە شاخە بەرزەکان دەترسا, دەیپرسی ئەو شتە سەوز و بەرز و نزمانە چین, چۆلەکەکەش پێی پێدەکەنی و دەیگوت ئەوانە شاخ و دۆڵن, ژمارەیان نەبڕاوەیە, لەوانە هیمالایە و چیاکانی ئەڵپی سویسرا و زنجیرە چیاکانی ڕۆکیس و …هتد
بۆقی بچوک باوەڕی نەدەکر بەو ڕێژەیە زۆرە چیای بەرز و زەبەلاح لە جیهان دا هەبن. هەرکاتێک بەسەر چیاییەکان ڕەت دەبوون, دەیپرسی ئەو دیمەنە درێژ و بریقەدار و زیوییە چی بێت, چۆلەکەکە وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت ئەوە ڕووبارە, دواتر بۆقەکە پرسی ئەو شتە شین و قەبەیە چی بێت, چۆلەکەی گوتی ئەوە دەریایە. بۆقەکە دەیپرسی ئەو دەریا و ڕووبارانە چەند ئاویان تێدایە, ئەی چەند لە بیرەکەی من زلترن, حەتمەن لە ڕادەبەدەر ئاویان زیاتر تێدایە, بۆقی بچوک درکی بە گچکەیی بیرەکەی کرد, وتی باشە با بچینە خوارەوە, چۆلەکەی ڕەنگ زەرد بۆقەکەی لەسەر گژوگیا داگرت و بۆ خۆشی هەڵفڕی و ڕۆیشت.
بۆقی بچوک لە خۆشیان وەک نەدی و بدی لەنێو مێرگە سەوزەکان پاز پازانێی دەکرد, گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ و بۆنی بەرامی درەخت و گوڵەکان تەواو مەست و حەیرانی کردبوو, بێوچان دەڕۆیشت, لە نێو دارستانەکان دارودرەختی قەبارە گەورەی لێ بوو, میوەی هەمەچەشن ئێرە و ئەوێیان پڕکردبوو سێوێکی هەڵگرتەوە, لە شیرینی تامەکەی خەیاڵ بردییەوە, گۆێچکەکانی پڕ بوون لە نەغمە و ئاوازی بولبولەکان, جولەی سمۆرە کلک فشەکان و هەڵبەز و دابەزی مەیمونەکان لەم چڵ بۆ ئەو چڵ چاوەکانی نغرۆی بێ دەنگی کرد بوو, هەتا چاو حوکمی دەکرد, خێرای ئاسکە کێوییەکانی دەدیت. لە مەنگاوەکان گوڵ و گەڵای شلێر و نیلۆفەری ئاوی وەک چەتر سەمایان دەکرد.
بەڵێ جیهانی دەرەوە زۆر گەورە و قەبەیە, بۆقەکە پڕ بەدەمی خۆی هاواری کرد و خۆی خستە ناو زەنگاوەکە, لانەیەکی لەسەر شلێرێکی گەورە بنیاتنا. ڕۆژێکیان چۆلەکەی ڕەنگ زەرد هاتەوە لای پرسی, ” جیهانی دەرەوە چۆنە؟ گەورەیە؟ جوانە؟” بۆقی بچوک سوپاسی بێ پایانی کرد و گوتی,” ئەگەر منت نەهێنابا ئێرە, هەرگیز نەمدەزانی جیهانی دەرەوەی بیرە ئاوەکە هێندە جوان و خۆشە.” بۆقی بچوک هەرگیز هەوڵی نەدا بگەڕێتەوە هەوارە کۆنەکەی جارانی.
ئێمەی کوردیش, گیرۆدەی ژوورێکی و داخراو و قوڵغەیەکی دوورە دەست و بەندکراو و نەناسراوین. وەرە با پێکەوە ڕوانینی خۆمان لەدەرەوە بڕوێنین, ئێرە هەمووشتێک نییە, ئێرە زۆر بچوکە با چیتر توڕەیی و ناکۆکییەکانمان تێدا خاونەکەینەوە. ئێمە لەو ژوورە بچوکە سێرە لەیەکتر دەگرین, لامان وایە گەر ببین بە پاڵەوانی ئەو وارە, ئیتر هەموو جیهان دەمانناسی, نەخێر ئێرە هێلکەیەکی بچوکە, دەبێت قاوغ و قەپێلکی بشکێنین, سەیرێکی دەرەوە بکەین, ئینجا قسەیەک لەسەر خۆمان بکەین.
ئەوە ئێمەین هەموو دونیا لێرە دەبینین, هەربۆیەش لەوە ناگەین بۆکەس نایێت مەرحەبایەکمان بکات, ئێمە نابێت چاوەڕوانی ئەو باڵندەبین, لەسەر پشتی خۆمان دابنێ و بە جیهان تەراتێنما بکا, دەبێت پلیکانەکان یەکە بە یەکە دروست بکەینەوە و ئاوڕێک لە هەراوهۆسەی دەرەوە بدەینەوە. بەڵێ دەبێت ئێمە چاوەکانمان بکەینەوە و هەموو جوانی و خۆشی و ناخۆشییەکان ببینین, تا ئەوەی لەدەرەوەیە نەیبینین, نازانین لە قوڵاییەکی نادیار و تاریک و بێ هەست و خوست چۆن جیهانمان دەدیت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish